فەڕۆخ نێعمەتپوور

تەنانەت خودایش کە باسی خڵقەت دەکا بە چیرۆک بۆمان دەگێڕیتەوە. لە بیرت نەچێ کاتێک باسی خڵقەت لە حەوت رۆژدا دەکا، لەوێدا رادەوەستێ و ئیتر رۆژەکانی تر بۆ ئێمە بە جێ دێڵێ. بە هەزاران و میلیۆنان رۆژ. چ حەشرێک!.. چ ئەرکێک! لە خۆوە نیە جاری وایە کتێبەکان قەدەغە دەکرێن. لای من ئەو مرۆڤانە چەند سەیرن.

 

 

مرۆڤ خۆی چیرۆکە

 

مرۆڤ چیرۆک دەگێڕێتەوە، چیرۆک مرۆڤ دەگێڕیتەوە و،... مرۆڤ خۆی لە خۆیدا چیرۆکە. ئەوەی کە هەمووان بتوانن چیرۆک بگێڕنەوە، یاخود چیرۆک ئەوان بگێڕێتەوە، گومانم هەیە، ئەگەرچی مرۆڤ بۆ خۆی لە خۆیدا چیرۆکە. کەواتە خۆ لە خۆدا چیرۆک بوون بەو مانایە نیە کە چیرۆکی. بۆ ئەوەی چیرۆک بیت دەبێ کەسێک هەبێ بتگێڕێتەوە، جا ئەو کەسە یان مرۆڤێکە، یان خودی چیرۆک!

هەموومان بە دەیان و سەدان مرۆڤمان بینیوە بە بێ ئەوەی چیرۆکەکانیان بزانین. بە لایاندا تێپەڕیوین، لە پشت پەنجەرەکانەوە بینیومانن، لە کاتی تەسبێح هەڵسوورانەکانیاندا چاومان لە نێوچاوانی گرژیان بووە، بە بێ ئەوەی بزانین چیرۆکەکانیان چین. ورتەکانیان هەمیشە لێمان ون بوونە.

من بۆ ئەوەی چیرۆکی ئەم مرۆڤانە بخوێنمەوە، روو لە چیرۆکەکان دەکەم. بێگومان لە شوێنێک لە شوێنەکان، نووسەرێک بە بێ ئەوەی ئەوانی بینیبێ، باسی کردوون. ئەوەی کە چۆن باسی لێکردوون بە بێ ئەوەی بیانناسێ، بۆ من غەریب نییە! ئەو دەتوانێ باسی ئەوانی کردبێ، چونکە ئەوان خۆیان لە خۆیاندا چیرۆکن. بەسەرهاتەکانیان لە شوێنێک لە هەوادا دێت و دەڕوا. بیر لە ورتەکانیان بکەوە، لە وشە بێدەنگەکانیان. هەوا هەمیشە دەیانقۆزێتەوە. کەواتە هاوکێشەکە زۆر ئاسانە: بۆ ئەوەی چیرۆکی ئەو مرۆڤانە بدۆزیتەوە تەنیا ئەوەندە بەسە کە چیرۆکە نووسراوەکان بەسەر بکەیتەوە. کێشەی زەمەنت هەیە؟ ئەوە ئیتر گوناحی من نیە!

کەواتە بۆ ئەوەی چیرۆکە نەوتراوەکان بگێڕیتەوە، تەنیا ئەوەندە بەسە جاروبار لە گەڵ خۆت دابنیشی و گوێ لە هەوا بگری. تا بێدەنگتر بێت، دەنگەکان جوانتر دێنە گوێت. ئەم دونیا بێدەنگ و روونە زۆر شتی لە خۆیدا حەشارداوە. زۆر شت، هەر لە دووا وشە و رستەکانی ئەوانەی وا مردن و فریا نەکەوتن بیدرکێنن، هەتا ئەو منداڵانەی لە ترسا هەنسکەکانیان قووت دایەوە. تکایە تەنیا گوێ هەڵخە و دڵ و دەروونت بدە دەست بێکۆتایی!

چیرۆک بەرهەمی دیتن و نەدیتنە. دیتنی ئەوەی کە هەیە و نەدیتنی ئەوەی کە ناهێڵن ببێ. کە دەنووسی لێگەڕێ وشەکان هەم دیتراوەکان بدۆزنەوە و هەم نەدیتراوەکان. ئەوان بۆخۆیان ئەم کارە دەکەن، بە مەرجێک لەوە پێش دڵ و دەروونت دابێ بە هەردووکیان. ئیتر ئەوان بۆخۆیانن دێن. وەک تێپەڕینی ئاو لە ناو پەنجەکانەوە.  

لە بیرت نەچێ سەرەتا مرۆڤ، بە چیرۆک لە دەقە ئایینییەکاندا خۆی و جیهان و "بوون"ی گێڕایەوە. ئەو بە چیرۆک دەمی هاتە گۆ. تەنانەت خودایش کە باسی خڵقەت دەکا بە چیرۆک بۆمان دەگێڕیتەوە. لە بیرت نەچێ کاتێک باسی خڵقەت لە حەوت رۆژدا دەکا، لەوێدا رادەوەستێ و ئیتر رۆژەکانی تر بۆ ئێمە بە جێ دێڵێ. بە هەزاران و میلیۆنان رۆژ. چ حەشرێک!.. چ ئەرکێک! لە خۆوە نیە جاری وایە کتێبەکان قەدەغە دەکرێن. لای من ئەو مرۆڤانە چەند سەیرن.

کتێبخانەیەکی بچووکمان هەبوو لە دووا تاقی کۆمۆدە دیوارییەکەی ژوورەکانماندا. کە شۆڕش دەستی پێکرد، باوکم وتی دەبێ کتێبەکان بشارینەوە! شاردمانەوە. دایکم پەردەیەکی رەشی پێدادان. من کە تا ئەو کاتە چاوم لە سەر کتێبەکان نەبوو، هەموو شەوێک پێش ئەوەی خەوم لێبکەوێ، بیرم دەکردەوە کە لە پشت ئەو پەردە رەشەیە چ حەشاردراوە. رۆژەکان گوزەران و کەس نەهات بیانپشکنێ. ساڵێک دووای سەرکەوتنی شۆرش، ئەمجار کتێبەکانمان لە جیاتی پەردە لە ناو ژێرخاندا چاڵ  کرد! من ئیستایش بیردەکەمەوە لە ناو ئەو چاڵەدا چ حەشار درابوو. کەس وەڵامی نەدامەوە، نە خودا و نە باوکم و نە خودی چیرۆکنووسەکان و کتێبەکان، هەربۆیە بڕیارم داوە چیرۆکێک لە سەر ئەو کتێبانە بنووسم. من گوێم لە دەنگی ئەوان لە ناو بێدەنگیی هەوادایە.

مرۆڤ چیرۆک دەنووسێ،... چیرۆک مرۆڤ دەنووسێ و،... مرۆڤ خۆی لە خۆیدا چیرۆکە. من پێم وایە رستەیەک لێرەدا بەجێ ماوە، ئەویش ئەوەی کە چیرۆکیش خۆی لە خۆیدا مرۆڤە.

 

  

بازدید: 1118