ما 10068 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەوایەت و پەیام لە چیرۆکدا

مەرج نیە چیرۆکنووس کاتێک چیرۆکێک دەنووسێ، مەبەستی گەیاندنی ئامانجێک (پەیام) بێت. ئەو دەنووسێ بۆ ئەوەی رەوایەتێک بگێڕێتەوە، جا رەنگە لە دڵی ئەم رەوایەتەیشدا ئامانجێک هەبێت. جاری وایشە چیرۆکنووس دەنووسێ بۆ ئەوەی پەیامێک بگەیەنێ. بە گشتی ئەو چیرۆکانەی لە پێشدا بیر لە پەیام دەکەنەوە، دەستکردانەتر دێنە بەر چاو، تا ئەو چیرۆکانەی وا نووسەرەکەی زیاتر لەبەر تەوژمی خودی رووداودایە تا پەیام.

بەم پێیە رەوایەت لە پێش پەیامدا دێت. نووسەر دەکەوێتە ژێر کاریگەریی رووداوێک و، هەست بە پێویستیی گێڕانەوەی دەکا. لێرەوە خۆبەخۆ دەق رەنگە لە کۆتاییدا دەبێ بە هەڵگری پەیامێکش. رەنگە نەشبێ (هەرچەند قەت رووی نەداوە). یاخود رەنگە چەندین پەیام لە خۆیدا هەڵبگرێ. لە راستیدا ئەوەی لێرەدا زیاتر پێویستە خودی نیازە بە گێڕانەوە.

دەتوانین بڵێین هەر رووداوێک خۆی لە خۆیدا هەڵگری پەیامیشە. بەو مانایە مرۆڤ دەتوانێ پەیامی لێ هەڵێنجێ، یان لە خوێندنەوەیەکی هێرمینۆتیکیانەدا بۆی ساز بکا.

بەهەرحاڵ چیرۆکنووس ئەوەندەی زەینی بە گێڕانەوەوە خەریکە، بە پەیامەوە نیە. پێ دەچێ تا پەیام بەرجەستەتر بێتەوە ئەوا دەق زیاتر لە ئایدیۆلۆژیا نزیکتر دەکەوێتەوە. هەتا دەقیش لە رەوایەتدا چەق ببەستێ ئەوا زیاتر ئەدەبی دەبێ.

سایتی قەڵەم

١١ مانگی یەکی ٢٠٢٢

گەڕان بۆ بابەت