ما 2677 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 

 بێگومان هەر دووکی ئەم بۆچوونانە لە سەر "کات" رەخنەی خۆیان لە سەرە، بەڵام ئەم رەخنانە نابێتە هۆی رەچاونەکردنی هەر دوو بۆچوون لانیکەم لە ژیانی رۆژانەدا. مرۆڤ جاری وایە بە دووپاتبوونەوەکان دڵخۆشە و چێژیان لێوەردەگرێ و جاری وایە بە بەجێهێشتنەکان،... جاری وایشە بە ئاوێتەیەک لە هەر دووکیشیان.    

 

 

لە بەرداشی کات دا

 

دەستپێک

وەک لە دەقەکاندا باسکراوە، بۆچوونی مرۆڤ سەبارەت بە زەمەن لە سەردەمی یۆنانی کۆندا بۆچوونێکی جەغزیانە بووە، واتە مرۆڤ زەمەنی لە شکڵی دایرە و جەغزدا بینیوە، کە تایبەتمەندیی ئەم بۆچوونە لە دووپاتبوونەوەی کات دا بووە و هەر بۆیە هەر شوێنێکی سەر ئەم دایرەیە دەکرا هەم دەستپێک بێت و هەم خاڵی کۆتایی، یان بە پێچەوانەوە.

دوواتر بە هاتنی ئایینی مەسیحییەت روانگەی مرۆڤ لە سەر زەمەن گۆڕانی بەسەردا دێت و، ئیتر بۆچوونی هێڵی یان خەتی جێی ئەوەی پێشوو دەگرێتەوە. لەم روانگە نوێیەدا ئیتر هەر خاڵێکی سەر ئەم هێڵە، یان تەنیا دەکرا خاڵی دەستپێک بێت، یان کۆتایی، واتە نەدەکرا هەردووکیان بێت.

بە گشتی دەتوانین بڵێین کە بە گوێرەی بۆچوونی جەغزی، دیاردەکان دەکرا دووپات ببنەوە و بەم پێیە هیچ شتێک بۆ هەمیشە لەناو نەدەچوو، بەڵام لە بۆچوونی دووهەم دا دووپاتبوونەوەیەک لە ئارادا نەبوو و لە راستیدا رابردوو و ئیستا و داهاتوو، وەک سێ بەشی گرینگی زەمەن، بۆ هەمیشە لە یەک جودا دەکرانەوە و بە هیچ شێوەیەک نەیاندەتوانی جێگای یەکتر بگرنەوە.

کانت

بە بۆچوونی "کانت"، کات دیاردەیەکی "ترانسێندنتاڵ"ییە. واتە کات لە ئەزموون و لە تەجروبەوە نایەت، بەڵکوو کاتەگۆرییەکە لە گەڵ مرۆڤ لە دایک دەبێ و تەنیا لە دەروون و زەینی بەشەردا هەیە. گەر بەم بۆچوونەی کانت باوەڕمان هەبێ، ئەوا هەم کاتی جەغزی و هەم کاتی خەتی و هێڵی، دەکرێ تەنیا دوو وێنای دەرونیی مرۆڤ (کە هەڵبەتە یەکجار بۆ پرۆسەی ناسین گرنگن)، بن. مرۆڤ بە کەڵک وەرگرتن لە کاتەگۆری کات (وەک مەرجێکی ترانسێندنتاڵی)، دەتوانێ بە ناسینی جێی متمانە بگات.

کات و ژیان

بەڵام لێرەدا ئێمە لە سەر ئەم روانگەیەی کانت راناوەستین، ئەوەندەی کە مەبەستمانە رۆڵ و نەخشی "کات" چ وەک دیاردەی ترانسێندنتاڵی، یان وەک دیاردەیەکی ئەزموونی، لە ژیانی رۆژانەدا لێک بدەینەوە.



ئەوەندەی بۆ هەست و بۆچوونەکانی مرۆڤ دەگەڕێتەوە، کات لە ژیانی رۆژانەدا هەم بە شێوەی جەخزی و هەم بە شێوەی خەتی خۆی نیشان دەدا. بۆ وێنە دووپاتبوونەوەی وەرزەکان، شەو و رۆژ، ژەمەکان و هەر وەها دووپاتبوونەوەکانی ترس و دڵەڕاوکێ و خۆشییەکانمان، نیشانەیەکن لە دووپاتبوونەی زەمەن، بەڵام پیربوون، مردن، کۆتایی هاتنی وەرزە جۆربەجۆرەکانی عومر و سپی بوونی قژ، نیشانەن بۆ هێڵی بوونی زەمەن. واتە مرۆڤ هاوکات لە هەر دوو جۆرەکانی زەمەندا دەژی. رەنگە بتوانین بە گشتی تێهەڵکێش بوونی ئەم دوو شێوازە زەمەنییە بەم شێوەیە بکێشینەوە:

 

 

 

بەڵام ئەم وێنەیە هێشتا بە جوانی ناتوانێ دەربڕی وردەکارییەکان بێت. بۆ وێنە ئەو جەخزانە ناتوانن دەربڕی هەندێ لەو دووپاتبوونەوانە بن کە بە درێژایی تەمەنی مرۆڤێک روودەدەن. رەنگە ئەم وێنەیە کەمێک باشتر بێت، بەو تێبینییەوە کە هەر جەخز و خەتێک دەتوانێ بێ ئەژمار بێت:

 

 

 

                                                                                                                         

خۆشی و زەمەن و پەیوەندییەکانیان

داخۆ خۆشی چلۆن دەتوانێ لە گەڵ زەمەن پەیوەندی بگرێت؟ کاتێک باسی ئەم پەیوەندییە دێتە گۆڕێ، دەتوانین بڵێین بە هۆی دووپاتبوونەوەی زەمەنی دایرەیی (ئەوەی کە بۆ وێنە ژیان تەواو نابێ و رۆژێک لە رۆژان دیسان دووپات دەبێتەوە)، خۆشی، پەیوەندێکی زۆرتری بە زەمەنی جەغزییەوە هەیە، بەڵام ئەمە دەتوانێ بە رواڵەت وا بێت، چونکە لە لایەکی ترەوە گەشە و پێشکەوتن لە ژیاندا (کە بەشێکی گرنگی ژیانە)، پەیوەندی راستەوخۆی بە زەمەنی هێڵییەوە هەیە. بە بێ خاڵی دەستپێک و کۆتایی، هیچ پێشکەوتنێک لە ئارادا نییە.

کەواتە دەتوانین بڵێین ئەم پەیوەندییە بابەتێکی کۆنتێکستیانەیە. بۆ وێنە دیتنەوەی هەموو رۆژەی خێزان لە سەر سفرەی نان (دووپاتبوونەوە)، دەتوانێ لە زەمەنێکی دیاریکراودا خۆشی بێت و، هەر ئەم دیتنەوەیە گەر هەموو ئەندامانی خێزان لە یەک دۆخدا ببینێتەوە، دەبێتە ناخۆشی.

کۆتایی

بێگومان هەر دووکی ئەم بۆچوونانە لە سەر "کات" رەخنەی خۆیان لە سەرە، بەڵام ئەم رەخنانە نابێتە هۆی رەچاونەکردنی هەر دوو بۆچوون لانیکەم لە ژیانی رۆژانەدا. مرۆڤ جاری وایە بە دووپاتبوونەوەکان دڵخۆشە و چێژیان لێوەردەگرێ و جاری وایە بە بەجێهێشتنەکان،... جاری وایشە بە ئاوێتەیەک لە هەر دووکیشیان.    

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت