ما 6911 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

 

 

سەدیق سەعید رواندزی

ئەو شیعرەى بەرزنجى، دەکرێ وەک بیۆگرافیاى ژیانی مرۆڤ بیبینین، هەرلەسەرەتاى سادەو ساکاری ژیان و داپۆشینى عەورەت بە گەڵا، تا قۆناغە ژیاریی و پێشکەوتوەکان و دواجاریش بە عەبەسی بوونى ژیان، لە ژێر زەبری گۆڕانکاریەکان. واتە نووسینەوەى ئەزموونى ژیانى مرۆڤێک و شاعیرێکە، لە چوارچێوەى ئەو زەمەن و شوێنەى تیایدا ژیاوە. 

 

 

لە کۆپلە شیعرییەکدا، کە شاعیر سمائیل بەرزنجی پێشکەشی هاوسەرە کۆچکردووەکەی کردووە، سێ زەمەنى جیاواز دەبینین کە ئەویش زەمەنى چاخی بەردین و زەمەنى شەڕ و زەمەنى کرۆشتنى حەسرەت و بێزاری. هەریەک لەو زەمەنانە، گوزارشتن بۆ شوێن و پێشکەوتنەکانى ژیانى مرۆڤ وەک بوونەوەرێک، لە چوارچێوەى قۆناغە مێژوویەکاندا. واتە شاعیر ژیانی تایبەتى خۆی وەک مرۆڤێک، لە چوارچێوەى ئەو زەمەنشوێنیە جیاوازانە بەرجەستە کردوە، کە لە شیعرەکەدا ئاماژەى پێکردون.چونکە سەرەتاکانى دەرکەوتنى ژیانى مرۆڤ، لە قۆناغی چاخی بەردین و سەرەتاکانى ئەشکەوتنشینء دواتریش، لە گەڵ پەرەسەندنى پێشکەوتنە ژیارییەکان، بەردەوامى دەبێت، تا بە ئێستمان دەگات. لە ڕوانگەى شاعیردا، ئەوان مرۆڤێکى چاخی بەردین بووینەوە بەردەوامیان بە ژیانداوە، تا بە قۆناغی بێزاری دەگات. کەواتە زەمەنشوێنى چاخی بەردین، گوزارشتە بۆ ساکاری ژیان و بێزاریش وەک چەمکێکى دەروونى کە پەیوەستە بە قۆناغی پێشکەوتن و مۆدێرنەبوونى ژیان، ئاماژەیەکە بۆ ئاڵۆزبوون و پووچگەرایی ژیان.کەڕەنگە هەموو خەون و ئومێدەکانى مرۆڤ، لە نێو بەرێت. چونکە نابێ ئەوەمان بیر بچێت، ژیان چەنێ پێشکەوتوو ئاڵۆزو جەنجاڵ بێت، ئەوەندەش مرۆڤەکان لە ڕووى ڕوحی و دەروونییەوە وێران دەبن. وەک ئەوەى ئێستا هەستى پێدەکەین. بۆیە شاعیر ئەگەر خۆی و هاوسەرەکەی سەرەتا مرۆڤی چاخى بەردین بووبن، ئەوا لە گەڵ پێشکەوتنەکانى ژیان و هەڵکشانى تەمەندا، ئەمجارەیان لە مرۆڤێکى سەرەتاییەوە دەبنە مرۆڤی قۆناغە ژیاری و تەکنەلۆژیەکان و بە عەبەسی بوونى مرۆڤەکان. کە بێگومان ئەو قۆناغەش بۆ ئەوان، پڕ بوە لە تەقسێکى گریاناوى، هەروەک شاعیر خۆشی دەڵێت:

 

دەبوایە هەر چوار فەسڵ

لە تەقسێکى گریاناویدا خۆمان بنێژین

هاوینمان بە پاییزو زستانانمان بە بەهار دەسپارد..

لەکۆی ئەو دوو کۆپلە شیعریەدا، هەریەک لە زەمەنەکانى (چاخى بەردین،زەمەنى شەڕ،چوار فەسل،پاییز، زستان،هاوین، بەهار،) دەبینرێت. کە هەموویان ئاماژەن بۆ بەشێک لە ژیانکردنى شاعیر وەک مرۆڤێًک، لە قۆناغە جیاوازەکانى تەمەنی خێزانى و کۆمەڵایەتیدا.ئەم فۆڕمە لە ژیان بەردەوام دەبێت، تاشاعیر لە ژێر کاریگەرییەتى خوێنەوەى کتێبەکانى کامۆ و سارتەردا، ڕەنگێک لە ژیانى ئەوان دەگرێت ء دەبێتە وێنەیەکى بچووکراوەى پاڵەوانى ڕۆمانێکى کامۆ. هەروەک ئەمجارەیان لە شیعرەکەیدا دەڵێت:

نازانم نە ئێوارەیەکى ساردى کانونى یەکەم بوو

نە عەسرێکى درەنگى حوزەیران بوو

نەجومعەیەکى پڕ لە پەستی و نەسێشەممەیەکى نەگریس بوو

پێیوتم: چەند بە مێرسۆیە غەریبەکەى کامۆ دەچی

 

شاعیر، گفتوگۆو ڕووداوەتایبەتییەکانى ژیانى خۆی بەستۆتەوەبەزەمەن و لە چوارچێوەى زەمەنى مێژوویی ڕووداوەکان ئاماژەى پێداون.بێگومان هەوڵدان بۆ ناساندنى شاعیر، وەک پاڵەوانى ڕۆمانێکى ئەلبیر کامۆ، کە سمبولە بۆ بێهوودەیی و نهلیستیەتى ژیان، دەلالەتێکە بۆ ئەوەى کەشاعیر دواجار، کەوتۆتە ژێر کاریگەریەتى ئەو نووسەرە.لێرەوەش زەمەنشوێنى لە ژیانى شاعیردا، لە چاخى بەردینەوەو داپۆشینى عەورەت بە گژوگیاوە، درێژ دەبێتەوە تا زەمەنى خوێنەوەى کتێبەکەى ئەلبیر کامۆو کەوتنە ژێر کاریگەریەتى ئەو نووسەرە جیهانیە. بێگومان هەردوو زەمەنیش هەڵگری چەندین خەسڵەتء گۆرانکاری و ئاماژەى دەروونى ء کۆمەڵایەتین، کە دواجار لە چوارچێوەى زەمەنە فیزیکیەکەوە، ژیانى شاعیر پێکدەهێنن. واتە زەمەنشوێنى لەو دەقەى شاعیردا، لە قۆناغێکى سادەوە دەست پێدەکات تا دەگاتە قۆناغى جەنجاڵبوون و ژاوەژاوەی ژیان. لە داپۆشینى عەورەت بە گەڵاوە، تا خوێنەوەى کتێبەکانى کامۆ.بگرە ئەمجارەیان درێژتریش دەبێتەوە،تا ئەزموونە فاشیلەکانى ژیان. هەروەک شاعیر دەڵێت:

لەو گوندانەى

کە ئەزموونە فەشەلەکانى خۆمان

تیا دەشاردەوە

بێگومان ئەگەر ڕووداو پەیوەست بێت بە چرکە ساتەکانى زەمەنێکى دیاریکراوەوە، کە ژیانیش بەشێکە لە پراکتیزەکردنى چەندین ڕووداوى جۆراو جۆر، ئەوا دەبێ خودى ئەو ڕووداوانە، هاوشێوەى زەمەنەکە، شوێنێک هەبێت بۆ ڕوودانیان. بە دەربڕینێکى تر هیچ ڕووداوێک نییە، بە دەر بێت لە زەمەن و شوێنێک. چونکە ڕووداو ڕوونادات ئەگەر شوێنێک نەبێت وەک سەر زەمینى ڕوودانی و هاوکات کاتیش وەک کردەى ئەنجامدانەکە. بۆیە لە شیعری (من لەوێوە دێم) لەپاڵ زەمەن، شوێنیش دەبینینین. چونکە شاعیر لە شیعرەکەیدا، ئاماژەى بە چەندین شوێن داوە،کە پەیوەستن بە ژیان و بوونء مەوداى تەمەنى ئەو، وەک مرۆڤێک. لێرەوەشە، ئێمە کاتێ دەڵێین شیعرەکانى ئیسماعیل بەرزنجى، بونیادێکى چیرۆکئامێزیان هەیە. چونکە هەموو ئەو ڕەگەزانە لە خۆ دەگرن، کە ژانری چیرۆک و ڕۆمان پێکدەهێنن. لەوشیعرەشدا، شاعیر لە پاڵ زەمەن، ئاماژەى بە چەندین شوێنیش داوە. وەک: (ئەشکەوتەکانى چاخى بەردین، لەحەوشەکەدا، قەبر، شوقەى ژمارە12،لەو گوندانەى، مەنفا، پاکژگە کەى دانتى، لەوێوە کە ئاماژەیە بۆ شوێنێکى نادیار). هەموو ئەو شوێنانەش پەیوەندییان، بە و زەمەنەوە هەیە، کە شاعیر لە شیعرەکەیدا بەرجەستەى کردوون. ئەو شیعرەى بەرزنجى، دەکرێ وەک بیۆگرافیاى ژیانی مرۆڤ بیبینین، هەرلەسەرەتاى سادەو ساکاری ژیان و داپۆشینى عەورەت بە گەڵا،تا قۆ ناغە ژیاریی و پێشکەوتوەکان و دواجاریش بە عەبەسی بوونى ژیان، لە ژێر زەبری گۆڕانکاریەکان. واتە نووسینەوەى ئەزموونى ژیانى مرۆڤێک و شاعیرێکە، لە چوارچێوەى ئەو زەمەن و شوێنەى تیایدا ژیاوە. زەمەن ء شوێنێک کە دەشێ پڕبێ لە خۆشیء جوانییەکان. دەشێ پڕیش بێ لە ناشرینی و تراژیدیاکان. وەلێ دواجار ئەوە ژیانە، نە بە دڵی ئێمە دەڕوات، نە بە دڵی ئێمەش دەوەستێت.

 

تێبینى/ دەقی (من لەوێوە دێم) شیعرێکى (ئیسماعیل بەرزنجی)یە کە لە کۆمەڵە شیعر (پەست وەک ئێوارە نارنجیەکانى نیشتمان) بڵاوکراوەتەوە.کەساڵی 2007چاپ کراوە،لەلایەن دەزگاى ئاراسەوە

گەڕان بۆ بابەت