بەختەوەری و بەدبەختی

هەموو شتێک بە باشی دەروات، گیر و گرفت و چەڵەمە کان زۆر خۆیان ناگرن و بە هاسانی دەکرێنەوە. لەوەها دۆخێکدا ئەگەر کەسێکی خاوەن بڕوای ئاینیت ئەوە بە بەخشش و لوتفی خودای دەزانیت و دەڵێیت خودام لەگەڵ بووە و یارمەتی داوم. ئەگەریش بڕوات بە هەڵکەوت و رێکەوت بێت، لات وایە رێکەوتەکان بە هەڵکەوت باش یەکیان گرتوە. بە هەر حال لە هەردوو لاوە هەستێک لە دەروونتدا ساز دەبێت کە پێت دەڵێت تۆ خۆشبەختی. واتە خۆشبەختی شتێک نییە جگە لە هەستێک کە بە هۆی بڕێک بارودۆخەوە دەتوانێت لە ئینساندا دروست بێت.

 

 

زۆر کەس لایان وایە خۆشبەختی لە سەرکەوتنی ئابوریدایە، واتە ئەگەر توانیت ماڵ و ماشین و پارەی باش و زۆرت ببێت ئەوە خۆشبەختیت، بەڵام ئەمە تەنیا بۆ ماوەیەک دەتوانێت ئەو هەستە لە ئینساندا دروست بکات، یانی پاش ماوەیەک ئەوانە لەلای ئینسان ئاسایی دەبنەوە و وردە وردە لەبەرچاو دەکەون و، ئەو هەستەش نامێنێت.

کە واتە خۆشبەختی یان بەختەوەری چییە؟  "واڵتری " فیلسووف و نووسەری فەرانسی سەدەی هەژدەهەم لە روانگەیەکی رەش بینانەوە دەڵێت: "خۆشبەختی، خەو و ئاواتە و ئازار کێشانە و، بەدبەختیش راستی." یانی ئازارەکانی رێگای ژیان و تەنگ و چەڵەمەکان راستیێکی حاشا هەڵنەگرە، بەڵام بەختەوەری و خۆشبەختی خەونە. کە واتە ئەم دووانە دژی یەکن و هاوکات لە یەک جێدا کۆ نابنەوە، کە بەدبەختی و ئازارت نەبوو ئەوا دەبێت خۆت بە خۆشبەخت بزانیت."

لە روانگەیەکی خۆش بینانەوە دەبێ بڵێین کە بۆ گەیشتن بە بەختەوەری، دەبێت هەوڵ بدەین تەنگ و چەڵەمە و ئازارەکان کەم کەینەوە، ئەمانەش پێوەندی بە جۆری ژیان و بیر و بۆچوونی خۆمانەوە هەیە. ماهاتما گاندی دەڵێت: "باوەڕەکانی تۆ چۆنیەتی بیرکردنەوەت دەنەخشێنێت، بیرەکانیشت کەلامت رێک دەکات، کەڵامیشت کردەوەکانت فورم دەدات، کردەوە و ئاکاری تۆ عادەت و خووەکانی تۆشکڵ پێدەدات، وە خووەکانی تۆ دونیای تۆ دەنەخشێنێت و دونیای تۆش پێک هێنەری داهاتوتە."

رەنگە نەتوانین جیهانێک چێ بکەین سەرتاسەر پڕ لە خۆشبەختی. تەنانەت مرۆڤ بۆ ئەوەی خۆشبەخت بژی، رەنگە پێویستی بە جیهانێکی سەداسەد خۆشبەخت نەبێ، ئەوەندەی کە پێویستی بە چۆنیەتی ژیانکردن هەیە. کەواتە با وەها بیربکەینەوە کە ئاکامە کردەییەکانی دەتوانن خاوەنی کەمترین ئازار بێت بۆ ئەوانی تر.  

سایتی قەڵەم

٦ ی مانگی مەی ٢٠١٥

 

 

بازدید: 1918