ما 6717 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 ترس

 

ژان پۆل سارتر لە چیرۆکی "دیوار" دا کاتێک باس لە ترسی یەکێک لە کاراکتێرەکانی دەکا دەڵێ "ترس وەها سیمای جەوان و گەنجی تێکدابوو کە گەر پێشیان بگوتایە سبەی وازی لێدێنن و لە سێدارەی نادەن، بڕوا ناکا تازە قەت جەوانییەکەی بگەڕێتەوە!" ١

 

ئەمە بەرسەرهاتی ترس و ئاکامەکانیەتی لە قاڵبی دەقێکی ئەدەبیدا.

ترس گەر بۆ شەوێکیش بێت، گەنجیەتی و تەڕ و پاراویی ژیانمان لێ دەستێنێتەوە. داخۆ گەر ترس تەنیا بە سەر کەسێکدا نەیەت و واوەتر لەمە، نەوەیەک یاخود چەندین نەوە لە خۆی بگرێ، چی ئاکامی دەبێ؟ ئایا دەتوانین بڵێین وەک سارتر مەبەستیەتی، لێ ئەستاندنەوەی جەوانی و تەڕ و پاراویی نەسڵێک یاخود نەسڵەکان؟ داخۆ دەتوانین ئەم تایبەتمەندییە لە تاکەوە لە مانایەکی گریمانەیی دا بۆ کۆمەڵێک راگوێزین؟

رەنگە ئەم راگواستنە ئەستەم بێت. لەبەر ئەوەی لە کۆمەڵگایەکدا ناکرێ هەر هەموو تاکەکانی ترسابێتن، بەڵام دەکرێ ترس مانا و کاراکترێکی گشتی بێت. واتە مانای زاڵ و، خاوەن ژمارەی زۆرینە بێت.

لە کۆمەڵگا دیکتاتۆرەکاندا جگە لە ئامراز و کەرەسە مادییەکان، بە دەروونی کردنی ترس یەکێک لە چەکە هەر گرینگەکانی بەردەوامیی کپ کردنی دەنگە. لە راستیدا ئەوەندەی ترس لە دووا مانادا دەور دەگێڕێ، شتەکانی تر خاوەنی ئەو رۆڵە سەرکییە نین. وە لە راستیدا ئەمەیش مەبەستی دیکتاتۆرە.

 زۆر سادە! چونکە ترس هەستی گەنجیەتی و جەوانی دەستێنێتەوە و بۆ هەمیشە دەتوانێ سیمای کۆمەڵگایەک لە هەڕەتی لاوەتی خۆیدا چرچ و لۆچ بکا.

 

سایتی قەڵەم، ٢ مارسی ٢٠١٥

١ـ تەنیا مانا لە دەقی چیرۆکەکەوە راگوێزراوە، نەک دەقاودەق خودی رستەکان.

 

 

گەڕان بۆ بابەت