ما 6014 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

و: هاشم عەلی وەیسی     

 هونەری پەیكەرسازی هونەرێكی گشتی یە، هونەرێكە كە ئەتوانێت شوناسێكی مرۆیی بە شارێك و كۆمەڵگەیەك ببەخشێت. ئێمە لە گرنگترین شارەكانی جیهان پەیكەرگەلێك بە دیی دەكەین كە نێوبانگی جیهانیان دەر كردوە و وەكوو هێما و نیشانەی ئەو شار و یان تەنانەت وڵاتە ناسراون. لە كرماشانیش دەبێ پۆرترەی كەسانی ناودار و كەسایەتگەلی بلیمەت، وەكوو هێمایەك لەم شارە لە بەرچاوی سەرجەم هاوڵاتیان دا بێت.

 

وتووێژ لە گەڵ چەنگیز ئیقباڵی هونەرمەندی ناسراوی كرماشانی: تەریكەوتنی تاڵی هونەری پەیكەرسازی لە ناوچەی كرماشان

و: هاشم عه لی وه یسی     

بوونی كۆمەڵە پەیكەرێكی وەك "بێستوون" و "تاقۆستان" لە گەڵ پەیكەرگەل و نەقش و نیگارگەلی هەڵكۆڵراوی جوان و بێ وێنە ئەم هەستە لە بێنەردا دەبزوێنێت كە لە وەها دەڤەرێك دەبێ دەیان و سەدان پەیكەرەی شاز لە پانتایی شار دانرابێت و ئەم هونەرە دێرینە لە چڵەپۆپەی گەشەی خۆی دا بێت. بەڵام بە سەرسووڕمانەوە دەبینین هونەری "پەیكەرسازی" نەتەنیا لە كرماشان برەوێكی نیە بەڵكو چالاكانێكی كەم لەم بوارەدا یان لە كونج و پەراوێز دا سەرقاڵن و یان رێگەی تاراوگەیان هەڵبژاردوە. لەم نێوانەدا تەنانەت كاتێك كە پێشانگایەكی باشیش لە سەردیس و پەیكەرەكانی دەموچاوە ناسراوەكانی كرماشان بەڕێوە دەچێت روبەڕووی پێشوازییەكی وەها نابێتەوە: روداوێك كە ماوەیەك پێش ئێستا بۆ "چەنگیز ئیقباڵی" و كۆمەڵە بەرهەمگەلێكی جوان و دانسقە پێش هات. وادیارە خەڵكی ئەم شارە لە گەڵ هونەری پەیكەرسازی كە پێشینەیەكی چەند هەزار ساڵەی لەم ناوچەیەدا هەیە نامۆ بوونەتەوە. لەم وتووێژەی "چەنگیز ئیقباڵی" لە كۆمەڵە بەرهەمەكانی و هەڵبەت نامۆییەك كە پەیكەرسازی لەم شارە روبەڕووی بووتەوە: باس دەكەین.

 

كاك چەنگیز ئیقباڵی بەڕێوەچوونی پێشانگایەكی پێكهاتوو لە "پەیكەر" و "سەردیس"ی دەموچاوە ناسراوەكانی كرماشان بۆ فرەكەس سرنجڕاكێش بوو: ئەو دەموچاوانەی كە هەركامەیان لە هونەری خۆیاندا بێ وێنە بوون. بیرۆكەی سازینی ئەم كۆمەڵە بەرهەمە چۆن لە زەینی ئێوە چەكەرەی كرد؟

 

لەمێژ بوو سەرقاڵی لێكۆڵینەوەیەك لە سەر مۆسیقای كوردی كرماشان بووم. لەم لێكۆڵینەم دا "رادیۆ كوردی كرماشان" بینیەوە: ئەو رادیۆیەی سەردەمانێك بەشێك لە ناسراوترین مامۆستایانی مۆسیقای كوردی تێیدا چالاكی هونەرییان دەنواند و قۆناغێكی زێڕینیان تۆمار كرد. لەم رادیۆیەدا چەندین هونەرمەند وەكوو مۆسیقادانەر، ژەنیار، گۆرانی بێژ و شاعیر بە شێوەی پسپۆرانە خەریكی چالاكی هونەری بووگن و لە باتی كارێك كە ئەنجامیان دەدا مووچەیان وەردەگرت. ئەنجامی لۆژیكی ئەم چەشنە چالاكیە هونەرییە، دەركەوتنی جۆرێك مۆسیقای شاری درەوشاوە و بریقەداری ئەم قۆناغە بوو. كاتێك بە دواداچوونم بۆ چارەنووسی هونەرمەندانی ناسراوی ئەم سەردەمە وەكوو "ئیسماییل مەسقەتی"، "موجتەبا میرزادە"، "حشمەتوڵا لۆڕنژاد"، "حوشمەتوڵا موسەنەن" و گەورەكانی دیكەی ئەو سەردەمە دەكرد كە چی رویداوە و هونەرمەندانێكی تا ئەو ئاستە لە توانایی و شارەزایی هونەری بۆ وەها لە بیر كراون و تەنانەت مەرگی كۆمەڵێك لە و كەسانە لە بێدەنگی و كڕوكپی رویداوە. بە بینینی وەها بارودۆخێك، هەستێكی وەها تێمدا چەكەرەی كرد لە پاداشتی چێژێك كە لە مۆسیقای ئەم هونەرمەندانە وەرم گرتووە، هەوڵ بدەم بە سازینی پەیكەری ئەم خۆشەویستانە لە ئاستی توانایی خۆمدا وەڵامی چاكەیانم دابێتەوە. ئەوە بوو كە لە چوار ساڵ پێشەوە سازینی یەكەمین پۆرترەی ئەم كۆمەڵە بەرهەمەم دەست پێكرد و كەم كەم لە درێژایی ئەم چەند ساڵە دا پۆرترەی هونەرمەندانی دیكەشم ساز كرد. هەڵبەت لە سەروبەندی كار كردنم دا رووبەڕووی كۆمەڵە گرفتێكیش بوومەوە. وەكوو نموونە لە جیهانی مۆدێڕنی ئەورۆدا ئێمە هێشتا ژیاننامەیەكی سادەی ناودارانی شارەكەمان نیە و یان وێنەگەلێكی زۆر كەم لەو هونەرمەندانە لە بەر دەست دایە. بۆم جێی سەرسووڕمان بوو بۆچی ئەم گەورە كەسانە كە لە تەواوی ژیانیان بە بێ هیچ چاوەڕوانیەك هونەرەكەیان پێشكەشی خەڵكی ئەم شارە كرد، تا ئەو ئاستە لە لایەن كۆمەڵگەی كرماشان رووبەڕووی سارد و سڕی و كەمتەرخەمی بوونەتەوە. بینینی ئەم سارد و سڕییە ورەیەكی فراوانتری بۆ درێژە دان بەم كارە پێ بەخشیم. هاوكات لە گەڵ پێشكەوتنی ئەم كۆمەڵە بەرهەمە، كۆمەڵێكی تر لە هونەرمەندانی ناسراوی كرماشان وەكوو "كەیهان كەلهوڕ"، "عەلی ئەكبەر مورادی" و "شارام نازری" كە لە گەڵ هونەرمەندانی نەوەی پێشوو جۆرێك پێوەندییان هەبووە بەم كۆمەڵە بەرهەمەم زیاد كرد.

 

یەكەمین پۆرترەیەك كە دروستان كرد هی كام هونەرمەند بوو؟

 

یەكەمین كار لەم كۆمەڵە بەرهەمەم لە سەر كۆچكردوو "ئیسماییل مەسقەتی" بوو كە لە ساڵی 89 دروست كرا. لەو ساڵەدا بە خۆشحاڵیەوە كۆمەڵێك بابەتم سەبارەت بە كەسایەتیەكان و هونەرمەندانی ناوداری كرماشانی لە دووتوێی پاشكۆیەك بە ناوی "كرماشان" كەوتە بەردەستم كە بابەتەكانی زۆر رێگە و دەرگای لێ كردمەوە: بە تایبەت ئەو بەشانەی كە سەبارەت بە مامۆستا ئیسماییل مەسقەتی بوو. بە راستی جێگەی خاڵی كۆمەڵە بەرهەمێك سەبارەت بە مامۆستایانی گەورە بە تەواوەتی هەست پێ دەكرێت و پێویستە تا ئەم گەورە كەسانە زیندوون لە پێی قسە و باسەكانیان دانشین و كۆمەڵە كتێبگەلێك لە بارەیانەوە بڵاو بكەینەوە. لە بیرمان نەچێت ئەم هونەرمەندە ناسراوانە، مێژووی زیندووی مۆسیقای ئێمەن و دەبێ بایەخیان پێ بدەین.

 

ئەو كەسانەی كە لە نزیكەوە كارەكانی ئێوە دەبێنن وا هەست دەكەن ئێوە بە لە بەرچاوگرتنی قۆناغێكی تایبەت لە ژیانی ئەم هونەرمەندانە سەردیسەكانی ئەوانتان دروست كردوە، قۆناغێك كە بە بەراورد لە گەڵ قۆناغەكانی دیكەی ژیانی ئەم ناودارانە، بۆ ئەوان تراژیك تر بووە. ئایا بە راستی هەر وا بووە؟

 

زۆرجار كارگەلی هونەری بە دوو شێواز ئەنجام دەدرێت. ئێوە برێجار دیكیۆمنتاری لە سەر كەسایەتیە ناسراوەكان ساز دەكەن و كەمتر هەست و سۆزی خۆتانی تێدا بەشدار دەكەن، بەڵام بڕێجار وەكوو كارێك كە من دەیكەم هۆكارگەلێكی تر – وەكوو هەستی دەرونی هونەرمەند –یش لەم بوارەدا بەشدار دەبن. لە درێژایی سازینی ئەم كارانەم هەوڵم داوە لە گەڵ ژیان و بەرهەمی هەر كام لەم كەسایەتییە گەورانە ئاشنا بووم و لەوانەیە ئەو شتەی كە من هەڵم هێنجاوە ناهۆشیارانە لە سەر دوایین كارم كاریگەری دانا بێت. كەسایەتیگەلێك كە هەم لە ژیانی پسپۆڕانە و هەم لە ژیانی ئاسایی خۆیان بە راستی رەنج و ئازارێكی فراوانیان چەشتووە و لە هەمووشی ناخۆشتر "قەدر"یشیان نەزانیون. ئەم بابەتە بە دڵینایەوە لە پەیكەرەكانی من خۆیان دەنوێنن.

 

قەبوڵتانە كە سەبارەت بە مامۆستا نازری و مامۆستا تاهر یاروەیسی هەست بەوە دەكرێت كە زیاتر دیمەنێكی كاتی كە ئەم كەسایەتیانە پێ لە تەمەنتر و یان نەخۆشی و ئازارچەشتووییتان لە بەرچاو گرتوووە. لە حاڵێكدا دەتان توانی قۆناغێك كە ئەوان لاوتر و سەرحاڵتر بوون لە بەرچاو بگرتایە؟

 

بە هیچ چەشنێك پێداگرییم لە سەر پیشان دانی ئازارچەشتوویی هونەرمەندێك نەبووە. مەخابن لە سەردیسی مامۆستا نازری دەكرێت تێگەیشتنی جیاوازتر هەڵێنجن. من زۆر هەوڵم داوە شێوازی خۆڕاگری، لوتبەرزی و ئەو گەورەییەی لە كەسایەتی نازری دا بوونی هەیە لەم بەرهەمە پیشان بدەم. لەم پۆرترەیە ئێوە دەبێ گشتیەتی كارەكە لە پێش چاو بگرن: چاوێك كە لە ئاسۆ بڕیوە و گەردنێك كە زۆر بە لوتبەرزییەوە بەرز رایگرتووە. خۆڕاگرییەك كە من لەم "پۆرترەیە" ئەیبینم زیاتر دەرخەری رۆحێكی حەماسییە كە من لە مۆسیقای مامۆستا نازری هەڵم هێنجاوە. لەم نێوانەدا مژارێكی دیكەش بوونی هەیە و ئەویش ئەوەیە كە ئەو كەسایەتیانە كە دەگەنە تەمەنی پیری، سرنجی پەیكەرسازەكان زۆرتر بۆ خۆیان رادەكێشن، چونكوو پێستیان تووشی چرچ و لۆچ دەبێت و ئێسكەكان لە ژێر پیستەوە دەر دەكەون. لەم كاتەدا ئیوە ئیدی لە گەڵ رەنگی پێست و كاریگەری روانین سەروكارتان نیە: ئەو شتەی كە بەرچاو دەكەوێت پێوندی فەرمی و درێژەدادڕی و سێبەر و رۆشناییگەلیێكە كە لە بەرهەم دەردەكەون. هەروەها شۆڕ بوونەوەی ماسولكەكان یارمەتی پڕ وزەتر بوونی كارەكە دەكات.

 

كۆمەڵە بەرهەمێك كە ئێوە پێشكەشتان كردوە لە پورترەی گەورەكانی مۆسیقا سەروتر رۆییوە و كارتان لە سەر سەردیس و پەیكەری گەورەكەسانێكی وەك عەلی ئەشرەف دەرویشیان، سەردار یارمحەمەدخان، محەمەدرزا كەلهوڕ و پەرتۆ كرماشانیش كردوە. ئەم رۆخسارانە چۆن زیاد كرانە سەر ئەم كۆمەڵە بەرهەمەتان؟

 

لە كاتی دروست كردنی كۆمەڵە بەرهەمەكانم، هەستم كرد نە تەنیا هونەرمەندانی بواری مۆسیقا، بەڵكو زۆرێك لە گەورەكانی ئێمە لە شوێنی لە داییك بوونی خۆیان نەناسراون و ئەم خەمساردی و بێ بایەخیەش بەرانبەر بە كەسایەتیەكانی دیكەی ئەم پارێزگایە ئانجام دراوە.

 

لە زینی كۆمەڵێك لەو كەسانەی سەردانی ئەم پێشانگایەیان كرد ئەم پرسیارە سەری هەڵدا كە بۆچی زۆر كەسانی تر لە كەسایەتیگەلی ناسراوی هونەری وەكوو مەحموود مەراتی، مەنوچهر تاهرزادە، سەید ئیسماییل پیرخدری، بهزاد كرماشانی و ... كە چارەنووسێكی هاوبەشیان هەبووە. لەم كۆمەڵە بەرهەمەتان بوونیان نیە. ئایا هۆكارێكی تایبەتی هەبووە كە تەنیا كارتان لە سەر ئەم كەسایەتیانە كردووە؟

 

لۆژیكی تر وابوو كە دروست كردنی ئەم كۆمەڵە كارە لە لایەن دامەزراوەیەكی دەوڵەتی بووبایە و منیان وەكوو بەڕیوەبەری سازینی ئەم بەرهەمانە هەڵبژاردبایە. بە پێی نەبوونی پیشتیوانیش هەوڵم دا وەڵامی دەنگی هەناوم بدەمەوە و تێكۆشام ئەو ئەركەی بەرانبەر بەم گەورەكەسانە لە سەرشانم بوو جێبەجێی بكەم. لە راستی دا بەم كارەم بۆشاییەكم پڕ كردەوە. لە هەمان كاتدا لە بیرمان نەچێت پەیكەرسازی كارێكی زۆر ئەستەم و دژوارە و راگرتنی كارگایەك و كەرستەی پێویست تیچووی زۆری دەویست. بۆ پەیكەرسازێكی وەك من كە توانایی ماڵیەكی سنوردارم هەیە دروست كردنی ئەم بەرهەمانە دژوارە. راستە جێگەی فرەیەك لە كەسایەتیەكان لەم كۆمەڵە بەرهەمەی من بە راستی خاڵیە بەڵام بە هۆی سەرچاوەی ماڵی سنوردار ناتوانم كار لە سەر هەموویان بكەم. ئێمە لەم شارە پەیكەرتاشگەلێكی ناوداری وەك مامۆستا خاوەرزادەمان هەیە كە ئەویش بە هۆی نەبوونی هیچ چەشنە پاڵپشتیەك بە راستی دەناڵێنێت. بەرپرسانی فەرهەنگی ئەم شارە دەبێ لە بوونی پەیكەرسازێكی وەكوو خاوەرزادە زۆرترین كەڵك وەربگرن لە حاڵێكدا بارودۆخی هەنووكەیی، ئەم هونەرمەندەی لە كارەكەی دلسارد كردۆتەوە. بەداخەوە دامەزراوە كولتورییەكانی ئێمە خولیا و هۆگرییەكی وایان بە كولتور و هونەر نیە و كارەكانی ئێمەیان پەراوێز خستووە. دامەزراوەگەلێكی وەكوو شارداری كە هەمیشە دەبێ بەرانبەر بە بەڕێوە بردنی وەها پێشانگاگەلێك كونجكۆڵ بن، هیچ چەشنە كردارێكیان لەم بوارەدا پیشان نەداوە. لە رۆژانی بەڕێوە چوونی ئەم پێشانگایە بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كولتور و رێنمایی كرماشان سەردانی ئەم پیشانگایەیان نەكردوە و پیشانیان داوە كە حەزیان بە ناساندنی ئەم هونەرە نیە.

 

بەڕێز ئیقباڵی لە كۆتایی دا ئەگەر قسەیەكی نەوتراوتان هەیە فەرموون:

 

هونەری پەیكەرسازی هونەرێكی گشتی یە: هونەرێكە كە ئەتوانێت شوناسێكی مرۆیی بە شارێك و كۆمەڵگەیەك ببەخشێت. ئێمە لە گرنگترین شارەكانی جیهان پەیكەرگەلێك بە دیی دەكەین كە نێوبانگی جیهانیان دەر كردوە و وەكوو هێما و نیشانەی ئەو شار و یان تەنانەت وڵاتە ناسراون. لە كرماشانیش دەبێ پۆرترەی كەسانی ناودار و كەسایەتگەلی بلیمەت، وەكوو هێمایەك لەم شارە لە بەرچاوی سەرجەم هاوڵاتیان دا بێت تا ناو و هونەری ئەوان و ئەو شتەی كە كردویانە لە بیر نەكرێن.

 

بە روانینێكی خیرا بە شەقامە سەرەكیەكانی دەبنین تەنیا كۆمەڵێك كارگەلی رۆتین لە پانتایی شار دامەزراون. ئەمە تەنیا بەشێك لە توانای پەیكەرسازی یە و لە بەشێكی دیكەی ئەم هونەرە كە ئامادە كردنی بەرهەمگەلی ناوازەیە كەمتەرخەمی دەكرێت. ئەگەر ئەم خاڵە رەچاو نەكرێت لەوانەیە ئەم شارە بەم زوانە پڕ لە كاردەستیگەلێكی قەبارە گەورە ببێتەوە و ئەمەش شایانی شارێكی بە پێشینەی مێژویی وەك كرماشان نیە. شارێك كە بەرهەمێكی بەرجەستەی وەك تاقۆستانی هەیە و ئەمەش بە خاڵێكی وەرچەرخان لە مێژووی پەیكەرسازی هەژمار دەكرێت. پەرویز تەناولی پەیكەرسازی ناسراوی ئێرانی لە كتێبی مێژوی پەیكەرسازی لە فەرهادكۆكەن وەكوو یەكەمین پەیكەرساز لە مێژووی ئێران ناو دەبات: پەیكەرسازێك كە بەخۆشحاڵیەوە تێپەڕینی رۆژگار هێشتا ناوی لە یادی خەڵكی نەسڕیوەتەوە. شارێك كە جاڕی ئەوە لێ دەدات ئاخێزگە و شوێنی وەها پێاویكە دەبێ سرنجێكی زیاتر بداتە پەیكەر سازی و ئیزنی دامەزراندنی هەر بەرهەمێك لە پانتایی شار نەدات و بەهایەكی زیاتر بە هونەری شازی پەیكەرسازی بدەن.

 

هەروەها لە خەڵكی كرماشان داواكارم خوشەویستی زیاتریان بۆ گەورە هونەرمەندانی خۆیان هەبێت. بۆ ئەو هونەرمەندانەی كە كۆچیان كردوە لەوانەیە نەكرێت كارێك بكەین. بەڵام لە گەڵ بەڕێوەچوونی پیشانگاگەل و دانیستنگەلی كولتوری و هونەری جیاواز رێز لە هونەرمەندانی بەرجەستەی ئێستای خۆمان بگرین و بە كۆمەلگەیان بناسێنین.

 

 

سازدان: بێهزاد خاڵوەندی

گەڕان بۆ بابەت