ما 3647 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

هاشم علی ویسی

 

ئەوکاتەی تەنیاتر لە رۆحی خۆت بە ناو بادا پیاسە دەکەیت تازە پێوەنەکانت لێنابنەوە لە رابردوودا شتێک هەڵیواسیویت بە خۆت و چیدی نازانی داخۆ حەقیقەت لە چاوانی ژووری بی رەنگی رۆحت دەبنەوە سەردەمانێک پێم دەگوت کوڕی خۆم خەم مەخۆ چارەی من و تۆ تازە قەتیس مانەوەیە لە غوربەتەکانی چاوانی ئێوارانی بێ چاویلکە و پردی ئاوێزان و هەڵواسراو بە غوربەتی نوقسانی ماڵێکی داڕوخاو .

 

سامناکتر لە تۆ منم ئەی ژیان

ئاراستەی ژیان لە کام قوژبنەوە لە ئاسۆکان ئەترازێ تا بیر لە گەڕانەوەی هەڵاتنەکانمان لە با و هەستانەوەی ئەو خۆزگانەی لە هەناومانەوە چەق دەگیرسێن بکەینەوە، دەست دابگرە و لە گەرومەوە یەخەی دادڕاوی دەلاقەکان تێک شکێنە لە لیخاوی هەرچی ئاواتی بەتاڵ و تامی سێوی نەکراوی داکەوتنمان بە سیمای نیشتمانەوە بگلێنە و چۆنت پێخۆشە بیفلیقێنە بە هەرچی گومان و مان و نیشتمان و ژانەوە، دابڕان زۆرجاران مردنی گەڕانەوەی دوایین هیوای سەرسووڕماوی منداڵێکی برینداری دەست شەقامی رەق و تەقی شارانمانە مردن زۆرجاران گیرخواردنی نێوان خۆت و خۆتە، کاتێک دەتەوێ لەم دۆزەخەی ئێستامانا بەرانبەر بە بوون بزریکینی و دەنگ هەڵبڕی ئەی ئەو کەسی بە هەر ناو و ناسناوێکی خوازراو نەخوازراوەوە لێم دەڕوانی لە بوونمان دا کام ئاواتی خۆزگەی ژووری پێش بوونمانت لێ راخرا و ویستت لە دیوانی کام پەنجەرە خۆت بنووسیتەوە بەڵام زستان لە تۆ ئەبێتەوە بەهاریش لای تۆ لە من دا تەنیا ماوە، لەم هۆڤێتیەوە ژیان لە چاوانت دا رسکاوە خەونێک تەماویتر لە گومانەکانی ژیان. بڕێجار بیرم ئەو کچە دەیبات کە هەموو خەیاڵی دەبەستێتنەوە بە سەگەکانی بن دیوار و لا کۆڵانەکانی وێرانەشارێک کە نغرۆی تەنیایی منداڵانەی ژووری زەینی داخورپاوی خۆی دەکات و کە چی ساوایەک لە ناخی خۆیدا شک نابات تا بیبەستێتەوە بە کورپەی نووستووی نەستی پڕ ئیگۆستانی خۆی و لە روما هەڵدەماڵی دەمامکی کایە کردن لە خۆم دا و لە خۆیدا دامدەماڵێ لە هەستی بی دەربەستی لانەی بێ لانکەی ژیان

 

بیگرەوە هاکا نیشتمان فڕی

گومان لە و دیو ماناکانی نیشتمان پەنجەریەکی لەم ژوورەی نیشتمان کردۆتەوە و نیشتمان هەناسەیەک کە تۆ پێناسەی دەکەیت تا لە پەنجەرەکانی ژووری بێ ناسنامەی من جێی نەبێتەوە، داخۆ تەنیایی لای تۆ دەبێ بە چی و ژوور بە نیشتمان پێناسە دەکەی(....) مان و مانا لەو دیوی دیوارەکان سەر بە ژوورێکدا دەکەن و ئەی ئەو کەسە دەبسترێیتەوە بە خاڵە سنوورییەکانی هەنار و نار و ئار، لێمگەڕی جارێکتر جاڵجاڵۆکەکان لە ژوورەکەما بە خۆیانەوە بمنووسێنن و بمتلیقێنن بە حەساری ماڵی ئەو کەسانەی لێناگەڕێن تەنیاییەکانیشمان بە جاڵجاڵۆکەی سیمای دیواریینی رۆخساری بنمیچەکان ببەینە سەر، ئازارەکان لە و کاتەوە سووڕاندمی بە زاری تۆ و فلیچقە فلیچقی ئاواتە داڕوخاوەکانی شانی نیشتمانی بێ ژوور و ژاوە ژاوی خەیاڵی ئەو دییوی سنوورەکانی هیچ و هیچتر لە نهلیزم، بمسووڕینە نەکا لە بوونی خۆمدا گومان لام قووڵتر لە مان بێتەوە و بکەومە داوی گومانەکانی تاڵس و بسووڕیمەوە لە پرسیارە پڕ سەروەرییەکانی سوقرات و لە ژوورە باوکاوییەکانی کیرکەگارد مانێک دوووکەڵاویتر لە باوک بمخنکێنێت بە ئایتەکانی سوورەی جاڵجاڵۆکەوە ئیمان لە رۆحما بکەوێتە پیاسە و زمان لە خودا و فریشتەکانی دەربێنم کە بە هۆیەوە فڕاندینیان و بۆ هەتایە سەرگەردانی گان و نان و ژان و زمان و مان، بمگرن هاکا رووخام پیاتانا و بە کەس ساق نەبوومەوە کە لە هەگبەی کام غوربەتا پیاسەکان کوشتمی و نەکەوتم بە باری زاری زنارێکا، لە شەوکەرانی پیاسەکانی تەنیایی دا جگەرەیەکی تر داگیرسێنە هاکا سووتی و بە نیشتمانیش ساق نەبوویتەوە...

 

غوربەت یانی هیچ و هیچ، دەلاقەکان داخەن مردن خەریکە بفڕێت

ئەو کاتەی مۆسیقا سەما بە رۆحت دەکات و لە شوێن و کات دات ئەبڕێت دەزانی مردن درۆیەکی گەورەیە کە لە دێر زەمانەوە بە ناوی ئاسمان و تابلۆ و نەقش و نیگاری هەمەچەشن بە روحمانەوە هەڵیانواسی و لە ژووری تەنیای خۆمان دەریان کردین و راوی ناین بۆ ئەو دیوی سنوور و تخووبەکانی بێگومانی و لە تامەزرۆیی و بوون و تێڕامان لە ساتە پڕ پرسیارەکەنی عەدەن پەراوێز خراین و چاوەڕوانییەکانی سوور هەڵگەڕاو لە سووراوەکانی ئەو و سووتانی سێوانەکان چاوەکانی تاووس و درێژەییەکانی هەڵواسراو بە تاو و تاوەی وس! زاماویترین ساتی هەناومان ژەندنەوەی ساتە پڕ کەسەرەکانی بڤە و سووتانی دەستەکانی بێ بەزیی منداڵیمان لە ژوورەکانی ئێوە بوو کە بەردەوام چزە و بڤەکان لە لێوانمان سوورن و لە چاوانمان بە ئەتکەوە دەتکێن.

ئەوکاتەی تەنیاتر لە رۆحی خۆت بە ناو بادا پیاسە دەکەیت تازە پێوەنەکانت لێنابنەوە لە رابردوودا شتێک هەڵیواسیویت بە خۆت و چیدی نازانی داخۆ حەقیقەت لە چاوانی ژووری بی رەنگی رۆحت دەبنەوە سەردەمانێک پێم دەگوت کوڕی خۆم خەم مەخۆ چارەی من و تۆ تازە قەتیس مانەوەیە لە غوربەتەکانی چاوانی ئێوارانی بێ چاویلکە و پردی ئاوێزان و هەڵواسراو بە غوربەتی نوقسانی ماڵێکی داڕوخاو کە چیدی بە هەناسەکانی ئاسمانیش هەڵنابێتەوە لە چاوەکانی تۆ دا دەمزانی منداڵی تۆ بە بڕی خلیسکان لە غوربەتی ژوورە تەنیاکانی خۆم ئەمترازێنێت و لە دەلاقەیک بە ژوورێکم دا دەکات کە رەنگە نووستبێت کەسێک لە نزمایی ئاسمانی چاوپروسکی چاوەکانت.

 

چاوەڕوانی دەردێکی کوشندەیە ئەو کاتەی گوی بیستی غوربتی پیاسەکانی تۆ لە شەقامەکانی شار دەبم و چاواکەنم لە چاوەڕوانی هەڵدەورێن و لە لێڕەواری دەشتی مردن چاو لە دیوی ژیان دەبڕم تا بزانم داخۆ لە مەرگەوە چاوەڕوانیەکم دەست دەکەوێت کە چاوەکانم چیدی هەڵوەرینی پیاسەکانی منداڵێک بە دیداری ئاوەژۆی قاڵاوێکی هەڵواسراو بە تەنیاییەکانی پەنجەرە بێت و لە هەڵمەتی ئەم بزرستانە بزرم لە غوربەتی بێ تۆیی و هەناسەکانم لە مردن نزیکم ئەکاتەوە و لە مرۆڤ چوونم بیزارم دەکات لەوەی جارێکی دیکە خۆم بکەمەوە بە و ژوورەی کە لە سەرەتاوە مرۆڤی لێ هەڵپێکرا و رێک لەوێ زانیم غوربەت هەر لە تەنیاییەوە لە گەڵ بوونی مرۆڤ پەیدا دەبێت و ئەوانەی دەبنەوە بە مرۆڤ، بڕی جار لە تەنیاییەکانیان فریشتە راو دەکەن و بڕیجاریش شەیتانەکانی ئەو دییو دەلاقەکانی دۆزەخ دەفڕێنن لە دۆزەخەکانیش شەیتانەکانمان هەناومانی خستە قاپی دەلاقەکانی بەهەشت و لەوێوە خۆیان بە دیوارەکانی دۆزەخ هەڵواسی و بەرزەخی نێوانمان هێشتا زووخاوییە و من زاق لە گەردوونی زەمەن بە و دیوی دەلاقەکانی بێ کاتی و شوێنی دەڕوانم و نغرۆی بۆشاییەکی پڕ لە هیچ دەبم، وەرە و لەم هیچیە دەرم بێنە و بزانە هیچ چەندە پەنجەرەی بێ تۆیی لێکردومەتەوە.

گەڕان بۆ بابەت