ما 4151 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

بە جوانی دیمەنی ئاوابوونی ئەوڕۆی ئەوانی لەو سەر دۆڵەکە لە بەر چاودایە. ئەو جەستانەی هەتا دوور دەکەوتنەوە زیاتر دەبوون بە هاوڕێی سێبەر و گومان و وەهم. ئەم کە لە ژیانیدا بە وەهمیش راهاتبوو، بۆ یەکەم جار چاوەڕوانیی وەک وەهم هاتە بەر چاو. لە دەروونەوە ترسا. لە گوڵە رێواسەکەی رووانی و بە ئاستەم بە پەنجە نەوازشی کرد.

 

گوڵە رێواس

 

لە ناو دۆڵێکی کپ بە گەرما لە کاتێکدا هەتاو یەک لە چواری سەفەرە ئاسمانییەکەی بە بەرەوە ماوە، دانیشتووە و چاوەڕوانە. لاپاڵەکان کە خەریکن لە کوڵینی بەر گەرمای  نیوەڕۆ دەبنەوە، بەرە بەرە خۆ لە بەر سێبەردا رادەکێشن. ئەم کە هێشتا چاوەڕوانە، نازانێ بۆ بەڵام دڵنیایە لەوەی کە ئەم وێنە کپە هەتا هەتایە، هەتا ئەم لە ژیاندا دەمێنێ، لە بیروەوەرییەکانیدا دەمێنێتەوە.

پێیان گوتبوو گەر هەتا ئێوارە تا ئەو کاتەی هەتاو بە جوانی لە چاو ون دەبێ نەهاتنەوە، ئەو دەبێ شوێنەکە بە جێ بێڵێ و بڕوا. دەبێ زۆر خێرا بڕوا. ئەمیش چاوەڕوان بوو. نازانێ بۆ بۆ چاوەڕوانییەکان هەر ئەمیان هەڵدەبژارد. ئەوەتەی لە بیری دێت هەروا بووە. رەنگە هۆکارەکە هی بێدەنگییەکەی بێت، هی چاوە زیت و خەمینەکانی، یان هی ئەوەی قەت نازانێ بڵێ "نا". هاوڕێکانی بە گاڵتەوە پێی دەڵێن: "خوا نەکا دەستیان کەوی،... ئادار بە سەر پادارەوە نا‌هێڵی!"

سەر بەرزدەکاتەوە و لە هەتاوی خوار دەڕوانێ. کەواتە ئەگەری هاتنەوەیان نیوانیوە. بەڵام گەر هاتوو نەهاتنەوە، چلۆن بە شەو رێگا ببڕێ؟ ئەویش لەم ناوچەیە کە یەکجار بۆی تازەیە. بە خۆشییەوە رۆژ هێشتا بە بەرییەوە ماوە. سەیری دەورووبەری دەکاتەوە. شتەکان چەند ئاسان خەیاڵی دەبەن. ئەوەتەی لە بیری دێ، شتەکان لای ئەو تەنیا شت نەبوون، بەڵکوو لەمە زیاتر بوون،... یەکجار زیاتر. بۆ وێنە لای ئەو کورسی تەنیا کورسی نەبوو، بەڵکوو بۆ ئەو، ئەو مرۆڤەیش بوو کە لە سەری دادەنیشت و رۆژێکیش دەهات ئیتر قەت لە سەری دانەدەنیشتەوە. یان پەنجەرەکان زیاتر لەوەی شوێنێک بن بۆ رووانین بە سەر دیمەنەکاندا، لە راستیدا بۆ ئەو خودی نیگا بوون.

سێبەرەکان بەرە بەرە درێژتر دەبنەوە. ئاسمان شینایی خۆی کۆدەکاتەوە. کەچی ئەوان هەر دیار نین. ئەو قسەیەی شۆڕشگێڕانی بیستبوو کە بەردەوام لە دووای سەرکەوتن، حەسرەتی ساڵانی شۆڕشیان خواردبوو. کەواتە ئەم ساتانە خۆشترین ساتەکانن. ئەو دەبێ بەمە بزانێ! با هەڵدەکا و لە گەڵ گیاکان دەکەوێتە دووان. بێدەنگیی دۆڵەکە دەشکێ. هەست دەکا ئەم چاوەڕوانییە جاری وایە لە هاتنەوەیان خۆشترە. چاوەڕوانییەک کە بە ئەوانەوە مانا دەدا. سەیری جێ هەنگاوەکانیان دەکاتەوە. هەر لەوێن. ئەو جێ هەنگاوانەی شەو دەیانسڕێتەوە. سەیری کاتژمێرەکەی دەکاتەوە. سەعات ژمێرەکە لە سەر چوار و دەقیقەژمێرەکە لەسەر نۆ خەوتوون. مێژووی خەوتنەکەیش هی دوو رۆژ لەوە پێشە. بە سەر سوڕمانەوە سەیری هەموو سەعاتەکە دەکا. لە باوەشی سروشتدا سەعات پێویست نیە. سەعات هی ژیانی ناو بیناکانە، هی ناو کۆڵان و شەقامەکان کە زۆر خێرا لە یەکتر ون دەبن. رادەکشێ. روخساری لە تەنیشت رێواسێکدایە، نزمتر لە باڵاکەی. رەنگە سەوزە روونەکەی گوڵەکانی، بیری چاوەڕوانییەکانی خۆی دەخەنەوە. هەڵدەستێتەوە. سەیری ئەو سەری شیوەکە دەکاتەوە. نا، کەس دیار نیە. تاریکی لە ژێر پێی ئەو و رێواسەکەوە دەست پێدەکا و بەرە بەرە بە لاپاڵەکاندا هەڵدەکشێ. ئەم نوقم بوونە کتوپڕ متمانەیەکی غەریبی پێ دەبەخشێ. ئەوەندەی نەماوە بێ ئەوان ئێرە بە جێ بێڵێ. جێ هێشتنێک بۆ یەکەم جار لە ناو هەموو چاوەڕوانییەکانیدا. باشە چییان لێ بەسەرهات؟ بۆ دیار نین؟ خۆ کە رۆیشتن هەموو نیگایان پڕی متمانەی هاتنەوە بوو.

بەڵام نا، یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی چاوەڕوانی ئەوەیە کە خۆی لە خۆیدا دەمرێ. تەنیا بە خۆی دەگا. ئەو دەبێ ئەمە بزانێ! وەڕەز لە گێلیەتی خۆی، بێزار لە بۆچوونەکانی، هەوڵ دەدا رووەکەی تری چاوەڕوانی بەرجەستە بکا. رووی ئومێد. بەڵام هەتاو ئەوەندەی نەماوە رۆبچێ و هەر ئەوانەی هومێدیان پێدابوو، پێیان گوتبوو بڕوات! رەنگە وا باشتر بێ کە هەر دوو رووەکە لە بیربکا و تەنیا بیر لە خودی چاوەڕووانی بکاتەوە. چاوەڕوانی تەنیا وەک خۆی و بەس. بۆچی نا؟ ئەی ئەوە نیە لە ناو دڵی ئەم سروشتەدا هەموو شتێک هەوڵ دەدا خۆی بێت! تیشک، ئیستا تەنیا لە بەرزاییەکاندا دەبینرێ. جوانترین دیمەنی دوواییەکان. ئارام هەڵدەستێتە سەر پێ. سەیرێکی ئەو سەڕی دۆڵەکەی کردەوە کە ئیستاکە بە جوانی نەدەبینرا. بە هیوای سێبەری جەستە، چاوی تیژکرد. بەڵام کەس لەوێوە نەدەهات. ئەو ئەگەرچی ساڵانی ساڵ بوو حەزی لە سێبەر و لە تاریکی بوو، بەڵام ئەمڕۆ یەکجار رقی لێیانە. حەزی بە تەنیایی خۆی لە ناو چاوەڕوانیدا نەدەکرد. بە تایبەت گەر شەوی بە سەردا بێت. شتێک لە بڕیارەکەدا هەڵە بوو. نەدەبا ئەو بە تەنیا مابایەوە، ئەگەرچی خووگرتووترین کەس بە چاوەڕوانی بوو. دەبا رۆڵ بگۆڕێ. مرۆڤ جاری وایە پێویستی بە جێگۆڕکێیە. گوڵە رێواسەکە لێدەکاتەوە و لە بەرۆکی خۆی دەدا. بۆنی رێواس دەگرێ. چاوەڕوانییەکەیشی بۆنی رێواس دەگرێ،... چاوەڕوانییەکی رێواسی. رەنگە ئەمە ئەوان بهێنێتەوە، ئەگەرچی هەتاو زۆر داچووە.

بە جوانی دیمەنی ئاوابوونی ئەوڕۆی ئەوانی لەو سەر دۆڵەکە لە بەر چاودایە. ئەو جەستانەی هەتا دوور دەکەوتنەوە زیاتر دەبوون بە هاوڕێی سێبەر و گومان و وەهم. ئەم کە لە ژیانیدا بە وەهمیش راهاتبوو، بۆ یەکەم جار چاوەڕوانیی وەک وەهم هاتە بەر چاو. لە دەروونەوە ترسا. لە گوڵە رێواسەکەی رووانی و بە ئاستەم بە پەنجە نەوازشی کرد.

ئەوان لە گەڕانەوەیان لە پێش داچوونی هەتاو دڵنیا بوون. وەک هەمیشە. ئەم دڵنیاییە نەک ئەم، بەڵکو هەموو دۆڵەکەیشی گرتبووەوە. ئەم پێی وایە دڵنیایی زۆر باش نیە. پێی وایە بۆ ئەوەی بتوانی کارێک بە سەرکەوتوویی ئەنجام بدەی، دەبێ کەمێک لێی دوودڵ بیت. ئەم دوودڵییە زیاتر هانت دەدا! دوو دڵی، بەشە گوماناوییەکەیش دەجوڵێنێ. کەواتە گوناهی خۆیانە گەر نەیانتوانیووە بگەرێنەوە. ئەم دەبا هەر ئەو کاتە ئەمەی زانیبا. بەلام نا، راوەستە! ئەی ئەگەر دڵنیابوون بۆچی ئەویشیان لە گەڵ خۆیان نەبرد. هەست دەکا بە ڕازە سەرەکییەکە گەیشتووە. هەست دەکا فێڵی لێکراوە. دەکەوێتە سەر چۆک و مشتێک لە خۆڵی تاریکی ئێوارە هەڵدەگرێ. بۆنی تۆزی تاریکیەکە دەدا کە لە ناو پەنجەکانییەوە دەوەرنە سەر زەوی. هاوڕێکانی وەک ئەم تۆزە دێنە بەرچاو.

 

لە کاتێکدا گوڵە رێواسەکەی سەر سینگی رێک و پێکتر دەکا، لەو تاریکاییەدا دۆڵەکە بە جێ دێڵێ. بێزار لەو ئەرکەی پێی سپێردرابوو، بیردەکاتەوە کە هەمیشە بەشێک لە لەشکرەکان بۆ گەیاندنی هەواڵە نەخوازراوەکانن، ئەو هەواڵانەی شان بە شانی سەرکەوتنەکان دێن و دەچن.  

گەڕان بۆ بابەت