ما 5317 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆشنبیری ئاریستۆکرات

رۆشنبیریی مەرج نیە لە کێشە کۆمەڵایەتی و سیاسیە و ئایدیۆلۆژییەکانی ناو کۆمەڵگادا لەپاڵ حیزب یان لایەنێکی رێکخراوی سیاسیدا راوەستابێ، بەڵام  مەرجە کە لە ئاست ئەم کیشانەدا هەڵوێستی هەبێ، جا چ بە شێوازی نووسین و چ بە شێوازی کردە. ئەم هەڵوێستە پێش لە هەر شتێک بە هۆی هەڵوێستی رەخنەگرانەی رۆشنبیرییەوەیە کە بنەمای سەرەکیی پێناسەی ئەوە.

بەڵام لە ناو رۆشنبیراندا توێژێک هەیە بە ناوی رۆشنبیرانی ئاریستۆکرات کە هەمیشە لەپاڵ دەسەڵاتدا دەجوولێ و بۆیە لە ئاست گرفتە کۆمەڵایەتی و سیاسیەکانی ناو کۆمەڵگادا یان بێدەنگە، یان هەمیشە بە لای دەسەڵاتدا دەیشکێنێتەوە. رۆشنبیری ئاریستۆکراتی لە دەزگایەکی حکومیدا کاردەکا، پارەی خۆی وەردەگرێ، ملکەجی گوتاری باوە و بەگشتی بەهۆی توانا هزرییەکانی خۆیەوە ژیانی ئارامی خۆی دەگوزەرێنێ. ئەو ئامادە نیە بە هیچ کلۆجێک ئەم ئارامییە تێکبدات!

ئەمە لە کاتێکدایە کۆمەڵگا هەمیشە لە ئاڵ و گۆڕدایە و بەردەوام کایەی نوێ دێنێتە ئاراوە، کایەیەک کە پێویستە رۆشنبیر جێگای شیاوی خۆی بە هۆی خەسڵەتی رۆشنبیرانەی خۆی تیا بدۆزیتەوە. بگرە جاری وایە رۆشنبیر خۆی دەبێتە دەست پێشخەری کایە نوێکان و لێرەوە هۆکاری جووڵاندنی دۆخ.

رۆشنبیری ئاریستۆکرات لەمە بێ بەرییە، بگرە لە دژیەتی و لە هەڵوێستێکی کۆنسێرڤاتەوە رووبەڕوو دەبێتەوە. لە راستیدا ئەم گروپە نیشانی دەدەن کە هزر دەکرێ ملکەج بێ و دەکرێ تەنیا ببێ بە سەرچاوەی پارە و خۆشگوزەرانی و پلە و پایە!

سایتی قەڵەم

١٢ی مانگی یەکی ٢٠٢١

گەڕان بۆ بابەت