ما 1547 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەفوور ساڵحی

ئەمجار دەنگت هەر لە دەنگی خۆت نەدەچوووو. وەک شتێک حەپەسابووی: گوێم لێبگرە. ئاها پێم گوتی، ئەوڕۆ پێشهاتی سەیر چاوەڕێمە. ئێستا وا نیوەڕۆیەو، خەریکم نزیک دەبمەوە لەو شوێنەی کە لەدوورەوە وەک پلوورەهەنگ دەچێت. ئەزانی بۆ خۆم گەیاندێ؟ ئاخر کە لە دوورەوە تماشام دەکرد، بە هیوا نەبووم لەوە کوناوکونەدا جووڵەیەک ببینم. لای خۆم گوتم، بە زات و بێعەیبی خوا ئەوە شتێکە. جووڵە زۆرە لەو کونانەدا. بەڵام خۆ ئەو جووڵە، ناتوانێ جووڵەی هەنگ بێت. من چۆن دەتوانم لێرەوە جووڵەی هەنگ ببینم؟ ئەویش بەو چاوە کوێرانەی منەوە. ئاها، ئەوە خەریکم دەیگەمێ. 

گەشتێکی شەبەقشەبەق

غەفوور ساڵحی

 

گوتت: ئەزانی ئێستا لەکوێم؟ نازانم بۆچی ڕێم کەوەتە ئەم محاڵە. گوتت: ئەوەندە دەزانم، سەرەتای ئەوڕۆم بە گزنگەوە دەستیپێکرد، شەبەقیی، یەکەم تاڵەکانی تیشکیی هەتاوی بەرەبەیان، لە ماڵێ وەدەر کەوتم. هەنگاوەکانم منیان گەیاندە ئێرەکانێ. بۆ بەرامبەر بەم کوناودیوە شەبەقشەبەقە. بۆ بەر ئەم ماڵانەی- نا، با بڵێم بۆ بەر ئەم وەتاغانەی- نا نا، باشترە بڵێم، بۆ بەر ئەم کولانانەی- کە چاوەچاوەن و، هەر کامەیان وەک چاوەی پلوورە هەنگێک دەچن. گوتت: ئیتر من نازانم، زوو هەستان و وەدەرکەوتنم لە شەبەقدا، چۆن منی بەسەر ئەم کەلاوە شەبەقشەبەقەدا خست. گوتت: هەر بۆەیەش لاموایە ئەوڕۆم، ڕۆژێکی ئاسایی و بێگرێ و گنج نابێت و پێشهاتی جیاواز و شەبەقشەبەقم لەبەرە. گوتت: ڕاستی گوتم هانگاوەکانم منیان برد بۆوێ؟! ئەی لەو درۆیەی من کردم. نا نا، نەوەڵڵا! من و ئەو هەموو ڕێگایە؟ من و ئەو هەموو هەنگاوە.  گوتت: بۆخۆت دەزانی، من فێر نەبووم زۆر بە پێ بڕۆم. هەمیشە، یان ماشێنەکەی باوکم، یان تەکسی کرێ. کەواتە با لێت نەشارمەوە. زۆرتری ڕێگەم، بە تەکسی بڕی. گوتت: من چوزانم! خۆ کە بە ماشێن تێپەڕ دەبی، هیچ نابینی. خوا ئەیزانێ. ڕەنگە هەر ئەوڕۆ، لە نێو تەکسییەکەدا، زۆر دیمەنی ناحەزی نەدیتراوی ئەوەهام تێپەڕاندبێت. گوتت: ئەو ڕۆژە شەبەقشەبەقاوییە، یەکەم دابەزینم لە شەقامێک بوو، کە نەمدەزانی بۆ لەوێ دابەزیوم.

جا باش بوو ئەوڕۆ بە خەولێزڕانێک، زوو هەستابووم. موبایلەکەشم کە شەو دابوو لە شارژ، خەو بردبوومیەوە. کە هەستام، زگی پڕ ماسیبوو. ئەی لەو سودفە. ئەگینا ئەوڕۆ، شارژی هیچ موبالێک بەرگەی زۆربڵێیی تۆی نەدەگرت. زەنگت بۆ دامەوە، گوتت: ئێستا ئەزانی لەکوێم؟ ئێستا لە تەکسی دابەزیوم. بە پێی خۆم دەڕۆم. باوڕ ناکەی بە پێی خۆم دەڕۆم؟! حەقتە باوەڕ نەکەی. گوتت: ئاها پێتدەگوتم «ماڵی ئێوە هەر کە لە ماڵ هاتنە دەر سوار ماشێن دەبن و دەڕۆن. دەچنە میوانی، دەچنە باخەکەی دەرەوەی شارتان و ڕایدەبوێرین و دەچنە...هەر بە ماشێنیش دێنەوە و لەبەر دەرکی ماڵی خۆتان دادەبەزن و دەچنەوە ژوور.»  گوتت: ناحەقت نەبوو، ئاها پێت دەگوتم «ماڵی ئێوە هیچ نابینن!» بەوەڵڵا ڕاستت دەکرد. ئاخر لە ناو ماشێنەکەوە هێندە ملم خوار دەکردەوە کە شتەکان ببینم، گێڕ و وێڕ و خێل و خێچ دەبووم و شتەکانیشم وەک چۆن بوون، ئاوام نەدەدی.

کە زەنگت بۆ دامەوە، دەنگت تۆزێک گۆڕابوو. پەشۆکاوی پێوە دیار بوو. گوتت: ئێستا ئەوا گەیشتوومەتە شوێنێک کە تووش حاڵەتێکی سەیری کردووم. نە ئەم شوێنە دەناسم و نە ئەو حاڵەتە سەیرەی خۆشم. شتی سەیر دەبینم کە نەمدیتوون. هەموو شتێک بۆم نامۆیە، هەم خۆم، هەم شتەکان. بینا و خانووبەرە و باڵەخانەی بەرز بەرز کە سەریان لە ئاسمان دەسوون. هەر زۆریش دەبن و هەر هەڵیش دەکشێن بەرەو ئەوێ. من ئەو شتانەم وەک ئەوڕۆ نەدیتبوون. فرۆشگەی جل و بەرگ و ماڕکێتی تەبەقتەبەق و گەورە و ڕازاوە و... زەنگت لێدایەوە. دەنگی ئەمجارت  گۆڕاوتر بوو لە جاردی. گوتت: ئێستا ئەوەتا گەیشتوومەتە ناوچەیەکی قەراخ شار. قەتم نەدیتووە. دەڵێی کەمپی پەراوێزنشینەکانە. لێرە ماڵی لێ نییە. هەموو کەپر و چادر و مەقەبا و تەنەکەیە. ئەی لەو حاڵەی! ئەی لەوکڵۆڵی و داماوییە... گوتت: من هەتا ئەو کات، باوەڕم زۆر بە قسەکانی باوکم هەبوو. بەڵام...

- بەڵام بابە تۆ تماشاکە وڵات چی بەسەرهاتووە؟!«چییە ڕۆڵە؟ چی قەوماوە؟!» جا چی ماوە بقەومێ بابە؟! خۆ هەرچی بڵێم تۆ هەر ئەڵێی درۆیە. ئاها! تۆ گوێ بگرە لەم هەواڵەی. دەڵێ: لەوەتەی هەڵاوسانی نڕخی خانووبەرە لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، دیاردەی سەیر و نوێ هاتۆتە نێو ژیانی مرۆڤەکانەوە. دەڵێ: خەڵکی بێ ماڵ، کرێیان پێنادرێت. بنەماڵەکان دوودوو و سێ سێ، سرویسێک دەگرن و پێکەوە دەژین. ئەی لەو ئابڕوو چوونە! دەڵێ: بڕێک لە بنەماڵە نەدارەکان، لە کۆڵان و شەقامەکان چادریان لێداوە! ئەها بابە! کوڕە لەوە خراپتر! ئاها دەڵێ: جەماعەتێکی خەڵکی بێ واز و نەدار، ڕوویان کردۆتە ئەو چاوە قەبرانەی کە ئامادە کراوبوون بۆ مردووەکان، دەڵێ: ئەو قەبرانە ئێستا زیندوویان تێدایە نەک مردوو. ئەی هاوار لەو بەدبەختییە. کوڕە ئەوە کارەساتە بابە. «هەتیو تێیهەڵدە لەو موبایلەی. لەوەتەی ئەو شتە نەگبەتەتان بەدەستەوەیە، ئەوەندە درۆیان بڵاو دەکاتەوە، هەموو شێت بوون.» ئەوە یەکەم جار بوو بە باوکمم گوت: نا بابەگیان وا نییە. پێموایە ئەمجار...

ئەمجار دەنگت هەر لە دەنگی خۆت نەدەچوووو. وەک شتێک حەپەسابووی: گوێم لێبگرە. ئاها پێم گوتی، ئەوڕۆ پێشهاتی سەیر چاوەڕێمە. ئێستا وا نیوەڕۆیەو، خەریکم نزیک دەبمەوە لەو شوێنەی کە لەدوورەوە وەک پلوورەهەنگ دەچێت. ئەزانی بۆ خۆم گەیاندێ؟ ئاخر کە لە دوورەوە تماشام دەکرد، بە هیوا نەبووم لەوە کوناوکونەدا جووڵەیەک ببینم. لای خۆم گوتم، بە زات و بێعەیبی خوا ئەوە شتێکە. جووڵە زۆرە لەو کونانەدا. بەڵام خۆ ئەو جووڵە، ناتوانێ جووڵەی هەنگ بێت. من چۆن دەتوانم لێرەوە جووڵەی هەنگ ببینم؟ ئەویش بەو چاوە کوێرانەی منەوە. ئاها، ئەوە خەریکم دەیگەمێ. کوڕە خۆ ئەوە لوولە سیمانین و سەریەک نراون. بە قەبری پێغەمبەر خۆ ئەوە بنیادمن دەجووڵێن. ئەرێ ئەو خەڵکە بۆ چوونەتە ناو ئەو لوولانەوە. خۆزگە تۆش لێرە بوویتایە. دەبا باوکم ئەمجار هەر بڵێ موبایلەکەت درۆزنە. پێموابێ هەنگەکە پوورەی دابێت. ئاخر پڕە لە منداڵ و... بەوەی دەیبینم تاساوم. نازانم پێیان پێبکەنم، یان بۆیان بگریم. ئاخر خۆ هەموو چاوەکان گیراون و هەرکامەی کەسێک یان چەن کەسیان تێدایە. چوون چاوەکان بازنەیین، هەموویان کووڕ و چەماوە دەبیندرێن. پڕن لە ژن و پیاو و جوان و پیر و منداڵ. با پێت بڵێم چۆنە! ماڵێکی سێ تەبەقەی لوولەیی. هەر نهۆمێک سێ چوار سرویس، نا نا، سێ چوار چاوە. ئەوا لێیان دچمە پێش، لە چاوەی سەروو، دەستی ڕاست، ''جوچکە'' سەری لە هێلکە دەرێناوەو بەرەوخوار دەڕوانێت و بانگی خوشکی دەکات. خوشکی لە نهۆمی یەکەمەو منداڵە بچکۆلانەکەی لە باوەش گرتووە، هەر جوابیشی ناداتەوە. پێموابێ لە ترسی گەرمای تیژی نیوەڕۆ،ئەو ناوێرێ سەر لە هێلکە دەربینی. دایەگەورەی کە هەر پێستو ئێسقانەو بەس، لە چاوەیەکی نهۆمی نێوەڕاستدایە. جووڵەی نییە. پێموانییە مابێ. لە چاوەی ژێر دایەگەورەوە، باوکی بنەماڵە وەرکەوتووە. بە چێوشەقەکەی پاڵ بلووکەکەوە وادیارە نەخۆشەو، لەجێدا کەوتووە. جوچکێکی خڕوخۆڵ، و ڕووتوقووت، کە پێموایە تازە پێستی هێلکەکەی ترەکاندبیت، لەسەر زگی باوکییەوە دەڕوانێتە ئەم دونیایەی... جوچکە نازانم بۆ قاوی دایکی ناکات، کە هەر لە چاوەکەی پەنا خۆیەتی. وادیارە ئەویش سەرقاڵەو گوێ بە هاواری جوچکە نادات. ئاخر دایکی خەریکە دەستی برینداری ئەو منداڵیدی دەرمان دەکات. لە چاوەی خوار دایکی جووچکەوە، کووڕە گەورەی ماڵ، پشتی بە باڵشتی لوولەکە سپاردووە و زۆر قووڵ و خەماوی دەڕوانێتە شوێنێک... لەکاتێکدا دوو منداڵەکەیتریان لە خوار ئەوەوە سەرقاڵی گەمەی خۆیانن. وەک نە بایان دیبێت و... دەچمە لای ''شێرۆ''. تماشام دەکات و پێدەکەنێ و سەعاتەکەی سەر مەچەکیم نیشان دەدات. وەک پێم بڵێ درەنگ نەبووە؟!... ئەلۆ، ئەلۆ؟! حەیف! بەخوا پێموایە موبایلەکەت شارژی نەماوە. ئەگینا پێت دەگوتم کە ئێرەیان باشترە لە ماڵی خۆیان، چون لە ماڵەوە قەت، هەر کەسەو هۆدەیەکی بەرنەدەکەوت. پێت دەگوتم کە دووچاوە لەو هۆدانە خاڵی بوون. هێێێی ئەگەر ڕۆژیک...

گەڕان بۆ بابەت