ما 4906 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

  

بەنگین پیرۆت نوورى

هەروەک مارتن بە ڕەشبینیەوە کە قسە بۆ کاندید دەکات دەڵێ:"بیر لەم گۆى زەویە دەکەمەوە، بیر لە خوا ئەکەمەوە کە جێى هێشتوە بۆ چەند کەسێکى خەراپەکار." لەلایەکى تر، دەسەڵات دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ زیندانى کردنى خودى مرۆڤ، با ئەو مرۆڤە لە لوتکەى دەسەڵاتیشدا بێت، تۆ مادام لە دەسەڵات دایت ماناى ئەوە نیە دەسەڵاتدارى، بەڵکو ماناى وایە تۆ دیلى دەستى دەسەڵاتى.

 

 

 

کۆمیدیاى  رۆمانى "کاندید"

شوناسى مرۆڤ کە وەک "کاندید" لە سایەى ئازادى "تۆقیو، سەرسام، شەڵەژاو ، خەڵتانى خوێن" بوو کەواتە "ئەگەر ئەمە باشترین دونیایە، ئەى خەراپەکەى کامەیە؟" بۆیە " لە سایەى وشەى ئازادیش کە خوا پێى بەخشیوین"  جۆرە ئازادییەکە ستەمکار بەرهەم دەهێنێت مرۆڤ لەسایەیدا دەچەوسێتەوە.

ڤۆلتێر لە رۆمانى "کاندید"  لە ڕێگەى کارەکتەرێکى سیفات "دۆن کشیۆت"  کە کەمێکیش لە "ئەلفرێد مۆللەر"  کارەکتەرى رۆمانى "کەمانچە ژەن" دەچێت کە ناوى "کاندید" لەلایەک بە جۆرە دەسەڵاتێکى گەردونى ئاشنامان دەکات بۆ هاڕینى مرۆڤەکان خوا ئازادى تەواوى بە چەتە و ستەمکارەکانى بەخشیووە.

هەروەک مارتن بە ڕەشبینیەوە کە قسە بۆ کاندید دەکات دەڵێ:"بیر لەم گۆى زەویە دەکەمەوە، بیر لە خوا ئەکەمەوە کە جێى هێشتوە بۆ چەند کەسێکى خەراپەکار" لەلایەکى تر، دەسەڵات دەبێتە چوارچێوەیەک بۆ زیندانى کردنى خودى مرۆڤ، با ئەو مرۆڤە لە لوتکەى دەسەڵاتیشدا بێت، تۆ مادام لە دەسەڵات دایت ماناى ئەوە نیە دەسەڵاتدارى، بەڵکو ماناى وایە تۆ دیلى دەستى دەسەڵاتى، لەبەر ئەوە دەسەڵات هەمیشە مرۆڤەکان بۆ دەسەڵاتى دەسەڵاتداریەتى خۆى بەکار دێنێت چونکە مرۆڤ نەیتوانیوە دەسەڵاتى فیکرى عەقڵانیەت بەسەر دەسەڵاتى فیکرى زاڵمانەى دەسەڵاتدا زاڵ بکات  

من ئازادى وا دەبینم، مانایەکى ئازار بەخشى هەیە، چونکە دەسەڵات کە دەسەڵاتێکى داپڵۆسێنەر بوو، ماناى وایە ئەو دەسەڵاتە فۆبیایەکى تۆقێنەرە، لە پشتى پەردەیەکى مەرگ هێنەر ژیان کوژیشە، بە ئازادى خۆى ئازادى ئەوانى دى پێشێل دەکات، بەبێ ئەوەى ئەوانى تر ئازاد بن سنورێک بۆ چەوساندنەوەى مرۆڤ و ستەمى ستەمکار و ئازاردانى ویژدانى ئازادى دابنێن.

"ستەمکارى بیرکەرەوە" و "ستەمکارى گەمژە" "هەر چەند هەردووکیان نێگەتیڤن بەڵام ئەمیان لەویان باشترە" ستەمکارى بیرکەرەوە رۆژێک دێت بیرلە ستەمەکەى بکاتەوە خۆى چاک بکات، بەڵام ستەمکارى گەمژە خۆشى چاک بکات هەر بەگەمژەى دەمێنێتەوە مانەوەشى بە گەمژەى ستەمى لەخۆى و ئەوانى دى کردووە. بۆیە سیستەمێکى ناتەندروست بەرهەم دەهێنێت، هەروەک دەسەڵاتى ئۆلگاریشى تاک جەمسەریش دەرەنجامى لەو باشتر نابێ، دواجار هەردووکیان ئاکامى خەراپیان لێدەکەوێتەوە. لەهەموشى گەمژەتر و گەمژەترین گەمژە، ئەو گەمژانەن گەمژەیى خۆیان نابینن، ئەوانى دى بە گەمژە دەزانن.وەک ئەو ستەمکارەى بیردەکاتەوە، بەڵام گەمژانە بیردەکاتەوە.

کۆنسێرڤاتیڤە باوەڕدارە ئاینیەکان بەناوى تێرکردنى رۆحى مرۆڤە ورگ برسیەکان، لە ستەمکارە داپڵۆسێنەرەکان بۆ چەوساندنەوەى مرۆڤ دڕندەترن. ئەگەر  دیکتاتۆرەکان ئازادیان ئازادانە بۆ هاڕینى مرۆڤ بەکارهێنابێ، ئەوە واعیز و پیاوانى ئاینى گومانیان لە ئیمان و باوەڕى مرۆڤەکان هەبوە و کۆشاون مرۆڤى ئازاد و مرۆڤى بیرکەرەوە بە ئازادى خۆیان فڕێدنە دەرەوەى کۆمەڵگاوە، با کۆمەڵگا سوودیشى لە بیرکردنەوەى  مرۆڤى بیرکەرەوە و داهێنانەکانیان وەرگرتبێ.

لە چاپتەرى چوار، سواڵکەرە ترسناکەکە، ئەو پیاوە خێوە، خودى فەلسەفەیە بەو قۆناغە گەیشتوە نەک مرۆڤێکى بەسزمان ئاواى لێ بەسەرهاتبێ، مرۆڤى نەخۆش ناکەوێتە سەر جادە و کۆڵانان، لەژێر کاریگەریى نەخۆشییەکەى هەر زوو کۆتاى بە ژیانى دێ، بەڵام فەلسەفەى فەیلەسوف و فەیلەسوفى فەلسەفە، ڕێک لە "پانگلۆس"ى بەدبەخت دەچێ . خودى فەلسەفەش وەک فەیلەسوف بەدبەختە، مەگەر ووتەى واعیزێک ئەگەر وتەیەکى بێمانا و پووچیش بێ، بەلاى کۆمەڵگایەکى مێشک داشۆراو بە خورافیات لە فەلسەفەى فەیلەسوف کایگەر و گرنگ تر نیە؟

مرۆڤ هەتا لە ژێر کاریگەرى هەیمەنەى بیرى پوچگەرایى ڕزگارى نەبێ نابێتە مرۆڤێکى بیرکەرەوە، من رووى قسەم لەو پووچگەرانە نییە دەستیان لە ژیان شووشتوە، مەبەستى من ئەوانەیە بە ناوى دیین هەموو شتێک و پێشکەوتنێک ڕەت دەکەنەوە. پووچى چییە هەتا خۆمانى لێ دەرباز بکەین و ببین بە مرۆڤێکى خاوەن هزرى بیرکەرەوە ئەى بە کێ دەوترێ مرۆڤى بیرکەرەوە بەکێش دەگوترێ مرۆڤى بیر پووچ؟ پێم وایە هەرکاتێک بیرمان کردەوە بووین بە مرۆڤێکى بیرکەرەوە، لە بیرى پوچ بیرمان رزگارى بووە، چونکە لە گۆشەنیگاى مرۆڤى بیرکەرەوە بەهرەى داهێنان چەقى عەقڵانیەت. مرۆڤ لەدەرەنجامى خۆ هەڵواسینى بە پەتى مرۆڤى بیر پووچ ژیانیشى پووچە، بیر پووچانە وەک بیر پووچێک بەو ژیانەى لەسایەى بیر پوچەکاندا تێیدا دەژیت بیرى ئاسودەیە، مرۆڤى بیرکەرەوەش گومان لە بیرى بیرکەرەوەى خۆشى دەکات، بۆیە دەروونێکى ئارام و بیرێکى جێگرى نییە هەمیشە بیردەکاتەوە بیر بکاتەوە، مرۆڤ کە بیرى بە بیر، بیرى کردەوە ئەوسا دەزانێت بە کێ دەگوترێت مرۆڤى بیر پووچ و بەکێش دەڵێن مرۆڤى بیرکەرەوە.

 

ژێدەر

 

رۆمانى "کاندید" نووسینى "ڤۆلتێر" وەرگێڕانى لە فەڕەنسییەوە "بەیان سەلمان"، چاپى یەکەم ساڵى 2014

گەڕان بۆ بابەت