ما 5864 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

گەشبینی و رەشبینی

ئەم دوو وشەیە، یان ئەم دوو خووە ناچنە خانەی ئەو دژە یەکانەوە کە لەهەر شوێنێک یان لای هەر کەس دەبێت تەنیا یەکیان ئامادە بێت. لەوانەیە کە ئینسانی گەش بین رەشبین نەبێت، بەڵام دەکرێت ئینسان لە بڕێک کات و سەبارەت بە بڕێک شت گەش بین بێت و لە شوێنێکی تردا و سەبارەت بە بابەتێکیتر رەش بین.

 

مەبەست لێرەدا ئەو کەسانەیە کە ئەرکێک لەم خووانە بووەتە بەشێک لە کەسایەتیی و وەک چاویلکەیەک لەچاوی کراوە و بەو جۆرەی کەسایەتیان پێناسە دەکرێت. هەرچەن گەشبینی بڕێک بە خراپە نێوزەدکراوە، بەڵام لەگەڵ کەسانی رەش بین هەمیشە وردبینی زۆرتر و ئێحتیاتی زیاتر و پێشبینی ئەگەرە خراپەکان دەکرێت بۆیە هەر لە زووترەوە خۆی ئامادەی روبەڕوبوونەوە لەگەڵ ئەو ئەگەرانە دەکات. ئەم خووە لەلای کەسەکە نیگەرانی و قەلەق دروست دەکات و، دەبێتە هۆی توڕەی و ئەزیەتی کەسانی دەوروبەری.

بەڵام کەسانی گەشبین پتر دونیا بەوشێوەی کە هەیە و دەڕوات دەیبینن و زۆرجار هیوای زۆرتر لە رادە لەلایان دروست دەبێت و ئەوەندە بیر لە ئەگەرەکانی سەرنەگرتن و شکستەکان ناکەنەوە، بۆیە لەکاتی هاتنی نەهاتەکاندا زۆر کاریان تێدەکات و زۆرجار توشی خەمۆکیان دەکات.

هەر وەک لەسەرەتاوە باسمان کرد ئەم دوو خەسڵەتە ئەگەر نەبنە بەشێک لە کەسایەتی، ئەوە دەکرێت لەهەرکامە و بەشێک وەربگرین و بیانکەینە چرای دەستمان بۆ ژیان. لە گەش بینی هیوا و لە رەشبینیش ورد بینی و پێشبینی و ئامادەبوون.

وێنستون چرچیل دەڵێت: کەسی رەشبین لە هەموو هەڵکەوت و ئیمانێکدا سەختییەکان دەبینێت، کەسی گەشبین ئیمکان و فەرحانەکان لە هەموو سەختێکدا دەبینێت.

ماکس پلانک دەڵێت: کاتێ تۆ شێوازی سەیرکردنت بۆ شتەکان گٶڕی، ئەوا ئەو شتانەی وا تۆ سەیریان دەکەیت دەگۆڕدرێن.

ئەگەر چی زۆربەی روداوەکان و شتەکانی دەوروبەرمان لە دونیای ئەمڕۆدا ئەوەندە رەش و ناڕونن کە ناکرێت تەنیا بە گەشبینی و گۆڕانی روانگەمان هەمووی بگۆرێن بەڵام لانی کەم دەتوانین ژیان و دەرونی خۆمانی پێ گەش بکەین و بە ورد بینیش خۆ لە توشبوونی خەمۆکیش بپارێزین. ئەگەر هەرکەسە و لە شوێنی خۆیەوە شێوازی بینینی بگٶرێت، ئەوا دونیاشمان دەگۆڕدرێت.

سایتی قەڵەم

 

٢٢ مانگی مەی ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت