ما 505 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

ئەوسا رۆژە خۆشەکان دێن. ئەو رۆژانەی وا باران دەبارێ و کەچی ناتوانێ زەفەر بە سەقفی خانووەکەی ئێمە ببا. ئا، هیچ دڵۆپەیەک داناکا. تەنیا ئەوەندەی قاتەکان لێرە و لەوێ دەخووسێن. جاری وایە دایکم هەر هەموومان دەباتە دەرەوە،... بۆ ژێر باران. بۆ ئەوەی خۆمان جوان جوان بشۆین. بۆنی ساردی چیمەنتۆ و بۆگەنیوی جاڵجاڵۆکەکان لە جەستەم،... بەرەبەرە دەبنەوە. بۆ شەو پەردە شڕەکانی سەر کونەکان دادەدەینەوە و، خەوێکی خۆش دەمانباتەوە. ئاگام لێیە باوکم لە کونەکەی خۆیەوە بەئەسپایی وەک پشیلە دەگوازێتەوە بۆ لای کونەکەی دایکم و لە دووای مڵچە ملچ و زرمە زرم و سرتەسرتێکی چەند دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی. ئەوسا پرخەی سامناکی هەڵدەستێ. بە خۆم دەڵێم باشتر کە هیچ درگا و پەنجەرەیەک لە نێوان کونەکاندا نیە... باشتر!

خەم مەخۆن!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

خانووەکەی ئێمە چەند قات بوو، بەڵام نە ژووری هەبوو، نە هاڵ، نە ئاودەست، نە حەمام و نە ئاشپەزخانە. خانووەکەی ئێمە چین چین، خڕخڕ لەسەر یەک هەڵچنرابوو. ئەو کونانەی لە تەنیشت و لەسەر یەکتر راوەستابوون. رەنگە بەرزترین خانووی گەڕەکێکی چۆڵیش!

خانووەکەی ئێمە نە فەرشی تیا راخرابوو، نە مێز و کورسی تیابوو و نە وێنەی تیا هەڵواسرابوو. خانووەکەی ئێمە لەم سەرەوە بە کونێک و لەو سەرەوە بە کونێکی ترەوە کۆتایی دەهات. باشتر بڵێم بە کونەکان. باوکم دەڵێ بە خۆشییەوە کونەکان بەرەو رۆژهەڵات و رۆژئاوان. باوکم راستدەکا، من هەموو بەیانییەک ئاگام لە هەڵاتنی خۆرە و هەموو ئێوارەیەکیش سەرنجم لەسەر داچوونیەتی. لەبەر خۆمەوە بیردەکەمەوە کە داخۆ باشوور و باکوور دەبێ چلۆن بن! دایکم ئەوەندەی تر نێوچاوانی تێکدەنێ و، دەڵێ وس بە! ئەمەشمان لێ تێکمەدە!

نا، من نامەوێ خانووە چەند قاتەکەمان تێک بدەم. تەنیا ئەوەندەی بۆ ئەوەی لەم ژوورەوە بۆ ئەو ژووری تر بچم، درگایەک هەبووایە، یان پەنجەرەیەکی گچکە بۆ ئەوەی هەمیشە مەجبوور نەبم بۆ سەردانی دایک و باوک و خوشک و براکانم بە کونی قاتەکاندا سەرکەوم. هاوڕێکەم دەڵێ دەڵێی جاڵجاڵۆکەی! بزەیەکم دێتێ و دەڵێم دەزانێ خانووەکەی ئێمە شوێنی ژیانی ئەوانیشە؟ ئەوسا جێ گازی دەمی ئەوانی لەسەر جەستەم پیشاندەدەم. لە خانووەکەی ئێمەدا شەڕێکی نهێنی لە نێوان ئێمە و ئەواندا هەیە.

خانووەکەی ئێمە کە سارد دەبێ، جەستە دەگەزێ و کە گەرمیش دەبێ، دەیبرژێنێ. بە خۆم دەڵێم کە گەورە بووم کاردەکەم و لانیکەم کونەکانی رووەوە رۆژهەڵاتیان بە خشت و بە قوڕ دەگرم. براکەم کە ساڵێک لە من بچووکترە دەڵێ نا کونەکانی رووەو رۆژئاوا دەگرین. دەبێ بە شەڕمان. باوکم شەو پێکەوە هەردووکمان لە کونێکدا دەخەوێنێ. ئەو شەوە لە ژێر تیشکی کز، لەرزۆک و گەڕۆکی ئۆتۆمبیلە دوورەکان، پێکەوە زیاتر لە دە جاڵجاڵۆکە دەکوژین. لە سبەیەوە ئیتر هیچ کاممان باسی کونەکان ناکەین.

کاتی ژەمەکان، کاتێک باوکم بە دڵقێک بە دەستەوە پڕ لە نانی وشکی کۆن و کەمێک رۆنەکەرەوە دێتەوە، ئێمە وەک جاڵجاڵۆکە لە کونەکانەوە دادەبەزین و لە حەوشە لەسەر رۆژنامەکان نان دەخۆین. باوکم کە کۆلکە سەوادێکی هەیە، بە دەم نانخواردنەوە جاروبارە سەرنجی دەچێتە سەر نووسراوەکانی ژێرمان. جاری وایە ناوچاوی تێکدەچێ و جاری وایشە بێدەنگییەکی سەیر دایدەگرێ. من کە لە توڕەییەکانی دەترسم، ناوێرم پرسیاری لێبکەم. باوکم باس لە شەڕ لە وڵاتێکی دوور دەکا. باس لە ئاوارەیی و برسیەتی و کوشتن. لەگەڵ دایکم نیگایان لە یەکتر گیردەبێ و، ئەوسا هەموومان پێکەوە شوکری خواوەند دەکەین کە لەم گەڕەکەی ئێمە شەڕی تیا نیە و، ئێمە هێشتا دەتوانین بە بێ ترس شەو و رۆژەکانمان لەناو کونەکاندا بەڕێ بکەین. دایکم چاوی پڕ دەبێ لە فرمێسک و، دەڵێ وەی لەو دایک و باوکانەی تەرمی منداڵەکانیان لە باوەش دەگرن!

بۆ شەو، بە پێچەوانەی شەوەکانی تر، خۆ لە پلیشانەوەی جاڵجاڵۆکەکان دەپارێزم. چەند بەزەییم بەسەریاندا دێتەوە! ئاگام لێیە براکەم لە قاتی سەرەوە میز بە خۆیدا دەکا و چۆڕ چۆڕ بە بەردەمی کونەکەی مندا دێتەخوارەوە. ئەگەرچی هەتاو داچووە، بەڵام لەو دووردوورانەوە تیشکێکی کز و نادیار دەست دەکا بە گەمە. بە خۆم دەڵێم رەنگە هی ئەو وڵاتەیە وا رۆژنامەکان بە باوکمیان وت تێیدا شەڕە.

ئەوسا رۆژە خۆشەکان دێن. ئەو رۆژانەی وا باران دەبارێ و کەچی ناتوانێ زەفەر بە سەقفی خانووەکەی ئێمە ببا. ئا، هیچ دڵۆپەیەک داناکا. تەنیا ئەوەندەی قاتەکان لێرە و لەوێ دەخووسێن. جاری وایە دایکم هەر هەموومان دەباتە دەرەوە،... بۆ ژێر باران. بۆ ئەوەی خۆمان جوان جوان بشۆین. بۆنی ساردی چیمەنتۆ و بۆگەنیوی جاڵجاڵۆکەکان لە جەستەم،... بەرەبەرە دەبنەوە. بۆ شەو پەردە شڕەکانی سەر کونەکان دادەدەینەوە و، خەوێکی خۆش دەمانباتەوە. ئاگام لێیە باوکم لە کونەکەی خۆیەوە بەئەسپایی وەک پشیلە دەگوازێتەوە بۆ لای کونەکەی دایکم و لە دووای مڵچە ملچ و زرمە زرم و سرتەسرتێکی چەند دەگەڕێتەوە شوێنی خۆی. ئەوسا پرخەی سامناکی هەڵدەستێ. بە خۆم دەڵێم باشتر کە هیچ درگا و پەنجەرەیەک لە نێوان کونەکاندا نیە... باشتر!

رۆژێک چەند پیاوێک بە جلوبەرگی جوان و رێکوپێکەوە سەروسەکوتیان پەیدادەبێ. پاش کەمێک گەڕان بەو دەورووبەرەدا و دەستڕاکێشان بۆ ئەم لاولا، دێنە لای ئێمە. بە باوکم دەڵێن دەبێ ئێرە هەرچی زووتر چۆڵکەین. باوکم لێیان دەپاڕێتەوە... دەپاڕێتەوە و دەپاڕێتەوە... دایکم بە ئەسپایی دەگری... دەگری و دەگری. چەند بێسوودە! باوکم داوای کونی تریان لێدەکا! ئەوان پێدەکەنن و، دەڵێن خوا رەحمت پێ بکا! کە دەڕۆن، دەڵێن تەنیا دوو رۆژ دەرفەتمان هەیە، ئەگینا پۆلیسمان بۆ دێنن. ئەو شەوە و شەوی دوواتریش باوکم خەوی لێناکەوێ و، لەبەر قاتەکاندا هەڵدەتروشکێ و سەیری رۆژئاوا دەکا و بیردەکاتەوە.

راستی ئێمە کەی هاتینە ئەم گەڕەکە و ئەم خانووەوە؟... ها کەی؟ دەزانم زۆر لەمێژ نیە،... کەچی نایەتەوە بیرم.

بەخۆشییەوە کەلوپەلمان زۆر نیە. بە غەمگینی خانووەکەمان جێدێڵین. باوکم دەڵێ خەفەت مەخۆن... گوێ مەدەنێ!... لەم لوولە چیمەنتۆییە گەورانە لە هەموو شوێنێکی دەورووبەری ئەم شارە دەستدەکەوێ،... خەم مەخۆن!

لەبەر خۆمەوە دەڵێم گەر کونەکان ئەمجارە باشور باکوری بن، چەند خۆش دەبێ... چەند خۆش!

 

گەڕان بۆ بابەت