فەڕۆخ نێعمەتپوور

نەکا هۆکاری هەموو دۆڕانەکانی من ئەمە بێت؟... نەکا هۆکاری ئەمە کتێبەکان بن؟ سەیرە، ئەوە دەستی منی گرت و بەرەو کتێبخانەی بردم و گوتی دەبێ بخوێنمەوە و کەچی خۆی یەکجار لە گومان دوور بوو. ئیستا بیردەکەمەوە رەنگە هۆکاری هەموو دڕدۆنگییەکان لە خۆمدا بێت نەک لە کتێبەکاندا.

 

لە بیرم دێت (١)

فەڕۆخ نێعمەتپوور

من ئەوەتەی لە بیرم دێت قۆناغەکانی تەمەنی خۆمم قەت بۆ لێک جیانەدەکرانەوە. بۆ وێنە قۆناغی نێوان منداڵی و مێردمنداڵی، مێردمنداڵی و گەنجیەتی، گەنجیەتی و گەورەساڵی و... . رەنگە زۆر کەس وابێت. ئێمە تەنیا سەردەمانێک لە کات تێدەگەین کە بازمان بەسەردا دابێت و زەمەنێکی باشی بەسەردا تێپەڕیبێت.

لەبیرم دێت زۆرم حەز بە خوێندنەوەی کتێب بوو، یان رەنگە گوتیان دەبێ زۆر حەزت لێی بێت! نازانم. رەنگە تێکەڵێک لە هەر دووکیان بووبێت. بڕواناکەم کەس لەم ژیانەدا، تەنانەت گەر بە زۆریش پێیان کردبێت گەر کەمێک حەزی لەسەری نەبووبێت، توانیبێتی لێی بەردەوام بێت. چارەنووس و داهاتووی ئێمە شتێکە لە نێوان ئەم دووانەدا، لە نێوان زۆر و حەز، بەشێکی لەم و بەشێکی لەو.

رۆژێک پوورم دەستی گرتم و بردمی بۆ کتێبخانەی منداڵانی شار کە ئەوسا بینایەکی گچکەی چیمەنتۆ بوو کە بەهۆی چیمەنتۆبوونەکەیەوە خۆی بە تەواوی لە هەموو خانووەکانی تری شار جیادەکردەوە. لە خانووە گڵییەکان مەبەستمە. ئەو سەردەمە، لەم جۆرە خانووانە زۆر نەبوون. تاق و تەرا دەستدەکەوتن. لە بیرم دێت سەرنجی خەڵکیان زۆر رادەکێشا. وەک بڵێی لەو دیو دیوارەکانیانەوە جیهانێکی سەیر و سەمەرە بێت و خەڵکێکی تایبەتیان تیا بژی. هەڵبەت یەک دوو ساڵ دوواتر گەڕەکێک بۆ ئەم جۆرە ماڵانە تەرخانکرا و ناوی لێنرا "خانە سازمانییەکان"! گەڕەکێک لە باشووری رۆژهەڵاتی شار. کەس نازانێ ئەم ناوە بۆ. یان رەنگە من نایزانم بۆ؟ ناوەکە فارسی بوو و تەنیا ئەوەندەی، بە شێوازی کوردی کرابوو بە کۆ. خانە سازمانییەکان، ئەوانەی تیا دەژیان وا خەڵکی شار نەبوون و لە شوێنەکانی ترەوە هاتبوون. لە کارمەندی ئاسایی ئیدارە جۆربەجۆرەکانەوە بگرە هەتا ساواکی و رەئیس و شتی لەم بابەتە. ئەو گەڕەکە تایبەتی بوو و بۆ چینی مامناوەندی تەرخانکرابوو، ئەو چینەی کچ و کوڕەکان و ژنەکانیان لە چەشنیکی دیکر بوون و کاتێک شۆرشکرا زۆربەیان ونبوون. ئەو چینەی بە تاقی تەنیا لە هەموو گەڕەکەکانی تری شار زیاتر خاوەنی پاسکیل بوون و کچەکانیان بە شەرواڵ و بیجامەی گوڵگوڵییەوە سواریان دەبوون و دوواتر بۆ شەوەکەی گەنجەکانی گەڕەکەکانی تری شار دەستپەڕیان پێوەدەکردن. 

رۆژێکی بەهاریی خۆش بوو. چنارە باڵابەرزەکانی درێژایی ئەو جادەیەی ئێمەی دەگەیاندە کتێبخانەکە، بەدەم شنەی باوە دەشەکانەوە، گەڵا گەنجەکانیان کە سەوزێکی کاڵ و گەش بوون خۆیان لەیەکتر دەسوو و ئاوازێکی نەرمیان دەچڕی. شتێک وەک جریوە. ئەمە تەنیا شەقامی شار بوو کە درەختەکانیان بەو شێوەیە چڕ سەریان بە سەری یەکترەوە نابوو و داڵانێکی تایبەتیان لەم سەر تا ئەو سەری جادەکە دروستکردبوو. وەک بڵێی بەناو تونێلێکی سەوز بە سەقفێکی شینەوە تێدەپەڕیم. نازانم تاوانی کتێبخانەکە بوو یان جادەکە، بەڵام من بە ئیستایشەوە یەکجار گەشبینم و هەمیشە لام وابووە ژیان شتێکی عەجایەبە و هەمیشە بەڵێنە شتێکی خۆش رووبدات. لە داهاتوودا. هەرچەند هەتا ئەم قۆناغەی تەمەنیشم وەها شتێکم بە خۆمەوە نەبینیوە و حەزەکە تەنیا وەک حەز لەوێ ماوەتەوە. جاری وایە هەست دەکەم کەسێک هەر لەسەرەتاوە منی خەڵەتاند. نازانم کێ بوو، بەڵام دەزانم هەبوو. هەرچەند وەک لەوە پێش گوتم مرۆڤ ناکرێ شتێکی بەسەردا نەیەت کە بۆ خۆی کەمێک حەزی لێی نەبێت. من حەزم لەم خەڵەتانە بوو. لەم رۆژانە لە شوێنێک خوێندمەوە ژیان بە ئەفسانەکانەوە چێژی هەیە و ئەقڵ ژیانی بێتام کردووە. بۆیە حەزدەکەم ناوی ئەو درۆیە بنێم ئەفسانە. من هەر لەو ساڵانەوە حەزم لە ئەفسانە بوو.

لە شوێنێک لە جادەکە لاماندا و چووینە حەوشەیەکی گەورەوە. لەو سەری حەوشەکە بینای کتێبخانەکە بوو. بە سەر سێ پلیکانەدا سەرکەوتین و بە دەرگایەکی ئاسنینی نیوەشووشەدا چووینە ژوورەوە. من کە لام وابوو دەبێ خەڵکێکی زۆری لێ بێت، بینیم تەنیا ژنێک لە پشت مێزێک دانیشتووە و بە شتێکەوە سەرقاڵە. ژنێکی چاویلکە لەچاو. بە بزەیەکەوە لەبەرمان هەستا و بەدەم پورمەوە هات و بە نیگایەکی پڕ لە سۆز و پێکەنینەوە لە منیشی رووانی. پوورم گوتی دەمەوێ لێرە وەک ئەندام ناونووسی بکەم. گوتی کوڕەکەمان دەبێتە خوێندەوارێکی تایبەت! لەبیرم دێت بە ناو قەفەسەی کتێبەکاندا گەڕام و لە کتێبەکانم رووانی. پوورم کە وەک بڵێی لەگەڵ خانمە بەرپرسەکە یەکتریان باش دەناسی، دانیشتبوون و بەگەرمی سەرقاڵی قسە بوون. کتێبەکان ئەوەندە زۆر بوون کە نەمدەزانی سەیری کامیان بکەم. بۆنی تایبەتیان، وێنە رەنگاوڕەنگەکانیان و ئەو رستانەی کە بە جوانی لەسەر لاپەڕەکانیان نەخشیان بەستبوو، بەتەواوی سەرنجیان رادەکێشام. هەر کامەیانم بەدەستەوە دەگرت و بەرگەکەیم هەڵدەدایەوە، دەمبینی جیهانێک خۆی تیا حەشاردابوو. من لە ناو بێ ئەژمار جیهاندا گەمارۆ درابووم. جیهانە بێدەنگ و ئارامەکان کە پاڵیان بە یەکترەوە دابوو و چاوەڕوانی کەسێک تامەزرۆی کردنەوەی خۆیان بوون. من ئەگەرچی تا ئەو ساتە یەک تاقە کتێب چییە نەمخوێندبووەوە، زانیم دەتوانم تەنیا بە بەدەستەوەگرتنی یەکیان و کردنەوەی، دەروازەیەکی تر بە رووی خۆمدا بکەمەوە. چەند هەستێکی سەیربوو.

کارتی ئەندامەتییەکەم وەرگرت و دوو کتێبیشم بە ئەمانەت خستە بن باڵم و وەدەرکەوتین. دەبا ساڵەکان تێپەڕن و ئەوسا من ئەو دەرفەتەم بۆ بڕەخسێ بتوانم لێکی بدەمەوە کە من ئەو رۆژە لە قۆناغی پەڕینەوەی زارۆک بەرەو منداڵی بووم. تاوانی پوورم بوو، جادەکە، یان کتێبەکان نازانم. رەنگە تاوانی هەر هەموویان پێکەوە بێت.

کە گەڕاینەوە دیسان هەمان رێگامان گرتەوە بەر، بەڵام ئەمجارەیان پێچەوانە و کەمێک درەنگتریش ببوو. هەتاو خوارببووەوە. گەڵاکان، سەوزە روونەکەیان نەمابوو و بگرە لە گۆرانیش کەوتبوون. جادەکە کە ناوەناوە ماشینی پیاتێدەپەڕی، وڕ دەهاتە بەرچاوم. وەک بڵێی لە شتێک ترسابێ، وەک بڵێی کارەساتێک روویدابێ و من و پوورم هێشتا پێمان نەزانیبێ. دەستم خستە ناو دەستی پوورم و سەرم هەڵبڕی و بەدەمیەوە پێکەنیم. ئەویش سەیری کردم و پێکەنی. رەنگە پێکەنینەکە کارەساتەکەی ئەو رۆژەی دوور خستبێتەوە، رەنگیشە نا. من ساڵانی ساڵ دوواتر بوو زانیم ئەو رۆژە من هەنگاوێک لە ماڵەوە دوورتر کەوتمەوە. لە دایکم، لە باوکم، رەنگە لە گەڕەک و لە شارەکە و لە نیشتمانیش. پوورم گوتی دەبێ جوان ئاگام لە کتێبەکان بێت، گوتی ئەمانەتن و گەر شتێکیان لێ بێت دەبێ بە پووڵ قەرەبووی بکەینەوە. گوتی تەنیا کاتێک دەیانخوێنیتەوە لە تاقەکە دایاندەگری و دوواتر دەستبەجێ دەیانخەیتەوە سەر جێگای خۆی. گوتی هەر دووکیشیان پێکەوە ناخوێنیتەوە، بەڵکو دانەدانە. هەرچەند من ساڵانی ساڵ دوواتر ئەم نەسیحەتەی پوورمم لەبیرکرد و جاری وابوو سێ چوار کتێبم پێکەوە دەخوێندەوە. نازانم بۆ پوورم دەیگوت دەبێ دانەدانە بیانخوێنمەوە. بۆ ناکرێ هاوکات مرۆڤ لە چەند جیهاندا بژی. مەگەر خەیاڵ جەستەیە تا تەنیا بتوانێ لەیەک شوێندا هەبێ؟ دیارە هەر ئەو رۆژەیش بەقسەی پوورم نەکرد و هەردووکیانم پێکەوە دەخوێندەوە. لەمەوە بۆ ئەویان و لەوەوە بۆ ئەمیان. بەناو رستە و وێنەکاندا شێتانە دەهاتم و دەچووم و هەوڵیشم دەدا جیاوازییەکانیشیان بدۆزمەوە. راستییەکەی ئەوە بوو هەتا بردنەوەیان بۆ کتێبخانە و وەرگرتنی دوو کتێبی تر، کە هەفتەیەکی خایاند، من چەندین جار ئەو دوو کتێبەم خوێندەوە. بگرە چیرۆکەکانیشم لەبەر کردن و لە کۆڵان بۆ هاوڕێکانم گێڕانەوە. هەرچەندە هەستم دەکرد بە بێ وێنەکان ئەو تام و چێژەیان نیە و ناتوانم ئەوەی لە دەروونمدا بوو بۆیان راگوێزم. بەڵام ئەوان زۆر بە تامەزرۆییەوە گوێیان لێدەگرتم. بە نیگایاندا ئەوەندەی تر زانیم کە من چیتر نابێ دەست لە کتێب هەڵگرم و هەتا بتوانم دەبێ ئاوێتەیان بم.

بە شەویشدا خەوم بە کتێبەکانەوە دەبینی. بۆ وێنە خەوم دەبینی لێیان دەدزیم و وندەبوون، ئەوسا بە گریان خەبەرم دەبووەوە. دایکم دەستی دەبرد و لێوانە ئاوەکەی پشت سەری دەنا بە لێومەوە و پاش ئەوەی ئارام دەبوومەوە، دەخەوتمەوە. دایکم دەیبۆڵاند و دەیگوت عاقیبەت سەرت دەخۆن! یان خەوم بە خودی چیرۆکی ناو کتێبەکانەوە دەبینی. لە خەوەکەمدا ئەو کچۆڵەی سەبەتەی خواردنەکەی لە ناو دارستانەوە بۆ دایەگەورەکەی دەبرد، دەهاتە حەوشەکەمان و لە پشت پەنجەرەکانەوە، چاو بە بزە وەک بەرپرسی کتێبخانەکە، لێی دەڕوانیم. یان خەوم دەبینی بۆ خۆم دەخزامە ناو کتێبەکەوە و دەبووم بە بەشیک لە چیرۆکەکە و هەتا دووالاپەڕە دەڕۆیشتم. لە بیرم دێت کاتێک بۆ خۆم دەبووم بە کەسێکی ناو چیرۆکەکە، داستانەکە یەکجار درێژ دەبووەوە وەها کە هەستم دەکرد قەت ناگەمە دووالاپەڕە. لە راستیدا کاتێک بەئاگادەهاتم بە خۆم دەگوت نا، قەت حەزناکەم ببمە بەشێک لە چیرۆکەکان. شتێک لە دەروونەوە بەشێوەیەکی ناڕوون پێی دەگوتم چیرۆکەکان تەنیا لەناو کتێبەکاندا خۆشن،... دەیگوت وشیاربە!

لەبیرم دێت دایکم کاتێک خەریکی خاوێنکردنەوەی ناو ماڵ بوو و بۆ یەکەم جار چاوی بە کتێبەکان کەوت، گوتی ئەمانە چین؟ ئەوسا ئەم دیواودیوێکی کردن و بە بێ ئەوەی چاوەڕوانی وەڵامی من بێت خستنیەوە سەرجێگای خۆی و دەستی کردەوە بەکارکردن. باوکم بەپێچەوانەی دایکم سەیرێکی ناوەڕۆکەکەی کردن و پاشان لە منی رووانی و ئەویش وەک دایکم خستنیەوە سەر جێگاکەی خۆیان. بۆ سبەی ئێوارە گوێم لێبوو بە پوورمی گوت دەستت خۆش! پوورم بزەیەکی هاتێ. ساڵانی ساڵ دوواتر کاتێک هاوڕێیەکم بە کتێبێکەوە گیرا، بیری ئەو بزەیەی پوورم کەوتمەوە. داخۆ ئەو ئەم رۆژانەی دەبینی؟ نا، بڕواناکەم. پێم وایە لای ئەو ژیان هەمان جادەی ئەو دووانیوەڕۆیەی ئەو ساڵانە بوو بەرەو کتێبخانەکە. رەنگە ئەو، ئەو رۆژانە لای وابوو هیچ شتێک لە کتێبەکاندا نیە بتوانێ ببێتە هۆکاری ئەوەی وا بە سەر هاوڕێکەمدا هات. رەنگە لای پوورم جیهانە خەیاڵییەکانی ناو کتێبەکان بێ ئازارترین جیهانەکانی دونیا بن. ئاخر نەک ئەوەی ئەوان لە دوو توێی خۆیاندا دەمێننەوە و قەت ناتوانن بێنە دەرەوە و ببنە بەشێک لە جیهانی راستەقینە. من هەندێ جار لام وایە هاوڕێکەم خۆی گەمژە بووە.

رەنگە پێتان سەیربێت گەر بلێم من تەنیا کاتێک تەمەنم لە چل لایدا زانیم جادەکەی ئەو رۆژە رێک ئەو شوێنە بوو من تێیدا چوومە قۆناغیکی تری ژیانمەوە... قۆناغێکی دیکەی تەمەنەوە. بۆنەکان و رەنگەکان ماون و بەردەوام شاهیدی دەدەن. گەر رۆژێک رێگات کەوتە ئەوێ و بە ناو ئەو جادەیەدا تێپەڕی، ئەویش بۆت دەگێڕیتەوە. ئەویش منداڵێکی لەبیرە بە دوو کتێب لە بن باخەڵیدا کە لای وابوو ئاسمانی شینی سەر سەری لە شوێنێک دەگەییە دونیایەکی عەجایەب، تەنیا ئەوەندەی کە ئەو دەبا بەردەوام بووایە،... بەردەوام.

 

پوورم کە ئاگای لێیە من لە کۆڵان چیرۆکی ناو کتێبەکانی کتێبخانە بۆ منداڵانی گەڕەک سەرلەنوێ دەگێڕمەوە، پێی وایە کتێبخوێنی باش ئەوە نیە وا چیرۆکەکانی خەڵکی تری جوان لەبیرە، بەڵکو ئەوەیە وا دەتوانێ سەرلەنوێ هەمان چیرۆک بە شێوەی خۆی دابڕێژێتەوە و بە جۆرێکی تر بیگێڕێتەوە. بگرە ئەوەندەیش سەرنجڕاکێش کە لە خودی چیرۆکەکە سەرنجڕاکێشترە. ئەو تەنانەت هەنگاوێک واوەتر لەمە دەڕوات و لای وایە چیرۆکی ژیانی خودی مرۆڤیش ئەوەی نیە وا روویداوە بەڵکو ئەوەیە وا دەمانەوێ رووبدات! ئەو کە ئەمەی لە رۆژێکی عەسری هاوین لە بن تاقەدرەختی ناو حەوشەکەدا پێ دەگوتم، زۆر بە دڵنیاییەکی سەیرەوە ئەم رستانەی بە دەمدا دەهات. من وەک هەمیشە لە دووای ئەوەی تەمەنم لە چل لایدا هاتەوە بیرم پێی بڵێم داخۆ ئەمە خەیانەت نیە بە دەق یاخود بە ژیانی راستەقینەی خۆمان، هەستمکرد لە دووای هەموو ئەو ساڵانە ئەو دڵنیاییەی وا بەردەوام لە دەنگی ئەودا هەبوو، هێشتا لە مندا تۆزیشی دیارنەبوو.

بەڵام راوەستن! نەکا هۆکاری هەموو دۆڕانەکانی من ئەمە بێت؟... نەکا هۆکاری ئەمە کتێبەکان بن؟ سەیرە، ئەوە دەستی منی گرت و بەرەو کتێبخانەی بردم و گوتی دەبێ بخوێنمەوە و کەچی خۆی یەکجار لە گومان دوور بوو. ئیستا بیردەکەمەوە رەنگە هۆکاری هەموو دڕدۆنگییەکان لە خۆمدا بێت نەک لە کتێبەکاندا. گەر بەردەوام ئەو ساڵانە بایە، حەزم دەکرد ئەم گفتوگۆیە لەگەڵ پوورم درێژە پێبدەم و بڵێم چیرۆک لە راستیدا دوو جۆرن: راستەقینە و ناڕاستەقینە (یاخود خوڵقێندراو). بەڵام زۆر خێرا بیر لە خوڵقێندراو دەکەمەوە. داخۆ ئەوەی وا روویشی دا خوڵقاو نەبوو؟ ئیستا دەزانم کە پوورم ناڕاستەوخۆ دەیویست ئەوەم پێ بڵێ ژیان بریتییە لە خوڵقان نەک دووپاتکردنەوەی ئەوەی وا روویدا. پوورم دەیزانی ئەوانەی وا خاوەن چیرۆکی خۆیانن بەڕاستی بەردەوام دەبن نەک ئەوانەی وا چیرۆکی خەڵقی و بگرە تەنانەت ئەو چیرۆکەی وا بە سەرخۆیاندا هاتووە سەر لەنوێ دەگێڕنەوە. لای ئەو چیرۆک گێڕانەوەی هەموو شتێک بوو بە شێوازی خۆمان. ئەو دەیەویست پێم بڵێ گەر ئێمە خۆمان چیرۆکەکان نەخوڵقێنین ئەوا خەڵکی دیکە دەیانخوڵقێنن. من دیسان لە دووای ساڵانی ساڵە لەمە دەگەم. نازانم بۆ. بەڵام راستی ئێمە چۆن چۆنی دەبێ چیرۆکی خۆمان بخوڵقێنین، داخۆ دەتوانین؟ رۆژێک هەوڵدەدەم ئەمە بکەم. دەبینم یەکجار دژوارە. هەرچی دەکەم ناتوانم و دیسان لەوێوە دەست پێدەکەمەوە وا روویداوە. زەینم لە شتی تر بەتاڵە تا کتوپڕ تێدەگەم کە دەبێ لە خەونەکانمەوە دەست پێبکەم. بەڵام خەونەکانیشم زۆر دوور و درێژ نین و زوو دەگەمە ئەوسەریان. ئەوسا بیرم بە لای شتێکی تردا دەچێ: تێکەڵکردنی خەون و واقع. هەموو شتەکان بە گوێرەی خەیاڵەکانم دەگۆڕم و خەیاڵەکانیشم بە گوێرەی ئەوان دادەڕێژمەوە. دەبینم دونیایەکی سیحراوی سەیر بەڕوومدا دەکرێتەوە. تەنانەت ئەمە لەگەڵ کتێبەکانیش دەکەم. پوورم چەند زیرەک بوو! بەڵام ئەو ساڵانە من بە دزیی ئەوەوە هەر لە گێڕانەوەی ئەوەی وا لە کتێبەکاندا روویاندەدا بەردەوام بووم. تەنیا بەو هۆکارەی کە لە دووای تەمەنی چل ساڵی بەدوواوە لە قسەکانی گەیشتم. پووریشم کە یەکجار رقی لە گەمژەیی من هەستابوو، وازی لە نەسیحەتەکانی عەسرانەی ژێر تاقە درەختەکە هێنا و، لە داخانا دەستی کرد بە چنینی گۆرەوی و دەستکێشی زستانی بۆ من. ئەو کە دەیزانی من دەبێ بە تەنیایی لە بڕینی جادەکەی بەرەو کتێبخانە بەردەوام بم، بۆ ئەوەی دەست و قاچم نەتەزن و بەئاسانی بگەمەوە کتیىخانەکە، هەموو ساڵێک دوو جووت گۆرەوی بەن و جووتێک دەستکێشی کاموای بۆ دەچنیم. زستانان کاتێک دەگەیشتمە ئەو سەری جادەکە، لام دەکردەوە و لە رێچکەی هەنگاوەکانی خۆمم دەڕوانی. رێچکەکە خەیاڵی دەبردم. شتێک لەوێ لە ناویاندا بەجێمابوو،... لە من بە جێمابوو. چی بوو، نازانم. هەستم دەکرد گەر دەنگ هەڵبڕم و هاواری لێبکەم، وەڵامم دەداتەوە و دیسان شوێنم دەکەوێتەوە. بەڵام لە هاوارکردنەکە دەترسام. دەترسام کەسێک شتێک جوابم بداتەوە، کەسێک کە نابینرێ، بەڵام هەیە! لەمەیش ترسناکتر نیە لە دونیادا. نەکا من بوونێکم کە بەشێکم لە خۆم ونە؟ پوورم دەڵێ بە خوێندنەوە نەک تەنیا وەڵامەکان زیاد ناکەن، بەڵکو پرسیارەکانیش زۆرتر دەبن. دڵ و دەروونم دەلەرزن. یەکێک لەمنداڵەکانی گەڕەک کە تەنیا ساڵێک لە خۆم گەورەترە و گاڵتەی بە من و بە کتێبەکانم دێت، ئەوێک کە شەرم لە کەس ناکا و هەر کاتێک میزی بێت و لەهەر شوێنێک بێت پانتۆڵەکەی دادەداتەوە و بە پێوە هەڵدەمیزێنێ، دەڵێ پوورت گەر شووی بکردایە ئەم قسە زلانەی نەدەکرد! من کە دیسان لە دووای تەمەنی چل ساڵێم لەوە گەیشتم ئەمە قسەی خۆی نیە و لە ماڵەوە فێریان کردووە، دەزانم لە حەسوودیا ئەم قسەدەکا و گەر دەستی ئەویشیان وەک دەستی من بگرتایە و بە ناو جادە سیحراوییەکەدا بەرەو کتێبخانەکە بیانبردایە ئەوا قەت وای نەدەگوت. من جوابی نادەمەوە. ئەویش لەسەر وەڵامی من راناوەستێ و لەبەر ئەوەی میزی دێتەوە دەچێ و لە بن دیوارێک رادەوەستێ و بە میزەکەی پیایا هەڵدەزنێ. مچۆرکەی دووا چۆڕەکان بە ئاستەم جەستەی دەلەرێننەوە. زەردەواڵەیەک بەدەوری سەریدا دەسووڕێتەوە. بۆچەکی میزەکەیە سەرنجی قۆستۆتەوە. من بە گوێگرەکانم دەڵێم دارستان هەمیشە پڕی گورکە. ئەوان چاویان بزدەبێتەوە و یەکیان دەڵێ دارستان چییە. دەلێم ئەو شوێنەی وا درەختی زۆری لێیە. ئەوسا بیری وێنەی ناو کتێبەکە دەکەومەوە. چ دونیایەکی سەرسەوز! خۆشبەخت ئەوانەی لە وەها شوێنێکدا دەژین. هەڵبەت ئەمە ناڵێم. یەکێک لە منداڵەکان دەڵێ منیش دەچم بۆ کتێبخانە، باوکم دەمبا. ئەوسا هەڵدەستێ و دەڕوا. لێی ورد دەبمەوە. کتوپڕ هەڵدەستم و منیش بەپەلە جێیان دێڵم. هاواردەکەن ئەی چیرۆکەکە؟ من لاناکەمەوە و دەڕۆم.

دوو رۆژ لە ماڵەوە ناڕۆمەدەر. سەری سێهەم رۆژ لەبەر ئەوەی نۆرەی ئەوەیە بچم و کتێبی نوێ بهێنمەوە، دەچمەوە کۆڵان. بە خۆشییەوە کەسی لێ نیە. بەپەلە لە چاوان وندەبم و دەگەمە جادە بەناوبانگەکە. لەوێ کتوپڕ تووڕەیی ئەو دوو رۆژەم وندەبێ و هەست دەکەم هیچ رقێکم لە منداڵەکە نیە. بگرە گەر پێکیشەوە بچین بۆ کتێبخانەکە چ باشتر. هەرچەند ساڵەکان تێپەڕین و من قەت ئەوم لەوێ نەبینی!

زستانان بالای بەرزی چنارەکان لە ژێر بەفری قورستردا دادەنوێنەوە. ناڵەناڵیانە. هەستدەکەم ماندوون. ماندووتر لەوەی بتوانن قورسایی سپیەتی لەسەر شانەکانیان راگرن. قشقڕەکان لە حەوشەی قوتابخانە قاڕەقاڕیانە. خانە سازمانییەکانیش بێدەنگتر لە هەمیشە لە ناو بەفردا کپ و بێدەنگن. کەس بانەکانی ئەوان ناماڵی. شیروانین و بەفر بۆ خۆی هەڵدەخلیسکێ و دەڕمێتە خوارەوە. هاوپۆلێکم لە یەکێک لەو خانووانەدا دەژی. ناوی 'جەمشید'ە. سپیکەلە بە قژێکی خاوەوە کە هەمیشە بەر چاوەکانی دەگرێ و بۆیە مەجبوورە خێراخێرا بە دەستی لایبدا. ئەو تەنیا قوتابییەکە نە مودیر و نە مامۆستا پێی ناڵێ دەبێ قژی بتاشێ. مامۆستاکان دەڵێن لەبەر ئەوەی هەموو رۆژێ حەمام دەکا و ئاگای لە پاک و خاوێنیی خۆیەتی قەیناکا. وەک دەڵێن لە ماڵەوە حەمامیان هەیە. دەلین ئەو و دایکی و خوشکەکەی قەت ناچن بۆ حەمامی دەرەوە. من لە ژێر کڵاوە زستانییەکەمەوە دەست بە سەری تاشراوی خۆمدا دێنم و حەزدەکەم قژی منیش درێژ و خاو بێت. حەزدەکەم روخسارم سپی بێت و لە ماڵەوە حەمام بکەم. من رقم لەوەیە لە گەڵ باوکم یاخود دایکم بچم بۆ حەمام. من رقم لەو هەموو منداڵەیە وا دەقیژێنن و دەگرین و بەناو یەکتردا دەوروکێن. کتێبەکانی بم باخەڵم، کە لە ژێر پاڵتاوەکەوەن، بە خۆمەوە دەگوشم و خەیاڵێک پێم دەڵێ لەگەڵ ئەوەی من دەچم بۆ حەمامی دەرەوە بەڵام لە چەشنێکی دیکەم! ئەمە، ئەو جورئەتەم دەداتێ ئاراستەی رێگاکەم بگۆڕم و بەرەو خانە سازمانییەکان بادەمەوە. دڵنیانیم کامەیان خانووی ئەوانە. خانووەکان پاڵیان بە یەکترەوە داوە و بە دریژایی جادەکان راکشاون. بەفر باڵابەرزە و پەنجەرەکان بە جوانی نابینرێن. بەڵام ئەو لە یەکێک لەم خانووانەدایە. دڵنیام دەمبینێ. تەنیا ئەوەی ئەوەندە ساردە جورئەتی نیە بێتەدەرەوە. داخۆ هەروایش نەبووە؟ داخۆ وەها نەبووە ئەوانەی وەک ئەو هەمیشە لە ترسنۆکەکانن؟ جەمشید تەنانەت ناوێرێ بە تەنیا بچێت بۆ مەدرەسە و بە تەنیاش بڕواتەوە. هەمیشە کەسێک دێت بە شوێنیا. بە ترۆمبیلێکی سپییەوە. تەنیا ترسنۆکەکانن ناوێرن بە تەنیایی رێگاکان ببڕن. تەنیا قژ خاو و سپیلکەکانن لە هەموو شتێک دەسڵێمنەوە و هەڵدەبەزنەوە.

ئەوسا بۆنێکی خۆش سەرنجم دەقۆزێتەوە. چل ساڵ دوواتر دەزانم ئەوە بۆنی مریشکی برژاو و برینجی بۆن خۆشی شیمال بووە. ئەژنۆکانم شل دەبن. چەند رقم لە جەمشیدە! من دەبێ زوو بگەمەو ماڵەوە و دەست بکەم بە خوێندنەوەی دوو کتێبە تازەکەم. لەگەڵ ئەوەی هەست بە بوونیان دەکەم، بەڵام لە نێوان دوگمەکانەوە دەست دەبم بۆ ئەوەی دڵنیا بم بەردەوام لەوێن. ئەوانیش لەوێن، وەک هەمیشە.

چیرۆکەکان دەڵێن تەنیا گورگەکانن گۆشت خۆرن،... ئا، تەنیا گورگەکان!

 

پوورم پێنج برای هەیە. هەر هەموویان لە خۆی گەورەترن. بە باوکیشمەوە. بەڵام تەنیا باوکم لە ماڵەوە لەگەڵ پوورم دەژی. من و دایکم و خوشک و براکانیشم. باوەگەورەیشم. دایەگەورە لە مێژە مردووە. من لە بیرم نایەت کەی. کەسیش بۆی نەگێڕاومەتەوە. تەنیا ئەوەندە دەزانم لە رۆژێکی زستانیدا کاتێک کلوکلو بەفر لە دەرەوە دەباری و شار نوقمی بەفرێکی قورس بووە و شاخەکانی دورووبەر بەهۆی هەورە نزمەکانەوە دیارنەبوون، ئەو کە لە کاتی دروستکردنی نیسکێنەدا دەبێ، بەلادادێ و دەستبەجێ گیاندەدا. پوورم لای وایە یان سەکتەی دڵ بووە یان مێشک، باوەگەورەم لای وایە کاری خوای گەورەیە. من دیسان دووای چل ساڵ بیر لەوە دەکەمەوە گەر دکتۆرێکیان بێنایە ئەوا دەیزانی داخۆ کێ یاخود چی کوشتوویەتی. هەڵبەت گرینگ نیە. مرۆڤ کە مرد و رێگایەک بۆ گەڕانەوە نەبوو، ئیتر چ فەرق دەکا. ئەگەرچی من جاری وایە دڵم دێشێ و کاتێک چوومە لای دکتۆر و لێی پرسیم داخۆ لە بنەماڵەکەماندا کەس نەخۆشیی دڵی هەبووە یان نا، تیایا مامەوە چی وەڵام بدەمەوە. تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم و هەوڵدەدەم لە پوورم پرسم. ئەو کە بەحاڵ دەنگی لە پشت گووشییەکەوە دێت و زۆر خێرا هەناسەی سواردەبێ و ماندوویی دایدەگرێ، دەڵێ بە قوربانت بم جا چووزانم! راستدەکا، نازانێ. بەڵام من دڵینام دایەگەورە بە راوەستانی دڵ مردووە. تەرمەکەیشیان هەر لەو گۆڕستانە ناشتووە وا بە تەپۆڵکەیەکەوە بەسەر شاردا دەڕوانێ. گۆڕستانێک دراوسێی ئێمە. بەدەستی راست هەندێ بەرەوخوارتر.

یەکەم برای پوورم وەستای دیوارە. رەشتییەکی زل دەبەستێ و قەڵەو و کەتەیە. نازانم چۆن بەو هەموو قورساییەوە خۆی بەسەر چێوبەستەکانەوە رادەگرێ. زۆر تووڕەیشە. بەردەست نەماوە غەرقی جوێنی نەکردبێ. هەرچی بەدەما بێت نایگێڕێتەوە و دەیڵێ. دەنەڕێنێ و هەموو وەستاکانی تریش لە خۆی ئاگاداردەکاتەوە، هەر لە وەستای جۆشکارەوە بگرە تا وەستای تاق و بیرهەڵکەنەکانیش. رەنگە تەنیا کەسێک وا گوێی لێ نیە وەستا بیرهەڵکەنەکەیە کە بە چەندین میتر لە ناو دڵی زەویدایە. دیارە ئەویش گوێی لە شتێکە و بۆیە سەر بەرزدەکاتەوە و لە کوونە روونەکەی سەر سەری کە تەنیا ئاسمانی لێوە دیارە دەڕوانێ و بە دەنگی بەرز دەڵێ "ها!" شاگردەکەیشی سەری نەوی دەکا (وەک بڵێی بە گوێی کەسێکدا بچپێنێ) هاواردەکا: "هیچ قوربان هیچ من نەبووم." "ئەی کێ بوو؟" شاگردەکە کە بۆی زەحمەتە ئەو هەموو چیرۆکە لەو سەرەوە بە گوێی زەویدا بچپێنێ و بیگێڕێتەوە، دەڵێ "قوربان دووایی!".

ـ "ها!"

بەم شێوەیە شاگردەکەیشی کە زۆر حەزی لە جوێنەکانی تری وەستای دیوارە، چیتر گوێی لێیان نامێنێ.

من لام وایە بە هۆی قەڵەوی یاخود تووڕەییەکانیەوە هەر رۆژێک بێت بەردەبێتەوە و جەستەی قورسی دووقڵیش دەبێ. لێرەدا بۆ ئاسانکاریی زیاتر ناوی ئەم برایەی پوورم دەنێم "مامەی جوێنفرۆش". مامەی جوێنفرۆش کە جەژن دەگا، رەشتییەکی تازە دەبەستێ و جوانترین جلوبەرگەکانیشی لەبەردەکا. خۆشترین بۆنی دونیایش هی ئەوە. دەڵێن لە مەکەو مەدینەوە بۆی دێت. حاجییەکان بۆی دێنن. وەک سوپاسێک بۆ ئەوەی دیوارەکانی وەها مەحکەم سازکردووە کە تا ئیستا قەت بە سەریاندا نەڕماوە. مامەی جوێنفرۆش پێش دە پانزە پیاوی کەتەی وەک خۆی دەکەوێ و تەوای رۆژی جەژن ماڵەوماڵ دەکا و لە کاتێکدا تەسبێحە زلەکەی شەقەشەقی دێت، پیرۆزبایی لە خەڵکی دەکا. دیارە هەمیشە بە دەمیشییەوە لە دیوارەکان دەڕوانێ. ئەو دونیایەک بیرەوەریی لەم دیوارانە هەیە،... لە زۆربەیان. من رقم لەم مامەمە و خۆشم ناوێ.

برای دووهەمی پوورم دەستفرۆشە. هەموو چەشنە وردەواڵەیەک دەفرۆشێ. ژیانی لە قەراغ جادەکاندا تێدەپەڕێ. زۆریشی حەزلێیە. دەڵێ مرۆڤ بێتاقەت نابێ. جووڵەی شار سەرنجی دەبا و لە سپێدەوە هەتا ئێوارە لە رێبواران و لەو تاق و تەرا ترۆمبیلانە دەڕوانێ وا ئەمسەراوسەریانە. جگەرەی زەڕ بە لالێوییەوە شوکری خوا دەکا کە هەموو رۆژێک بەشی ئەوەندە دەگەیەنێ بیخنێتە گیرفانی و بە رووسووری بگەڕێتەوە ماڵەوە. "مامەی وردەواڵە"، بەپێچەوانەی ئەوەی یەکەم سیس و لاوازە. بنەڕیشێکی ماش و برینجی دێڵێتەوە کە بەخەستی بۆنی جگەرە گرتووە. بێدەنگ و بێ قڕەیە. من تیایا ماومەتەوە کە چۆن دوو برا لە قەوارە و لە ئەخلاقدا دەتوانن ئەو هەمووە جیاوازبن. یەک لەم سەری دونیا و ئەوی تریان لەو سەری. هەتا دووایی لە دووای دەیان ساڵ بیر لە چیرۆکی قابیل و هابیل دەکەمەوە و تێدەگەم تەنانەت جیاوازییەکان دەتوانن ئەوەندە زۆر بن کە برایەک ببێ بە بکوژ و ئەوی تریان ببێ بە کوژراو. هەڵبەت با ئەوەیش بڵێم ئەو خانووەی وا مامەی وردەواڵەی تیایادەژی یەکێک لەدەگمەن ئەو خانووانەیە وا مامەی جوێنفرۆش سازی نەکردووە.

برای سێهەمی پوورم تەنەکەچییە. رەنگە یەکەم تەنەکەچی ئەم شارە. دیارە بە گوێرەی قسەی خۆی. هەڵبەت گەر تەقەتەق بهێڵێ و بە جوانی قسەکانی ببیستی. "مامە تەنەکە" لە کاتی قسەکردنیشدا لە کوتانی تەنەکەکانی راناوەستێ. ئەو یەک چرکە چییە لە ژیان بە فیڕۆنادات. دەڵێ ژیان لەوە کورتترە بیری لێدەکەینەوە. من لام وایە بە هۆی ئەو لێکچوونەی لە نێوان چرکە و ریتمی سانیەژمێری سەعات لەگەڵ دەنگی کوتانی تەنەکەکان هەیە ئەو بەم ئەنجامە گرینگە گەیشتبێ. هەرچەند من دیسان ئەو کاتانە لەو رستەیەی ئەو نەدەگەیشتم و دیسان دەبا لەتەمەنم دەیان ساڵی تر بگوزەرایە. مامە تەنەکە بەرەبەرە گوێکانی قورس بوون و بۆیە کاتێک دەدوا وشەکان خاو دەبوونەوە و، بۆ لێ حاڵیبوونی دەبا کات و سەرنجێکی زیاتر بەکاربێنی. من ئەمەیانم زۆر خۆشدەویست. کورتەڵە و سپی و خوێن شیرین بوو. هەمیشە هەڵتروشکابوو. وەک بڵێی لە ئاودەستەکانی مزگەوت دانیشتبێ.

برای چوارەمی پوورم چایچییە. "مامەچایی". درێژ و باریک بە تەقیلەیەک بە سەریەوە کە لە کاتێکدا دەتوانێ بە دەستێک پێنج چایی هەڵبگرێ و یەکیش بە بەدەستەکەی تریەوە، وەک تیسکەی تفەنگ دەردەچێ بۆ ئەوەی چاییەکان بگەیەنێتە مشتەرییەکانی. خەڵکی پێی سەرسامن. هەندێ لایان وایە هی پەنجە درێژەکانییەتی و هەندێ لایان وایە هی ئەوەیە هەر لە منداڵییەوە خەریکی چایچییەتی بووە و ئیتر فێربووە. بەڵام لەناو شار چاخانەی تریش زۆرن و کەس ناتوانێ وەک ئەو بکا. ئەم مامەیەم تایبەتییە. ئەسڵەن هەموو مامەکانم تایبەتن. مامە چایی عادەتی نیە لە خەڵکی بڕوانێ، بەڵام کاتێک لێت دەڕوانێ دەڵێی دەیەوێ بە گیان و بە جەستەتدا بچێتەخوارەوە. نیگاکانی قورس و تیژن. دەتدڕن، دەتکەن بە دوو قاشەوە. من نازانم داخۆ خۆشم دەوێ یان نا.

برای پێنجەمی پوورم باوکمە. ناوی باوکمە و جاری وایشە لای خۆم ناوم ناوە "مامە باوکم"! تەنیا برای پوورمە چەند کلاسێک دەرسی خوێندەوە. هاوترازی لە هەیکەلیدا نیە. قاچەکانی لە باڵاتەنەی درێژترن و بۆیە جۆرەیەک دەنوێنێ. ئیستا کە لە دووای هەموو ئەو ساڵانە لە وێنە رەش و سپییەکان دەڕوانمەوە ئەم راستییە روونتر لە هەر کاتێکی تر خۆی پیشاندەدا. لە قوتابخانە وەک سەرایدار کاردەکا. لەبەر ئەوەی لەگەڵ مامۆستاکان دەچێ بۆ سەر کار و لەگەڵ ئەوان لە دەرگای مەدرەسە وەدەردەکەوێ، زۆر شانازی بە خۆی و بە کارەکەی خۆیەوە دەکا. سوێندیشی خواردووە رۆژێک لە رۆژان وانەی مامۆستایەتی تەواوبکا و ببێ بە مەعلیمی پۆلی یەکەم و دووهەم. چاویلکەیەکیشی کڕیوە و قەت دایناکەنێ. من زۆرتر لەوەی باوکمم خۆش بووێت، بەزەییم پیایا دێتەوە. نازانم بۆ. ئەمەیشیانم لە دووای تەمەنی چل ساڵی دۆزییەوە. باوکم قەت دەرفەتی ئەوەی پەیدانەکرد ببێ بە مامۆستای قوتابخانەکەی. پێش هەموو شتێک لەبەر ئەوەی هەموو ساڵێک یان بە دوو ساڵ دایکم منداڵێکی دەبوو و هەروەها دەبا بەشێکی زۆری ئەو پووڵەی وا پەیدای دەکرد بیدا بە باوکی. باوکم هەتا ژیا، لەگەڵ ئەم ئارەزووە ژیا. هەرچەند من لام وایە بەهۆی ئەوەی لە مەکتەب کاری دەکرد لەچاو براکانی تر کلتوری لەسەرتر بوو.

مامە جوێنفرۆش رقی لە خانە سازمانییەکانە لەبەر ئەوەی یەک تاقە خشت چییە ئەو لێرە سەریەکی نەخستووە. مامەوردەواڵەیش لەبەر ئەوەی قەت لێرە نەیتوانیووە شتێکی خۆی بفرۆشێ. مامە تەنەکە لەبەر ئەوەی هەتا ئیستا یەک نەفەر لە خەڵکی ئەو گەڕەکە بۆ کوورە، سەماوەر یاخود شتێکی لەم چەشنە روویان تێنەکردبوو. مامەچاییش لەبەر ئەوەی هەتا ئیستا یەک کەسیان لە چاییخانەکەی دانەنیشتبوون و داوای چایی لێنەکردبوو.

من لە دوورەوە، بە کتێبەکانی بن باخەڵمەوە، لە گردە ئاشناکەوە، سەیری خانە سازمانییەکان دەکەم و هەر لەخۆوە لام وایە رۆژێک لە رۆژان منیش دێم و لێرە دەژیم.

 

باوەگەورە خۆی لە خۆیا تووڕە بوو، بەڵام وەک دایکم دەڵێ لە دووای مردنی دایەگەورەم تووڕەییەکەی یەکجار زیادی کردبوو. تەحەمول کردنی کاری حەزرەتی فیل بوو! زۆربەی کاتەکانی ژیانی لە ژووری خۆیدا تێپەڕدەکرد. بگرە هەندێ لە ژەمەکانیشی دەبردە ئەوێ. لەگەڵ ئەوەی کەم دەمانبینی، بەڵام رۆحی لە ناو خانووەکەدا هەیمەنەی هەبوو،... دەهات و دەچوو. هەندێ جار گۆچانە قاوەییە لووسەکەی کە گرێیەکی لەناوقەدا بوو، هەڵدەگرت و دەچوو بۆ ناو بازاڕ. لانیکەم دوو سێ سەعاتێکی دەخایاند تا دەگەڕایەوە. لەم کاتانەدا دایکم ژوورەکەی گسک دەدا و رێکوپێکی دەکرد. ئێمەی منداڵیش کە دەرفەتەکەمان بەتەواوی لەباردەبینی، خۆمان بە ژوورەکەدا دەکرد و هەتا دەمانتوانی چاومان بە شمەکەکاندا دەگێڕا و دەستمان لێدەدان! بەتایبەت لە رادیۆ قاوەییە زلەکە وا لە سەر تاکە تاقی ژوورەکە لەپاڵ گووڵدانێکدا بوو و بە خامەیەکی گووڵدۆزیکرا داپۆشرابوو. شێتانە بە دەستپیانانی دوگمەکان کاناڵەکانمان دەگۆڕی و ئەوجا پێچی دەنگەکەمان هەر بەو رادەیە شێتانە کەم و زۆر دەکرد. دایکم کە ژنێکی ئارام بوو هەر بەو ئارامییە دەنگی دەداین "رۆڵە مەکەن،... مەکەن، مە!"، بەڵام مەگەر ئێمە وازمان دێنا! ژووری باوەگەورە لەچاو ژوورەکانی تر یەکجار خاوێنتر و رێک و پێکتر دەینواند. نوێنەکان، قاڵیەکان و تەنانەت تەڕاوی ژوورەکە بۆنی تازەییان لێوەدەهات. بۆنەکە لەخۆیدا نوقمی دەکردی،... سەرنجی رادەکێشای. هەروەها بۆنی باوگەورەیش دەهات. ئەو بەردەوام لەوێ بوو. تەنانەت لە دووای مردنیشی بە ساڵان لەوێ مایەوە. ئەو ئاشقی ژوورەکەی بوو. هەندێ جار بخوریشیان تیا هەڵدەکرد و لەوێوە ناو هەموو ماڵەکەی دادەگرت. لە کاتی جەژنانیش، ئەو ژوورە بوو وا میوان رووی تێدەکرد. تەنانەت ئەو میوانانەیش وا لە گوندەوە دەهاتن و پشتاوپشت باوگەورەیان دەناسی.

لە بیرم دێت کەفی خانووەکانی ئەو سەردەمە چونکە لە گڵ بوو، بەرەبەرە دەنیشت و چاڵ و چۆڵی تێدەکەوت. ناڕێک دەبوو. بۆیە لە کاتی ژەمەکاندا کاتێک سفرە رادەخرا گەر ئاگامان لە خۆمان نەبووایە، ئاوی ناو لێوانەکان، کە تەنیا دانەیەک یان دووان بوون، قڵم دەبووەوە و بەناو سفرەکەدا پڕش و بڵاو شەپۆلیان دەدا. باوەگەورە لەم کاتانەدا تووڕەتر لە هەمیشە کەفی دەچڕی. دایکم بۆ ئەوەی ئەمە دووپات نەبێتەوە هەمیشە لە کاتی نانخواردندا کاتێک ئێمە ئاومان دەخواردەوە بە جوانی و بە پەرۆشێکی سەیرەوە کە زیاتر لە دڵەڕاوکێی دەکرد، ئاگای لێمان بوو. جا بۆ ئەم مەبەستە هەوڵیدەدا لە ناوەڕاستی هەموو منداڵەکانیدا دانیشێ. پوورم کە ئاگای لە هەموو ئەم چیرۆکانە بوو تەنیا دەیڕوانی و، هیچی نەدەگوت. منیش لەو کاتەوەی لەگەڵی چووبووم بۆ کتێبخانەکە هەر لەخۆوە زیاتر سەرنجم دەچووە سەری. وەک بڵێی چاوەڕوانی ئەوە بووم شتێک بکا و بەر بە تووڕەییەکانی باوەگەورە بگرێ. شتێک کە قەت رووینەدا! ساڵانی ساڵ دوواتر لە کتێبێکدا خوێندمەوە منداڵەکان لەم کاتانەدا چاوەڕوانن هەتا پیرکان پیرتر دەبن. زۆر باشە، چاوەڕوانییەکە لە جێی خۆی؛ بەڵام هەتا ئەوان پیرتر دەبن، منداڵیی ئێمەیش هەگبە بە کۆڵدا دەدا و زۆر خێرا لە چاوان وندەبوو.

من نازانم لە خانە سازمانییەکان وەها کێشەیەک هەبوو یان نا. ئەوەندەی من دەمبینین زۆربەی ئەوانەی لەوێ دەژیان دوو، سێ، یان چوار کەس بوون. نەوەیەک، تاق و تەنیا لەگەڵ خۆی. من بینیبووم نیگای منداڵەکانیان وریاتر و متمانەبەخۆتر دەینواند. جەمشیدیش یەکێک لەوانە بوو. چەند مانگێک دووای ئەوەی بووینە هاوڕێی گیانی بە گیانی و هاتووچۆی یەکترمان کرد (دیارە من زیاتر دەچوومە لای ئەو، تا ئەو لای من)، تێگەیشتم کە نە لە ماڵەکەیاندا ژوورێکی قەدەغە و تایبەت هەیە و نە کەسێک بەسەریا دەنەڕێنێ. جەمشید جاری وابوو دەستی دەخستە ناو دەستی باوکی و لە کاتێکدا نیگایان لێک دەئاڵا باسی قوتابخانە و باسی ئەو سەیرانانەیان دەکرد وا بەڵێن بوون رۆژی هەینی هەموو بنەماڵە پێکەوە بچن، بەو ترۆمبیلە پەیکانەی وا لەبەر دەرکی خانووەکەیاندا راوەستابوو. من دەستم بەو ماشینەدا هێنابوو. بە سەرسوڕمانەوە تەوێڵم بە شووشەکانییەوە نابوو و لە ناوەوەیم روانیبوو. جەمشید کە زۆر حەزی بەکایەکردن بوو، دەستی رادەکێشام و دەیگوت ئەوە خەریکی چیت، دەی خێراکە! چەندە حەزم دەرکرد رۆژێک سواری ئەو پەیکانە بم. ئەو رۆژەی وا قەت نەهات. زۆر جار ئەوان لەبەر چاوی مندا سوارببوون و رۆیشتبوون. بە تەنیا وەک تاقەداری حەوشەکەمان مابوومەوە. من جەمشید و بنەماڵەکەیم لە ناو شار لە سەیارەکەدا بینیبوو. باوەڕم نەدەکرد هاوڕێین. ئەوان چەند دوور دەیاننواند. رادەوەستام و بە وردی سەیری تێپەڕینیانم دەکرد. لە کاتی باران و بەفریشدا بینیبووم. بە دەست هەڵمی جامەکانی دەسڕییەوە و لەگەڵ بنەماڵەکەی باسی شتێکی دەکرد. لێوەکانی ئەمەیان دەگوت.

من هەتا دەهات زیاتر خووم بە کتێبەکانەوە دەگرت. شتێک لە دەروونمەوە پێی دەگوتم تۆ خاوەنی شتێکی کەم کەس خاوەنیەتی، تەنانەت جەمشیدیش کە جاروبار دەیخوێندەوە و لە ماڵەوە کتێبخانەیان هەبوو. بە جوانی دەمبینی لەوانەی دەورووبەرم، لە هاوتەمەنەکانم، بەرەبەرە مەودام دەگرت و زیرەکتر دەبووم. هەڵبەت نەمدەزانی زیرەکتر بۆ چی و لە پێناوی چی. ئەسڵەن زیرەکتر بووم کە چی رووبدات؟ ژیان بەردەوام بوو و هیچ شتێکی وەها رووینەدەدا رۆژەکان لەیەکتر جیابکاتەوە. جاری وابوو هەستم دەکرد دەخوێنمەوە بۆ ئەوەی دەخوێنمەوە. هەر کەسەو ژیان بە جۆرێک تێدەپەڕێنێ. پوورم بە گرتنی دەستی من و راپێچکردنم بۆ کتێبخانە منی خستبووە ناو رەوتێکی سەیرەوە. جاری وابوو سەرم قورس دەبوو و چاوەکانم دەخوران. بە دەستم هەڵمدەگڵۆفین. کە چاوەکانم هەڵدێنان دەمبینی ژیان لێڵ بووە و نیگا رێشکە و پێشکەی دەکرد. رەنگە ئەمەیش بەشێک لە پلانی گەڕانەوەی خۆم بۆ ناو خۆم بوو. ئاگام لێ نەبوو کتێبەکان بەرەبەرە منیان بەرەو ناوەوەی خۆم دەبردەوە. لە شتەکان زیاتر لەوەی پێویست بوو رادەمام و زیاتر لەوەی پێویست بوو بێدەنگ دەبووم. کەسێک لە ناو مندا لەدایک ببوو و باڵای دەکرد و دەنگی دەدام. جاری وابوو ئاگام لە سڵاوی خەڵکی نەبوو. رەنگە گێژی بەشیک لە رەوتی خوێندنەوە بێت. خوێندنەوە سەفەرێکە لە خۆتەوە بەرەو خۆت، هەرچەند بە رووداوەکانی دەرەوەدا تێدەپەڕی. رەنگە هۆکارەکەی ئەوە بێت کە رووداوەکانی ژیانی راستەقینە و رووداوەکانی سەر لاپەڕەکان لەیەکتر دەدەن و ئیتر دەبنە هۆکاری خوڵقاندنی دونیایەکی تایبەت. پوورم قەت باسی ئەمانەی بۆ نەکردبووم. قەت قەت. نامەردانە جێی هێشتبووم. دڵنیام بۆ خۆیشی نەیدەزانی. ئەو کە سەر بە یەکەم نەوەی ژنانی مامۆستای شار بوو رەنگە تەنیا بەهۆی ژنەفتنێکەوە منی بۆ کتێبخانەکە پەلکێش کردبوو. رەنگە ویستوویەتی پرۆژەی لکاندنی بنەماڵەکەی خۆی بە نەوەیەکی نوێوە یاخود بە چینێکی تایبەتەوە بەم شێوەیە کامڵ بکا. ئا، عادەت. شوێنکەوتن. دیارە سەرەڕای هەموو شتێک من دیسان مەمنونیم. گرینگ ئەوەیە جۆرێکی تر بژیت، جا ئەوەی کە جۆرەکە چۆنە موهیم نیە. تەنانەت بە بێ خواستی خۆیشت. هەرچەند دوواتر هەموو ژیان و هەموو ساڵانی تەمەنت ببنە دەستەچیلەی وەها ئاگرێک. داخۆ مەگەر ژیان مۆمێک نیە بۆ ئەوەی بژی دەبێ بگڕێ؟

من ئیستا هەموو کەفی ماڵەکە دەناسم. دەزانم کوێ قۆقزە و کوێ تەخت. بۆیە قەت لێوانی ئاوەکە بەدەست منەوە ناڕژێ. دڵنیام هۆکاری خوێندنەوەی کتێبەکانە. هۆکارەکەی بێدەنگیی پوورمە و نیگاکانی. من بگرە یارمەتی خوشک و براکانیشم دەدەم. باوەگەورە کە بیانوو بۆ تووڕەبوونەکانی کەم بوونەتەوە، ئەمجارە پڕی شتی دیکە دەدا. بۆ وێنە بۆچی دەستمان نەشۆردووە، یان بۆچی درەنگ دێینە سەر سفرەکە، یان بۆچی پەلەپەل دەخۆین و لەسەر نانخواردن زۆر دەڵێین. من کە نازانم چی بکەم بۆ ئەوەی هەڵچوونەکانی ئەو رابگرم، یاخود لێیان کەم بکەمەوە، شێتانە دەخوێنمەوە. وەڵامەکان دۆزینەوەیان زەحمەتە. ساڵانی ساڵ دوواتر لەوە تێدەگەم وەڵامی هیچ پرسیارێک لە هیچ کتێبێکدا نەنووسراوە. ئێمە دەبێ خۆمان جوابەکان دروستبکەین. ژیان رەوتێکە بە بێ وەڵام.

دەبینم چەند رۆژێکە کتێبخانەکە منداڵی زیاتر رووی تێدەکەن. بەناو رەفەکاندا هەڵدێن و لەسەر بینینی هەندێ لە وێنەکان مقۆمقۆیانە،... شەڕیانە. هەڵدەستم و هەوڵدەدم یارمەتیان بدەم. دەلێم گەر وابکەن کتێبەکان دەدڕێن، خراپ دەبن. لێم دەڕوانن. بە قسەم دەکەن و ئارام دەبنەوە. خانمە چاویلکە لە چاوەکە لێم دەڕوانی و بزەیەک روخساری دەقڵاشێ. رەنگە منیش رۆژێک لە رۆژان ببمە کارمەندی ئێرە. رەنگە منیش بە چاویلکەیەکەوە لەوێ لە پشت مێزەکە بە بزەوە دابنیشم و لە خەڵکی بڕوانم.

درێژەی هەیە...