ما 6229 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

ئەو رۆژانەی کە ژنانی سوسیالیست و کمونیستی وەک "کلارا زێتکین" دەستیان دایە خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو و داوای  ماف و رۆڵی زیاتری بۆ ژنان لە کۆمەڵگادا کرد، کۆمەڵگای ئوروپایی و بارو دۆخی ژنان لەو کۆمەڵگانەدا لە ئاستی ئەمڕۆی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزتر بوو. واتە زیاتر لەیەک سەدە کۆمەڵگای ئوروپایی لە باری رۆشنبیری و تێگەیشتنەوە لە ئەمڕۆی بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزتر و ئامادەتر بوو بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانی ژن و پیاو. بگرە لەوەش زیاتر دەتوانین بڵێین کە ئاستی رۆشنبیری و رێگا بۆ جێبەجێ کردنی مافە ئینسانییەکان لە کۆمەڵگای ئەوکاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارتر و ئامادەتر بوو لە ئێستای ئەو ناوچەیە.

 

 

 ژن لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست

 

زیاتر لە سەدەیێک پێش ئێستا لە وڵاتانی ئوروپایی و لە ئەمریکا بزوتنەوەی یەکسانیخوازانەی ژن و پیاو سەری هەڵدا. ئەمە رێک لەگەڵ بزووتنەوەی  کرێکاری ئەم وڵاتانە بوو. واتە هاوکات و شان بەشان لەگەڵ خەباتی کرێکاری دژی سەرمایەداری بۆ وەدەسهێنانی مافی رەوا و رێز و حورمەتی ئینسانی. کۆمەڵگای ئەوسەردەمەی ئوروپا و ئامریکا، خۆی لەو ئاستەدا دەبینی کە کەسانی وەک "کلارا زێتکین" باس لە مافی یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان بکات. ئەمانە  و هەمووی ئەو مافانەی کە ئەمڕۆکە لە وڵاتانی پیشکەوتوی ئوروپایی و بە تایبەت وڵاتانی سکاندیناڤیا بوونەتە یاسا و جێی خۆیان گرتوە و  وەک بەشێکی رۆژانە و ئاسایی لە ژیانی دانیشتوان و شارۆمەندانی ئەو وڵاتانە جێی گرتووە، هەمووی لە فکر و ئایدیولۆژی چەپ و سوسیالیستی سەرچاوەدەگرێت. لەگەڵ بەهێز بوونی هێزی چەپ لە ئوروپا، گۆڕانکاری بنەڕەتی و دایمی لەم وڵاتانە روویدا. یەکێک لەو گۆڕانکارییانە کە توانیویانە لە ئاستی جیهانیدا خۆی بنوێنێ و خۆی بسەپێنێت بەسەر بیر و ئایدۆلۆژییە دژەچەپەکانیشدا، بزوتنەوەی یەکسانی خوازی ژن و پیاو بوو کە ساڵانی دوواتر لە لایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە پەسەند کرا و، رۆژی تایبەتی بۆ دانرا. هەرچەند دواتر لەلایەن ئەحزاب و ئایدۆلۆژییەکانی تریشەوە، وەک لیبراڵەکان و تەنانەت کۆنسێرڤاتیڤەکانیش کرایە دروشمی سەرەکی و خەبات لەم بووارەیاندا کردە ئەرکی خۆیان.

ئەو رۆژانەی کە ژنانی سوسیالیست و کمونیستی وەک "کلارا زێتکین" دەستیان دایە خەبات بۆ یەکسانی ژن و پیاو و داوای  ماف و رۆڵی زیاتری بۆ ژنان لە کۆمەڵگادا کرد، کۆمەڵگای ئوروپایی و بارو دۆخی ژنان لەو کۆمەڵگانەدا لە ئاستی ئەمڕۆی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرزتر بوو. واتە زیاتر لەیەک سەدە کۆمەڵگای ئوروپایی لە باری رۆشنبیری و تێگەیشتنەوە لە ئەمڕۆی بارودۆخی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەرزتر و ئامادەتر بوو بۆ گەیشتن بە مافی یەکسانی ژن و پیاو. بگرە لەوەش زیاتر دەتوانین بڵێین کە ئاستی رۆشنبیری و رێگا بۆ جێبەجێ کردنی مافە ئینسانییەکان لە کۆمەڵگای ئەوکاتی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەبارتر و ئامادەتر بوو لە ئێستای ئەو ناوچەیە. ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ جۆری دەسەڵاتەکان و بیرۆکەی زاڵ بەسەر کۆمەڵگاکانی ئەو سەردەمە و ئەمڕۆدا. وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست  لە سەرەتای سەدەی بیستدا زۆرتر لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرە بێ ئایدۆلۆژییەکاندا بوو، واتە وەک ئەمڕۆ بیرۆکە و ئایدۆلۆژی ئیسلامی و فوندامێنتالیزم لەسەر حوکم نەبوون و تەنانەت بە شێوەی ئەمڕۆیی ئیسڵام  نەکرابووە سیاسی و بناغەی لە کۆمەڵگاکاندا وەک ئایدیولۆژیا دانەکوتابوو. هەرچەند جوڵە و هەوڵی تاکی و گروپی بە شێوەی پرش و بڵاو لە وڵاتانی وەک میسر و پاکستان هەبوون، بەڵام بەهۆی نەبوونی تێکنۆلۆژیای ئەمڕۆیی و ئاسان نەبوونی پێوەندی و هەواڵگری، تەنیا وەک چەند حەرەکەتی ورد و بێ ئەسەر دەمانەوە.

لە حاڵێکدا هەوڵی جیددی هەیە بۆ گەڕانەوەی کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەرەو دوواوە و، رۆژ لە گەڵ رۆژ بارودۆخی ئینسان بە گشتی و ژنان بە تایبەتی روو لە خراپتر بوون دەڕوات لەم ناوچانەدا، ئەمڕۆ لە وڵاتانی رۆژئاوا بە هۆی سەقامگیر بوونی مافەکانی مرۆڤ بە گشتی و مافی ژنان بەتایبەتی، جیا لە بەفەرمی ناسینی رۆژی هەشتی مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان، ئەم رۆژە زیاتر وەک رۆژی جەژن و شادی دەناسرێت.

لای ئێمە بە داخەوە هێشتا رێگایەکی دوورودرێژ بە بەرەوە ماوە. بۆ پێوانی ئەم رێگایە، جگە لە خودی بزووتنەوەی ژنان کە دەوری سەرەکی دەگێڕێ، پێویستە پیاوان و جگە لەوە بنیاتە مەدەنی و سیاسییەکانی نزیک بە بیرۆکەی یەکسانی ژن و پیاو، زیاتر لە جاران بێنە ئاراوە. کۆمەڵگای ئێمە لەم پێناوەدا پێویستی بە رەوتێکی بە هێزی چەپ (لە پێناسەدا وەک هێزی نەقد و رەخنە) هەیە بۆ سەقامگیرکردن و بەخشینی بەردەوامی بە بزووتنەوەی یەکسانی خوازانەی ژن و پیاو.

سایتی قەڵەم

 

٨ مارسی ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت