ما 4225 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

لە ئینگلیزییەوە: محەممەدئەمین مەجیدیان

لە بن پیرەدارێکی ماوکوسی ئەو باخەدا، جێی خۆی خۆش دەکرد. لە نێو ئەو گەڵا رژاوە گەرمانەی بەر تیشکی خۆر، چوارپەلی لێ درێژ دەکرد، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان و شوێنە ئاڵۆشەکانی لەشی بە چنگ دەخوراند. کە شەویش دەهات دەگەڕاوە ژێرزەمینەکە، لەسەر تەلیسە خەڵووزان لێی دەخەوت. جاروباریش لە راڕەوی ژێر چێشتخانەکەدا تا دوور دەڕۆی بۆ وەی لە سەر خەلووزە گەرمەکانی نێو سندووقی خەلووزەکە لێی پاڵکەوێ. ئەم گیاندارە ئابەم جۆرە لێرە دەژیا.

 

گیاندارێکی ماڵەکی

یەکەم نەگبەتی و کڵۆڵی  ئەو لەدایکبوونی بوو؛ بە موویەکی بۆر و کورت، جووتێ گوێی شۆڕ و چاوانی وەک رێوی هاتبوە دنیا. هەر گیاندارێک کە پێی بڵێن ماڵەکی باشییەکی تایبەت بەخۆی هەیە کە سۆزی دۆستانەی مرۆڤ بۆلای خۆی رادەکێشێ. بەڵام ئەم ئەمانەی نەبوو. لە رواڵەتیدا شتێک نەدەبیندرا کە مرۆڤ پێی خۆش بێ، تەواو بێبەش بوو لە هەر تایبەتمەندییەکی گیاندارێکی ماڵەکی. هەر بۆیە سروشتی بوو کەس راینەگرێ.

بەڵام، هەرچۆنێک بێ خۆ ئەو سەگێک بوو، گیاندارێک کە ناتوانی بەتەنیا بژی. ئەو نەیدەتوانی ئەو خووە زکماکییەی لە خۆ دوور خاتەوە: خواردنی دەستی خەڵکی بخواو دوایی بگەڕێتەوە بۆ شوێنی باب و باپیرە کێویەکانی. هەر بۆیە دەگەڕا بە دوای شوێنێکی لەبار لە ماڵە مرۆڤێکدا.

ئەم گیاندارە مڵۆزم و خوێنتاڵە لە موڵک و ماڵی ـ کین سان ـ ی فەلا دا وێڵ و سەرگەردان بوو. ئەمەش کاتێک بوو کە خانوویەکی بەکرێی ئەم فەلایە، تازە دارەڕا کرابوو. خانووەکە لای ریگای گوندەکەی ـ ئۆکوبۆـ وە هەڵکەوتبوو، واش ساز کرابوو دەتوانرا لە حەوشەی پشتەوە راست بچیتە سەر خیابانەکە. خانووەکە لەسەر کورسی دانرابوو، بۆیە خاکەکەی وشک بوو. بێجگە لەمە لە نێوان دیواری ئەم خانووە و خانووەکەی پەنای بەتاڵاییەکی باریک و تاریک هەبوو، شوینێکی لەبار بۆ خۆ شاردنەوە، بۆیە خیرا ئەوێی کردە پەناگای خۆی.

پێویستییەکی زۆر بەپەلەی ئەم گیاندارە ئەوە بوو زوو خواردن پەیدا کا. لەوێ دوو خانووی بەکرێی تری لێ بوون. ئەمانە لەگەڵ ئەو خانووەی کەخێزانەکەی ـ کین سان ـ ی لێ دەژیان  و خانووە تازەدارەڕا کراوەکە، دەبوونە چوار. ئەم چوار خانووە دوو دوو بەرانبەر بە یەک ساز کرابوون، لە نێوانیشیاندا ریزێک درەختی جوانی پڕ لک و گەڵا هەبوو. هەستی تیژی بۆنکردنی ئەم گیاندارە پێی دەگوت چێشتخانەکە لە کام لایە. هەر کە برسیش دەبوو،  ئیتر ئەوە نەبوو هەڵبژێرێ چی بخوا، توێکڵە فڕێدراوەکانی میوە، شۆرباوی سارد و بۆگەن، پاشماوەی چێشتە بۆگەنیوی نێو دەورییەکان یان هەرچیی تری کە دەست کەوتبا دەیخوارد. ئەگەر ئەمانەش تێریان نەکردایە، لووتی دەنا بە زەوییەوە و نێو ئەو تۆپەڵە خۆڵانەی دەپشکنی. چەند جووت گۆرەوی پیس کە لە تەشتێکی شتندا خووسابوون لەلای چاڵاوەکە هەبوون، ئاوی پیسی ئەم تەشتەشی زۆر بە خۆشییەوە دەخواردەوە.

لە بن پیرەدارێکی ماوکوسی ئەو باخەدا، جێی خۆی خۆش دەکرد. لە نێو ئەو گەڵا رژاوە گەرمانەی بەر تیشکی خۆر، چوارپەلی لێ درێژ دەکرد، هەناسەی قووڵی هەڵدەکێشان و شوێنە ئاڵۆشەکانی لەشی بە چنگ دەخوراند. کە شەویش دەهات دەگەڕاوە ژێرزەمینەکە، لەسەر تەلیسە خەڵووزان لێی دەخەوت. جاروباریش لە راڕەوی ژێر چێشتخانەکەدا تا دوور دەڕۆی بۆ وەی لە سەر خەلووزە گەرمەکانی نێو سندووقی خەلووزەکە لێی پاڵکەوێ. ئەم گیاندارە ئابەم جۆرە لێرە دەژیا.

خێزانی کین سان  سەگێکی بەڵەک لە رەنگی قاوەیی و سپییان هەبوو، پێیان دەگوت پۆچی. پۆچی تەنیا گیاندارێک بوو بەخیرهاتنی ئەم سەگەی دەکرد.  وادیار بوو پۆچی حەزی بە تێکەڵاوی بوو؛ بۆیە بە چنگ کڕاندن لەزەوی لێی نزیک دەکەوتەوە، وایدەکرد ئەویش بە لەقاندنی ئەو کلکە پیسەی وەڵامی خێرهاتنەکەی بداتەوە.  

بەڵام کین سان و ئەوانی تر، ئەوانەی  کە لە سەر زەویوزارەکەی ئەو دەژیان وەک پۆچی بە پیشوازییەوە نەدەچوون. یەکیان وتی: ''ناشیرینی و چارەگرانی خۆ ئەگەر لە نێو ئاژەڵانیشدا بێت خەسارێکی گەورەیە"  یەکیتریان وتی: "رەنگبوو رامگرتبا ئەگەر نەختێک جوانتر بوایە" هەموو ئەم قسانەش بۆ ئەم سەگە بێمانا بوون. ئەو خەڵکانەی کە نەیاندەناسی بانگیان لێ دەکرد پوپ.   هەرکام لەم چوار ماڵە  

"میمک"ێکیان هەبوو، میمک یان پوور ناوێک بوو بە خانەخوێی ماڵەکان دەگوترا. نەک تەنیا ئەم میمکانە، بەڵکوو مناڵەکانیش بەم سەگە پێدەکەنین و رقیان لێ دەهات، بە بێزاریشەوەبانگیان دەکرد "پوپ پوپ." ئیتر "مامەکان" هەر مەپرسە کە زۆر ترسناکتر بوون. کەمترین ناهۆشیاریی دەبووە هۆی ئەوە کە دوای کەون. لە هەڵبڕیندا هەموو شتێکێشیان تێدەگرت: دار، بەرد، گڵمۆت. جارێکیان تێڵای  دەستی دەرکەوانێک فڕەی هات بەدوایدا و پاشووی بریندار کرد.

ئەم گیاندارە ئیتر وردەوردە بیر و هەڵوێستی مرۆڤەکانی دەخوێندەوە. خوار و خێچ کردنی دەم یان جووڵانەوەی دەست و چاویان دەیگەیاند دەیانەوێ شتێک هەڵگرن، شانە هەڵتەکاندن و لێو گەزتن ـــ یان هەر هەڵوێستێک کە بەرانبەر بەو دەگیرا  ـــ ناحەزی و دژمنایەتییەکی قووڵی دژ بە خۆی بۆ دەگێڕاوە.

رۆژێکیان ئەوەندەی نەمابوو راپێچی بکەنە نێو دەڕفتی چێشتخانەکەی کین سان. کەس نەیزانی چۆن توانی لەوێ رێی هەڵاتن پەیدا کا! خەڵک هاواریان دەکرد: "تەناف بێنن ــ تەناف!" تەواو هیوابڕاو ببوو، لەو باخەدا بە نێو ئەو دارە کورتانەدا هەڵدەهات، چوو بە لای گەرمخانەی شەتڵەکاندا؛ بە دەوری کایەنەکەدا گەڕا و هەڵات بۆ مەزراکە، ئەوێ کە ئەو گوڵانەی لێ بوون کە بە رۆژانی ئاهەنگ و زەماوەندان دەیان فرۆشتن.

مامۆیەک وتی: "ئاخری هەڵهات!"  کین سان وەک پیاوێکی دلۆڤان وەڵامی دایەوە، "ئای، کە شتێکی مڵۆزمە."

ئەمە یەکەم جار و دووجارە نەبوو ئەم سەگە بەسەرهاتی وا تاڵی بەسەردا دەهات. ئەو لەو سەگانە نەبوو لە تەنگانە و دژوارییەکی وادا ببەزێ. بە هێمنی و بێدەنگی لەو دەوروبەرە، بەدوای خواردنا دەخولایەوە وەک ئەوەی بڵێ: ''ئێرە قەڵەمڕەوی خۆمە." بەبێ شەرم پێی دەنایە نێو چێشتخانە تازەکەی ئەو خانووە بەکرێیە، یان بەو قاچە پیسانەی دەچووە وەرەنداکە. بەنی کەوشی باخەوانەکەی گاز لێدەگرت و یاری دەکرد بە کەلوپەلە شۆراوەکانی میمکێ و قوڕاوی دەکردن. هیچ رێزێکیشی بۆ مناڵەکان دانەدەنا. ئەم بنەماڵەیە کچێکیان هەبوو کووچان ناو. کووچان حەزی لە یاری کردن بوو. بە جووتێ قاپقاپەی قورس و دارین کە بەسەر زەویدا دەیخشاند دەهاتە حەوشە. ئەم سەگە بەگاڵتە دوای ئەم کچە دەکەوت. جارجار کووچان لەتێک کەیکی دەردەهێنا و پیشانی دەدا.

"پوپ، ئەهە، سەیرکە!"

دەستبەجێ پوپ خۆی بۆ هەڵئەدا.

"ئۆی دایە، پوپ چەند بەدە!"

بەم جۆرە کووچان هەمیشە هاواری بۆ دایکی دەبرد. دایکی خێرا دەهات و بانگی دەکرد: "کووچان، راکە! ـــ خێرا! بۆ ئەو قاپقاپە قورسانە لەپێ دەکەی؟" ئیتر ئەو کاتە کووچانی بەسزمان هیچی بە دەستەوە نەدەما. پوپ کەیکەکەی بەدەم گریانەوە لێ رفاندبوو و خەریکبوو سەرلووتی خۆی بەو زمانە سوورەی دەلستەوە.

لەگەڵ ئەمەشدا، کردەوەکانی ئەم سەگە دوور بوون لە نیازی چاک یان خراپ. ئەو قسانەیش کە لە دەم میمکە و مامۆکانی ئەم ماڵانەیشەوە دەردەچوون بۆ ئەو ناسراو نەبوون. ئەو هیچ تێگەیشتنێکی لەو رەوشت و رەفتارە دامەزراوانەی مرۆڤ نەبوو. ئەو تەنیا سەگێک بوو. بۆی کێشە نەبوو کردەوەکانی جوان بن یان ناشیرین. ئەو گیاندارێکی داماو بوو، تەنیا بە پێی سروشتی خۆی دەجووڵایەوە.

زستان بەسەرچوو، بە درێژایی ئەم وەرزە سەختە لەگەڵ سەرما و برسییەتی، لەم رەفتارانەش ئازاری  دەبینی، "دەی باشتر کە رۆی". زۆر سەیر بوو لە برسا نەمرد. ئەو کەشیشە فەقیرەش کە لەمەوبەر هەموو رۆژێک بەیانیان دەهات بۆ ئۆکوبۆ، وتی، ئەویش لەم زستانەدا شتێکی وای دەست نەکەوتووە. هەر وەها ئەو ژنە داماوەیش کە مناڵێکی پێ بوو، "کارێکیان نەدەدایێ و خۆیشی کارێکی نەبوو."

لێرە مرۆڤەکانیش لە رەوشێکی چاکدا نەبوون. کە وابوو چۆن دەیانتوانی مستێک  لەو برینجە ساردەیان بخەنە بەردەم ئەم سەگە  ناشیرین کردار و بێکەڵکە؟ هەر بۆیە ئەمیش لە دوورەوە وێڵ دەسووڕایەوە، هەر چی دەستکەوتبا دەیخوارد، تەنانەت پێستە پڕتەقاڵە فڕێدراوەکانیش.

کە بەهار هات و سەهۆڵەکان کەوتنە توانەوە، وادیار بوو پوپ تەواو گەورە ببوو. هەموو سەگەکانی ئەو دۆڵە، هەر لە پۆچی سەگەکەی کین ساوە بگرە تا کورۆ سەگی گەرماوەکە، هەتا ئاکا سەگی دارـ فرۆشەکان و ئەو گەماڵە زلەی مووچەکەی دراوسێیان، هەموو بە دەورییەوە کۆ ئەبوونەوە. هەر کوێنێک  دەچوو، دوو سێ سەگ بەدوایەوە بوون. هەر بۆیە شوێنێکی سێبەری وەکوو  مۆکوسەی، پڕپڕ دەبوو لە مڕە و وەڕینی سەگان، وەک بڵێی بەگوێیدا دەچرپێنن و مەرایی لەبەر دەکەن.

میمکەیەکیان کە بە سەتڵێکەوە هاتبووە لای چاڵاوەکە،  ئەم دیمەنەی بینی. وتی: "ئەیەڕۆ! خوشکێ، خۆ پوپ سەگەدێڵە! قەت سەرنجم نەدابوویێ!" میمکەی خانووە تازە بەکرێدراوەکەش کە بە رێکەوت لەوێ بوو گوتی: "بەخوا خوشکێ منیش نەمزانیبوو!"

ئەم دوانە زۆر بەمە کەوتنە پێکەنین و گاڵتە کردن.  

ئەم سەگە دەبێ لێرە دەرکرێ. ئەمە بابەتی دەمەقاڵە و مشتومڕێک بوو کە لە گەڕەکە ماڵی کین سان بەرز ببۆوە و لە نێو ئەندامانی ئەم چوار بنەماڵەدا تووڕەییەکی ئێجگار زۆری هێنابووە پێش. ئەم تووڕەییەش لە نێو دووبەرەی میمکەکان و مامۆکاندا بوو.  میمکەکان لە سەر ئەم رایە سووربوون کە، ئێستا رەوشەکە گۆڕاوە، ئەم سەگە لە بارودۆخێکدا نییە کە لە پێشدا بوو.  زۆر گوناحە ئەگەر بەچکەی  ببن. هەر وەک بەپێی تاقیکردنەوە لەوان چاوەڕێ دەکرا،  ئەوان لەیەکچوونێکیان لە نێوان خۆیان و ئەو سەگە هەست پێدەکرد بۆیە هاوسۆزییان بوو لەگەڵیا.  مامۆکانیش بڕوایان وابوو کە : رەنگە وابێ، بەڵام ئەگەر بەچکەی ببن، بۆ مناڵان زۆر مەترسیدار دەبێ! لە راستیدا کەس نەبوو پەرۆشی داهاتووی ئەو سەگەی نەبێ. بەڵام پوپ خۆی هیچی لەم شتانە نەدەزانی.

رۆژی دوایی، دروشکەیەک لە بەردەم دەرگای ماڵی کین سان راوەستا. شتێک وەکوو سندووقێکی بێ سەر کە بە حەسیرێکی پیس و بێ نرخ داپۆشرابوو، لە سەری بوو. پوپ بەبۆن زانی لەو دروشکە چیی تێدایە.

 پۆلیسێکی یونیفۆرم لەبەر، دوو پیاوی بە رواڵەت گوماناوی بەدوایەوە، هاتنە حەوشە. پوپ نەیدەتوانی ئا لەم شوێنە مەترسیدارەدا بەملاولادا هەڵێ یان بازدا. پۆچی و کورۆ و سەگەکانی تر دەستبەجێ کەوتنە وەڕین. مامۆ و میمکەکان لەگەل خەڵکی دێ هەموو لە ماڵ هاتنە دەر.

"سەگەڕاو، دایە!"

کووچان لە پشت دایکییەوە خۆی شاردەوە.

خەڵکی هەڵاتن بۆ دەوری باخەکە. کچەکەی کین سان، کە کاری رۆژانەی ئاودانی گوڵەکان بوو، بە ئاوپڕژێنەکەی دەستیەوە رایکردە خیابان. کوڕێکی قوتابی مامناوەندی کە بە ئاوـ رەنگ خەریکی نیگارکێشی بوو، سێپاکەی بەجێهێشت و بەدوایدا رایکرد.

"لەوێوە هەڵات، لێرەوە رایکرد!"

 ئەم ئاژاوە و سەرلێ شێواوییە بۆ خۆی شتێکی سەرئاسا بوو.

کووچان بەدەم هەڵلەرزینەوە وتی: "بە دڵنیاییەوە پوپ کوژراوە."

 پیاوێک گۆپاڵێکی زل بە دەستییەوە، سەری بۆ هاوڕێکەی راوەشاند و گوتی: سەرئەنجام هەڵهات. پۆلیسەکەش کاتێک لە دەرگا ئەچووەدەر، پێئەکەنی و دەیگوت بێسوودە، بێسوود. ئەو دوو پیاوەش بە رواڵەتێکی ناهومێدانەوە سندووقە خاڵییەکەیان لەگەڵ خۆیان بردەوە.

بە هەرحاڵ، پوپ هەڵات و خۆی رزگار کرد. پاش ماوەیەکی کورت گوانەکانی گەورەتر بوون. چاوەکانی رەنگی بێخەوی و نەسرەوتنیان پێوە دەرکەوت. ئێستاکە ئەو ئەبێ نەک تەنیا ئاگای لەخۆی بێ، بەڵکوو ئەبی ئاگای لە منداڵەکانی نێو زکیشی بێت. کەوابوو سێبەرە خۆشەکەی مۆکوسەی ئیتر جێگایەکی بێ مەترسی نەبوو بۆی. تەنانەت ئەو کاتانەی کە لەسەر ئەو ئەردە تەر و شێدارەیش رادەکشا بۆ ئەوەی ساتیک ئازارەکانی لەشی دەرکا، هەر کە سایەی مرۆڤێکی بەدی دەکرد، خێرا هەڵدەستایە سەر پێ. بۆ ماوەیەکی کورتیش نەیدەتوانی کەمتر خەم بێ. لەلای ئەو شتێکی دیکەی دڵڕەق و بێبەزەیی وەک مرۆڤ بەرچاو نەدەکەوت.

کەچی بەو حاڵەش، بە پێچەوانەی ئەو ترسەشی نەیدەتوانی ئەم ماڵە مرۆڤە بەجێ بێڵێ. چۆن دەیتوانی دڵنیا بێ لەوەی، ئەگەر وەک ئاژڵانی تر بچێتە دارستانێکی دوورەدەست و لە ناو دار و دەوەن و سەوزە گیادا بترەکێ! ئاوەها، لەوانەبوو وەک تەماشاکەرێکی لێ بێ، ئەمەش لەگەڵ ئەو نەدەهاتەوە، ئەو نەیدەتوانی خوو و سرووشتی بۆ بەجێماوی خۆی بگۆڕێ.

 سەرەتای مانگی جۆزەردان  ئەرکی دایکییەتی خۆی بەجێ هێنا. لە ماڵە گەرمەکەی کین سان چوار تووتکی هێنایە دنیا. دوانیان بەڵەک و جوان بوون لە پۆچی دەچوون، یەکیان تەواو رەش بوو، ئەویتریان رەنگ تاڵەیەک بوو وەک خۆی!  

ئۆف، ئەو بەیانییەی زایینەکەی بوو، بۆ یەکەم جار رووی خۆشی مرۆڤی بینی. هەر ئەو بەیانییەی دایکایەتیشی بوو، بۆ یەکەم جار لە رۆژی لەدایکبوونیەوە، خواردنی دەستی مرۆڤی دەخوارد.

"پوپ ـــ وەرە، وەرە."

مێمکەکەی ماڵی کین سان پەردەی پەنجەرەی چێشتخانەکەی لادا و بەو ناوە بانگی کرد کە لەو رۆژەوە ناونرابوو.

 

 تێبینی:

ژاپۆن

شیمازاکی

 ١٩٤٣ـ١٨٧١

شیمازاکی تۆسۆن وەک شاعیرێک نووسینی دەست پێکرد، بەلام دوای شەری رووس و ژاپۆن پەنای بردە بەر شێوازی نووسینی ناتورالیستی (سرووشت خوازی). رۆمانەکانی کەموزۆر شیوازی ئەوروپاییانەی پێوە دیارە، بەڵام کورتە چیرۆکەکانی ژاپۆنییەکی رەسەنن. نزیکی و تێکەڵاوی لەگەڵ سروشت و ژیان لەم چیرۆکانەدا هەست پێ دەکرێن.

تارائۆ تاکەتۆمۆ، ئەم چیرۆکەی کردۆتە ئینگلیسی.  

 

     

گەڕان بۆ بابەت