ما 6890 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەدیق سەعید رواندزی

بێگومان، بە هۆی نەبوونى زمانێکى ستانداری یەکگرتووى کوردی، لە نووسین و خوێنەوەدا لە نێوەندى ڕۆشنبیری کوردی، جۆرێک لە شێوازى جیاجیاى نووسین لە لایەن ڕۆشنبیران و نووسەران و بە شێکى دەزگاکانى ڕٍاگەیاندن، پەیڕەو دەکرێت. بەڕادەیەک کە تەنانەت زۆر جار لە تەنها بڵاوکراوەیەکدا، ڕێنووسی چەندین وشە، بە جۆرەها شێوە دەنووسرێت. 

 

 

فریاى زمانى خۆت بکەوە!

بێگومان، بە هۆی نەبوونى زمانێکى ستانداری یەکگرتووى کوردی، لە نووسین و خوێنەوەدا لە نێوەندى ڕۆشنبیری کوردی، جۆرێک لە شێوازى جیاجیاى نووسین لە لایەن ڕۆشنبیران و نووسەران و بە شێکى دەزگاکانى ڕٍاگەیاندن، پەیڕەو دەکرێت. بەڕادەیەک کە تەنانەت زۆر جار لە تەنها بڵاوکراوەیەکدا، ڕێنووسی چەندین وشە، بە جۆرەها شێوە دەنووسرێت. ئەگەرچی بە شێکى بڵاوکراوەکان، بەمەبەستى کەمکردنەوەى هەڵەى ڕێنووس و چاپ و بڵاوکردنەوە، لە ستافى بڵاوکراوەکانیان (هەڵەچنء هەڵەگر و پێداچوونەوەى زمانەوانى و سەرپەرشتیار و) چەندان ناونیشانى دیکەى ڕۆژنامەوانیان داناوە. وەلێ کۆمیدیاکە لەوە دایە، ئەو بڵاوکراوانەى هەڵەچنیان هەیە، زۆر زیاتر لەو بڵاوکراوانەى بێ هەڵەچن و پێداچوونەوەى زمانەوانین، هەڵەى ڕێنووس و ڕێزمان و زمانەوانییان هەیە. دەتوانم بە بەڵگە بیسەلمێنم. گەرچی پێشتریش چەند ڕۆژنامەیەکەم لەو ڕووەوە وەک نموونە باسکردوون، کە هەڵە چنیان هەبوە، کەچی تەژی بوونە لە هەڵە. لێرەوەش کاتێ نووسەرێک، یاخود ڕۆشنبیرێک، یاخود دەزگایەکى ڕاگەیاندن و میدیایەک و باس لە زمانى کوردیء ئاریشەکانى زمانء هەوڵدان بۆ دروستکردنى زمانێکى یە کگرتووى کوردى دەکات، سادەترین ئەرگۆمێنت ئەوەیە، کە خۆی پەیڕەو لەو زمانە بکاتء بەلایەنى کەمەوە، ڕێنووسء ڕێزمانى کوردی (هیچ نەبێ ئەوەندەی هەیە) ڕەچاو بکات. دەنا چۆن دەتوانین باس لە ڕێکخستنء یەکخستنى زمان بکەین؟ چۆن دەتوانین ڕەخنە لە نووسینى کەسانى دیکە بگرین؟ ئەگەر نووسینەکانى خۆمان، لە ڕووى ڕێنووس و زمانەوانییەوە هەڵەیان هەبێت؟ لەو ڕوانگەیەوە لە ژمارە (119) هەفتەنامەى (نسێ)ی ئەدەبیدا، بەڕێزێک بەناوى(نەجمەدین بەهادین) کورتە وتارێکى نووسیوە، بەناوى فریاى زمانى کوردی بکەون. بە ئامانجى پاراستنى زمانى ڕەسەنى کوردی و بەرجەستە کردنى وشەو، دەستەواژەو دەربڕینى زمانەوانى، لە دەرەوەى کاریگەریەتى زمانى بێگانە. چونکە زمان بنەمایەکى سەرەکى نەتەوەیە. بە لەناوچوونى، بێگومان نەتەوەش دەتوێتەوە. وەلێ سەیر لەوەدایە، گەرچی نووسەر لە خەمی زمانى کوردی دایەو داوادەکات، بە هاناى زمانى کوردییەوە بچین، بەڵام بە بۆچوونى من سەرەتا دەبێ ئەو بەڕێزە فریاى زمانى خۆی بکەوێت، دواتر داوابکات فریاى زمانى کوردی بکەوین! چونکە ئەویش لە نووسینەکەیدا، کە هەر تەنها چەند دێڕێکەو لە نیو ڵاپەڕەى ئەی فۆڕ زیاتر نابێت، چەندین هەڵەى زمانەوانىء خاڵبەندی کردوە، کە دەچنە خانەى گوێنەدان بە زمانى کوردی و ڕەچاو نەکردنى بنەما زمانەوانییەکان لە نووسینداو هاوکات،چۆنیەتى نووسین و داڕشتنى ڕستەو وشەکان. لەبەر ئەوەى وەک خوێنەرێک، هەر بابەتێک لە بارەى زمانى کوردییەوە بە گشتى بنووسرێت، بە شەوقێکى زۆرەوە دەیخوێنمەوە، لە هەمان ڕوانگەشەوە، بە بایەخەوە، وتاری ئەو بەڕێزەم خوێندەوە. وەلێ لە هەمان کاتدا، تووشی سەر سوڕمان بووم، کاتێ بینیم نووسەر لە وتارەکەیدا، هانا بۆ هەمووان دێنێت تاکو فریاى زمانى کوردی بکەوین، وەلێ بۆ خۆی ڕەچاوى سادەترین بنەماو پێکهێنەری زمانء نووسینى نەکردوە، کە ئەویش (وشەیە). بەو مانایەى نووسەر لە دوو توێی کورتە وتارەکەی خۆیدا، ڕێنووسی وشەیەکى بە چەندین شێوەى جیا نووسیوە. ئایا دەکرێت، لە خەمى زمانى کوردی دابینء هەوڵی چارەسەرکردنى کێشەو کەمء کورتییەکانى بدەین، بەڵام سەرەتا لە ڕێنووسەوە، دەست پێ نەکەین؟ ئایا دە گونجێت، پێشنیار بۆ پاکتاو کردنى زمانى کوردی لەوشەى بێگانە بکەین، بەڵام بۆ خۆمان، ڕەچاوى زمانەکەمان نەکەین؟ بێگومان نەخێر. چونکە هەموو هەنگاوێک، سەرەتا دەبێ لە خۆمانەوە دەست پێبکەین. لەو ڕوانگەیەوە، لە کورتە وتارەکەى ئەو بەڕێزەشدا، چەندین هەڵەو کێماسی زمانەوانى دەبینرێن، کە بە شێکن لەو گرفتانەى دەچنە چوارچێوەى بایەخنەدان بە زمانى ڕەسەنى کوردییەوە. بەتایبەتیش لە ڕووى ڕێنووسء نووسینەوە.بۆنموونە: نووسەر تەنها لەو کورتە وتارەیدا، کەلە چەند سەد وشەیەک زیاتر نابێت، لە یەک کاتدا، ڕێنووسی چەندین وشەى بە شێوەی جیا جیا نووسیوە، کە ئەمە خۆی لە خۆیدا، ماناى گرنگینەدانە بە زمان. وەک: لە شوێنێکى وتارەکەیدا نووسیویەتى (وشە) کەچی لە جێگەیەکى دیکەدا ئەمجارە نووسیویەتى(ووشە)! بەهەمان شێوە، جارێک نووسیویەتى (دوکان) کەچی جارێکى تر نووسیویەتى (دووکان)! واتە جارێک بە پیتى (و) جارێکى دیکە بە پیتى (وو)! دیسانەوە، لە وتارەکەیدا، جارێک نووسیویەتى (پێشکەشکار) واتە بە پیتى (ا). کەچی لە شوێنێکى دیکە نووسیویەتى (پێشکەشکەر)! واتە ئەمجارەیان بە پیتى(ە).بەهەمان شێوە لە وتارەکەیدا،جارێک نووسیویەتى(وەکو).کەچی جارێکى تر نووسیویەتى (وەکوو)!.دیسانەوە جارێک نووسیویەتى(هاتۆتە).کەچی جارێکى تر نووسیویەتى (هاتوونەتە)!.لە شوێنێکى دیکەى نووسینەکەیدا، جارێک نووسیویەتى(راستر) واتە بە یەک پیتى (ت).کە چی لە شوێنێکى دیکە نووسیویەتى(راستتر) واتە ئەمجارەیان بە دوو پیتى (ت)! بەهەمان شێوە، لە وتارەکەیدا جارێک نووسیویەتى (سوپەر مارکیت). کەچی لە شوێنێکى دیکە نووسیویەتى (سۆپەر مارکیت)! واتە جارێک بە پیتى (و) جارێکیش بە پیتى (ۆ)! لەنووسینەکەیدا جارێک نووسیویەتى (گشتییەکان)واتە بە دوو(یی) کەچی لە شوێنێکى دیکە نووسیویەتى (گشتیەکان)! واتە ئەمجارە بە یەک پیتى (ی).ئایا دەکرێ داوا لە خەڵک بکەین فریاى زمانى کوردی بکەون، بەڵام خۆمان فریاى زمانی خۆمان نەکەوینء لە کورتە وتارێکدا، بە چەندین شێوە، ڕێنووسی وشەیەک بنووسین؟لەلایەکى دیکەوە نووسەر لە وتارەکەیدا، چەندین وشەى نووسیوە، بە بێ ڕەچاوکردنى، نیشانەى پیتء وشەکان.بۆنموونە: هەریەک لە وشەکانى(رەسەن/ رونتر/رۆژهەڵات/رووناکبیر/رۆژانە/راستتر) پێویستە بە پیتى (ڕ)ی بنووسرێن.کەچی ئەو بەڕێزە بە پێچەوانەوە، بە پیتى(ر) ی نووسیون. لەلایەکى دیکەوە، ئەگەرچی نووسەر باس لە پاکتاوکردنى زمانى ڕەسەنى کوردی لەوشەى بێگانە دەکات،کەچی هەر خۆی لە نووسینەکەیدا، دوو وشەى بە کارهێناون، کە هیچ کامیان کوردى نین. ئەویش وشەکانى( قەنات) و (ئوتێل). کە ئێمە لە زمانى کوردی بۆ یەکەمیان، وشەى (کەناڵ) و بۆ ئەویتریشیان وشەى (میوانخانە) بە کاردێنین. ئومێدەوارم، هەر بەڕێزێک کە لە خەمى زمانى کوردی دایە، سەرەتا هەوڵی باشکردنء ڕاستکردنەوەى زمانى نووسینى خۆی بدات، دواتر، داوابکات گرنگی بە زمان بدەین. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێێت، بۆ هەر کارو هەنگاوێک، دەبێ سەرەتا لە خۆمانەوە دەست پێ بکەین، دواتر داوا لە بەرامبەرەکەمان بکەین. هەروەک (غاندی) دەڵێ:- ناتوانین داوای شتێک لە کەسێک بکەین، ئەگەر خۆمان هەمان شتمان نەبێت..

 

 

تێبینى/خوێنەر دەتوانێ بۆ دڵنیایی زیاتر، بگەڕێتەوە سەر وتاری(فریاى زمانى کوردی بکەون) کە لە لایەن(نەجمەدین بەهادین)نووسراوەو لە ژمارە(119)ی هەفتەنامەى(نسێ)ی ئەدەبی،ڕۆژی 19/1/2015بڵاوکراوەتەوە...  

گەڕان بۆ بابەت