ما 3939 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

حیزبی بوونی ئەدیب یان نەبوونی!

سەردەمانێک حیزبی بوون و سیاسی بوونی ئەدیب کێشە نەبوو. ئەدیب دەکرا حیزبی بێت و لە هەمان کاتدا نووسەری چاکیش بێت. لە دووای رووخانی یەکیەتی سۆڤیەت ئەم بۆچوونە گۆڕانی بە سەردا هات و گوترا ئەدیب نابێ حیزبی بێت. بەڵگەیش بۆ ئەم قسەیە ئەوە بوو کە سیاسی بوون و حیزبی بوون، بەهرەی ئەدیب دەکوژێ.

 

 

لە مێژوودا نموونەی ئەدیبە سیاسی و حیزبییەکان زۆرن: شۆلۆخوف، ژان پۆل سارتر، کامۆ و لەم دوواییانەدا گۆنترگراس. وەک دەبینین سیاسی بوون و حیزبی بوونی ئەم کەسانە هیچی لە گەورەیی بەرهەمەکانی ئەوانی کەم نەکردەوە. بەڵام ئەوە چییە دەبێتە هۆی ئەدیبێکی باش بوون لە هەمان کاتدا کە کەسەکە سیاسی یان حیزبییە؟ وەڵام بێگومان لەوەدایە کە نووسەر دەبێ پایبەند بێت بە جیاوازییەکانی دونیای ئەدەب و سیاسەت لە هەمان کاتدا کە ئاگای لە پەیوەندییەکانی نێوانیانە. بگرە لە رێگای شارەزای بە سەر سیاسەتدا دەتوانێ قوڵاییەکی زیاتر بە بەرهەمەکانی ببەخشێت. دیدی رەخنەیی و رەچاوکردنی چوارچێوە و یاسا ئەدەبییەکان و دووری لە زمانی رێکلامە لە دەقی ئەدەبیدا، ئەو شتانەن کە دەتوانن گارانتی پێشکەش کردنی بەرهەمی ئەدەبیی چاک بدەن سەرەڕای سیاسی بوون یان حیزبی بوونی نووسەرەکەی.

وادیارە سیاسی بوون یان حیزبی بوونی ئەدیب تەنیا لەو وڵاتانە لە بەر چاو هەندێ لە بیروڕای گشتی دا خاڵی نگەتیفە کە کۆمەڵگا بە توندی پۆلاریزەکراوە و دژایەتییەکان بە هێزترن لە پەیوەندییەکان. لە وەها دۆخێکدا زۆر بە ئاسانی دەقێک دەکرێ بە بێ ئەوەی بخوێنرێتەوە، تەنیا لە رێگای ناوی نووسەرەکەوەی، ئەوەی سەر بە چ سیاسەت یان حیزبێکە، رەد بکرێتەوە و گرنگیی پێنەدرێ. بە راستی هەندێ نووسەریش هەن کە فیدای ئەم کەش و هەوایە بوون. بەڵام لەولایشەوە، یەکێک لە خاڵە نگەتیڤەکانی وەها کەشێک ئەوەیە کە ئەو نووسەرەی بە راستی بەرهەمی لاوازی هەیە، بە هۆی لایەنگری لە بیروڕای زۆرینە و باو، بکەوێتە بەر مەرحەمەتی تایبەت.

با فێر بین کاتێک لە گەڵ کتێب رووبەڕوو دەبین، تەنیا لە گەڵ دەقەکەی ناوەوەی رووبەڕوو بین و لەوەوە بڕیار لە سەر باش بوون یان نەبوونی بدەین، نەک لەوەی کە ئەدیب یان نووسەرەکە لە بەرەی منە یان نا. جیهانی کتێب سەرەڕای پەیوەندییەکانی بە بوارەکانی ترەوە، خاوەنی جیهانی تایبەتی خۆیەتی کە دەبێ رێزی لێ بگیردرێ.

سایتی قەڵەم

٢٥ ئاپریلی ٢٠١٥

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت