ما 865 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هەبوونی دەگمەن

رووداوەکانی ژیانی رۆژانە بەڕواڵەت ئاسایین. بۆ وێنە لەخەوهەڵدەستین، ناندەخۆین، دەچینە سەر کار،... دەگەڕێینەوە، ژەمی ئێوارە دەکەین، تەلەفزیۆن، یاخود میوانی و ئەوسا خەوتن. بەڵام داخۆ ژیان هەر ئەمەیە؟ ئایا بیرمان لەوە کردووەتەوە کە دەکرێ لە تەلەفزیۆن شتێک رووبدات، هەموو رەوتی ژیانی ئەو رۆژەمان لێ بکا بە جۆرێکی تر؟

بەڵام تەنیا رووداوێکی ناو تەلەفزیۆن نیە کە دەکرێ ژیانی ئەو رۆژەمان بگۆڕێ، واتە تەنیا وێنەی رووداوە دوورەکان نیە، بەڵکو تەنانەت گەر رووداوە نائاساییەکانی وەک مردنی کەسێک یانخود بۆ وێنە دزی یان تەقینەوەیەک روونەدات، دیسان رەوتی رۆژانەی ژیان زیاترە لەوەی بەڕواڵەت دەیبینین. تەنیا پێویستە کەمێک بەو شتەی وا تێپەڕیوە کەمێک رۆبچینەوە بۆ ئەوەی بزانین هەمیشە شتێک هەیە زیاترە لەوەی وا روویدا.

ئەم شتە چییە؟ ئەم شتە دەتوانێ جۆری پێوەندیگرتنی ئێمە لەگەڵ ئەوەی بێت وا روودەدات. لەبەر ئەوەی ژیان هەر ئەوەی نیە وا روودەدات بەڵکو ئەوەیشە وا جۆری هەستی ئێمە لەگەڵیان رێکدەخاتەوە. دەق و نووسەریش رێک لێرەوە سەرهەڵدەدا.

کەواتە رووداوەکان تەنیا بریتی نین لە شتە دەرەکییەکان، بەڵکو ئەوەیشە وا لە دەروونی ئێمەدا دەکرێ رووبدەن. لکدانی ئەم دوو بەشە پێکەوە دەتوانێ جیهانێکی تر بخوڵقێنێ.

هەمیشە لە رووداوە هەرە ئاساییەکانی ژیانیشدا شتی دەگمەن، شاز و تایبەت هەیە. گەر دەتەوێ بیدۆزیتەوە لە جۆری روانگەی خۆتەوە بۆی دەست پێبکە!

سایتی قەڵەم

٥ مانگی یەکی ٢٠٢١

 

گەڕان بۆ بابەت