ما 2405 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مامە کە لە وێنەگرییەکە هاتەدەر، هەستی بە برسییەتی کرد. دەیزانی لەوبەر جادەکە هێلکەی کوڵیو دەفرۆشن. بەتەمای هێلکە ویستی لە جادەکە بپەڕێتەوە، بەڵام کاتی نەبوو. دەبووایە چاوەڕوان بایە. بە خۆی گوت زۆر ناخایەنێ. بەڵام خایاندی. کاروانەکە بە زەحمەت تێدەپەڕی. بگرە راوەستابوو. هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە لەوسەری جادەکە کاکی مەسئول کتوپڕ بڕیاری دابوو لە سەیارەکەی بێتە دەرەوە و بە بوونی خۆی لەناو جەماوەردا، خەڵکی تووش سەرسووڕمان بکا. لەپڕ بوو بە قریوەیەک نەبێتەوە. چەکدارەکان، جگە لەوانەی وا بە 'بی کە سی' بەسەر تاقی ماشینەکانەوە مابوونەوە، هەر هەموویان دابەزین.

 

هێلکەی کوڵاو

فەڕۆخ نێعمەتپوور

لە شەقامی ناوەندی شارەوە کاروانێکی گەورەی سەیارە خەریکە تێدەپەڕێ. یەک دوو ماشینی وەنەوشە و ئەوانی تر تۆیۆتای لاندکڕۆزێری پڕ لە چەکدار کە جاری وایە 'بی کەی سی'یان لەسەرە. چەکدارەکان بە جلی کوردی و بە جلی سەربازیی سەوزی بەڵەک بەڵەکەوە جوان جوان لە دەورووبەری خۆیان ورددەبنەوە، نا وردبوونەوە نا، مۆڕدەبنەوە. خەڵکەکە لە ناو دووکان و لەسەر پیادەڕۆکەوە سەرنجیان دەقۆزرێتەوە. بە جۆرێک، کەسب و کار رادەوەستێ. وێنەکێشێک کە خەریکی بەڕێکردنی مشتەرییەکە و سەرقاڵە، لەگەڵ ئەوەی دەزانێ چ باسە، بە گەشکەوە لە شاگردەکەی دەپرسێ "خولە ئەوە چییە... شەقام بۆ وا قەرەباڵغە؟" خولە هەڵدەداتێ "وەستا گیان هیچ نیە... مەسئولەکان خەریکە تێدەپەڕن!" وەستا وێنەکان دەداتە دەست مشتەرییەکەی و، دەڵێ "فەرموو چاوەکەم، هیوادارم بە دڵت بێت!" مشتەرییەکە وێنەکانی وەردەگرێ و، دەڵێ "دەست و چاوت خۆش بێ، جوانن، هەڵبەت جوانت کردووین، بڵێین چی لانیکەم وێنەکان کەمێک گەنجمان ئەکەنەوە و دڵمان خۆشترئەکەن." وەستا دەڵێ "ماشاڵڵا هێشتا گەنجی مامە گیان، گەنجیەتی بە ساڵ نیە بە دڵە!" مشتەرییەکە دەڵێ "جا کوا دل ماوە!؟ سەیری شەقام کە، ئەمە وەزعە، ئەم کاروانە دووروودرێژە بۆ تاقە نەفەرێک! ئەویش لە پشت جامە رەشەکەوە کەس نایبینێ... بەخوا برا رۆژگارێکی سەیرە!" کاکی وەستا دەڵێ "هەروائەبێ مامە گیان هەروا ئەبێ، ئەزموونەکەمان ساویلکەیە هێشتا، ئەمانەیش سەرەتایانە و هێشتا رانەهاتوون، ماوەیەکی تر چاک ئەبن، هەموو شتێک چاک ئەبێ، ئەبێ سەبر و تەحەمولمان هەبێ، هیچ وڵاتێک لە پڕێک نەبووە بە کوڕێک!" مامە هەڵدەداتێ "ئەوە من و ئەوە تۆ، من و تۆ کوڕی شارێکین، گەر تەمەن مەودا بدات یەکتر دەبینینەوە، ئەوە من و ئەوە تۆ!"

پاکەتەکە دەخاتە بن باخەڵی کەواکەی و، دەڕوا. وێنەگرەکە کە دەڵەی هەر لەگەڵ کەسیش نەدوواوە بەپەلە دەچێتەوە دەرەوە بۆ بەر دووکانەکەی. شەقام تەواو تێکترنجاوە!

رێک لەوبەر جادەکە، بەرامبەر وێنەگرییەکە مێردمنداڵێک خەریکی هێلکەکوڵاندنە. لەتەنیشت عەرەبانەکەیدا پووتێکی بیست کیلۆیی تا نیوە پڕ لە ئاو کردووە و لەسەر پەڕەمێزێکی بچووکی داناوە. ئاوەکە دەکوڵێ و، ئەویش خەریکە لە شانەیەکی سەر عەرەبانەکەی دوودوو هێلکە هەڵدەگرێ و بە پارێزەوە دەیانخاتە ناو پووتەکەوە. پاییزە و هەوا ساردبووە، هەڵبەت نەک ئەوەندە دەست بتەزێنێ. لەسەر عەرەبانەکەیش نان و سەوزە و قاپ و قاچاخ و کەوچک و پەرداخ و دۆلکەیەک ئاو دەبینرێ. مێردمنداڵەکە کە پاڵتۆیەکی درێژی کۆن و شیتاڵ شیتاڵی لەبەردایە، ئەوەندە سەرقاڵە کە گوێ ناداتە کاروانی سەربازییەکە. وەک بڵێی هەر نەشبێ!

پیاوێکی تەمەن سی ساڵ بەرەوژوور، لەو پیاوانەی خەریکی مامەڵەی سەرپێیی لەناو بازاڕدان، لەبەردەم گارییەکە رادەوەستێ و، دەڵێ "ئادەی بابۆڵەیەک هێلکە!" مێردمنداڵەکە لە ژێر عەرەبانەکەوە لێی دەڕوانێ. دەستبەجێ قنج دەبێتەوە. دەڵێ هێشتا ماویەتی تەواو بکوڵێ. پیاوەکە کە سەرنجی لەسەر کاروانەکەیە، دەنگ بەرزدەکاتەوە کە "حەک داڕزێی جا ئەمە کەسابەتە تۆ ئەیکەی!" مێردمنداڵەکە دەڵێ پەڕەمێزەکە نەوتی تیانەمابوو، لەبیرم کردبوو پڕی بکەم، بۆیە دوواکەوت. پیاوەکە جواب ناداتەوە و هەروا سەرنجی لەسەر خیابانەکەیە. منداڵەکە دەڵێ "هێلکە زۆری ناوێ، ئاوەکەی کوڵاوە، چەن دەققەی تر ئەگاتێ." پیاوەکە کە دەستی لەناو گەڵیایەتی و خەریکی رێک و پێک کردن یاخود رزگارکردنی شتێکە، دەڵێ "حەی تڕحێو، ئەم هێلکانەی من کوڵان ئەوی تۆیش ئەکوڵێن! هەی تڕحێو!" ئەمە دەڵێ و، کەچی ناڕوات. هەروایش سەرنجی بەردەوام لەسەر کاروانەکەیە. منداڵەکە ئەمە بە حسێبی ئەوە لێکدەداتەوە کە مشتەرییەکەی چاوەڕوان دەمێنێتەوە و، بۆیە هەڵدەستێ سەموونێک دێنێ و دەستدەکا بە ئامادەکاری بابۆڵەکە.

شەقام هەتا دێت قەرەباڵغتر دەبێ. جادەکە گەورە نیە و بۆیە کاروانەکە لەگەڵ ماشینە مەدەنییەکان تێکوەردەبن. دەبێتە هۆڕن لێدان. چەکدارەکان هەندێکیان دادەبەزن و، هەولدەدەن رێگابکەنەوە. پیاوەکە دەڵێ:

ـ ئاوا بە نێرەکەریش نەژی ژیان چییە! بەخوا برا خۆشیشە، جا تۆی نەگبەت هەر هێلکە بکوڵێنە!

مێردمنداڵەکە ئەگەرچی گوێی لێیە، بەڵام لە پیاوەکە ناڕوانێ. ئەوەندە سەرقاڵە کە دەڵێی هیچ شتێکی تر لەم دونیایە جگە لە هێلکەکانی و لە ئیش و کارەکەی بۆی گرینگ نیە.

ـ باشە ئەم نەگبەتانە ئەم هەموو سەیارە و ئەم هەموو حیمایەیان بۆچییە، بەخوا سەیرە!

دەنگێکی غەریب دەڵێ:

ـ هەموویان حیمایە نین، زۆریان کەس و کاری خۆیانن.

پیاوەکە لایەک دەکاتەوە. لە تەنیشتیدا کەسێکی تر راوەستاوە. نایناسێ. دەڵێ:

ـ بەقوربان کەس و کاری چی و شتی چی، ئەمە هێزە هێز، لە دونیا و لە سیاسەتیشدا هێز دەیباتەوە، ئەیچۆن!

پیاوە تازەکەیش داوای هێلکەی کوڵاو دەکا. روودەکاتە منداڵەکە و، دەڵێ "ئادەی رۆڵە دوو هێلکەم بۆ بخە سەموونێکیەوە!" پیاوەکە بە بزەوە لێی دەڕوانێ. وەک بڵێی لە دڵی خۆیدا دەڵێ "بۆ رێک دوو!" منداڵەکە سەموونێکی تریش ئامادەدەکا. هێلکەکان لەوە دەچێ کوولابێتن. بە مەلاقەیەک سێ هێلکە دەردێنێ و، لەکاتێکدا زووزوو فوو لەدەستی دەکا و رایاندەوەشێنێ، پێستەکەیان لێدەکاتەوە. پاشان دەیانخاتە ناو سەموونەکان، کەمێک رۆنەکەرە و ئەوسا سەوزەیان تێدەکا. پیاوەکان ئاگایان لێ نیە. کاروانەکە بە زەحمەت، بەڵام بە ئارامی هەروا تێدەپەڕێ. سەیارە مەدەنییەکان هەتا دەتوانن خۆیان لە قەراخ جادەکە دەکوتن. سەرئەنجام منداڵەکە دەڵێ "بابۆڵەکان ئامادەن!"

هەردووکیان پێکەوە دەستی دەدەنێ. یەکەم گازی لێدەگرن. پیاوە یەکەمە دەڵێ "جا توخوا ئەمە وەزعە، هێلکە و بە بێ خوێ!... ئادەی هەتیو خوێکەت...چوارپەلت داڕزێ!" منداڵەکە بەپەلە دەست دەبا بۆ ژێر عەرەبانەکەی، لە دۆڵابێکی شڕدا خوێدانەکە دەردێنێ و دەیداتە دەستی. پیاوی دووهەم دەڵێ:

ـ بڵێی ئەمانە هێلکە خۆربن! بڵێی قەت هێلکە بخۆن؟"

ـ ئەیچۆن نایخۆن، لە شاخ هێلکە و رۆن ئاواتیان بووە، ئەرێ وەڵا وای ئەخۆن نەبێتەوە، جا با ئیستا لە جوملەی خواپێداوان بن، بەڵام خووی زوو هەروا بەئاسانی تەرک ناکرێ.

ـ بەخوا باوەڕ ناکەم هێلکەیان لەبیرمابێ، هەر لە داخی ئەو کاتیش بێ ئێستا هێلکە ناخۆن!

ـ کوڕە چۆنی ناخۆن، بەڵام پرسیار ئەوەیە ئێستاکە چۆنی ئەخۆن، هەروا بە پەچکێک نانەوە یان لەگەڵ شتی تر، کێ هەیە بۆ نانی بەیانی هێلکە نەخوا، هەزار ئەوەندە مەسئول بیت و نەبیت هێلکە هەر لەگەڵتایە، بە شەرەفم ئیستا لە جاران زیاتریشی ئەخۆن!

خەڵکێکی زۆر لەسەر شۆستەکان ئەمبەراوبەر راوەستاون و، لە دیمەنەکی بەردەمیان دەڕوانن. منداڵکەکە دەست دەبا و، چەند هێلکەی تر دەخاتە ناو پووتە بیست کیلۆییەکەوە.

پیاوی دووهەم کە هەستدەکا قسەکانی ئاقڵانەترن، بەردەوام دەبێ:

ـ هێلکە لە تەنیشت کەرە، مرەبا، هەنگوین، شیر و پنیر... ئیتر لەمە خۆشتر. کوڕە کاکە تۆ چی ئەڵێی هێلکەی وەها ئیتر هێلکەی ساڵان نیە، شتێکی ترە.

پیاوی یەکەم کە مڵچە مڵچییەتی، گوتی:

ـ بەخوا بەساقە هێلکە هەر هێلکەیە، زەرد لەناو سپیدا. تازە تۆ پێت وایە ئەوان بۆ نانی بەیانی ئەمانە ئەخۆن! ههههه، ئەی جگەر و سی و گورچیلە و دڵ بۆ کوێ چوون، ئەی بۆنی برژاوی گۆشت و...

ـ کاکە گیان ئەی ئێوارێ چی بکەن؟... ئەی بۆ ژەمی نیوەڕۆ؟ خۆ ناکرێ بیست و چوار سەعاتە وەک گورگ لمبۆزیان لە گۆشتا بێ... کاکە ئەوانیش مرۆڤن مرۆڤ!

مامە کە لە وێنەگرییەکە هاتەدەر، هەستی بە برسییەتی کرد. دەیزانی لەوبەر جادەکە هێلکەی کوڵیو دەفرۆشن. بەتەمای هێلکە ویستی لە جادەکە بپەڕێتەوە، بەڵام کاتی نەبوو. دەبووایە چاوەڕوان بایە. بە خۆی گوت زۆر ناخایەنێ. بەڵام خایاندی. کاروانەکە بە زەحمەت تێدەپەڕی. بگرە راوەستابوو. هۆکارەکەیشی ئەوە بوو کە لەوسەری جادەکە کاکی مەسئول کتوپڕ بڕیاری دابوو لە سەیارەکەی بێتە دەرەوە و بە بوونی خۆی لەناو جەماوەردا، خەڵکی تووش سەرسووڕمان بکا. لەپڕ بوو بە قریوەیەک نەبێتەوە. چەکدارەکان، جگە لەوانەی وا بە 'بی کە سی' بەسەر تاقی ماشینەکانەوە مابوونەوە، هەر هەموویان دابەزین.

پیاوی یەکەم هەڵیدایە:

ـ مرۆڤ؟! بڵێ خوا. من و تۆ مرۆڤین من و تۆ. هێلکەخۆرەکان مرۆڤن. دڵت بەوە خۆشە لەوان ئەچی ههههه!

وردەنان لە دەمی دەردەپەڕییە دەرەوە.

ـ هەزار ئەوەندەش وەها بن هەر مرۆڤن... هەر دەمرن... هەر ئارەزووی هێلکە ئەکەن.

مامە سەرنجیدا، کەس لە شەقام نەدەپەڕییەوە. هەموو دەیانزانی بە گوێرەی یاسایەکی نەنووسراو، لەم کاتانەدا پەڕینەوە قەدەغەیە. کەمێکی تر ئەم قاچەوقاچی کرد و، پاشان بە خۆی گوت واباشە دەوربدەمەوە. لەم سەراوسەری جادەکەی رووانی. نا بەکەڵک نەدەهات. هەتا چاو هەتەری دەکرد، هەر خەڵک و هەر سەیارە بوو. ببوو بە رۆژی حەشر.

پیاوی یەکەم گوتی:

ـ گەر بەڕای جەنابت بێت ئیستا کاکی مەسئول دابەزیوە و، لەو سەر خەریکی هێلکەی کوڵیو خواردنە! وانیە!

پیاوی دووهەم کە بەرەبەرە تێگەیشتبوو لەگەڵ چ کەسێک تێکەوتووە، هەوڵیدا چیتر نەدوێ و وەڵامی نەداتەوە. منداڵەکە کە لێ ببووەوە و کارێکی وەهای نەمابوو، چاوی هەڵێنا و نیگای بە دەورووبەری خۆیدا گێڕا. لە مشتەری تر دەگەڕا. بە گوێرەی کەسابەتەکەی دەبووایە دوو سێ شانەیەکی هێلکەی کوڵیوی بفرۆشتایە. بەخۆی گوت کاروانەکە کە تێپەڕی خەڵک چاویان دەچێتەوە سەر دەورووبەری خۆیان.

مامە ماوەیەکی تریش راوەستا. نا، پەڕینەوە مەحاڵ بوو. مامە کە سکەی قۆڕەی دەهات بە خۆی گوت چش تازە تا ماڵەوە هیچ ناخۆم... چش!

هەلهەلە و چەپڵەلێدان تەواو نەدەبوو. کتوپڕ بوو بە دروشمدان و هوتاف کێشان. لەگەڵێشیا هۆڕن لێدان. دونیا دەلەرییەوە. رۆژی حەشر بەردەوام بوو. وێنەگرەکە روویکردە کابرایەکی تەنیشتی و، لەگەڵ ئەوەی نەیدەناسی و بگرە قەتیشی نەبینیبوو، بە بزەوە و بە خۆهەڵکێشانێکی سەیرەوە گوتی "ئامۆزاکەی هەمیشە بە خۆی و خاووخێزانییەوە لای من وێنە دەگرن، هەر لە کۆنەوە... لەسەردەمی شاخەوە!" کابرایش وەک دابی رێزگرتن بزەیەکی بۆ کرد.

دوو پیاوەکە بابۆڵە هێلکەکانیان خوارد و، لەناو حەشیمەتەکەدا نوقم و ون بوون. مێردمنداڵەکە گوێی لێبوو هەتا دوورکەوتنەوە هەر باسی هێلکە خواردن یان نەخواردنی مەسئولەکانیان بوو. بگرە جۆری نانیشیان پێ زیادکردبوو. ئەوەی کە داخۆ ئاردی خۆماڵییە یان ئاردی یوئێن. جۆیە یان گەنم. لەدەرەوە دێت یان...

منداڵەکە هەڵتروشکا. هەستی بە سەرما کرد. هەر دوو دەستەکەی خستە سەر پووتە بیست کیلۆییەکە کە هەڵمێکی خۆش و گەرمی لێ بەرزدەبووەوە.

گەر ئاوا بڕۆشتایە پیشەوە، رەنگە ئەمڕۆ شانە هێلکەیەکیش تەواونەکا.

  

 

گەڕان بۆ بابەت