ما 1224 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

هاورێ نەهرۆ

لە کۆتایی دا دڵشاد بوو بە موسیقا ژەنێکی ئەوتۆ تەنانەت لە ئاستی جیهان دەنگی دایەوە بەم بۆنەیەوە دڵشاد دەستەیەک گوڵی سووری کڕی بردی بۆ سەر گوڕی کابرای یەهودی لە گورستانی یەهودیەکان لەبەغداو سورەتی فاتحای لەسەر خوێندو لە دڵی خۆی دا گوتی تۆ نهینی سەرکەوتنی من بوویت لە ژیان دا!

       

دروستکەری ئامێری موزیک

هاورێ نەهرۆ        

دڵشاد کوڕە نوبەرەکەی باوکی، ئەو تەمەنی سێ ساڵان بوو، داپیرەی ماڵی باوکی لە حەوشەکەیان دەرکرد، کات پایز بوو، ڕەشەبا وەک گورگی هار دەیلوراند، ئەو کات داپیرە دڵ سەختەکەی بریاری دا ماڵی باوکی لە حەوشەکەی دەر بکا، ئەو دەم دڵشاد براو خۆشکێکی لە خۆی بچوکتری هەبوو، لەگەڵ دایکیان دا ئاوارە بوون لەو گەڕەکە هەژار نشینەی قەراغی شار دواتر خانەوادەیەکی دڵفراوان بەشێوەیەکی کاتی ژوورێکی پێ دان، بۆ چەندین مانگ لە ژوورە ژیانیان دەگوزەراند، دایکی دڵشاد هەموو ساڵێ (شیرە بە شیرە) خۆی گوتەنی مناڵی دەبوو، دایکی دەیگوت کە مناڵ لە دایک دەبێ، رزقی خۆی لەگەڵ خۆییەتی، باوکی دڵشاد سایەق بوو، پیاوێکی دڵ و دەست فراوان بوو، هەر کاتێ ئیشی دەستدەکەوت خانەوادەکەی دەبوژاندەوە بەڵام حەیف و مەخابن زۆر کاری دەست نەکەوت و بەدەست بەتاڵی مایەوە، لەبەر ئەوەی باوکی سایەق بوو لە ماڵەوە کەرەستەی چاککردنەوەی زۆریان هەبوو لە بواری کارەبایی و دارتاشی، لەگەڵ رۆژگاردا دڵشاد گەورە دەبوو، لە پاڵ خوێندنی قوتابخانە، حەزی لە هەڵکوڵینی دار ئەکرد، دارستانێک لە تەک گەڕەکەکەیان بوو، کاتێ دەست بەتاڵی، منشارو و تەورداسێکی لە ماڵەوە دەبرد چەند پارچەیەکی بچوک، بچوک داری وشکی ئەبڕی، دیار بوو ئەگەر خاوەنەکەی لەوێ بوایە پێ ناخۆش دەبوو بەڵام دڵشاد ئەو کاتانە دەروێشت بۆ دارستانەکە کە خاوەنەکەی لە شار بوو، دواتر بڕینی داری وشک زیانێکی ئەوتۆی نەبوو، لەماڵەوە لەنێو کەرەستەی دارتاشی دا، چەند ئەزمیل (chisel) یکیان هەبوو لەگەڵ درێلی مارکەی (Bosch) دڵشاد خەریکی دروستکردنی کوب و کەوچک بوو لە دار، کاتێ لێ دەبوەوە کەوچک و کوبەکان بۆ ماوەی سەعاتێک لە نێو ئاو وخوێ دەیکوڵاند دواتر کلینسی پێوە دەپێچاو بۆ ماوەی سێ هەفتە لە نێو کارتونێک دایدەنا دواتر چەوری دەکردن بە رۆن هەروا چوو بۆ لای دارتاشێکی رەفیقی باوکی پارچەی زیادەی تەختەی MDF دەهێنا و نەخشی لەسەر دروست دەکرد، تا وایلێهات بەرهەمەکانی روژی هەینی دەیبردن بۆ بازار بە نرخێکی گونجاو دەیفروشتن بەم شێوەیە یارمەتی خۆی و ماڵەوەی ئەدا، تا دەهات ژمارەی براوخۆشکی دڵشاد زۆر تر دەبوون، دڵشادیش تا دەهات دەستڕەنگین تر دەبوو لە ئیشەکەی و بەرهەمی زیاتر دەبوو، تا وەکو قوناغی سەرەتایی تەواو کرد ئیدی مێشکی دەکرایەوە، لە هاوینان دەچوو بۆ ماڵی پورەکەی لە بەغدا لە ریستوران ئیشی دەکرد، رۆژانی هەینی ئەو پارەیەی کە دەستی دەکەوت لەگەڵ ناسیاوێکا دەیناردەوە بۆ دایکی، دایکی هەمیشە دوعاو نزای بۆ دەکرد، لە خوا دەپاڕایەوە کە ئایندەیەکی باشی هەبێ، دایکی دەیگوت ئەم کوڕە بە مناڵی ناوکیم فرێ داوەتە نێو دوکانەوە بۆیە سەری بەرزقە، دڵشاد حەزی لە کاری ریستوران نەبوو، ئەو زیاتر حەزی لەوە بوو لە نێو بۆن و بەرامەی دار دا بێ، بە بۆن تەختەکان دەناسییەوە دەیگوت ئەوە ئەسپیندارە، ئەوە سنوبەرە ئەوە چنارە بە کورتی حەزی لە کاری دارتاشی بوو، چ وەک حەزو خولیا چ وەک پێشەی ئایندە، ئەو کاتەی لە ئیشی ریستوران دەبووەوە، سەردانی شەقامی موتەنەبی دەکرد چاوی بە نێو پەرتووکەکاندا دەخشاند، رۆژێکیان بە رێکەوت چاوی کەوت بە پەرتووکی (دروستکردنی ئامێری موزیک) دڵشاد دەستبەجێ پەرتووکەکەی هەڵگرت و لاپەرەکانی هەڵدایەوە، وێرای دەقی نووسراو وێنەی روونکرنەوەی تیا بوو، پەرتووکەکە باس لە دروستکردنی ئامێری گیتارو عودی دەکرد، بە خوشحاڵییەوە پەرتووکەکەی کڕی، خەریک بوو لە خۆشی دا باڵ دەرکاو بفرێ، وەک ئەوەی شتێکی نایابی دۆزیبێتەوە، شەوان دوای ئیش کەوتە خوێندنەوەی پەرتووکەکە، لەبەر ئەوەی پەرتووکەکە وردەکاری زۆری تیا بوو لەسەر خۆی دەیخوێندەوە هەتا زیاتر لێ حاڵی بێ، کەڵکەڵەی دروستکردنی ئامێری موزیک کەوتە کەللەی، ئیشی ریستورانی لەبەرچاو کەوت، عەوداڵی دۆزینەوەی دوکانێک بوو ئەم کەرەستانە دروست بکا، لە چەندین کەس پرسیاری کرد بەڵام بێهودە بوو وەڵامی دەست نەکەوت، تا رۆژێکیان بە رێکەوت بەنێو کۆڵانێکی نیمچە تاریک دا دەروێشت لە گەرەکی حەیدەرخانە دوکانێکی بینی پیاوێکی تەمەن شەست ساڵەی تیایە خەریکی دروستکردنی ئامێری گیتار بوو، دڵشاد ئەو دەم تەمەنی چواردە ساڵان بوو، دوای سڵاو کردن لە دوکانەکە چووە ژوورەوە بە دیقەتەوە سەیری کەرەستەکانی کرد، دواتر دڵشاد زانی ئەم کابرایە یەهودیەوە کۆنە شیوعی یە، ئاخر زۆربەی یەهودیەکانی بەغدا خاوەن پیشەو بەهرەمەند بوون، کابرا بە دڵشادی گوت ها کورم دەتەوێ گیتار بکڕی؟

یەکسەر دڵشاد گوتی نە مامە گیان من هەر لە مناڵی یەوە حەزم لە دروستکردنی نەخشە لەسەر دار تەنانەت دەتوانم کوب و کەوچک لە داری وشک دروست بکەم، ئەوێ رۆژێ پەرتووکێکم کڕی دەربارەی دروستکردنی گیتارو عود، زۆر بە تاسەوە خوێندمەوە ئاواتەخوازم لای پیاوێکی وەکو تۆ ئیش بکەم تا فێری پیشەکە بم، کابرای یەهودی لە دڵشادی پرسی، باوکت چ ئیشی دەکا ؟ لە وەڵام دا دڵشاد گوتی، ئێمە خێزانێکی گەورەین لە گەڕەکێکی قەراغ شاری (سین) دەژین باوکم ڕانندەی ماشینە بەڵام دوو مانگ ئیش دەکا، چوار مانگ بێکارە، کابرای یەهودی کە زانی دڵشاد کوڕی بنەماڵەیەکی هەژارەو ئێستا شاگردی ریستورانە، یەکسەر پێگوت، کوڕم لە بەیانی یەوە دەتوانی بێت ئیشم لە لا بکەیت، بەڵام من ناتوانم بە قەد پارەی ئیش کردنت لە ریستوران پارە پێت بدەم لەبەر ئەوەی ئیشی دروستکردنی ئامێری موزیک بازاری کزە بەتایبەتی دروستکردنی گیتار!

دڵشاد بە خۆشحاڵی یەوە ڕازی بوو و گوتی مامە گیان گرنگ ئەوەیە من فێری پیشەکە بم، ئیدی دڵشاد بوو بەشاگردی کابرای یەهودی کۆنە شیوعی، دڵشاد رۆژانی هەینی ئیدی پارەی کەمتری ناردەوە بۆ دایکی بەڵام موژدەی ئەوەی نارد بۆ دایکی کە ئیشیکی دەست کەوتووە ئایندەی خۆی تیا ئەدۆزێتەوە، دوای دوو ساڵی هاوینان دڵشاد بە تەواوەتی فێری پیشەکە بوو، سەرەتا قاڵبێکی گیتاری دروست کرد بە پێ پێوانەی تایبەتی گیتار هەروا چسوارێکی گەورەی ٤٠٠ واتی کڕی بۆ گەرم کردن و چەماندنەوەی تەختەی ئەبلاکاش، لە ماڵەوە ژوورێکیان هەبوو نیمچە بەتاڵ بوو، دڵشاد ئەو ژوورەی رێکخست بۆ دروستکردنی ئامێری گیتار، تادەهات پەیوەندیی زیاتر خۆش بوو لە گەڵ کابرای یەهودی، هەر کەرەستەیەک پیویست بوایە ئەو کابرایە بۆی دابین دەکرد بە نرخێکی هاکەزایی، تاوایلێهات بەسەرکەوتووانە چەند گیتارێک دروست بکا بەشێوەیەکی سەربەخۆو بەدەستی خۆی، دوای لێبوونەوەی لەکاری دروستکردنی گیتارەکە بە ڕەنگی سییلەر ڕەنگی دەکردو دواتر وارنیشی لێ ئەدا هەتا بدرەوشێتەوە، تەنانەت فێری بەستنی ژێیەکان بوو هەر خۆیشی دوزەنی گیتارەکەی دەکرد لەسەر ریتمی لە خوارەوە بۆ سەرەوە، ئەم ڕستەیەش بەزمانی ئینگلیزی کابرای یەهودی فێری کرد بوو هەتا ناوی ژێیەکان لە بیر نە کا.

(Every body goes dance after eating)

ئیدی دڵشاد پیویستی بە بازار بوو تا بەرهەمەکانی تیا ساغ بکاتەوە، سەرەتا رۆژانی هەینی لە مەیدانی شار چەند دانەیەکی فروشت بەڵام دواتر داوا لە باوکی کرد کە لە بازار دوکانێکی بۆ بەکرێی بگرێ تا وەکو بەرهەمەکانی تیا بفروشێ، ئیدی باوکی بەتەواوەتی لە دەردو مەینەتی بێکاری رزگاری بوو، لەسەر دوکانەکە دائەنیشت و ئامێری موزیکی دەفروشت، رۆژ لە دوای رۆژ دڵشاد دەست ڕەنگینتر بوو تاوایلێهات لە توانای دا بێ قاڵبی ئامێری عود دروست بکا ئیدی سەرەڕای گیتار کەوتە دروستکردنی ئامێری عود لە داری گوێزو هەماگونی هیندی!

بەم شێوەیە بازاڕیان زیاتر گەرم بوو لەبەر ئەوەی خەڵکەکە زیاتر داوای ئامێری عودیان دەکرد، وەک ئاشکرایە گیتار ئامێریکی رۆژئاواییە کەم کەس لە وڵاتی ئێمە دەیژەنێ!

دڵشاد لە پاڵ کارکردن لە قوتابخانە زۆر زیرەک بوو تاوایلێهات لە پۆلی شەشەمی ئامادەیی نومرەکانی زۆر بەرز بێ تەنانەت بەو نومرانە کولێجی پزیشکی وەری دەگرت، وێڕای پەیگیری دایکی و باوکی کە کولێجی پزیشکی هەڵبژێری بەڵام دڵشاد بێ گوێدانە حەزی باوک و دایک و بنەماڵەکەی، ئەکادیمیای هونەرە جوانەکانی لە بەغدا هەڵبژارد بەشی موزیک، حەزی لێبوو تەنیا لە بواری موزیک زانیاری زانستی پەیدا بکا و فێری نوتە بێ بەشێوەیەکی زانستی ئیدی بەم شێوەیە دڵشاد بوو بە ژەنیاری ئامێری کەمان دوای دەرچوون لە ئەکادیمیا پارچە ئاوازێکی تومار کرد، خۆی بەتەنیا بەناونیشانی (شوان) تەلەفزیونی بەغدا زۆر جار ئەو پارچە ژەنینەی بڵاو دەکردەوە لە رۆژانی هەینی.

لە کۆتایی دا دڵشاد بوو بە موسیقا ژەنێکی ئەوتۆ تەنانەت لە ئاستی جیهان دەنگی دایەوە بەم بۆنەیەوە دڵشاد دەستەیەک گوڵی سووری کڕی بردی بۆ سەر گوڕی کابرای یەهودی لە گورستانی یەهودیەکان لەبەغداو سورەتی فاتحای لەسەر خوێندو لە دڵی خۆی دا گوتی تۆ نهینی سەرکەوتنی من بوویت لە ژیان دا!

 

 

گەڕان بۆ بابەت