فاتح سەعیدی 

شێوازێک کە لە زۆربەی توێژینەکاندا دەردەکەوت و پێشتر، لانیکەم وا دەردەکەوت، مێتۆد یان خوێندنەوەیەکی دیاریکراویان بۆ هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکان هەڵبژاردبوو، نزیکە لەو باسەیە کە ئادۆرنۆ لە زاراوەی "ڕەخنەگرتنی ناوخۆجێگر" مەبەستیەتی. لە ڕوانگەی ئادۆرنۆوە ڕەخنەگرتن لەسەر بنەمای ئەو بابەتەی کە ڕەخنەی لێ‌دەگیریت ساز دەبێت، نەک ئەوەی ڕەخنەگر هەندێک ڕێسای نەگۆڕ و پێشوەخت ئامادەکراو بەسەر ئۆبژەی توێژینەوەدا بسەپێنێت.

 

 

 

سەبارەت بە کۆڕی ڕەخنەیی گروپی کریتیک

 

 

لەم ماوەدا [٩ ڕێبەندان ١٣٩٣]، لە شاری بانە، ئەندامانی گرووپی کریتیک کۆڕێکیان بۆ هەڵسەنگاندنی کۆچیرۆکی "جەستەیەکی خۆڵاویی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە" [ڕزگار لوتفی][1] ساز کرد و لەوێدا هەندێک باسیان سەبارەت بە کتێبەکە پێشکەش کرد. خۆی لە خۆیدا، گرتنی کۆڕێک بۆ هەڵسەنگاندنی کتێب، لە فەزای کەمتر هەستیاری ئەمڕۆی ئێمەدا لە کوردستان، دڵخۆشکەرە؛ ئەگەر لەم کۆڕەدا چەند کەسێکی شارەزا مژدەی درووست‌بوونی بازنەیەکی فکریی بۆ ڕەخنە و هەڵسەنگاندیشمان پێ‌بدەن، ئیتر ئەم دڵخۆشییە ئۆقرەی لە لا نامێنێ و چاوەڕوانی کارە باشترەکانی دواتریان دەبێت. لە درێژەدا هەوڵ دەدەم دەرگایەک لەسەر ئەم کارە نوێیە بکەمەوە و هەندێک لایەنی چۆنیەتی ڕەخنەکان تاوتوێ بکەم. ڕەنگە ئەم چەند ڕستەی سەرەوە، سەرەتا، نیشاندەری مەیلی نووسەر بێت بۆ ئەوەی فەزای مشت‌ومڕی زیاتر لەسەر باسەکان بکاتەوە و ئەگەر ڕاڤەکان ناکۆتایی بن، بێ‌گومان ئەم قسە و باسانەش ئەم تایبەتمەندییە لە خۆ دەگرن. هەروەها لەبەر ئەوەی کە سەرنجەکان ئیتر لە فەزای بازنەی هاوڕێیاندا و بە شێوەی زارەکی نەمێننەوە و وەک "نێڤیسار" هەڵگری بەڵگاندنی چوارچێوەدارتر بن.

 

     لەم نووسینەدا دەمەوێت، سەبارەت بەو کۆڕەی کە بۆ هەڵسەنگاندنی کۆچیرۆکی "جەستەیەکی خۆڵاویی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە" [ڕزگار لوتفی] ساز کرا، باس لە دوو بیرۆکەی سەرەکی خۆم بکەم. ئاشکرایە هەر پێنج ئەندامی گرووپی کریتیک [لەمەوبەدوا وەک "کریتیک" ناویان لێ‌دەبەم؛ هەرچەند لە گرفتەکانی ئەم جۆرە گشتاندنە ئاگادارم، بەڵام لەبەر ئەوەی خۆیان پێناسەیەکی گشتیی هاودەستیان بۆ کاری یەکتر کرد، منیش وا سەیریان دەکەم] بە یەک مێتۆدەوە ڕەخنەیان لە کتێبەکە نەگرت. هەروەها لەبەر ئەوەی کە دەقی وتاری ئەو بەڕێزانە چاپ نەکراوە، گرێچنی باسەکان دواتر بەوردی دەردەکەون. بەڵام دەکرێ دوو تەوەر، کە لە هەموو باسەکاندا ئاشکرا بوون، بخەینە ناوەندی شیکارییەک کە دواتر زیاتر لێیان ورد دەبمەوە. یەکەم، تاوتوێ‌کردنی ئەم بیرۆکەیە کە هەندێک لە چیرۆکەکان ئەرکێکیان هەیە/ یان دەبوایە هەیانبوایە. دووهەم، زەق‌کردنەوە و هێنانەوەی هەندێک تیۆری لە بوارگەلێک وەک زانستی سیاسی، کۆمەڵناسی و ئەدەبیات، و شرۆڤەی تیۆری چەند بیرمەندێک وەکوو شمیت، ئاگامبێن و سانتاگ؛ هەروەها زیاتر لەوەی کە گرنگیی بە ناوەڕۆکی چیرۆکەکان بدرێ، باس لە فۆرمی گێڕانەوە/کان بکرێ، یان دەستنیشان بکرێت کە ئەم کۆچیرۆکانە لە باری زمانی ـ فۆرمییەوە دەکەوێتە کامە پۆلینبەندی یان لە کوێی ڕەوتی چیرۆکنووسی کوردیدا خۆی دەبینێتەوە، تاقمێک تیۆری پێشوەخت ئامادەکراو لە دەرەوەی دەق، بابەتی سەرەکی توێژینەوەکان بن.

     بۆ ئەوەی تەوەری یەکەم ڕوون بکەمەوە بۆ پرسیارێکی لەمێژینە دەگەڕێمەوە: ئایا ئەدەبیات ئەرکێکی لەسەر شانە؟ کاتێک وتارەکان لە لایەن هاوڕێیانی کریتیکەوە پێشکەش کرا هەموویان کەم تا زۆر باسیان لە هەندێک هەبوایە دەکرد کە چیرۆکەکان و تەنانەت دیزاینی بەرگەکە و جۆری کاغزی بەکارهاتوو دەبوایە هەیبوایە هەتا مانایەکی دیاریکراو، بە وتەی ئەوان وەک مانایەک بۆ سوژەی مۆدێڕن، خۆی نیشان بدات. لێرەدا و لە پەراوێزی ئەم باسەدا، دەبێ ئاماژە بەوە بکەم کە بە شێوەیەکی شاراوە ڕەخنەگرەکان هەڵەیەکی مێتۆدیکیان لە سێ ئاستدا دەکرد ئەو کاتانەی کە ١) دەنگی نووسەریان، بە شێوەیەکی حەتمی، وەک دەنگی گێڕەوەکانی چیرۆکەکان سەیر دەکرد ٢) گشتاندن و زاڵ‌کردنی چیرۆکێک، کە ناوی کتێبەکەش لەوێوە گیرابوو، بەسەر چیرۆکەکانی تردا ٣) دەستنیشان‌کردنی هێڵێک کە دەکرێ لە ڕۆمانێکدا نیشانی بدەیت، بەڵام بە هۆی ئەوەی کە کۆچیرۆکێک لە چەندین چیرۆک پێکهاتووە، لێرەدا ١٤ دانە، ناکرێ بەئاسانی ئەم هێڵی مەبەستە لە هەموویاندا بدۆزیتەوە.

     پرسیار سەبارەت بە دەور و پێگەی ئەدەبیات، لە سەردەمی هاوچەرخدا، دەبێتە هەوێنی سەرەکی ڕەخنەی ئادۆرنۆ بۆ خوێندنەوەیەک کە سارتر لەمەڕ ئەدەبیات بە دەستیەوە دەدات. ئادۆرنۆ لە کتێبی چەند یادداشتێک لەمەڕ ئەدەبیات[2] خوێندنەوەیەکی قووڵ بۆ لایەنە جیاوازەکانی کاری هونەری دەکات و بەتایبەت لە وتاری تەعەهۆد[3]دا[4] دژ بە بیرۆکەی سەرەکی سارتر لە کتێبی ئەدەبیات چییە؟[5] دەوەستێتەوە. ڕوونکردنەوەیەکی خێرای ناوەندی ئەم دەمەقاڵەیە زیاتر لە مەبەستی من بۆ ڕەخنەگرتن لە تەوەری یەکەمی باسەکان نزیکمان دەکاتەوە. سارتر لە کتێبی ئەدەبیات چییە؟ هەوڵ دەدات بە پرسیارگەلێک وەکوو "نووسین چییە؟" و "نووسین بۆ کێیە" وڵام بداتەوە.[6] بۆ سارتر ئەدەبیات مانایەکی دیاریکراوی هەیە و بریتییە لەوەی کە نووسەر بە مەبەستی نیشاندانی مانایەکی ڕوون خوێنەر بۆ لای خۆی بانگ دەکات و داوای لێ‌دەکات کە لەوبارەوە کردەوەیەک نیشان بدات. نووسەر جیاواز لە هونەرمەند سەرقاڵی مانا و دەلالەتەکانە، و تەنانەت هەر لەبەر ئەم هۆیە، سارتر کاری پەخشان لە شێعر جیا دەکاتەوە، چونکە پێی‌وایە هەرێمی نیشانەکان بۆ ئەوەی مانایەکی دیاریکراو بگەیەنن دنیای پەخشانە نەک شێعر. بەمگوێرەیە سارتر دەبێژێت "بەڵام [پەخشان] وشەکان وەکوو [شێعر] بەکار ناهێنێت، تەنانەت بە هیچ شێوەیەک بەکاریان ناهێنێت، واتە لە وشەکان کەڵک[7] وەرناگرێت، بەڵکوو تەنانەت دەتوانم بڵێم کە کەڵکیشیان پێ‌دەگەیەنێت."[8] سارتر چونکە پێی‌وایە کە نووسەر لە هەر پەخشانێکدا لە بیری ئەوەدایە کە قازانجێک بگەیەنێت و هەر بۆیە نووسەر [لێرەدا پەخشان‌نووس] وشەکان وەک ئامرازێک بەکار دەبات تاکوو مانای مەبەست وەکوو هەقیقەتی کۆتایی بە خوێنەر بگەیەنێت. سارتر باسەکە وا دەباتە پێش کە بڵێت "نووسەری مۆتەعەهێد[9] ئەو کەسەیە کە دەزانێت وشەکان هەر هەمان کردەوەن[10]: دەزانێت کە ئاشکراکردن هەمان گۆڕانە و ناکرێ ئاشکرا بکەیت مەگەر ئەوەی بڕیار بە گۆڕان بدەیت."[11] لێرەدایە کە ئادۆرنۆ دژ بەم شێوە تەعەهۆدە دەوەستێتەوە و چەند ڕەخنەیەکی ورد لە بۆچوونی سارتر دەگرێت. پێش لەوەی کە تیشک بخەمە سەر ڕوانگەی ئادۆرنۆ، بۆ لای ئەندامانی کریتیک دەگەڕێمەوە کە پێم‌وایە دەکرێ بە شێوەیەک ڕوانگەیان لەمەڕ ئەرکی ئەدەبیات [ئەگەر هەبێت] لە بۆچوونی سارترەوە نزیک بێت.

     لە شێوازی بەڵگاندن و بۆچوونەکانی کریتیکدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوت کە بۆ نموونە چونکە دەقی چیرۆکێک نەیتوانیوە مرۆڤ وەکوو سوژەیەکی بڕیادەر کە خاوەنی کەسایەتییەکی سەربەخۆیە نیشان بدات، کەواتە چیرۆکەکە نەیتوانییوە مەبەستێکی کۆتایی بپێکێت؛ یان چونکە وێنەی سەربەرگی کتێبەکە کەسێکی تەم و مژاوییە و خاوەنی ڕوخسار نییە، کەواتە هەمان مەنتقی بازاڕی سەرمایەداری دووپات بووەتەوە کە تاک بێ ناسنامە دەکات و سوژەی بڕیاردەر دەسڕێتەوە. لەم جۆرە بەڵگاندنانە لە کۆڕەکەدا زۆر بەرچاو دەکەوتن. ئەوەی لێرەدا گرنگە و بەدەر لە چۆنیەتی بەڵگەهێنانەوەکان بریتییە لەوەی کە ئەندامانی کریتیک لە هەمان پێش‌گریمانە کەڵک وەردەگرن کە سارتر بەکاری هێناوە و لێرەدا دەق دەبێ خاوەنی مانایەکی دیاریکراو بێت، مەبەستێکی تایبەت بپێکێت و هەروەها، لە ڕێگەی وشەکانەوە، بەڕوونی هەندێک دژەکردەوەمان لە ئاست دنیای دەرەوە نیشان بدات. واتە دەق هەندیک دەلالەتی ئاشکرای لە خۆ گرتووە کە کاری خوێنەر و هەروەها ڕەخنەگر دۆزینەوەیانە. دەق خاوەنی پەیامە و ئەگەر تەنانەت ئەم پەیامە لە خزمەتی بیرۆکەی لەپێشتر دانراوی ڕەخنەگردا نەبێت، کەواتە حوکم بە ناسەرکەوتوویی دەق دەدرێت. نووسەر دەبێ تایبەتمەندییەکانی جیهان و بەتایبەت مرۆڤ بۆ خوێنەر دەربخات، تاکوو خوێنەر لەم ڕێگەوە هەست بە بەرپرسیارەتی بکات و ئەرکی خۆی بە ئەستۆ بگرێت.

     لێرەدا ڕەخنەی ئادۆرنۆ لە سارتر، کە پشتیوانی سەلماندنی گریمانەی من لەسەر بۆچوونی بیرۆکەی ئەندامانی کریتیکە، دەورێکی تایبەتی هەیە. ئادۆرنۆ گومانی لەم لەسەرتربوونەی کە سارتر، لەسەر بنەمای مانابەخشین، بە ئەدەبیاتی دەبەخشێت، هەیە. "[سارتر پێی‌وایە] نووسەر بە ماناکانەوە سەرقاڵە. بەدڵنیاییەوە [قسەی سارتر ڕاستە]، بەڵام نەک ئەوەی بگوترێت تەنیا هەر بە ماناکانەوە سەرقاڵە."[12] سەرەڕای ئەم بابەتە، ئادۆرنۆ باس لەوە دەکات کە مانای بەرهەمێکی ئەدەبی لەگەڵ مانایەک لە دەرەوەی خۆی جیاوازی هەیە. بۆ نموونە، هەرچەند مانای چیرۆکێک لەو مانایانەی کە لە ژیانی ئاساییدا هەن هاوێر ناکرێت، بەڵام هیچ وشەیەک لە شانۆنامە، شێعر یان تەنانەت لە کامە چیرۆک یان ڕۆمانی ڕێئالیستیشدا ڕێک هەمان مانای دەرەوەی بەرهەمێکی ئەدەبییان نییە. لێرەدا نزیک لە بەڵگاندنەکەی ئادۆرنۆ لە دەقەکەی چیرۆکی "جەستەیەکی خۆڵاوی  بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە" بەڕێکەوت لاپەڕەی ٥٠ دەکەمەوە و دەخوێنمەوە "لە سەر دەرگای ئەشکەوتەکەڕا بە چەند زمانی کەڕوو گرتوو، نووسراوەیەک بەجێ مابوو. ژەنگارۆ بوو. ڕەنگە زمانحاڵی فینیقیەکان، عیلامیەکان، کلدانیەکان یا خود ئاشوورییەکان بوو بێ. شارەزایەک بە کاوەخۆ کەوتە لەت و لووش کردن و خوێندنەوەی:" ئەگەر ئاورێکی کورت لەسەر ئەم پاژە بدەین بۆمان دەردەکەوێت کە لە هیچ شوێنێکدا ئەشکەوتێک نییە کە بەم زمانانە لەسەری نووسرابێت؛ یان هیچ کات ڕەنگە شارەزایەک، ئەویش بەکاوەخۆ، نەهاتبێ و نووسراوەیەکی لەوێدا نەخوێندبێتەوە. ئەم بەڵگاندنە تەنیا لە بارەی هەرە چیرۆک یان ڕۆمانە ڕێئالیستییەکانەوە یان بگرە ئەو ڕۆمانانەی کە ئاماژەێ ڕوونی مێژووییان تێدایە ڕاست دەردێت. لە ڕاستیدا ئێمە کاتێک ڕۆمان یان چیرۆکێک دەخوێنینەوە لە هەمان سەرەتاوە خۆمان ئامادە کردووە کە لەگەڵ هەندێک ڕووداو و بەسەرهات بەرەوڕوو ببینەوە کە لە دنیای ڕاستەقینەدا بوونیان نەبێت یان هەروەها ماناکان بە شێوەیەکی دیکە خۆیان نیشان بدەن.[13] لێرەدایە کە دەتوانم بەپوختی ڕەخنە لە ئەندامانی کریتیک بگرم کە پێش‌گریمانە‌ گرتنی مانایەکی دیاریکراو بەسەر دەقدا، ڕەنگە، هەمیشە لە ڕێگەی ئامانجیکی پێش‌وەختەوە دەستەبەر نەبێت. نزیک لە هەمان کێشەیە کە ئادۆرنۆ و سارتر پێکەوە هەیانبوو: "مشتومڕی سەرەکی لەسەر جێی خۆی هەر وا ماوەتەوە: پێداگرییەک کە سارتر سەبارەت بە مانا وەک، هەر چۆن دەگووترێت، بنچینەی ئەدەبیات دەیکات تەنانەت [بە باوەڕی ئادۆرنۆ] لەسەر بنەمای  سادەترین ئەزموونی ئەدەبییەوە، هێشتا جێگای پرسیار و گومانە."[14]

     بۆ باس‌کردن لە بواری دووەمی ئەو ڕەخنەیە کە دەکرێ لە کۆڕی کریتیک، لە ڕوانگەی منەوە، بگیرێت لێرەدا یارمەتی لە ئوستوورەناسیی یۆنانی وەردەگرم. پرۆکروستێس[15] لە ئۆستوورەکانی یۆنانیدا چەتەیەکە کە دوو تەختەبەندی درێژ و کورتی هەیە. کاتێک، بە بیانووی میوانداری، قوربانییەکانی خۆی بۆ ماڵەوە دەبردەوە، ئەگەر درێژ بوونایە لەسەر تەختەبەندە کوڵەکە ڕایدەکێشان و لەبەر ئەوەی ئەندازەیان ڕێک بکاتەوە، بەشێک لە دەست و قاچی دەبڕینەوە؛ ئەگەریش کورت بوونایە لەسەر تەختەبەندە درێژەکە دەیخەواندن و لەبەر ئەوەی ڕێک بێنەوە، هەتا دەیتوانی پەل‌وپۆیانی ڕادەکێشا![16] تەختەبەندی پرۆکروستێس مێتافۆرێکە بۆ ئەو توێژەرانەی کە دەیانەوێت مێتۆدێکی تایبەت بەسەر ئۆبژەی لێکۆڵینەوەکەیاندا بسەپێنن. بەشێک لە ئەندامانی کریتیک زۆر بەکەمی باسیان لە چیرۆکەکان دەکرد؛ ئەو ڕەخنەگرانەش کە پاژێک لە کتێبەکەیان وەک نموونە دەهێنایەوە، جەختیان خستبووە سەر یەک یان چەند دانەیەکی کەم لە چیرۆکەکان. ئەم دووربوون لە دەقی چیرۆکەکان وەک ئۆبژەی توێژینەوە دوو گرفتی مێتۆدیکی لێ‌دەکەوێتەوە: سەرەتا هەندێک لە باسەکان لە فەزایەکی گشتیدا ئاراستە دەکران کە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان، لانیکەم، بە دەقی چیرۆکەکانەوە نەبوو و دواتریش بەرتەسک‌کردنەوەی[17] کۆچیرۆکێک، بە مەبەستێکی دیاریکراو، ئامانجێک دەپێکێت کە توێژەر دەیهەوێ خوێندنەوەیەکی پێشوەخت بۆ باسەکەی دابڕێژێت.

       دەقی چیرۆکەکان هەڵگری کەمترین  باس و خواست بوون. سەرەڕای ئەوەی کە بەدەگمەن باس لە فۆرمی گێڕانەوە کرا، تەنانەت سەرکۆنەی نووسەر بۆ هەڵبژاردنی "زمانی پەتی" نیشانی دا کە هەمان مێتۆدی پێشوەخت بۆ سەلماندنی پێشگریمانەکانی خۆی دەیەوێت دەق بکاتە قوربانی خوێندنەوەیەکی مەبەستدار. یەکێک لە خاڵە بەرچاوەکانی کۆچیرۆکی "جەستەیەکی خۆڵاویی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە" بەکارهێنانی زمانێکی بێ‌گرێیە کە بەئاسانی دەخوێندرێتەوە و لە کاتی خوێندنەوەی چیرۆکەکاندا خوێنەر تووشی وێستان ناکات. ئەوەی کە وشەی کەمتر بێگانە [بە ڕای یەکێک لە توێژەرەکان] لە دەقەکەدا بەکار هاتووە، نیشانە لەوە نییە کە نووسەر ویستبێتی پەتیگەری بکات. ئایا چیرۆکەکان لە ڕووی گواستنەوە مانا، فۆرمی گێڕانەوە یان لە بارەی جوانیناسییەوە کێشەیەکی ئەوتۆیان هەیە؟ کاتێک دەتوانین بڵێین کە نووسەر زمانێکی پەتی بەسەر دەقدا سەپاندووە کە هەندێک زاراوەی ئاشنا کە لە زمانی رۆژانەدا بەکار دێن قوربانی زمانێکی پەتی کردبێت و بە شێوەیەکی زەق و بەم هەڵبژاردنە سەری لە خوێنەر شێواندبێت.

     شێوازێک کە لە زۆربەی توێژینەکاندا دەردەکەوت و پێشتر، لانیکەم وا دەردەکەوت، مێتۆد یان خوێندنەوەیەکی دیاریکراویان بۆ هەڵسەنگاندنی چیرۆکەکان هەڵبژاردبوو، نزیکە لەو باسەیە کە ئادۆرنۆ لە زاراوەی "ڕەخنەگرتنی ناوخۆجێگر"[18] مەبەستیەتی. لە ڕوانگەی ئادۆرنۆوە ڕەخنەگرتن لەسەر بنەمای ئەو بابەتەی کە ڕەخنەی لێ‌دەگیریت ساز دەبێت، نەک ئەوەی ڕەخنەگر هەندێک ڕێسای نەگۆڕ و پێشوەخت ئامادەکراو بەسەر ئۆبژەی توێژینەوەدا بسەپێنێت. بە واتای ئادۆرنۆ "ڕەخنەگرتن  دەبێ ناوخۆجێگر بێت، بەو مانایەی کە دەبێ لە ناوەوەی هەر شتێکدا بێ کە دەیەوێت ڕەخنەی لێ بگیرێت؛ واتە ڕەخنەگرتن، هەتا ئەو ڕادەیەی بگونجێت، دەبێ نزیک لە ئۆبژەی ڕەخنە بێت، نەک ئەوەی تاقمێک فۆرموڵی ستاندارد و دەرەکی بەسەریدا بسەپێنێت."[19] هەرچەند ئادۆرنۆ وای‌دادەنێت کە ڕەخنەگرتن  دەبێ لەسەر بنەمای هەل‌ومەرجی ئۆبژەی مەبەست بێت و دەبێ لە هەڵسەنگاندنی دەرەکی کە تاقمێک کاتیگۆری پێشترئامادەکراو[20] بەسەر بابەتەکەدا بسەپێنێت خۆی بەدوور ڕاگرێت، بەڵام هەروەها پێی‌وایە کە ڕەخنەگرتنی ناوخۆجێگر تەنیا کاتێک سەرکەوتوو دەبێ کە ڕەخنەگر شێوەیەک ئازادی لە ئۆبژەی ڕەخنەکە هەبێ؛ چونکە ئەگەر ڕەخنەگر خاوەنی ئەم ئازادییە نەبێت ناتوانێ هیچ جۆرە داوەرییەک لەمەڕ هیچ چەشنە بابەتێک ئەنجام بدات. لێرەدا ئەوەمان بۆ دەردەکەوێت کە پێبەندبوون بە ئۆبژەی ڕەخنە، لێرەدا دەق، مانای ئەوە نییە کە هیچ جۆرە مێتۆدێکی دیاریکراو بۆ هەڵسەنگاندن بەکار نەبردرێت، بەڵام بۆ خوێندنەوەیەکی شیاو پێویستە مێتۆدی ڕەخنە هەڵقوڵاوی پێداویستییەکانی ئۆبژەی لێکۆڵینەوە بێت.  

    لە کۆتاییدا، بەدەر لەم دوو دەستە ڕەخنەیە کە بە شێوەی گشتی لە شێوازی ڕوانگەی توێژەرەکان سەبارەت بە بابەتی ڕەخنە گیرا، هەوڵی ئەندامانی کریتیک جێگای بایەخە. بێ‌گومان زیاتربوونی کۆڕی بەم شێوەیە، بە کەم‌کردنەوەی هەندێک لە کەم‌وکوڕییەکان، گەشەی زیاتری بواری ڕەخنە و نووسینی لێ‌دەکەوێتەوە. بە وتەی بێنیامین ئەگەر ڕەخنە نەمێنێت، بەرهەمی هونەری ئیتر ناتوانێ مانایەک لە خۆیەوە بە دەستەوە بدات و کاتێک ڕەخنە سەبارەت بە بابەتێکی هونەری نەما، ئیتر دەکرێ حوکم بە نەمانی ئەو بەرهەمە بدرێت. ئەوەی کە ئەندامانی گرووپی کریتیکی بەو قەناعەتە گەیاندووە کە لەسەر کتێبە چاپکراوەکان بوێستن و نەهێڵن کتێب، بێ‌خوێندنەوە و هەڵسەنگاندن، بێتە ناو کتێبخانەی کوردی، نیشانە لە تێگەیشتنی قووڵی ئەوان بۆ بابەتی کاروباری فەرهەنگی دەدات. هەر وەک خۆیان ئاماژەیان پێ‌دا لە دیالێکتیکی دەق/ ڕەخنەدا و لە ڕەوتی لابردن و بەرزکردنەوەدا[21] بابەتێکی نوێ بخولقێنێت، نەک ئەوەی تەنیا سەرکۆنەی پێشوو بکات و فەرمان بە سڕینەوە بدات.

 

کتێبناسی

 

ئەحمەدزادە، هاشم (٢٠١١)، زمان، ئەدەب و ناسنامە، سوید: کتاب ارزان.

سارتر، ژان پل (١٣٨٨)، ادبیات چیست؟، ترجمەی ابوالحسن نجفی و مصطفی رحیمی، تهران: انتشارات نیلوفر.

لوتفی، رزگار (١٣٩١)، جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە، سەقز: ناوەندی چاپ و بڵاکردنەوەی گوتار.

- Adorno, Theodor (1991), Notes to Literature [1958–65], 2 vols, trans. by Shierry Weber Nicholsen, New York: Columbia University Press.

- March, Jenny (2001), Cassell’s Dictionary of Classical Mythology, London: Cassell & co.

- Wilson Ross (2007), Theodor Adorno [Routledge critical thinkers], New York: Routledge.

 

 



[1]  لوتفی، رزگار، جەستەیەکی خۆڵاوی بەسەر قاڵیچەی سولەیمانەوە، سەقز: ناوەندی چاپ و بڵاکردنەوەی گوتار، ١٣٩١.

 

[2] Adorno, Theodor, Notes to Literature [1958–65], 2 vols, trans. by Shierry Weber Nicholsen, New York: Columbia University Press, 1991.

[3] Commitment

[4] Ibid, vol. 2, p. 76.

[5] سارتر، ژان پل، ادبیات چیست؟، ترجمەی ابوالحسن نجفی و مصطفی رحیمی، تهران: انتشارات نیلوفر، ١٣٨٨.

[6] پێشوو، ل. ٤٨.

[7] پێداگرییەکە هی سارترە.

[8] پێشوو، ل. ٨-٥٧.

[9] The committed writer

[10] Action (عەمەل)

[11] پێشوو، ل. ٨٤.

[12] Notes to Literature, vol. 2, p. 77.

[13] بۆ باسێکی سەرنجڕاکێش لەمبارەوە بڕوانە:

ئەحمەدزادە، هاشم (٢٠١١)، "ڕۆمان و باوەڕ". زمان، ئەدەب و ناسنامە، سوید: کتاب ارزان، لل. ٣٣٦ - ٣٥٦.

[14] Wilson Ross, Theodor Adorno [Routledge critical thinkers], New York: Routledge, 2007. pp. 51-2.

[15] Procrustes

[16] March, Jenny, Cassell’s Dictionary of Classical Mythology, London: Cassell & co., 2001, pp. 662-3.

[17] Reduction

[18] Immanent criticism

[19] Theodor Adorno, p. 66.

[20] Pre-established categories

[21] Aufheben (to sublate (مرتفع کردن

بازدید: 1801