ما 6467 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

ئەگەر نووسینی شیعر گەڕان بێت بەدوای شتە جوانەکان یان ئامانجی شیعر جوانکردنی ژیان بێت، دەتوانین بڵێین، شێکۆ بێکەس زۆر بە ئاگاییەوە کاری بۆ ئەو ئامانجەی شیعر دەکرد.بەڕاستی شیرکۆ بێکەس ئامانجی بوو لەرێگەی شیعرەکانی ژیان جوان بکات.دەیەویست مرۆڤ ئازاد بێت، جیاوازیەکان نەمێنن، پیرۆزیەکان شایستە بە مرۆڤ بن و هیچ شتێک لە سەرووی بەهاکانی مرۆڤ نەبن.هەر لە ڕێگەی ئەم ئامانجەشەوە، دەیەویست ئەدەبێکی هاوچەرخ و نوێ و پڕ لە ئیستاتیکامان پێشکەش بکات.هەر خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ (شیعر دەبێت دوو باڵی هەبێت. 

شێرکۆ بێکەس و زمانی شیعر

یان شێرکۆ بێکەس وەک (منداڵێتی ژیان)

نالە حەسەن         

 

من هەر لە بەردی هەتاو و

لە کێوی خۆڵەمێشی خۆم

یەزدانی خۆم دروست کرد و

لە دارستانی زمانە چەند جار

سووتاوەکەی خۆمدا هەڵمکرد

من بەفرێکی هەڵگەڕاوی

یاخی بووم و لە سوورەتەکانی

خوای بیابان جیابوومەوە

                                  شێرکۆ بێکەس (قەسیدەی نسێ)

 

 

 

شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەو شاعیرانەی کە خاوەنی ئەزموونێکی دوورودرێژی نیو سەدە زیاترە. ئەزموونێکی پڕ لە داهێنان و نوێبوونەوە. بە ستایل و شێوازی جۆراوجۆر. ئەوەی لە ئەزموونی شیعری شێرکۆ زۆر سەرنجڕاکێشە ئەوەیە، هەمیشە لە نوێکردنەوە دابووە، هەمیشە وەکو وەرزەکان بە شێوەی تر و ڕەنگی تر دەرکەوتۆتەوە. هەموو شێوازەکانی تاقیکردونەتەوە. لە یەک گۆشە و پەنجەرەوە لە شیعر و داهێنانی نەڕوانیوە. شێرکۆ ئەو دەنگە شیعریە زیندووەیە، کە لە نێو قووڵایی کارەسات میحنەتەکانی ژیان سەریهەڵداوە و بەردەوامی بە خۆیداوە. شێرکۆ دەنگێکی نائارامە لەنێو ڕووبەری شیعر، سرەوتنی بۆ نیە و ناتوانێ بێدەنگ بێ. دەنگێکە لەگەڵ هاوارەکانی ژیان و شەپۆلەکانی تەریب دەڕوات. شێرکۆ بێکەس لە (تریفەی هەڵبەستەوە تا خێراکە مردن خەریکە بگات ) دەبینین ، هیچ شتێک نەماوە قسەی لەسەر نەکرد بێت. توانایەکی سەرسووڕهێنەر لە بەرانبەر وشە و زمان. بەکارهێنانی ستایلی جۆراوجۆر ، هەر لە پۆستەرە شیعر، شانۆنامە شیعر، چیرۆکە شیعر، پەخشانە شیعر، ڕۆمانە شیعر ... چەندەها ستایلی تر. لەو ڕۆژەی یەکەمین شیعر دەنووسێت تا دواهەمین شیعری، لە داهێنانەکانی بەردەوام دەبێت. شێرکۆ بێکەس لە هەموو سەردەمەکان وەکو شاعیرێکی هاوچەرخ و سیمایەکی نوێی نێو ئەدەب و شیعر دەردەکەوێت. وە تاکە شاعیرێکە لە کورد کە توانی لە ئاستێکی بەرز سنووری نیشتیمان ببڕێت و شیعرەکانی بۆ زۆرێک لە زمانە زیندووەکانی دنیا وەربگێڕدرێن و چەند خەڵاتێکی جیهانیش وەربگرێت. شێرکۆ لە نێو شیعرەکانیدا، عاشقێکی نائارامە. (عەشقی نیشتیمان و عەشقی مرۆڤ ) ئەو دوو خولیایەن کە کە بە ژیانی دەبەستێتەوە و هەمیشە پەیوەندیەکانی لەگەڵ ژیان بەهێزتر و توندوتۆڵتر دەکات. لەنێو ژیانیش دا ، شیعر دەکات بە ماڵ و نیشتیمانی خۆی. زمانی شیعریش دەکات بە زمانی خۆی، شێرکۆ جگە لە زمانی شیعر هیچ زمانێکی تر نازانێت ( بۆ شیعر، بۆ عەشق، بۆ بەرگری، بۆ تووڕەبوون، بۆ داهێنان…) تەنها زمانی شیعر و هیچی تر. شێرکۆ بێکەس لە نێو ڕووبەرە فراوانەکەی شیعر هەموو شتێک دەدوێنێ و هەموو شتێک دەهێنێتە نێو شیعر و بە قسەیان دەهێنێ (مرۆڤ، عەشق، نیشتیمان، خاک، چیا، ئاو ، باران، وەرزەکان، باڵندەکان، ژنەکان، مردووەکان، مێژوو ، مافەکان، ستەمەکان....) هێچ شتێک نامێنێ لەنێو شیعرەکانیدا نەیدوێنێ و حیواری لەگەڵدا نەکات. شێرکۆ شاعیرێکە هەمیشە لە شەڕدایە لە بەرانبەر زۆرداری و ستەمکاری، بەهۆی شیعرەکانی و بە زمانی شیعر هەمیشە بەرگری لە میللەتەکەی کردووە لەدژی لەناوچوون و ڕەشبوونەوە. شێرکۆ وەکو شاعیرێک هەمیشە دەنگی ئازادی و ئاشتی بووە .. ( کەشکولی پێشمەرگە و داستانی هەڵۆی سوور و زۆرێک لە قەسیدە و شیعرەکانی تر) ئەمە بە ڕوونی پێشان دەدەن ..  وەکو کەسێکی هاوچەرخ و مەدەنی هەمیشە بەرگری لە مافەکان و ئازادیەکانی مرۆڤ کردووە .. وەک دەنگێکی پێشکەوتووخواز هەمیشە لە سەنگەری خەباتی ژنان بووە و داوای یەکسانی کردووە .. شێرکۆ بە زمانی شیعر عەشقی کردووە، سیاسەتی کردووە و هەر بەزمانی شیعر نیگەرانی و بێهوودەییەکانی خۆی و خەون و ئومێدەکانی خۆی نووسیوەتەوە .. (شێرکۆ بێکەس زمانی شیعری کردووە بە زمانی ژیان ) بەمانای زمانی شیعر زمانی تێگەیشتن و پەیوەندیەکان و زمانی مانەوە و زمانی ئایینەکان و سروشت و مرۆڤەکان و مێژوو و زمانی هەموو شتەکان و کاهینەکان بووە . زمانی شیعر زمانی تێگەیشتن و ناسینی مرۆڤ بووە،  ئەم ڕاستیەش لە شیعرەکانی شێرکۆ لە بەرانبەر دەسەڵاتی زمانی شیعر، لەنێو داهێنانە جوانەکانی بە ئاشکرا دەبیدرێن بە تایبەت، لە قەسیدە درێژەکانی کە وەکو ئەزموونێکی نوێ ناوی نابوون ( دەقی واڵا، واتە دەقی کراوە ) . لەم دەقە درێژانەی وەک ( دەربەندی پەپوولە، خاچ و مار و ڕۆژمێری شاعیرێک، کورسی و گۆڕستانی چراکان و ئێستا کچێک نیشتیمانمە و چەندانی تر.) دەسەڵاتێکی ڕەها و ئەفسووناوی بە زمانی شیعر بەخشیبوو.بەزمانی شیعر شانۆ دەنووسێت، چیڕۆک دەنووسێت، ڕۆمان دەنووسێت، پەخشان دەنووسێت.زمانی شیعر زاڵ دەکات بەسەر زمانی هەموو ژانرە ئەدەبیەکانی تر.زمانی شیعر دەکات بە زمانی ئەدەب، کە لێرەدا ئێمە بە زمانی ژیان ناوی دەبەین.چونکە شێرکۆ جگە لە ئەدەب و شیعر، لەگەڵ عەشق و سیاسەت و مێژوو و لەگەڵ هەموو چەمک و لایەنەکانی تر بە زمانی شیعر دەدوا، جگە لە زمانی شیعر هیچ زمانێکی تری نەدەزانی.لای شێرکۆ زمانی شیعر زمانێک بوو، لەنێو شیعرەکانیدا دەیتوانی ئەفسانە بخوڵقێنێ.لەهەر شتێکدا تا ئەوپەڕی قووڵبێتەوە، گەریدەیەک بوو، دەیتوانی هەموو ڕووبەرێک بدۆزێتەوە، سەری بەهەموو شوێنێکدا دەکرد . لە ڕێگەی زمانی شیعر لە گەڕانەکانیدا قسەی لەسەر شتی زۆر ورد و نایاب دەکرد، چونکە شێرکۆ بێکەس لە بەرانبەر ڕۆلی زمان، لەنێو شیعر و ئەدەبدا، خاوەن مەعریفە و بیرکردنەوەیەکی ڕۆشن بوو.بۆیە هەر لەسەرەتای حەفتاکاناوە ( ڕوانگە ) یان وەک تەوژمێکی نوێخوازی ئەدەبی پێکهێنا . بۆ ئەوەی زمانی شیعر و زمانی ئەدەبی کوردی، لە چەقبەستن و دووبارەبوونەوە و جوینەوەی بەردەوام ڕزگار بکەن. بۆ ئەوەی چەمکە میتافیزیک و باوەکانی زمان تێک بشکێنن و دووبارە بەشیوەی تر و مانای تری پێببەخشن. یان فۆکەس بکەنە سەر پارادۆکس و گومان و یاخیبوون و سیمایەکی نوی بە زمان ببەخشن.هەرچەندە خۆی لە دیمانەیەکدا، دان بەوەدا دەنێت و دەڵێ (بەیانی ڕوانگەی ئەدەبی قووڵ و هەمەلایەنە نەبوو، بە ڕوونی ئەو بنج و بناوان و هۆ و هۆکارانەی ڕوون کردبێتەوە، نا، بەیانەکە هاوارێ بوو، بۆ ئەوەی خەڵک لە وشەی ( تازەکردنەوەی بەردەوام ) ئاگادار بکەینەوە. زەنگێک بوو لێماندا بۆ ئەوەی خوێنەری کورد بێت پێی بڵێین، شیعر هەر ئەو قاڵبانە نییە کە تا ئێستا پێیان نووسراوە...). شێرکۆ بێکەس هەمیشە لە قووڵایی دەریاکان گەوهەرە بە نرخەکانی دەدۆزییەوە. هەموو گەڕان و داستان و ئەفسانەی نێو شیعرەکانی لە پێناو مرۆڤ و بەها جوانەکانی مرۆڤایەتی بوو.عەشقی نیشتیمان و عەشقی مرۆڤ دوو هێڵی تەریبی درێژی نێو شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس بوون. هەموو تەمەن و شیعرەکانی خۆی بەم عەشقەی بەخشیبوو.ئەو پێیوابوو ژیان موغامەرەیەکە لە پێناو عەشق، عەشق بە هەموو مانا قووڵیەکەی.ئەو بۆ چرکەساتێکیش لەو عەشقەی دانەبڕا، چونکە هەمیشە بۆ عەشقەکەی خۆی دەنووسی، بەزمانێک کە عەشق لەهەر بارودۆخێک بێت یان هەرچەندە لێیەوە دوور بێت لێی تێدەگات.ئەو خۆی دەیزانی چ عاشقێکی سەوداسەرە و بە چ زمانێک لە پێناو عەشقەکەی دەنووسێت، یان هەر وەک خۆی دەڵێت ( لە شیعری مندا، یەک ژن و یەک عەشقی دیاری کراو نیە، پۆڵێ ژن و پۆڵێ عەشق و پۆڵێ شیعر هەیە.) بۆیە لە ڕێگەی زمانە شیعریەکەی خۆی لە شاعیرانی تر جودا دەکاتەوە و پەیوەندی خۆیی و عەشق لە تایبەتمەندی زمانە شیعریەکەیەوە پێشان دەدات و لە بەشێکی شیعری (دوو زمان) دا دەڵێت.

جیاوازی من و زۆر شاعیر هەر ئەوەیە

بە زمانی سادە وەکو ئاوی ڕەوان

بۆ عەشقەکەی خۆم دەنووسم

بۆیە عەشقیش ئەگەر لەوپەڕی دنیاش بێ

لەمن ئەگا...!

شێرکۆ بێکەس لە هەموو ئەزموونی شیعریدا هیچکاتێک، ئەو ئاگاییەی خۆی ون نەکردووە کە لە چوارچێوەی زمانی شیعری دەربچێت.چ لە شیعر چ گوتار چ لە دیمانە و گفتوگۆ هەمیشە زمانی شیعر زمانێکی ئامادە و زاڵ بووە. هیچکاتێک توندوتیژی تێکەڵ بە زمانی ئەو نەبووە. نووسەر هەیە لە کاتی وەڵامدانەوە بە ڕەخنەیەک یان لە بەرامبەر بابەتێکی ڕۆژانە یان لە بۆنەکاندا بێویستی خۆیان زمانێکی توندوتیژ بەرامبەر ئەویتر بەکاردەهێنن. بێئەوەی مەبەستیان بێت، ڕۆلی کاراکتەرێکی سیاسی دەبینن. بەڵام شێرکۆ هەمیشە بە زمانی شیعر قسەی کردووە و نووسیویەتی.ئەوەتا لە شوێنێک بۆ یادی (ڤاڵانتاین.ڕۆژی خۆشەویستی) پێش ئەوەی شیعرەکەی بخوێنێتەوە و چەند قسەیەک دەکات دەربارەی ڤالانتاین  دەڵێ..

ڕۆژی خۆشەویستی

ڕۆژی عەشق و ژن و خۆشەویستی

ڕۆژی یەکتر ناسین

بۆ دروستکردنێکی نوێ

لە پەیوەندی کۆمەڵایەتی و شارستانیا

لێرەبی یان لە وێ.

هەمیشە میلۆدی و هارمۆنیەک لە شێوەی قسەکردنی و لە نێوان وشە و دەربڕینەکانیدا هەبوو.ئەمەش خۆی لە خۆیدا ئەو توانا ئەفسووناویەی شێرکۆ مان پێشان دەدات بەرامبەر زمان و شیعر.

شێرکۆ بێکەس شاعیرێک بوو بۆ ژیان دەینووسی، پەیوەندی لەگەڵ ژیان و تەنانەت مەرگیش هەر لەرێگەی شیعرەوە بوو.جگە لەو وەسیەتنامەی بەر لە مردنی کە داوای کرد لە پارکی ئازادی بنێژرێ  بۆ ئەوەی، پەیوەندی لەگەڵ خەڵک و شاعیران و نووسەران و مۆسیقاران و عاشقان نەپچڕێت.مەبەستمە ئەوە بڵێم دەیەویست لە ڕێگای شیعرەوە لەنێو مردنەوە بگەڕێتەوە نێو ژیان.لە شیعری (میرات) یش زۆر بە ئاشکرا ئەوە دەڵێت.

کە کەو ئەمرێ

دوای خۆی بۆ شاخ

چەند قاسپەیەک بەجیدێڵێ

کە هەنگ ئەمرێ

دوای خۆی بۆ باخ

هەندێ ماچی شیرین شیرین

بەجێدێڵێ

کە وەختێکیش تاوس ئەمرێ

دوای خۆی هەندێ تێلی ڕەنگین

بۆ ناو گوڵدان

بەجێدێڵێ

کە وەختێکیش ئاسک ئەمرێ

دوای خۆی مسک بەجێدێڵێ

هەرکاتێکیش کە من مردم

دوای خۆم بۆ ئێوەو کوردستان

هەندێ شیعری

 نازدار و جوان..

بەجێدێڵم

کەواتە لەدوای خۆی جگە لە شیعر هیچ شتێکی تری نیە بۆمان جێبهێڵێ و پێشکەشمانی بکات. دەیەوێت لەڕێگەی شیعرەوە لەگەڵ ژیان بەردەوام بێت و لەدوای مردنیشی شیعرەکانی ببنە شوناسێکی ئەبەدی بۆ ئەو. کەواتە هاوکێشەکە وای لێدێت.پەیوەندی ژیان و شێرکۆ / پەیوەندی ئێمە و شێرکۆ / پەیوەندی مردن و شێرکۆ. هەموو پەیوەندیەکان لە شیعردا یەکتری دەگرنەوە، هەر شیعر و هیچی تر.

ئەگەر نووسینی شیعر گەڕان بێت بەدوای شتە جوانەکان یان ئامانجی شیعر جوانکردنی ژیان بێت، دەتوانین بڵێین، شێکۆ بێکەس زۆر بە ئاگاییەوە کاری بۆ ئەو ئامانجەی شیعر دەکرد. بەڕاستی شیرکۆ بێکەس ئامانجی بوو لەرێگەی شیعرەکانی ژیان جوان بکات. دەیەویست مرۆڤ ئازاد بێت، جیاوازیەکان نەمێنن، پیرۆزیەکان شایستە بە مرۆڤ بن و هیچ شتێک لە سەرووی بەهاکانی مرۆڤ نەبن.هەر لە ڕێگەی ئەم ئامانجەشەوە، دەیەویست ئەدەبێکی هاوچەرخ و نوێ و پڕ لە ئیستاتیکامان پێشکەش بکات.هەر خۆی لە چاوپێکەوتنێکدا دەڵێ (شیعر دەبێت دوو باڵی هەبێت. باڵێک بۆ هونەر و باڵێک بۆ گەیاندن واتە خوێنەر یان وەرگر.) ئەو پێیوابوو، شیعر یان ئەدەب شتێک نیە لە بۆشاییدا بخولێتەوە.چونکە لە پشتی شیعرەکانی ئەو ئامانجێکی گەورە هەبوو، بۆیە  لە نێوان شێرکۆ و خوێنەر لە ڕێگەی گەیاندنەوە پەیوەندیەکی بەهێز هەبوو. ئیستاتیکاش خۆی سەرچاوەیەکە بۆ لەزەت.لەڕێگەی ئەم لەزەتەوە هەمیشە خوێنەرەکان و گوێگرەکانی شاگەشکە و سەرسام دەکرد. دوای ئەوە شێرکۆ بێکەس شاعیرێکی جیهانی بوو بۆ مرۆڤایەتی دەینووسی.ڕووبەری بیرکردنەوەکانی ئەو زۆر فروان بوو، لەهەمانکاتیش شوێنێک نەبوو بۆ بیرکردنەوەکانی ڕاسیستی و یان جیاوازی نێوان مرۆڤەکان بەهۆی ڕەگەز و ڕەنگ و هەرشتێکی ترەوە. وەکو کەسێکی مەدەنی هاوچەرخانە بیری دەکردەوە و دەینووسی لە کۆپلەیەکی پەخشانە شیعری (بۆ ٨ ی مارس) دا دەڵێ:

من ئەمڕۆ پیاو نیم و بووم بە ژن

ناوی دایکم دەخەمە جێی ناوی باوکم و

بەمجۆرە ئەمڕۆ من

شێرکۆ فایەق بێکەس نیم و

شێرکۆ شەفیقە سەبیحەم من...

هەموو نووسەرەکان خاوەنی ئەم بیرکردنەوە مرۆییە نین، ئەو نووسەر و بیرمەندانەی کە بۆ مرۆڤایەتیان نووسیوە و داهێنانەکانیان هێندە لە ئاستێکی باڵا بووە، بۆیە دواتر بوون بە مولکی مرۆڤایەتی و تاهەتاش لەنێو ژیاندا ماونەتەوە، بە دڵنیایەوە شێرکۆ بێکەس یەکێکە لەو شاعیر و نووسەرانە.وەک چۆن (ئەنجلس) لە نووسینێکدا ئەدەبی شکسپیر بە (منداڵێتی مرۆڤایەتی) ناو دەبات، بە مانای هەرچەند مرۆڤایەتی بەرەو تەمەن هەڵکشێ، ئەدەبەکەی شکسپیر وەکو منداڵ بێگەرد و شیرینتر دەمێنێتەوە.لێرەدا منیش مەبەستمە شیعر و ئەدەبی شێرکۆ بێکەس بە (منداڵێتی ژیان) ناوبەرم. چونکە من دڵنیام ژیان بە هۆی شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس ڕۆژ لە دوای ڕۆژ باڵا دەکات و یان تابڵۆی ژیان بە هۆی شێعرەکانی شێرکۆ بێکەس، ڕەنگەکانی جوانتر و ڕەنگینتر دەبێت، بە مانای ژیان بە هەموو پێکهاتەکانیەوە لە نێو شیعرەکانی شێرکۆ بێکەس ڕاکشاوە. یان لە نێو شیعرەکانی شێکۆ بێکەس دا، مرۆڤ و ژیان سەرچاوەی هەموو بەهاکانی جوانین.

 

                                      

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت