ما 2741 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

تاک لە روانگەی تاکەکانەوە

مرۆڤ بە هۆی  توانای تێفکران و بیرکردنەوەیەوە، دەبێتە یەکەم بوونەوەری سەر گۆی زەوی کە دەتوانێت لێکۆڵینەوە و لێحاڵیبونی تایبەت بە خۆی لەسەر دونیا و ئەوانەی کە دەوریان داوە، هەبێت. یەکێک لە تایبەتمەندیی مرۆڤەکانیش ئەوەیە کە دەتوانن خاوەنی بیری تایبەت بە خۆیان بن و هەر ئەمە وای کردووە کە تێگەیشتن لە تاکەکان و چۆنییەتی تێگەیشتنیان و لێکدانەوەیان بۆ ژیان و دونیای دەورووبەریان دەکرێ دژوار بیت.

 

 

دونیای هەموومان لەوانەیە لێکچوونی تێدا بێت. بۆ وێنە هەموو ئەو کەسانەی وا لە کۆمەڵگایەکی بچوکی وەک گوندێک دەژین، بە هۆی بچوکیی شوێنی ژیانیانەوە ئەوەندە شتی لێکچویان هەبێ کە جیاوازییەکان زۆر بەرچاو نەیەن. بەڵام هەر لەو ژینگە بچوکەدا روانگە و تەفسیر و تێگەیشتنەکانی تاکەکان دەتوانێت ئەوەندە لێک دوور و لێکنەچوو بن  کە دەکرێ باس لە چەندین دونیای جۆراوجۆری دوور لەیەک و تەنانەت دژە یەکیش بکرێت. هەر ئەم جیاوازی رووانینانە دەبێتە هۆی ئەوە تاکەکان لە چاو تاکەکانی ترەوە  زۆر جیاواز  بێنە بەرچاو. لە راستیدا ئەوەی ئێمە دەیبینین لەم دونیایەدا وێنە و رەسمێکە کە کامێرای ئەندیشە و ئایدیولۆژیمان لە سەر دونیای دەوروبەرمان دەیداتە دەستمان. یانی لەراستیدا هەموو شتەکان و کەسەکان ئەو جۆرە دەبینین و واتا و مانای لێ دەردێنن کە  لە دەروونماندا و لە لای "من"ی راستییەوە  دەردەکەوێت و دەبیندرێت.

لە کۆتایی ئەم باسەدا تەنیا ئاماژە بە وتەی زانای ئەمریکی "تێنیسی ویلیام " دەدەم کە دەڵێت:

کەس، کەسیتر بەدەر لەوەی کە خۆی لە راستیدا هەیە نابینێت، جیاواز لەوە نابینێت کە بۆ خۆی لەدەروونیدا هەیە، واتە وەک سپێکترومێک (تەیفێک) لە ناحەزی و نوقسانییەکانی نێو خودی شەخسی خۆی. بەڵی ئێمە لە ژیاندا یەکتر ئاوەها دەبینین. خۆبینی، ترس، حەز، بەخیلی، تێکۆشان و کێبەرکێ- هەموو ئەم نوقسانی و خوار و خێچیانە لە دەرونی "خودی" ئێمەدا - دیاریکەر و بڕیاردەرن بۆ چۆن بینینی کەسێک کە بە جۆرێک پێوەندیمان لەگەڵیدا دەبێت. ئەگەر پاشان دانیشین و ئەم شێواندن و تەحریفانە لە لای "خودی" خۆمان یەکبخەین و بیر لەوە بکەینەوە کە هاوسەنگی ئەم نەخۆشینانە لە لای  ئەوانیتریش هەیە، ئەوکات تێدەگەین کە ئێمە لە چ دەڵاقەیەکی لێڵ و تاریکەوە دەڕوانینە یەکتر.

کەواتە چەند گرینگە بەهێزکردنی لایەنە پوزیتیڤەکانی کەسایەتی مرۆڤ.

 

سایتی قەڵەم

 

٢١ فێبرواری ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت