ما 4108 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 بەڵام کاتێک بە دەریا گەیشت، ئەو دەریایەی یەکەم جار بوو لە ژیانیدا راستەوخۆ دەیدیت، دڵی راچڵەکا. دەریا تاساندی، وڕی کرد، لە خۆی پێچا، نیگاکانی خوارد، لە گەڵ خۆی رایژەند و بردی،... دوور دوور. لە بەر خۆیەوە گوتی دیسان دووپات بووەوە! ئەم دیمەنەی لەوە پێش بینیبوو. دانیشتە سەر چۆک. ئەم دیژاڤویە لە گەڵ ئەوانەی تر جیاواز بوو،... یەکجار. شتێکی تەم و مژاوی تیا بوو، شتێک کە بە جوانی نەدەخوێندرایەوە. 

 

دیژاڤو١

لە ژیانیدا، هەندێ وێنە و رووداوی رۆژانە هەبوون کاتێک بە سەریاندا دەکەوت هەستی دەکرد لەوە پێش دیتوونی. بۆ وێنە، شەڕەکەی پادگان. ئەو شەڕەی لە کاتی منداڵی بە خەو بینیبووی، ساڵانی دواتر کاتێک تفەنگ و تۆپ و هاوەنەکان کەوتبوونە نەعرەی شێتانەیان و لە ژێر تۆزی تەقینەوەکان دا کۆڵانیان لە خوێن گەوزاندبوو، رێک هەمان دیمەنی بینیبووەوە، بەڵام ئەمجارە، زیندوو،... زیندوو زیندوو!

باوەگەورەی ئەمەی بە نیشانەی هەبوونی خودا دەزانی، باوکی بە نیشانەی کارتێکەریی خراپی ئەو فیلمە شەڕانەی وا لە سینەما پیشان دەدران، خاڵی بە نیشانەی هەواڵەکانی شەڕی ئەو دیوی سنوور و، سەرئەنجام سواڵکەرەکەی سەر شەقامیش بە نیشانەیەک بۆ دووپاتبوونەوەی بەردەوامی ژیان. رێک وەک خۆی کە چلۆن هەموو رۆژێک دەهات و هەر لەو شوێنە دەستماڵەکەی رادەخست و بە تەمای خێری رێبواران هەتا ئێوارە درەنگان دادەنیشت.

رووداوەکان زۆر نەبوون. ناوە ناوە، ئەویش بە نێومەودایەکی درێژ، بە سەریاندا دەکەوت و ئیتر دەبوونە هۆی دیژاڤو و ئاڵۆزبوونی دەروونی. دۆخی وەهای لێدەهات کە هەتا چەند رۆژ دوواتریش زەینی پێوە مەشغوڵ دەمایەوە. بیری دەکردەوە "بڵێی ژیانێک لە دووای ئەم ژیانەی ئیستا نەژیابێ؟!" ئەمە وایلێکردبوو کە بە پێچەوانەی هەموو خەڵک، هەندێ جار ئەم بیرە بە سەریدازاڵ بێت کە لەراستیدا رەڕەوەی ژیان لە پێشەوەیە بۆ پاش، واتە لە داهاتووەوەیە بۆ رابردوو، نەک لە ئیستاوە بۆ داهاتوو!

لە گەڵ هەڵکشانی تەمەن و گەورەبوونی، ئەم دیمەنە ئاشنایانە، کە دوواتر زانی بە زمانی فەڕەنسی پێی دەڵێن دیژاڤو، زیاتر و زیاتر جیهانی داگیرکرد، ئەگەرچی لە چاو جاران ژمارەیان رووی لە کەمی کردبوو. وەک بڵێی هەتا ساڵەکانی ژیان ژمارەیان کەمتر دەبوونەوە، ئەوانیش کەمیان دەکرد.

سەرئەنجام رۆژێک کاتێک خەریکی پیاسەیەکی ئاسایی خۆی لە شەقامێکی بێدەنگی قەراخ شار بوو، کتوپڕ بەو ئەنجامە گەیشت کە "مردن"یشی رووداوێکی لەوە پێش دیتراوە و ئەو رۆژەی کە بە سەر مردنی خۆیدا دەکەوێ، بێگومان هەر یەکجار بۆی ئاشنا دەبێ.

ئەم بیرە یەکجار جوڵاندی. جوڵەیەک کە لە دوو جەمسەرەوە خۆی لە دوو سەر دەدا: لە لایەکەوە "خۆشی" و، لە لەیەکی ترەوە "ترس". خۆشی ئەوەی کە دەیتوانی وەک یەکەم کەس لە دونیادا رازی دیاردەیەکی گرینگ ئاشکرا بکا، ترسی ئەوەیش کە دەیتوانی بزانێ کەی دەمرێ.

بۆیە بە دوو هەستی دژ بەیەکەوە دەستی کرد بە وەبیرهێنانەوە و پشکنینی هەموو خەونەکانی. دەفتەرێکی سەد بەرگی کڕی و ورد ورد کەوتە نووسینەوەی ئەوانەی وا دەهاتنەوە بیری. بەڵام پاش ماوەیەک کاتێک نووسینەکانی خۆی بە سەرکردەوە، تێ گەیشت کە وەبیرهێنانەوە ئەوەندە ئاسانیش نیە. ژمارەی خەونە یاداشتکراوەکان ئەوەندە کەم بوون کە لە ژمارەی پەنجەکانی دەستی تێنەدەپەڕین.

ماوەیەکی دوورو درێژی تریش بەردەوام بوو. لە هەموو شتێکی بچوک، وەک دەرزی و پێڵاو، هەتا رووداوە گەورەکانی وەک تێپەڕینی پیرێک بە کۆڵانەکەیاندا بە جوانی ورد ورد دەبووەوە هەتا بەڵکوو شتێک لە دەروونی خۆیدا زیندوو بکەنەوە، بەڵام بێسوود بوو. خەونەکە نەبیندرایەوە کە نەبیندرایەوە. بیری کردەوە کە مەرج نیە حەتمەن مردنی خۆی بە خەو بینیبێ، بەڵام راوەستە! ئەی تیۆری "رەوتی پێچەوانەی دووبارەبوونەوەی ژیان" کە لەوە پێش پێی گەیشتبوو چی لێبکا؟

جاری وابوو زەینی ئەوەندە ئاڵۆز دەبوو کە لەوانەبوو شێت بێ.

ماوەیەک دونیا ئارام بووەوە. چەند مانگ گوزەرا یان چەند ساڵ، نازانێ. هەر ئەوەندەی دەزانی کە دیمەنە ئاشناکان بەرۆکیان بەردا و تاک ریتمییەکی سەیر ژیانی داگرت. هەموو شتێ وەها خاو و لە سەرخۆ هەڵگەڕا کە جاری وابوو تاقەتی پیاسەی شەقامەکەی جارانیشی نەدەما. تەنانەت کاتێک سنووریشی تێپەڕاند و بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە سواڵکەرەکە کرد کە ئیستا ریشی سپی هەڵگەڕابوو (تەنیا کەسێک ماڵئاوایی لێکرد هەر ئەو بوو. بۆ خۆیشی نازانێ بۆ، رەنگە لە بەر ئەوەی کە بە هۆی ئەو پارانەی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا پێی دابوو تاقە کەسێک بوو دەیتوانی رازەکەی هەڵبگرێ، لانیکەم تا ئەو دیو سنوور دەکەوت)، ئەم خاوی و لە سەرەخۆییە بەرۆکی بەرنەدا. بەڵام کاتێک بە دەریا گەیشت، ئەو دەریایەی یەکەم جار بوو لە ژیانیدا راستەوخۆ دەیدیت، دڵی راچڵەکا. دەریا تاساندی، وڕی کرد، لە خۆی پێچا، نیگاکانی خوارد، لە گەڵ خۆی رایژەند و بردی،... دوور دوور. لە بەر خۆیەوە گوتی دیسان دووپات بووەوە! ئەم دیمەنەی لەوە پێش بینیبوو. دانیشتە سەر چۆک. ئەم دیژاڤویە لە گەڵ ئەوانەی تر جیاواز بوو،... یەکجار. شتێکی تەم و مژاوی تیا بوو، شتێک کە بە جوانی نەدەخوێندرایەوە. نیوەی روون و نیوەی تاریک. شین و جوان و بەرین، بەڵام لە هەمان کاتدا ون،... لە بەرینیی خۆیدا ون.

کەشتی وان، فرمانی سواربوونی دا. مسافیرەکان سەرکەوتن. یەک لە دووای یەک. بە سیمای خەندان و بەو جانتایانەوە، یان بە شانیانەوە بوون یان بە شوێن خۆیاندا رایاندەکێشان. چەند جیاوازی لە نێوان سیمای ئەوان و دەریادا بوو! داخۆ دەیانزانی دەیانەویست بە سەر چیدا و بە ناو چیدا سەفەر بکەن؟ جوان لێیان ورد بووەوە. دڕدۆنگییەک رووی تێکرد. نەکا ئەم هەڵە بکا. بەڵام نا، دەریا لە سەر هەمان رای خۆی مابوو. دیژاڤوکە بە هەر رووانینێک بە هێزتر دەبوو. چیدی دەرفەتی راوەستان نەمابوو. دەبا سەرکەوێ. سەرکەوت. لە گەڵ ئەوەی دەیویست بگەڕێتەوە و بە سەر پلیکانەکاندا سەرنەکەوێ، بەڵام قاچەکانی دەیانبرد. بیری کەوتەوە کە هەڵاتن لە دیژاڤو مەحاڵە. دەبا سەرکەوێ. دێتەوە بیری کە بە ناو دەریادا لە خەونیدا تێپەڕیبوو. لە شوێنێک لە پێشەوەی پاپۆڕەکە راوەستابوو و لە کاتێکدا "با" قژەکانی دەئاڵۆزکان، شەپۆلەکانی شکاندبوو و تێپەڕیبوو. وەک بروسکە بە ناو تاریکایی شەودا. ئەوەی کە سەفەر و مردن پێکەوەن و ئیتر ئێرە دووا دیژاڤوی ژیانی ئەوە، خەمینی کرد. وەک منداڵێک کە ئایسکرێمەکەی بە بێ ئەوەی مژێکی لێدابێ لە دەست دەکەوێتە خوار و بە سەر قیرەتاوی جادەکەدا بڵاودەبێتەوە، دڵی بۆ ئایسکرێمی ژیان تەنگ بوو.

شەوان و رۆژان تێپەڕین و پاپۆڕەکە هەر بە رێگاوە بوو. دەریا جاری وابوو شین، جاری وابوو رەش و جاری وایش بوو خۆڵەمێشی هەڵدەگەڕا، بەڵام سەفەر بەردەوام بوو و پاپۆڕەکە هەر وا بەڕێوە بوو. لە هیچ شوێنێک نە قوتەی کێوێک لە دوورەوە دەردەکەوت و، نە بینا دوورەکانی شارێکی دەریایی خۆی دەخەمڵاند. ئەو کە لە دەروونەوە دەیزانی ئەم کەشتییە لە شوێنێک لە ناو ئەم ئاوە یاخیانەدا دەکەوێ و نوقم دەبێ، دڵی بۆ روخساری پڕ لە پێکەنینی مسافیرەکان دەسووتا.

سەرئەنجام شەوێک شەپۆلە یاخییەکان هاتن. پاپۆڕ بوو بە کەرەسەیەکی یاری. وەک بێشکەیەکی دەستی شەیتان. شوێن نەمابوو دەستی ئاو نەیگاتێ و، نەیشواتەوە. هەموو شوێنێک دەنگی زریکە و هات و هاواری ئەو ژن و پیاو و منداڵانە بوون کە نەیاندەویست مردنی خۆیان باوەڕ بکەن. لەو ناوەدا تەنیا ئەم بوو ئارام بوو. بە عەمودێکەوە بە گوریسێک خۆی بەستبووەوەو چاوەڕوانی رووداوی گەورەی رۆچوونی کەشتییەکە بوو. بەڵام راوەستە! لەو هەرا و هەنگامەیەدا لە دیژاڤوکەیدا وێنەی هیچ پاپۆڕێک نەدەبینرا. ئەوەی هەبوو تەنیا دەریا و دەریا بوو. چاوەکانی لە ناو با و باراندا هەڵدێنا و لە تاریکایی پڕ لە شەپۆلە ترسناکەکانی رووانییەوە. تیشکێک بەردەمی رووناک کردەوە. ئەی باشە بۆچی وێنەی دەریا و مەرگی لە گەڵ یەکتر یەکخستبوو؟ چی بەرەو ئەمەی بردبوو؟

حەزی نەدەکرد باوەڕ بەوە بێنێ کە بۆ یەک جاریش بێت دیژاڤو دەکرێ نیوەی راست بێت نەک هەمووی. ئەمە جارێکی تر تیۆرەکەی تێدەدا. سەیری دیمەنە ترسناکەکەی دەورووبەری کردەوە. نا، رووداوەکە هەڵە ناکا،... هەموو شتێک ئاماژەیە بە کارەساتەکە. دووا کارەساتی ژیان. بەڵام تەنیا وێنەی دەریا بوو لە زەیندا دەهات و دەچوو، نە وێنەی پاپۆڕ.

لە کاتێکدا با و باران پەیکەریان بە قەمچی تەڕی خۆیان دەکوتا و، ماسولکەکانی سەر سینگ و سکی، برینیان هەڵگرتبوو، بیری تێکەڵێک لە وێنەی دەریا و سەفەر کەوتەوە.     

 

ژێرنووس:

ـ دیژاڤوDejavu  یان بە واتا فارسییەکەی "آشنا پنداری" بریتیە لە خۆبینینەوە لە دۆخێکدا کە پێت وایە لەوە پێش بینیووتە.

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت