گەشبیر ئەحمەد

بە زمانێکی شیرین و داڕشتنێکی نایاب توانیویەتی ڕوداو لە دوای ڕوادو بچنێتەوە لە کۆتایەی پەیامەکەیدا بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێت کە ئەو پیاوانەی لەگەڵ ژندا توند و تیژن، ئەو ئەو کەسانەن کە خاڵین لە ھەست و خاڵین لە ویژدان، بوون بە جەلاد و بەخۆشیان نازانن، تژی بوون لە دڕندەیی، ئاسانترین کردار بەلایانەوە خوێن ڕشتن و کوشتنی مرۆڤە. 

 

جوانی داڕشتن و شیرینی زمان لە چیرۆکی (کۆتایی جەلادێکی قوربانی) ی پشتیوان ھەڵەبجەیی

 

کۆتایی جەلادێکی قوربانی؛ ئەو چیرۆکەیە ئەگەر جارێک بیخوێنیتەوە پێتخۆشە دووبارە و سێ بارە بیخوێنیتەوە، ئەگەرچی لە لایەن پێنوسێکی گەنجەوە خولقاوە، وەلێ ئەوەندە وەستایانە بلۆکەکانی نێو چیرۆکەکەی ھەڵچنیووە بە چەند دیوارێک باڵەخانەیەکی نایابی خولقاندووە، وا ھەست دەکەیت کە چەندین ئەندازیاری بیانی نەخشە و بناغەکەیان داڕشتووە، کە دەچیتە ناو ژوورەکانی ئەو باڵەخانەیە بە تەواوی ئاوێتە دەبیت لە ناو کوچەکانی و شەیدای خشت و کاشی و سەکۆکانی دەبیت و ھەر حەز ناکەیت سەر بھێنیتە دەرەوە تەنانەت لە پەنجەرەکانیشەوە. پشتیوان بە زمانێکی ھێجگار نایاب چیرۆکەکانی داڕشتووە لە گێڕانەوەی چیرۆکی (کۆتایی جەلادێکی قوربانی) بە تەواوەتی ھەست بەوە دەکەیت کە ئەم چیرۆکە ئیش کردنە لەسەر ڕوحی مرۆڤ لە ڕووی دەروونی و فیزیکیەوە کە ئەو ھۆکارانە چین دەبنە ھۆی دروست بوونی دیکتاتۆرێک یان جەلادێک. نوسەر دەمان ناسێنێت بەو حەقیقەتەی کە ھەر خودی مرۆڤەکانن جەلادەکانیش دروست دەکەن، تەنانەت ھیچ مرۆڤێک بە جەلادی لەدایک نابێت. مارکس لای وابوو کە (ئەدەب زادەی ڕووداوەکانی ژیانە) بەو مانایە کە ئەوەی نوسەرێک دەینوسیت گوزارشتە لە ڕوداوەکانی نێو کۆمەڵگا، لەم چیرۆکەدا ئەوەمان بۆ ڕوون دەبێتەوە کە بیر و باوەڕەکەی مارکس لە جێی خۆیدایە چونکە ناوەڕۆکی چیرۆکەکە گوزارشتە لەو ڕوداوانەی ئەم دەیەی کۆتایی لە خۆرھەڵاتی ناوەڕاستدا، لەگەڵ ئەوەشدا نوسەر بە لۆژیکەوە ڕوداوەکانی ئاوێزانی ئەندێشە کردووە و بەھایەکی گرینگی داوە بە خەیاڵ بۆ نموونە فیگۆری (سەرۆک) کە جەلادە لەھەمان کاتدا خۆشی قوربانیی دەستی ڕۆژگارە سەختەکانی ژیانە، لە کاردانەوەکانی زڕ دایکێکی شەھوەتباز و باوکێکی زاڵم وایان کرد کە یاخی بێت و بچێتە سەرشەقامەکان و لە کۆتایشدا ببێت بە جەلاد. نوسەر زۆر بە ھونەریانە وێنەی فیگۆری (نەسرەدینی قەمەر)ی کێشاوە کە ھەست دەکەیت بە زیندووی دێت و دەچێت. ئەم چیرۆکە ئەگەرچی لە ڕووی بیرۆکە و ناوەڕۆکەوە سادەیە و لە زۆر بواردا ئەو ڕوداوەت بیستووە، وەلێ پشتیوان ئەوەندە بە جوانی ئیشی لەسەر کردووە ھەست دەکەیت قوبڵیەک دەخۆیت کە بە ئاگرێکی زۆر کز دەمی کێشا بێت.

ئەو کاتانەی کە نوسەرێک یان کە شاعیرێک دەبینم و باسی بەرھەمی تازەی خۆی دەکات، یەکسەر دەپرسم دەتەوێت بڵێت چی؟ و چۆنی دەڵێت؟ پەیامەکەت چیە؟ پشتیوان لەم چیرۆکەدا پەیامێکی زۆر جوانی ھەیە و ئامۆژگاری نەوەکانی داھاتوو دەکات و وانەیەکی جوانی گوتووە بە وردەکاریەوە وە شڕۆڤەی ئەو دۆخەی کردووە کە جەلادەکان چۆن دروست دەبن، و لە کۆتایشدا دەبن بە دیکتاتۆر. ھەروەھا سەرکەوتوو بووە لە ڕووی گێڕانەوەکەدا وەکو ئەو پەندەی کە دەڵێت (گرینگ نییە چی دەڵێت گرینگ ئەوەیە کە چۆنی دەڵێت.) لە ڕووی تەکنیکەوە زۆر بەھێزە، بە شکاندنی دیوار لە دوای دیوار و ئاشکراکردنی نھێنی بە دوای نھێنی بەتەواوەتی تام و چێژێکی زۆر لەم چیرۆکەدا وەردەگریت و بە لۆژیکەوە بە ئاسانی  پەلکێشت دەکات بۆ درێژەدان بە خوێندنەوەی دێڕ بە دێڕی چیرۆکەکە، وەکو ھێزێکی موگناتیسی ڕاتەکێشێت کە چیرۆکەکانی تریش بخوێنیتەوە لە کتێبەکەدا.

ئەم چیرۆکە باس لە نھێنی ژیانی سەرۆک دەکات کە کودەتا لە دژی کراوە و ئێستا لە شوێنێکی نھێنیدا خۆی حەشارداوە، ئەم سەرۆکە ھەموو نھێنیەکانی ژیانی خۆی بۆ یەکێک لە خزمەتکارەکانی باس دەکات ھەر لە منداڵیەوە ھەتا دوا ھەناسەی ژیانی.

بە زمانێکی شیرین و داڕشتنێکی نایاب توانیویەتی ڕوداو لە دوای ڕوادو بچنێتەوە لە کۆتایەی پەیامەکەیدا بە ڕوونی ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێت کە ئەو پیاوانەی لەگەڵ ژندا توند و تیژن، ئەو ئەو کەسانەن کە خاڵین لە ھەست و خاڵین لە ویژدان، بوون بە جەلاد و بەخۆشیان نازانن، تژی بوون لە دڕندەیی، ئاسانترین کردار بەلایانەوە خوێن ڕشتن و کوشتنی مرۆڤە. لە ھەمان کاتدا نوسەر ئەوەمان بۆ دەسەلمێنێت کە ئەم جەلادە بێ بەش بووە لە زۆر مافی سەرەتای مرۆڤ، بێ بەش بووە لە عەشق ھەتا گەیشتووە بە دۆخێک کە ھیچ ھەست و سۆزێکیشی نەمێنێت تەنانەت لە شوێنێکدا بە نەسرەدینی قەمەڕ دەڵێت (گەر لە باوەشی ژنێکدا مەست حەز و شەھوەت بومایە، میھرەبانی سۆز و عیشقی ژن سیحری جەلادێکەمی بەتاڵ دەکردووە) لە شوێنێکی تردا سەرۆک دەڵێت (ئاخر نەسرەدینی ھاوڕێم من تەنانەت ژنە پیرۆزەکەی خۆشم لە ئامێز نەگرتووە، و شەوێک لێوم نەناوە بە ھەناسەکانیەوە و چێژم لە ماچێکی نەبینیووە، ئیدی پیاوێک خاڵێ خاڵی لە دونیای مێینە، چۆن ناگاتە مەملەکەتی جەلادەکان).

قوفڵی چیرۆکەکە زۆر جوانە بە سەرەتای چیرۆکەکەوە گرێدراوە، زیاتر ھەست دەکەیت لە سینەمادا دانیشتوویت و سەیری فلیمێک دەکەیت ئەوەندە بە جوانی وێنەکانی کێشاوە.

ھەروەھا ئەم چیرۆکە خەڵاتی یەکەمی، چواردەھەمین ڤیستتڤاڵی گەلاوێژی وەرگرتووە لە ساڵی ٢٠١٠ واتە بەدەیان فیلتەری ئەدەبیدا گوزەری کردووە ھەتا پلەی لوتکەی بەدەستھێناوە، ئیدی ئەمەش گەواھیدەرێکە بۆ ڕاستی و دروستی خوێندنەوەی من بۆ ئەم چیرۆکە.

 

 

 

بازدید: 1176