ما 4653 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

عەبدولموتەلیب عەبدوڵڵا

لەبەر رۆناکی

تەنھا دەمەوێ تاریکی بە پەنجەرەی با ھەڵواسم

چونکە لە وڵاتێکم، ژیان ئەزبەر دەکەین

سەربەستی تەنھا لە گۆڕدا دەبینین

ئەوە تەنھا دەنگ نییە، وشەیە لە نێو خاشاکدا دەجەنگێ

 

 

من مردن نیم

 

بەر لەوەی لە تاریکی گۆڕستان سەر بەرز بکەمەوە

گوڵێکی سپیم بە دەستەوەیە

لە خۆم دەپرسم من کێم؟

لە نێوان خۆم و تاریکی

لە نێوان نیشتمان و ریتمەکانی مردن

قسەیەک دەکەم دنیا و دنیا بیگێڕنەوە

لەگەڵ حیکایەتەکانم بەرەو گۆڕ ھەنگاومان دەنا

بەرەو جەنگ، خۆمان لە مانا دەکردەوە

من بە ھەموو لایەکی گۆڕستاندا سێبەرم دەکرد

حیکایەتەکان بە ھەموو لایەکی تاریکی نووسرابوون

لەبەر رۆناکی

دەزانم لە وڵاتی مندا ئافرەتان وەک ئەوەی دوکەڵ بن

وەک ئەوەی خوێن بن، خۆیان دەشارنەوە و

بە جەستە ژیان دەچننەوە!

من نزا بۆ گومان دەکەم لەبەر تۆ نا

لەبەر رۆناکی

لە سەر شەقام جوانی راگوزەر دەکەوێ

لە دڵی خۆم دەڵێم من ھەموو ژیانم

خوێندنەوەی وێنە رووتەکانی شەقام بوو

بە دوای جوانی راگوزەر نا

لەبەر رۆناکی

تەنھا دەمەوێ تاریکی بە پەنجەرەی با ھەڵواسم

چونکە لە وڵاتێکم، ژیان ئەزبەر دەکەین

سەربەستی تەنھا لە گۆڕدا دەبینین

ئەوە تەنھا دەنگ نییە، وشەیە لە نێو خاشاکدا دەجەنگێ

لە سەر کاغەزی سپی نا

سێبەرەکەم لە تاریکی لەبیر چووە

لە سەر سینگی ژنان ئەستێرە دەدرەوشێنەوە

لەگەڵ رۆناکیدا دەڕۆم

پێکێکی بەتاڵە ژیان، ئاوڕ نادەمەوە دەڕۆم

سێبەرەکەم لە شوێنی من دادەنیشێ

گوڵێکی سپی بە دەستەوەیە و دەڵێ

من مردن نیم، بەڵام خۆم ناناسمەوە

تەمەنی من تەمومژاوییە

لە نێوان نیشتمان و مردن پرسیار لە تۆ ناکەم

ئەی ئەو کەسەی بە جەستەت ژیان دەچنییەوە

پرسیار لە تۆ ناکەم

ئازادی لە گۆڕ دەنێن

بەڵام بە ناوی من کەسێکی دی لە دایک نابێ

گوڵێکی سپی بە دەستەوە بێ و

بەو ئافرەتەی کە تاریکی جەستەی دەکێڵێ بڵێ

پێکێکی بەتاڵە ژیان

بەو تاریکییەی کە لەگەڵ خۆر یەکلا نەبۆتەوە بڵێ

لە وڵاتێکین، ژیان لە بیر کراوە

لەسەر کاغەزی سپی

گوڵێکی سپی

من نیم

سێبەرم بە شەقامدا دەڕوا.

٣/٤/٢٠١٥

 

 

گەڕان بۆ بابەت