ما 3705 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

دەنگی مەلا و، کەڵەشێرەکە وندەبن. بێدەنگییەکی سەیر وڵات دادەگرێ. لەگەڵ ئەوەی پاییز نیە، سروەیەک دوو گەڵا لە لقێکی درەختی سێوەکە لەگەڵ خۆی هەڵدەوەرێنێ؛ بەڵام نایانبا. لە ماڵە دراوسێکەمانەوە دەنگی قاپ و قاچاخ دێت. بۆنی نۆکاو بە ناو هەوادا پەخش و بڵاو دەبێتەوە. دەڵێم دەڕۆم کاتی ژەمی نیوەڕۆیە. دەڵێم رەنگە تازە ساڵێکی تر بگەڕێمەوە، هەڵبەت مەبەستم ساڵە تازەکەی خۆمانە. دەڵێ کەواتە ماوەیەکی زۆر یەکتر نابینینەوە. دڵم دادەخورپێ. بەس هیچ ناڵێم. جا چییە لە پێناوی درێژیی تەمەن با جارێکە یەکتریش نەبینینەوە. مەگەر نەک ئەوەیکە عادەتی پێدەگرین و، ساڵە درێژەکانیش وەک کورتەکانیان لێدێتەوە.

ماڵئاوا تا ساڵێکی تر!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

وتی رەنگە ئەمساڵ کەمێک درەنگتر تێپەڕێ. وتی مەبەستم کاتە. وتی لام وایە ئەمساڵ درەنگتر دەگوزەرێ و، بەم شێوەیە ژیانمان درێژتر دەبێتەوە!

بیرم لە چرکەکان کردەوە، لە خولەک و لە کاتژمێر. راستی کات کامیانە؟ رەنگە کات رۆژەکان و مانگەکانیش بن، یان ساڵەکان. راستی ئێمە زیاتر هەست بە کامیان دەکەین؟

باوەڕم پێکرد. لێکمدایەوە کە راستە کات کاتە، بەڵام دەبێ هەندێ جار ئەویش هەنگاوەکانی ئارام بکاتەوە. رێک وەک پیرەمێردێک بە گۆچانێکەوە کە ئێوارەیەکی ژیان لۆژەلۆژە بەرەو ماڵەوە دەبێتەوە. بە چاویلکە ئەستورە وەک ژێرپیاڵەکانییەوە، کاتێک دەورووبەر زیاتر لە هەر کاتێکی تر دەبێ بە تارمایی. پشتێکی چەماوە و کووڕ کە زیاتر لە هەر رێبوارێکی تری ناو کۆڵان دەزانێ تامی ئێوارە چییە.

دەڵێم رەنگە ئەمساڵ درەنگتر تێپەڕێ. دەڵێم مافی خۆمانە. مرۆڤ دەبێ لانیکەم یەکێک لە ساڵەکانی ژیانی بە کاوەخۆتر هەنگاو هەڵگرێ. وەها کە خواخوامان بێت سەرئەنجام ئەویش تێپەڕێ!

بزەیەکی دێتێ. وەک ئەوەی یەکەم جارە کەسێک لە پرسێکی گرینگ لەگەڵیدا هاوڕا بێت. دەڵێم کۆتایی ساڵ یەکتر دەبینینەوە و، ئەوسا بزانین. دیسان بزەیەکی دێتێ.

منداڵێک بە تۆپێک لە کۆڵان یاری دەکا. لە پەنجەرەکەی سەرەوە چاومان لێیە، تەنیایە. شەقێک لە تۆپەکە هەڵدەدا و، دەکەوێتە حەوشەکەی ئێمە. لە بن دارسێوێکدا خۆی دەگرێتەوە. لە تۆپەکە رادەمێنین. دەڵێم دارسێوەکە لەمێژە چیتر بەرنادا. دەڵێ لەمێژە سەردەمی سێو نەماوە،... باو باوی لیمۆی ترشە. بزەیەکم دێتێ.

راستی بۆچی لە سەردەمی لیمۆ ترشدا دەمانەوێ ساڵێک لە تەمەنمان بە کاوەخۆتر هەنگاو هەڵبێنێ؟!

منداڵەکە لە زەنگی دەرگاکە دەدا. لە یەکتر دەڕوانینەوە. کاممان بیکاتەوە؟ دەلێم گەر بەڵێنە ئەمساڵ درەنگتر تێپەڕێ، دەبێ منداڵەکە زیاتر چاوەڕوان بێت. ناوچاوی تێکدەنێ. منیش خۆم ناگرم، بە شەقێک تۆپەکە ئاودیوی حەساری کۆڵانەکە دەکەمەوە. منداڵەکە دەکەوێتەوە کایەکردن. مەلای مزگەوت بانگی نیوەڕۆ دەدا و، کەڵەشێرێکیش خۆی دەکێشێتەوە. رستە عەرەبییەکان بیری سەردەمی سەرەتای ئیسلامم دەخەنەوە. دەڵێم موسوڵمانەکان دووای محەممەد خەلیفەیان بۆچی بوو؟ بۆچی وەک ئەوانی تریان نەکرد؟ قەڵەمڕەویان بۆچی بوو؟ داخۆ ئیستا سەریان سووکتر نەدەبوو؟ دەڵێ گەر ساڵێک لە ساڵەکانی تەمەنی مەحەممەدیش درەنگتر بگوزەرایە، رەنگە وەهای لێبهاتایە!

خەلیفەکان بۆ هەمیشە ون دەبوون.

دەنگی مەلا و، کەڵەشێرەکە وندەبن. بێدەنگییەکی سەیر وڵات دادەگرێ. لەگەڵ ئەوەی پاییز نیە، سروەیەک دوو گەڵا لە لقێکی درەختی سێوەکە لەگەڵ خۆی هەڵدەوەرێنێ؛ بەڵام نایانبا. لە ماڵە دراوسێکەمانەوە دەنگی قاپ و قاچاخ دێت. بۆنی نۆکاو بە ناو هەوادا پەخش و بڵاو دەبێتەوە. دەڵێم دەڕۆم کاتی ژەمی نیوەڕۆیە. دەڵێم رەنگە تازە ساڵێکی تر بگەڕێمەوە، هەڵبەت مەبەستم ساڵە تازەکەی خۆمانە. دەڵێ کەواتە ماوەیەکی زۆر یەکتر نابینینەوە. دڵم دادەخورپێ. بەس هیچ ناڵێم. جا چییە لە پێناوی درێژیی تەمەن با جارێکە یەکتریش نەبینینەوە. مەگەر نەک ئەوەیکە عادەتی پێدەگرین و، ساڵە درێژەکانیش وەک کورتەکانیان لێدێتەوە.

بە بێ ئەوەی خواحافیزی بکەم، بەڕێدەکەوم. ناگەمە دەرگاکە، پەڕەسێلکەیەک لەسەر شانم دەنیشێ. دڵنیام لەترسی شتێک سەری لێ شێواوە. رەنگە واشەیەک بە شوێنیەوە بێت. هەناسەبڕکێیەتی. بە هاوڕێکەم دەڵێم ئەمڕۆ وادیارە میوانم هەیە، پێکەوە دەڕۆینەوە. دەنگ هەڵدەبڕێ ریقنەت پیانەکا!

چ بیکا و چ نەیکا، گرینگ نیە. گرینگ ئەوەیە ئەمە یەکەم نیشانەی بەدیهاتنی ئاواتەکەمانە، ئاواتی درێژبوونەوەی ساڵ بە هۆی هێواش بوونەوەی تێپەڕینی کات. کە دەگەمە درگاکە، دەنگ هەڵدەبڕم کە هەر ئەوەندی دەنگی چرکەکان درێژتر بوونایەتەوە چرک... چررک... چرررک... نازانم بۆ کتوپڕ ئەمە بە مێشکمدا هات و، لام وابوو چرکەکان گرینگترین بەشی کاتن.

دەستێک رادەوەشێنێ و، دەڵێ ماڵئاوا!

ماڵئاوا تا ساڵێکی تر!

بۆنێکی سەیر دێتە لووتم. بۆنی گەنیوی رزین. پووش و پەڵاشی ناو زەلکاوی پاییز... ئەگەرچی هێشتا کۆتاییەکانی بەهارە. دەنگی چرکەکانیش هەتا دێن درێژو درێژتر دەبنەوە. نەکا بەڕاستی پاییز بێت! پەردەکە لادەدەم. دونیا جوان و سەوزپۆشە. لە مانگی گوڵان دەکا. بە خۆم دەڵێم چ درۆیەکی گەورە! تەلەفۆنەکە هەڵدەگرم و لە دووای ماوەیەکی زۆر لێکدابڕان و یەکتر نەدیتن، لێێ دەپرسم کە داخۆ لای ئەویش بەهارە. دەڵێ بۆنێکی ناخۆش دێتە لووتم و کەچی دەرەوە سەرسەوزە.

خوناوکە بارانێک دادەکا. پەڕەسێلکەکە لەمێژە هەڵفڕیوە و، لەچاو ونبووە. دڵنیایە چیتر واشەکە لەوێ لە ئاسمان نەماوە. هەمیشە پەڕەسێلکەیەکی تر دەستدەکەوێ. خۆشحاڵ لەوەی ژیانێکم پاراستووە، حەزدەکەم کات هێواش و هێواشتر بێتەوە. هەرچەند بۆگەنیوی ناو هەوا هەراسانی کردووم. دەستدەبەم بۆ تەلەفۆنەکە و زەنگ بۆ شارەداری لێدەدەم. شارەداری دەڵێ بۆنەکە هی لاشەی مردارەوەبووی ئەو سەگە بەڕەڵڵایانەیە وا لە گەڕەکی قەسابخانە دەرمانداو کراون. دەنگەکە دەڵێ داڵە کەرخۆرەکان و سیسارکە کەچەڵەکان بەڕێوەن و، ئەوەندەی نەماوە بیانخۆن. دەنگەکە پێدادەگرێ کە ئەمانە سەرئەنجام نیشتمان رزگار دەکەن.

بزەیەکم دێتێ. بە هاوڕێکەم دەڵێم بڵێی ئەمساڵ بگەنێ.

درگاکە دادەخەم. دراوسێکەم قرپە دەداتەوە و، بۆنی نۆکاو ئەوەندەی تر لە حەسارەکەوە خۆ بەم دیودا دەکا. بیرم نایەت دوواجار کەی من نۆکاوم خواردووە. بەڵێن بە خۆم دەدەم بۆ سبەی سازی بکەم. بە پیازاو، رۆن، خوێ و کەمێک زەردەچێوەوە. بەویش ناڵێم. تا ساڵەکەی تر. ئەگەر بگات. خەمێک دامدەگرێ.

دونیا باوێشک دەدا و، تەمێک هەموو شوێنێک دادەگرێ. رۆژێک رێک دەمەو ئێوارە سەعاتە دیوارییەکە دادەبەزێتە خوارەوە و دێتە تەنیشتمەوە. ئەویش باوێشکێک دەدا و، دەڵێ راستی ئەمساڵ کەی تەواو دەبێ. من کە وەڵامم پێ نیە، هەڵیدەگرمەوە و دیسان لە شوێنی خۆی هەڵیدەواسمەوە. کاتژمێرە دیوارییەکە بەردەوامە لە باوێشکدان. چیتر پرسیار ناکاتەوە.

شەو درەنگان، لە تەنیایی و بێدەنگیی ژوورەکەدا دەچم و، ساڵنامەکە دێنم. رۆژەکان، هەفتەکان و مانگەکان هەر هەمانن. تەنیا ئەوەندی لەواندا کات هێواشتر تێدەپەڕێ. لە ساڵنامەکەدا هیچ شتێکی تازە نابیندرێ. بە تەلەفۆن بە هاوڕێکەم دەڵێم پێویستمان بە ساڵنامەیەکی تازەیە.

هێشتا پاییز نەهاتووە کە لە ئاوێنەکەدا بۆ یەکەمین جار تاڵە سپییەکان لە قژ و لە لاجانگمدا دەبینم! نەکا پاشماوەی ریقنەی پەڕەسێلکەکەی جاران بن! ها... نەکا!

کە سەرئەنجام ساڵ تەواو دەبێ، من دەڵێی بەفری کوێستانم لێ باریوە. لە هەمان حەوش کاتێک هاوڕێکەم دەبینمەوە، دەبینم ئەویش وەک منی لێ بەسەر هاتووە.

بە بێ ئەوەی یەک وشە چییە بیدرکێنین، پەشیمان لە ئارامبوونەوەی کات، بیرمان لەو پیرییە زووە دەکردەوە وا بەرۆکی پێ گرتبووین. هاوڕێکەم دەڵێ کە چرکەکان درەنگتر دەچرکێن، دەکرێ هەمان ساڵیش زۆر زوو سەر و ریشمان سپی هەڵگەڕێ.

ماوەیەکە نە من و نە ئەو خولیای هێوربوونەوەی کاتمان لە خەیاڵدا نەماوە. پێویست ناکا... نا هیچ پێویست ناکا.

لە شارەدارییەوە زەنگ دەدەن. کەسێک داوای لێبوردن دەکا کە داڵە کەرخۆرەکان و سیسارکە کەچەڵەکان ئەم ساڵ درەنگ کەوتن.

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت