ما 12624 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەلی حەمەڕەشید

لەشانۆدا دەق و هۆنراوە وەک ئەدەب ئاوێزانی نواندن و  جوڵە و سەماو دەنگ و مۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری دەبن و پێکەوە ئەو پەیامە پەروەردەیی و مرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستییە دەگەیەنن و جوانییەکی تر بە ژیان و خوێندن و قوتابخانە و پۆل و مامۆستا دەدەن.ئارایشتێکی ڕازاوە و جوان دەبەخشن بە پرۆسەی پەروەردە و دەبنە تەواوکەری بەشێوەیەکی دروست و گونجاو.

 فیستیڤاڵی بەهرەی نوێ و دەستپێکێکی جوان

عەلی حەمەڕەشید

نوسەر و سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

فیستیڤاڵی بەهرەی نوێ کارێکی گرنگ و چالاکییەکی پێویست بوو کەبەڕێوەبەرێتی  چالاکی هونەری  قوتابخانە و خوێندنگەکانی سلێمانی وەک ئەرکێکی گرنگی سەرشانیان ئەنجامیان دا..کە خۆی دەبینییەوە لە نمایشکردنی کۆمەڵێک شانۆیی تایبەت دا کە لەلایەن قوتابیان و خوێندکارانەوە لە چەند پەروەردەیەکی سەربە بەڕێوەبەرێتی گشتی پەروەردەی سلێمانییەوە پێشکەش کران.من ئاستی دەق و نمایش و دەرهێنان و هەموو ئەو کارانەی کە پەیوەستن بە سەما و  شانۆییەکانەوە بەجێ دەهێڵم بۆ کەسانی شارەزا و پسپۆڕی  بوارەکە،ئەوەی لای من گرنگە و جێگەی دەستخۆشییە کە توانرا ئەو ڕێچکە هونەرییە بەرزەی کە لە سلێمانی و لەلایەن چالاکی قوتابخانەکانەوە پێشکەش دەکرا بەردەوامی پێبدرێت و لەساڵانی داهاتوودا هەوڵبدرێت کە کاری زۆرتر و جوان تر و باشتر ئەنجام بدرێت و هەموو ئەو توانا و بەهرە جوانانەی قوتابیان و خوێندکاران و شارەزایی و سەلیقەی مامۆستایانی بوارەکە بەهەند وەربگیرێن و لەو ڕێگەیەشەوە بتوانن قوتابخانە و خوێندن زیاتر لای قوتابی و خوێندکار شیرین بکەن ،تا وا نەزانن هەر وانە خوێندن و پۆل و وایت بۆرد و داتاشۆ ،ئەوانە لە خوێندندا هەن بەڵکو شانۆ و شێوەکاری و مۆزیک و گۆرانی و سرود و سەما  لە پاڵ ئەوانەدا کە باسمان کردن هەن و منداڵ دەتوانێت بە خۆشییەوە پەرە بە حەز و خولیا و توانا و بەهرە شاراوەکانی خۆی بدات.شانۆ وەک هەمووان دەیزانین کە کۆکەرەوەی گشت هونەرەکانی ترە،لەشانۆدا دەق و هۆنراوە وەک ئەدەب ئاوێزانی نواندن و  جوڵە و سەماو دەنگ و مۆزیک و گۆرانی و شێوەکاری دەبن و پێکەوە ئەو پەیامە پەروەردەیی و مرۆڤدۆستی و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستییە دەگەیەنن و جوانییەکی تر بە ژیان و خوێندن و قوتابخانە و پۆل و مامۆستا دەدەن.ئارایشتێکی ڕازاوە و جوان دەبەخشن بە پرۆسەی پەروەردە و دەبنە تەواوکەری بەشێوەیەکی دروست و گونجاو.بەهرەکان دەردەکەون و بە شێوەیەکی دروست و زانستیانە لەلایەن مامۆستایانی بوارەکەوە پەرەیان پێدەدرێت و زۆر بەجوانی گەشە دەکەن.ئیتر گوڵی حەزەکانی منداڵان ناژاکێن و دەگەشێنەوە،بەشنەی زەردەخەنە و ئافەرینی مامۆستا دڵسۆزەکانیان،منداڵ خۆشەویستییەکی زۆری بۆ قوتابخانە لادروست دەبێتەوە و ڕۆژانە بەپەرۆشەوە ڕوو لە قوتابخانەکەی دەکات و دەیکاتە مەڵبەندی بەدیهێنانی خولیاکانی و بەگەڕخسنی تواناکانی ، خونچەی باوەڕ بەخۆ بوونیشی باشتر دەگەشێتەوە و نەشونما دەکات بە بڕوایەکی پتەوەوە  کاروچالاکییەکانی  ئەنجام دەدات و بێ ترس و دوو دڵی بوونی خۆی دەسەلمێنێت.دەستخۆشیمان بۆ هەموو ئەوانەی کە بەشداربوون لە بەڕێوەچوون و سەرخستنی چالاکییەکاندا.

 

گەڕان بۆ بابەت