نه‌ژاد عزیز سورمێ
ئه‌وه‌ی ده‌ڕوانێ، هیچ وه‌ختێ بێ هیوا نییه، هه‌میشه ئاسۆیه‌كی لێ دیاره،
هه‌میشه پڕشنگی لێ ده‌بنه‌وه...
ئه‌وان له تاریكی‌دا گۆش كراون و به په‌نجه‌ره‌دا دزه‌یان بۆ ژووره‌وه كردووه، لێ خۆشبه‌ختانه دیارن... نه مه‌مله‌كه‌تی عه‌شقیان لێ ده‌كه‌وێ، نه ده‌توانن بۆ ته‌نیا ساتێك ئاشنای نهێنییه‌كانی سووتان بن.
نیگــا(*)
نه‌ژاد عزیز سورمێ
ئه‌وین هه‌میشه بڕێك شێتایه‌تی تێدایه
لێ شێتایه‌تیش بڕێك عه‌قڵی تێدایه
نیتچه
- ئاوازی شه‌كه‌ت...
ئیكسیری خۆشه‌ویستی، تا بڵێی قووڵ ، تا حه‌ز بكه‌ی ساده،
له كوانووه سارده‌كانه‌وه نایێ...
چرات هه‌میشه هه‌ڵبێ...
هه‌رده‌م تا تێتدا بێ به ته‌نیا نیگایێ ڕه‌شانگی ئه‌و بۆره دڵانه ببینی،
ته‌نیا له‌سه‌ر كاغه‌ز و ڕووی ڕۆژنامه‌كاندا سپی ده‌چنه‌وه،
ئه‌وانه‌ی نه له‌زمانی ته‌نیایی ده‌گه‌ن، نه سیپاره‌یه‌كی خه‌میان خوێندووه‌ته‌وه،
نه باده‌ی سپێده و ڕۆژپهڕییان ڕۆژێ له ڕۆژان هه‌ڵداوه...
- ئه‌مجاره‌ش ئه‌و نیگایه له زرنگانه‌وه‌ی شكۆفه نایلۆنییه‌كانی پاراستم...
به‌رده‌وام ده‌بم له سه‌ما...
خۆشه‌ویستی به‌بێ شه‌ره‌نگی جودایی و ئه‌سته‌می ژوانان له لێڕهوارێكی
سووتاو ده‌چێ...
مرۆڤه به عیشووهكان، ئه‌وانه‌ی ((له مانای گریه نازانن)) و
به هێزی پێناوی و خۆههڵخستن به‌ڕێوه ده‌چن، گوناهه ده‌ستی له‌رزۆكیان بگیرێ و به بازی كێویان و نمه‌ی باران بسپێررێن...
- له‌وه‌ته‌ی مرۆڤ هه‌یه ئه‌و نیگایه هه‌یه .
سترانێك له شارای (نان)ـه‌وه تا سه‌ما و له‌یزینی جیهانایه‌تی ..
ئه‌وه‌ی به ڕاستی عاشق بووبێ ، قه‌ده‌ر باهۆزێكی له لایه‌ك هه‌ر بۆ هه‌ڵ كردووه بایی دوو ڕێژنانی هه‌ور بۆ هێنابێ و ژه‌نگی به‌ردیده‌ی ڕاماڵیبێ ..
نیگاكانی تۆ له بهدخهویدا دژوار، پشێو و بێ نه‌خش ده‌بیندرێن، به‌ڵام بارانی نوورن، كانیی له‌زه‌ت و تێكه‌ڵاوبوون ده‌ته‌قێننه‌وه ..
ئه‌وه‌ی ده‌ڕوانێ ، هیچ وه‌ختێ بێ هیوا نییه ، هه‌میشه ئاسۆیه‌كی لێ دیاره،
هه‌میشه پڕشنگی لێ ده‌بنه‌وه...
ئه‌وان له تاریكی‌دا گۆش كراون و به په‌نجه‌ره‌دا دزه‌یان بۆ ژووره‌وه كردووه، لێ خۆشبه‌ختانه دیارن... نه مه‌مله‌كه‌تی عه‌شقیان لێ ده‌كه‌وێ، نه ده‌توانن بۆ ته‌نیا ساتێك ئاشنای نهێنییه‌كانی سووتان بن .
(*) ئه‌م نووسینه به داوای سه‌رنووسه‌ری گۆڤاری (شاوشكا) د . كوردستان موكریانی ساڵی 2005 به تایبه‌تی بۆ ئه‌و گۆڤاره نووسراوه .