ما 1390 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئازاد کریمی
ئێمه پازده کەسین
هەر وەک پێشتر بووین
تیرمان هێنا
کەوانمان ئاشکرا کرد
ژێمان لێنا
کونتیرمان دووریەوه بۆ تیری چارەنووس
 
پازدە
 ئازاد کەریمی
 
ئێمه پازده کەسین
ڕاسپاردراوین
ڕاسپاردەکه نهێنی یه!
 
ئێمه پازده بزمارین
کۆڵەکەی ڕەشماڵی کۆچەرمان ڕاگرتوه
به گوریسەوه
به تەختی خاکەوه
بڕیاره خێڵەکه نیشتەجێ بێ !
 
ئێمه پازده ئەستێرەین
کەسمان نه گەلاوێژه
نه سیوەیل!
دیار و بێ ناوین
ناومان نهێنییه
به کۆڵانەکانی شاری شەودا ئەڕۆین
ڕۆژیش ئەمانبینێ
نەشمیل و نەخشین و نیان و نەسرین، زەماوەندیانه
به هەژدە شەقاو
زاوا دێته پێشواز
بووک به کراسەکەیدا
زێڕ و یاقووت و زومڕوتی دووریوه.
به شەش هەناسه ئەگەینه ئاگری نەورۆز...
میر، مشخەڵی هەڵگرتوه
جیرانی ماڵی زاوا
جیرانی ماڵی بووکن
هەر له ئێستاوه چاوەڕوانی
گوێزەبانی حەوتەمین کوڕن.
 
ئێمه پازده کەسین
برازاواین
قۆڵی بووک ئەگرین
با زاوا دڵخۆش بکەین به برایەتی
کەس" دوو دەسماڵه" ناکات
هەموو بووکن
هەموو زاوان...
مانگ له خوێندا هەڵکێشراوه!
 
ئێمه پازده کەسین
ئاگامان له پرشکەی خوێنه با کەسمان نەگرێتەوە
مۆتەکه له سووچی تاریک هاتە دەرەوه
وەک بەدکارەی فڵانخانه خۆی بادا
لێی ئەتکا
کەس نەورووژا...
کەوته سەما
کەس نەپێکرا!
کەوت به سەر دەست و پێماندا
شەپەتێڕەمان پێ کرد
خۆی فرۆشت
تەنانەت نەیاریش نەیکڕی
وادەی نەمابوو،دەوری بڕابوو!
 
کۆتایی بەشی یەکەم/ ١٢ی سێپتەمبەر ٢٠١٣
 
ئێمه پازده کەسین
بووین به پازده دەس
له سەر سفرەی ئدریسی بەرگدروو
فراوینمان خوارد
خەڵاتی کردین
به جبەی ئەژدیهاکی شاهەنشا،
ڕایسپاردین,
ئەمەیان نهێنی نیه:
یەکمان پاسەوانی ئاگرگه بێ
دووانمان خوار و ژووری دەریا بگرین
چوارمان" ڕۆنی مادی" بپارێزین
چوارمان به دەنگ بدویێن
یەکمان دادوەر بێ و جێگری دیاکۆ
یەکمان پارێزەر بێ له جیاتی هەموو
یەک لەنگەرگیر بێ
یەک کۆڵ نەدا به ڕۆژه ڕەشەکان
مانگ و مانگا و هزر و مێیینه
له ئەهریمەن بپارێزێت...
ئدریس بەڕێی کردین
له خودا پاڕاوه
وا ورەی "زوڕوبابل" باڵکێشی سەرمان بکات...
شیوی شەومان له ڕواندز خوارد
"سیائومەی شەهید"
له مۆمیاخانه بوو
" تامۆرسی هۆشەنگ" پرسەی باپیرەی هەڵنەگرتبوو...
 
پازده قۆڵی پازده جار
چەمەرچۆپیمان کرد
هۆشەنگی پیر شینگێڕ بوو
ئەینرکاند:باوک کوژران زۆرجەرگبڕه!
"
میرزا تەقی" کوڕی چاپەزی فەراهانی
سێ ساڵ له "ئەرزڕوم"
تیری خست و کەوانی شاردەوه...
 
ئێمه پازده کەسین
هەر وەک پێشتر بووین
تیرمان هێنا
کەوانمان ئاشکرا کرد
ژێمان لێنا
کونتیرمان دووریەوه بۆ تیری چارەنووس
"
کەواندار" له شاخەبەرزەیه
پازده جار دیلانمان کرد
پازده جار سەرچۆپی گۆڕا
"هانەی پاکیزه "خۆی ڕنی
"ئا-ڕه ش"ی کەواندار،ئازای زێوبەر
لەش و داوێن پاک
تیرهاوێژی بێوێنەی مێژوو
سنووری دیاری کرد
ناخی بێگەردی،
هاوسەفەری تیرەکەی بوو:
له پێشخابوور، کێله شین، له سێسنوور
له ئاراس،له حه مرین،له تەتەهوو
ڕابوورا
نیشتمان گەورەیه
پازده ڕەخش و شەودێز و شەوڕەنگمان لەغاو کرد
پازده پازده پێوانەمان کرد...
تەواو
 
هەولێر- کوردستان
١٣ی سێپتەمبەر ٢٠١٣

گەڕان بۆ بابەت