ما 6230 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئەدەب و روانگە

یەکێک لە کێشەکانی مرۆڤ، تاکڕەهەندیی رووانینە. ئەوەیکە تەنیا بە جۆری رووانینی خۆیەوە بچەسپێ و ئامادەنەبێ، یاخود لە بنەڕەتدا نەتوانێ بگاتە ئەو ئاستەی کە دەکرێ جۆری تری رووانین هەبێ و بۆیە لە دەمارگرژییەکانی خۆی کەم بکاتەوە. راستییەکەی ئەوەیە مرۆڤ زۆر ئاسان دەتوانێ لە جیهانی خۆیدا یەخسیر بێ و، تەنیا جۆری لێکدانەوە و تێبینیی خۆی بە راست بزانێ.

ئەدەب ئەو شوێنەیە کە دەتوانێ لەم حاڵەتەدا گۆڕانکاری پێک بێنێ. ئەدەب، بە تایبەت رۆمان و چیرۆک، بە هۆی بەرجەستەکردنی ناخ و دەروونناسیی مرۆڤەکانەوە دەتوانێ ئێمە لە جیهانی تایبەت بە خۆمانەوە بگوازێتەوە بۆ جیهانیی دەروونیی ئەوانی تر و بە بەرجەستەکردنی هەست و دونیای دەروونیی ئەوی دی تێمانگەیەنێ کە هەر بەو ئەندازەیەی ئێمە خۆمان بە رەوا دەزانین، ئەوانی تریش دەکرێ وەها بن.

هەڵبەت ئێمە ئەمە دەزانین، بەڵام ناتوانین تێی بگەین و پێوەندیی لەگەڵ دابمەزرێنین. ئەدەب لە رێگای 'ناسینی هەستی'یەوە کارێک دەکا کە ئێمە زیاتر لە زانین، هەست بە بارودۆخی دەروونیی کەسی بەرامبەر بکەین و بەم شێوەیە زانین لە زانینی رووتەوە ببێ بە زانیاریی هونەری کە یەکجار گرینگە.

بۆیە ئەدەب دەتوانێ لە نێوان مرۆڤەکاندا هەستی هاوسۆزی زیاتر دروست بکا بە بێ ئەوەی باوەڕ بە روانگەی یەکتر بهێنن. ئەدەب گۆڕان لە شکڵ دا سازدەکا و، ئەمە دەبێتە هۆی بە ئینسانی تر کردنی کۆمەڵگا.

سایتی قەڵەم

١ی مانگی یەکەکەمی ٢٠٢٣

گەڕان بۆ بابەت