ما 3869 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

باوەڕ و زانیاری

زۆر جار مرۆڤەکان بە ئایدیاکانیانەوە دەناسرێنەوە بە بێ ئەوەی بە تەواوی لە خودی ئایدیاکانیشیان گەیشتبن. موسوڵمان موسوڵمانە بە بێ ئەوەی قوڕئانی خوێندبێتەوە، مارکسیست مارکسیستە بە بێ ئەوەی هەموو دەقەکانی مارکسی خوێندبێتەوە، لیبرالیست لیبرالیستە بە بێ ئەوەی ئاگای لە دەقی هەموو بیرمەندە لیبرالیستەکان بێت!

ئێمە بە هۆی بنەماڵەوە، یان مەلای گەڕەک یاخود کەسێکی نزیکمانەوە دەبینە موسوڵمان، مارکسیست یان لیبرالیست کە جاری وایە ئەو کەسەیش ئاگای لە هەموو سەرچاوەکانی بیروباوەڕەکەی خۆی نیە.

بەڵام ئەمە نابێتە هۆی ئەوەی کەسێک موسوڵمان، مارکسیست یان لیبرالیست نەبێ. بۆ ئەمەیش ئەوەندە بەسە کەسەکە خۆی باس لەمە بکات.

دیارە لەگەڵ هەر باوەڕمەندێک قسەبکەی دەبینی هەندێ شتی سەرەکی سەبارەت بە باوەڕەکەی دەزانێ و، وەها نیە کە بێ ئاگا بێت؛ بەڵام کێشەکە لەوەدایە باوەڕمەندی لەم چەشنە کە بەهۆی خوێندن و بیرەوە نەبووەتە باوەڕمەند، زیاتر کەسێکی باوەڕمەندە هەتا ئەوەیکە بتوانێ شیکاریی بیروباوەڕی خۆی بکا. بەداخەوە زۆربەی خەڵکی وەهان و بۆیە شەڕی نێوان ئایدیاکان زۆر بە ئاسانی دەتوانێ سەرهەڵبدات.

هەندێ بیرمەند لایان وایە مرۆڤ زیاتر بەهۆی هەست و دەروونییەوە هەڵسوکەوت دەکا، تەنانەت باوەڕدێنی، تا بە هۆی عەقڵانییەتەوە. هەرچەند هەندێ بیرمەندی تری وەک 'ماکس وێبێر' ئەمە رەد دەکەنەوە و لایان وایە رەوتی مێژوو بەرەو عەقڵانییەتی زۆرترە.

بەهەرحال گرینگە ئێمە هەر کامەمان لە ئاست خۆماندا باوەڕمان بەوەیش هەبێ کە بیروباوەڕەکان دەتوانن لەناو خۆیاندا هەڵگری هەڵە و ناڕاستی بن، ئەگەرچی لە ئاسمانەکانیشەوە هاتبن.

مەرجی سەرەکیی باوەڕمەندبوونێکی باش تێگەیشتن و زانین و بیرکردنەوەیە، ئەگەرچی زۆر کەس دەلێن زانیاری دەبێتە هۆی لاوازبوونی باوەڕ.

بەڵام دەکرێ جۆرێک لە هاوئاهەنگییەکی مەعقوڵ لە نێوان باوەڕ و زانیاریدا پێک بهێنرێ کە دەرکەوتەکەی نەبوونی دەمارگرژییە. لەو شوێنەی دەمارگرژی ونە، بزانە ئەقڵیش خەریکە بەشێوەیەک ئیشی خۆی دەکا.

سایتی قەڵەم ٩ی مانگی دووی ٢٠٢١

گەڕان بۆ بابەت