ما 1069 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

شێوە عەبدووڵاهی

دەمەو بەیان بوو، خەریک بوو درکەی ئەدا. تاریکە و لێڵەی بەیانی بوو، خوێن بە لێواری لوولە سیمانەکەیا هاتبووە خوارەوە و بگرە چۆڕابووەوە بۆ سەر عەرزەکەیش. تۆزێ خۆی جوڵاندەوە. ویستی هەستێ ماڵەکەیان خووسابوو. قاچەکانی هێزیان لێ بڕابوو. تۆزێ خۆی کۆکردەوە. ئەژنۆکانی لە باوەش گرت. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. سەری نا بە ئەژنۆیەوە. لەبەر خۆیەوە وتی ئەمڕۆ ویستم زۆرتر کار بکەم و، پارەی زیاتر دەربهێنم.

ورتەورتێکی ئاڵۆز

شێوە عەبدووڵاهی

هەر کارێکی ئەکرد، خەوی لێ نەئەکەوت. نە ڕێگای بوو قاچ ڕاکێشێ، نە تۆزێ خۆی بکێشێتەوە. مێشک و فکری ئاڵۆز بوو.

 لە ئێوارەوە چەند جارێ بە مێردەکەی وتبوو بەیانی ناتوانم بیبەم لە گەڵ خۆم، ئەبێ بەیانی ئەوەیشیان ڕابگری! یەکجار گەرمە، نەخۆش ئەکەوێ، چی لێ بکەین، بەڵام مێردەکەی ئەیوت ئەبێ لەگەڵ خۆت بیبەیت، من هەر دانەیەکیانم بۆ ڕائەگیرێ.

 تەواو بیری خۆیی کردبووەوە و، خۆی یەکلایی کردبووەوە کە هەر چۆنێ بووە و بەهەر بیانوێکەوە بەیانی مناڵ نەبات لەگەڵ خۆی. ئەبێ زووتریش لە ڕۆژانی تر هەستێ، بەشکم زوو فریا بکەوێ ناو بۆشکە قوپاوەکە ئاوی تیا مابێ تا کەس هەڵنەستاوە لە پشت دیوارە ڕووخاوەکەوە ئاوێک بە خۆیا بکات و، دەستێ بەسەرو ڕووی خۆیا بێنێ.

 گەرمایەکی تاقەت پڕوکێن بوو. تەواو بڕستی لێ بڕیبوو. هەر خۆی لە خۆیا  ڕەشتاڵە بوو تینی گەرمای ئەم چلەی هاوینە و ئەوەیش کە بەیانی هەتا ئێوارە ئەو خۆرە گەرمە لێی ئەدا ئەونەی تر ڕەش و ڕەهەندەی کردبوو. هەر لە وێستان و جوڵەجوڵا بوو. هەستی بە گەرماییەک ئەکرد بە قاچەکانیا ئەهاتە خوار. وەکوو بڵێی گوێی لە جڵقەی ناو کەوشە ڕەشە لەت و پەتەکانیەوە بێ. زاتی نەبوو زۆر ئەم لاولا بکات، نەکا جێ پێکانی لەسەر شەقامەکە سوور ببێ. خۆی جیڕئەکردەوە و، خۆی توند ئەگوشی بەشکم خۆی بگرێ تا ئێوارە. تەواوی ئەو ڕۆژەی ئاوا لێ ڕۆیشتبوو.

 زووزوو کە ماندوو ئەبوو شان و قۆلی ئەهاتە ژان. مناڵەکەی باوەشی ئەم لاولا پێ ئەکرد کە خەوتبوو بە باوەشیەوە. ڕێگاکەی بڕێک دوور بوو لەبەرخۆیەوە ئەیوت جا وەرە بە پیادە و مناڵێ بە باوەشتەوە و بەم تەنگەی بانگی شێوانە بەم وەزعە جوانەوە بگەوە ماڵەوە!... ماڵیش چی؟ هەر  ئەڕۆیشت و ورتە ورتی بوو. لەبەر خۆیەوە ئەیگوت نازانم ئەم ئێوارە بۆ نەهات بە دومانا و کۆمان بکاتەوە، ئەمە کەی حاڵە! بەردەوامیش بیری لای کابرا چاو و برۆ ڕەشەکە وا ماشینە شاسی بۆڵەندە ڕەشەکەی پێ بوو، بوو. لەسەر چوارڕاکە کە بە مناڵەکەی باوەشیەوە کاتێ چووە بەر دەم ماشێنەکەی، دەستی بۆ درێژکردەوە و داوای یارمەتی لێکرد ئەویش شووشەی ماشینەکەی بڕێک هێنایەخوار، بە پەنجە شووش و ڕێکەکەی عەینەکە ڕەشەکەی حەواداو  تۆزێ وەکو بڵێی مانادار لە ژێر چاوەوە لێی ڕوانی. لە جوابا وتی ئەگەر من پارە بدەم بە تۆ، ئەی تۆ چی ئەدەی بە من؟ دەی تۆیش یارمەتیەکی من بدە، زەرەر ناکەیت، زۆرت دەست ئەکەوێ!  تۆزێ سەیری دەوروبەری کرد. پێش ئەوەی گازی ماشێنەکەی بدات، تۆزێ سەری هێنایە پێشەوە، بە ئەسپایی وتی گەر حەزت کرد سبەی ئەم کاتە دێم هەڵتئەگرم. دوواتریش بە سیلەی چاو سەیرێکی مناڵەکەی باوەشی کرد. یانی بەیانی ئەوەت پێ نەبێ! هەر ئەڕۆیشت و گەرماکەی بە قاچەکانیا ئەهاتە خوار، زیاتر ئەبوو تاریکیەکەیش هەر چڕتر ئەبوو،  شان و قۆلیشی قورستر ئەبوون کە بیری هاتەوە ئێستا مێردەکەی بە چێوشەقێکەوە لەگەڵ مناڵەکەی تری بە ڕووت و قووتی لە ماڵەوە، یا باشترە بڵێم لە ناو لوولە سیمانەکانی خوار شارەوە بێ شێو سەریان ناوەتەوە. ئاخر مێردەکەی لەوەتەی ئەحا نەوتە، هەر ئەو پیاوەی وا هەموو دانیشتوانی ناو لوولە سیمانەکان کاری بۆ ئەکەن وا بەیانیان ئەیانبات لەسەر شەقامەکان بڵاویان ئەکاتەوە و ئێواران کۆیان ئەکاتەوە، لێی دابوو، قاچی شکاندبوو لەسەر ئەوەی دزی لێ کردبوو، ئیتر ناتوانێ بێتە دەر، تەنیا ئەرکی ئەوەیە بە ڕۆژا مناڵەکەی بۆ ژیرئەکات. ئاوا تۆزێ ئەرکی ئەمی سوکتر کردبوو.

 بە هەناوەکوتێ گەیشتە نزیکی ماڵە سیمانیەکەیان. گوێی لە قرم و قاڵێکی زۆر بوو. تۆزێ وێستا. کە گوێی تیژکردەوە ئەرێ هەر ئەحا نەوتە بوو ئەیوت ئەبێ بە زووترین کات ئێرە جێ بێڵین و لە فکری جێگایەکی نیشتەجێبوونی تردام بۆتان، ئەبێ تا دەتوانن زیاتر کاربکەن، ئاخر ئەمڕۆ مەئمورێکی شارەداری هاتبوو داوای پارەی زیاتری دەکرت بۆ مانەوەتان لێرە. ئەیوت ئەگەر نەیدەن دێین لوولە سیمانەکان لائەبەین.

دەمەو بەیان بوو، خەریک بوو درکەی ئەدا. تاریکە و لێڵەی بەیانی بوو، خوێن بە لێواری لوولە سیمانەکەیا هاتبووە خوارەوە و بگرە چۆڕابووەوە بۆ سەر عەرزەکەیش. تۆزێ خۆی جوڵاندەوە. ویستی هەستێ ماڵەکەیان خووسابوو. قاچەکانی هێزیان لێ بڕابوو. تۆزێ خۆی کۆکردەوە. ئەژنۆکانی لە باوەش گرت. هەناسەیەکی قووڵی هەڵکێشا. سەری نا بە ئەژنۆیەوە. لەبەر خۆیەوە وتی ئەمڕۆ ویستم زۆرتر کار بکەم و، پارەی زیاتر دەربهێنم.

 

گەڕان بۆ بابەت