ما 4412 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

 کاتێک رۆمانی "لە شوێن زەمەنی لەکیس چوودا" دەخوێنینەوە، دەبینین مارسل پرۆست بە وردەکارییە سەیرو سەمەرەکانی خۆی چەندە لە هەوڵی هێنانەوەی رابردوویە بۆ ئێستا و کاتێکیش ئێمە لە ژیانی رۆژانەی خۆماندا یادەکان دەگێڕینەوە چەندە بە شێوەی گشتی و بە دوور لە زۆربەی وردەکارییەکان دەیانگێڕینەوە. رەنگە هەر ئەم وردەکارییە بێت کە بە پرۆست ئەو ئیزنە دەدا باس لە هەبوونی یادەوەرییەکان لە دەرەوەی ئێمە لە شوێنێکدا بکات و هەر ئەم گشتی گۆییە لە ئێمەیشدا بێت وا دەکات کە پێمان وابێت یاد تەنیا لە رابردوودایە و بەس.

 

 

مارسل پرۆست و ئاشناکانی من

 

سەرەتا، کاتێک تازە هاتبوومە وڵاتی نۆروێژ، لە گەڵ دەرس خوێندن لە شوێنێک کارم دەکرد کە ئەرکمان سەردانی پیرەکان لە ماڵەکانی خۆیاندا بوو. بە ئۆتۆمبیل لێمان دەخوڕی و ماڵە و ماڵمان دەکرد و جگە لە تەڕ و وشک کردنی نەخۆشەکان، دەوا و دەرمانمان پێدەدان و هەروەها بە حوزوری خۆمان بۆ ماوەیەک تەنیایی ئەوانمان لە خانووەکانیاندا دەڕەواندەوە. تەنیایی ئەو ژن و پیاوە بە ساڵاچووانەی کە ئیستاکە تەنیا دەژیان و لە خانوویەکی چۆڵ و بەتاڵدا دووا کاتەکانی تەمەنی خۆیان بە سەر دەبرد.

زستانی یەکێک لە ساڵەکان، کاتێک بەفرێکی زۆر نیشتبووە سەر زەوی و دونیا وەک هەمیشە خێرا تاریک هەڵگەڕابوو، بۆ یەکەم جار خۆم کرد بە ئاپارتمانێکدا. ئاپارتمانێکی خۆش و جوان بە شتومەکە جوان و عەنتیکە و خاوێنەکانییەوە. بە دیتنی خاوێنی و رێک و پێکیی خانووەکە سەرم سوڕما. بیرم کردەوە چلۆن پیرێک دەیتوانی وەها ژوورەکانی رابگرێ. کاتێک چوومە ژوورەوە، چاوم بە ژنێکی یەکجار بە ساڵاچوودا کەوت کە هێشتاکە لەسەر پێ بوو و بە جلە خاوێن و جوانەکانییەوە لە ناوەڕاستی ژووری دانیشتنەکەدا راوەستابوو و چاوەڕوانی منی دەکرد کە تازە لە دەرگام دابوو. هەر کە چوومە ژوورەوە لە دووای چاک و چۆنی هەوڵم دا دەست بکەم بە کارە رۆتینی و ئاساییەکانی خۆم. ژنەکە وتی کە پێویستم بە هیچ یارمەتی و شتێک نیە و داوای لێکردم دابنیشم. منیش دانیشتم. بە بێ یەک و دوو و زۆر بە پەلە لە کاتێکدا لە پەنجەرەکەوە دەیڕوانییە دەرەوە، وتی "دەزانی! کەس نەماوە، کەس. هەموو رۆیشتوون!" من کە پێم وابوو باس لە هاوڕێکانی دەکا کە بە ئیحتیمال لە سەردانی بوون، سەرێکم راوەشاند. ئەوجار ئەو رووی کردە من و درێژەی بە قسەکانی دایەوە و وتی "کەس نەماوە، هەموویان مردوون، تەنیا من ماوم،... کەس نەماوە!" ئەوجار لە مەبەستەکەی گەیشتم. منێک کە سەرەتا خانووەکەم زۆر خۆش و خاوێن و دڵگیر دەهاتە بەرچاو، کتوپڕ وەها هەموو شتێک لەبەرچاومدا سارد و تاریک و تەنگ و باریک هەڵگەڕا کە ترسام، لە هەستی خۆم ترسام. دەستی راداشت بەرەو دەرەوە و گوتی "هەموو شتێک وەک دەرەوەی لێهاتووە،... تاریک و سارد و درێژخایەن." من کە تازە هاتبوومە ئەورووپا، شەرمم کرد لەو روانگەیەی خۆم کە پێم وابوو هەموو شوێنێک لێرە شوێنی رابواردن و خۆشی و خۆشگوزەرانی و ژیانێکی بەهەشتییە. نەمزانی کە لێرەیش پرسیار و رووداوە سەرەکییەکانی ژیان، وەک تەنیایی و مەرگ و بێتاقەتی، دەکرێ یەخەی مرۆڤی ئێرەیش بگرە، هەرچەند لە دۆخێکی جیاوازدا. لەو رۆژەوە لە ئاسمانەوە دابەزیمە سەر زەوی و زانیم کە بەشێک لە ژیان لە هەموو شوێنێک وەک یەکە و مرۆڤ گیرۆدەی هەمان شتە کە لە شوێنەکانی تریش هەنە. پرسیاری بوون و نەبوون.

ئیستا دووای ئەو ساڵانە لەم ماوەیەدا هاوڕێیەکی خۆشەویستم کۆچی دووایی کردووە. لە پەیجی فەیسبووکییەکەمدا لە ژێر وێنەی هاوڕێکەم، یەکێک لە ئازیزان کۆمێنتێکی دانابوو بەم نێوەڕۆکە "ئەمڕۆ زانیم هاوڕێکانم لە قەبرستان ژمارەیان لە هاوڕێکانم لە ناو شار زیاترن!" بە خوێندنەوەی ئەم کۆمێنتارە، یادی ئەو رووداوە لە زەینمدا گەشایەوە کە لە سەرەتای ئەم بابەتەدا باسم لێکرد.

زەمەن دەڕوواو بە مردنی خۆشەویستان و ئاشنایان، جگە لەوەی بارستایی تەمەنی رابردووی ئێمە لەچاو تەمەنی داهاتوومان زیاتر و زیاتر دەبێ، لە هەمان کاتدا بە رۆیشتنی ئەوان ئاشناکانی ئێمە بارستاییان لە داهاتوودا کەمتر دەبێتەوە. واتە زەمەن بۆ مرۆڤەکان هەم لە باری چەندایەتییەوە لاواز دەبێ و هەم لەباری چلۆنایەتییەوە.  

کاتی خۆی "مارسل پرۆست" ی نووسەری فەڕەنسی بە نووسینی رۆمانی "لە شوێن زەمەنی لەکیس چوودا" هەوڵی دا بە ئیلهام وەرگرتن لە تیۆری فەلسەفیی "بەرگسۆن"، ئەو گوتەیەی برگسۆن بە شێوازی ئەدەبی بەرجەستە بکاتەوە کە یادەوەرییەکانی مرۆڤ لە راستیدا لە کیس ناچن و ئەوان لە شوێنێکدا هەن و تەنیا ئەوەندە پێویستە کە مرۆڤ بتوانێ بیانبینێتەوە.

رەنگە نە ئەو ژنە نۆروێژییە و نە هاوڕێ کامێنت نووسەکەی پەیجەکەی من قەت بە سەر ئەم تیۆرەدا لە کاتی خوێندنەوەکانی خۆیاندا نەکەوتبێتن. وە بە گشتی لە زەینی ئێمەدا یاد شتێکە کە لە رابردوودا رووی داوە و ئیدی تەنیا هەر لەوێ دەمێنێتەوە و تەنیا لە رێگای کردەی یادکردنەوەوە دەتوانین بچینەوە لایان، ئەویش بە شێوەی پچڕ پچڕ و زۆر جار لێڵ و ناڕوون.

کاتێک رۆمانی "لە شوێن زەمەنی لەکیس چوودا" دەخوێنینەوە، دەبینین کە مارسل پرۆست بە وردەکارییە سەیرو سەمەرەکانی خۆی چەندە لە هەوڵی هێنانەوەی رابردوویە بۆ ئێستا و کاتێکیش ئێمە لە ژیانی رۆژانەی خۆماندا یادەکان دەگێڕینەوە چەندە بە شێوەی گشتی و بە دوور لە زۆربەی وردەکارییەکان دەیانگێڕینەوە. رەنگە هەر ئەم وردەکارییە بێت کە بە پرۆست ئەو ئیزنە دەدا باس لە هەبوونی یادەوەرییەکان لە دەرەوەی ئێمە لە شوێنێکدا بکات و هەر ئەم گشتی گۆییە لە ئێمەیشدا بێت وا دەکات کە پێمان وابێت یاد تەنیا لە رابردوودایە و بەس.

بێگومان گەر ئەو ژنە نۆروێژییە و هاوڕێ فەیسبووکییەکەی من دەست بۆ قەلەم ببەن و هەوڵ بدەن ورد ورد بچنەوە ناو یادەکان، ئەوانیش وەک مارسل پرۆست نە پێویستیان بە شوبهاندنی ژیان بە دەرەوەیەکی زستانی و تاریک بێت و نە بە بەراوردکردنی شار و گۆڕستان پێکەوە.

ئەگەرچی هەم ئەوان و هەم پرۆست لە یەک هەستی ئیسنانییەوە دەست پێدەکەن کە ئەویش خۆشەویستییانە بۆ ژیان و بۆ مرۆڤ.

 

 

گەڕان بۆ بابەت