ما 3547 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

خێر و شەڕ، یان چاکە و خراپە

لەو رۆژەوە ئینسان مێژووی تۆمار کردوو،ە باسی خێر و شەڕ یان چاکە خراپە کراوە و لەگەڵ ئاڵ و گۆڕەکانی کۆمەڵگا و گەشەی ئابوری و کۆمەڵایەتی، رەنگ و مانای گۆڕێوە و هەر بەردەوام بووە لە بوون. ئایا لە راستیدا چاکە و خراپە چییە و کامەیە؟

 

 ئەم پرسیارە هەمیشە لەم فوڕمدا زەق کراوەتەوە، بەڵام وەڵامەکەی قەت یەک نەبووە. ئەوەش هۆکەی دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە چاکە و خراپە تەنیا لە روانگەی ئێمەی ئینسانەوە مانادەگرێت و لە عالەمی واقیعدا شتێک بە ناوی چاکە یان خراپە بوونی نییە. ئەوە ئێمەین کە بە گوێرەی قازانجەکانی خۆمان پێوەڕمان بۆ خۆمان داناوە و پەیتا پەیتا دونیا و روداوەکانی دەوروبەری خۆمان دەپێوین و، مانایان بۆ دادەنین. ئەوەی ئاستی چاک و خراپ دیاری دەکات پێوەرە زەینیەکانمانە.ئەو پێوەڕانەی وا سەرچاوەی دروست بوونیان بیر و بۆچوون و جیهانبینییەکانی ئێمەیە. جا بۆیە هەر لەم روانگەیەوە پێوەرەکان لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ ئەویتر یان تەنانەت لە کەسێکەوە بۆ کەسێکیتر مانا و ئاست و میزانی دەگۆردرێت.

بەڵام سەرەڕای هەموو جیاوازییەکان و جۆراوجۆربوونی پێوەڕەکانی چاکە و خراپە، یان خێر و شەڕ، ئینسان بۆ دیاریکردنی پێوەڕێکی گشتی کە بتوانێت هەموو ئینسانەکان بگرێتەوە و بەر بە ناسەقامگیری مانایی و فورمی بۆ دیاریکردنی چاکە و خراپە تا رادەیەک بگرێت لەسەر چەندین خاڵی بناخەیی رێکەوتووەو بە ناوی مافەکانی مرۆڤ ناوزەد کراوە. لەو رێکەوتننامەدا، ئینسان وەک خۆی و بە دوور لە هەرچەشنە تاریف و ناسنامەیەکی ئاینیی و رەگەزی و نەتەوەیی لەبەر چاو گیراوە و هەموویان وەک یەک سەیرکراون و، خاوەنی یەک مافن. لەم جاڕنامەیەدا، کوشتنی ئینسان بە هەر شێوە و بۆنە و بیانویێک رەتکراوەتەوە و بە کارێکی ناڕەوا ناسراوە و ئەو ئیزنە بە هیچ لایەن یان کەسێک نەدراوە کە ئەنجامی بدات. لەم جاڕنامەیەدا، ژیان مافی هەموو مرۆڤێکە.

بەڵام کە ئینسان جلی ئایدیولۆژی و ئایینی لەبەر کرد و پێوەرەکەی رەنگ و بۆنی ئایین و سیاسەت و رەگەزی گرتەخۆی، ئیتر ئەو تاریف و مانا رووتە نامێنێت و پێوەڕەکان دەگۆڕدرێت و، زۆرجار ئاوەژوو دەبێتەوە. واتە ئەوەی بە رەوا و چاکە ناسراوە، لە روانگەی ئەوانەوە دەبێت خراپە و هەموو ناڕەواکان بۆخۆی و بۆ گەیشتن بە خواستەکانی خۆی و ئایین و سیاسەتی بە رەوادەزانێت و دەچێتە خانەی هەلپەرستی و هەموو کەرەسەکان و شێوازەکان بە رەوا لەقەڵەم دەدرێت و حەق و راستی تەنیا لەلای خۆی دەبینێت و، باقی دونیا بە ناحەق و ناڕەوا.

ئەوەی ئەمڕۆکە لە عێراق و لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ئارادایە ئەم موتلەقگەرایی و دگماتیزمەیە. ئەوەی لە عیراق و سوریە خەریکی شەڕە تەنیا خۆی بە راست و خاوەن حەق دەزانێت و، پێوەڕی خۆی بە چاکترین دەبینێت و ئەوانیتر بە هەڵە و ناحەق و شەڕ. بۆیە هەر چەن بە روواڵەت و نێو جۆراوجۆرن، بەڵام بە کردە یەک شتن. داعش کوشتنی هەموویان بە هەر چەشن و شێوازێک بە رەوا دەزانێت و، گوێ بۆ هیچ رێکەوتنامە و جارنامەیەکی جیهانی ناگرێت. لە بەرانبەردا، شێعە و سوننە و لایەنەکانی تریش عەینی رێگا دەڕۆن و ئەوەی بایەخی نییە، ئینسان و مافەکانیەتی. لەڕاستیدا ئەوەی لەو ناوچەیەدا لە ئارادایە شەڕی نێوان خراپ و خراپە، یان شەڕ و شەڕە و هیچ چاکە و خێرێکی بۆ ئینسانەکان تێدا نییە. "عاموس عوز" نووسەری ئیسرائیلی دەڵێت شەڕی فەلەستین و ئیسرائیل شەڕی نێوان حەق وحەقە لەبەر ئەوەی هەردوو لایەن راست دەکەن و ئەو خاکە ماڵی باوکی هەر دوولایەنە. بەڵام بە پێچەوانەوە شەڕی ئێستای ناو سوریە و عێراق، شەڕی ناحەق و ناحەقە، لەبەر ئەوەی هەموویان بۆ یەک ئایین و بەناوی یەک خوداوە خەڵک دەکوژن و کەسیش ناتوانێت بیسەلمێنێت کێ راستە.  

سایتی قەڵەم

 

١٨ مارسی ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت