ما 439 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

بەڵام لەلایەکی ترەوە ئاگری حەزی چوونە حەج هەروا لە دەروونیدا نێڵی دەدا و، بەرز بەرز دەکشا. هەستێکی دەروونی پێی دەگوت ئەو پێویستی بەمەیە. ئەو دەبا بچێتە زیارەتی ماڵی خودا و لە نزیکەوە داوای بەخشش و لێبوردنی لێبکا. بەخشش و لێبوردن لەوەی وا بە بۆچوونی خۆی نەیکردبوو، بەڵام بە قسەی خەڵکی کردبووی! ئەو پێویستی بە دەنگی خوا بوو، بە هەناسەی و بە ودمی میهرەبانییەکەی... لە نزیکی نزیکەوە. ئەو دەبووایە نەهێڵێ دەنگی خەڵکی بگاتە خوا. بە خۆی گوت چی دەبوو وەک ساڵی ساڵان بە سواری کەر و وشتر و بارگینەوە بچووایە بۆ حەج. تەیارەی چی و شتی چی. داخۆ بە سواری وڵاغ باشتر هەستی بە خاکی موقەددەسی عەرەبستان نەدەکرد و، زیاتر بۆن و بەرامەکەی نەدەڕژایە ناوگیانییەوە. بێگومان بەم شێوەیە دەرفەتێکی زیاتری بۆ رازونیاز لە گەڵ خودای دلۆڤان دەبوو.

بچم یان نەچم!

فەڕۆخ نێعمەتپوور

مەحمووی خاڵە حاجی بریاریدا بچێ بۆ حەج. ئیتر کاتی هاتبوو. خۆی گوتەنی لەخوا بەزیا بێ کاروکاسبی باشی هەبوو، پارەیەکی باشی لەدووای ساڵانی ساڵ خستبووە سەریەک و لە هیچی کەم نەبوو. تازە پێی وابوو درەنگیش کەوتبوو و، دەبا ساڵانی ساڵ لەوە پێش بیری لەمە بکردایەتەوە. دیارە ئەو کاتیش زەینی چووبووە سەری، بەڵام دڵی نەهاتبوو. هەر چۆنێک لێکی دابووەوە جارێکە زووبوو. جارێکە ئەوەندە پارەی نەبوو بتوانێ ریسکێکی لەم چەشنەبکا و، رووبکاتە غەریبی،... جا با ماڵی خودایش بێت.

مەحموو لە دووای بێنەوبەرەیەکی زۆر ئەم بریارەیدا. ئێوارەیان کاتێک لە مزگەوت بەرەو ماڵەوە دەبووەوە، ورد ورد بیری لێدەکردەوە. بگرە بۆ ئەوەی هەڵەی تیانەکا و بەجوانی هەموو لایەنەکانی لێکبداتەوە، کەمێک هەنگاوەکانی بۆ شلدەکردەوە. نا، هەر چۆنێک لێکیدەدایەوە دەیتوانی. توانین چ عەرزکەم، ئا کە دەیتوانی، تەنیا قسە لەسەر ئەوە بوو کە توانینەکە وەها بوو وەک بڵێی هەر هیچی نەکردبێ. ماشاڵڵا ئەوەندەی هەبوو کە بە وەها سەفەرێک بە خۆی هەر نەزانێ. ئا دەیتوانی. تازە کاتێک لێکی دەدایەوە چ مەقام و مەنزڵەتێکی بۆ دێنێ و، چۆنچۆنی خەڵک بە رێزێکی زیاترەوە لێیان دەڕوانی و ناویان دێنا، ئەوەندەی تر دڵگەرمتر دەبوو. ئا تازە ماڵی دونیای بۆچی بوو؟ منداڵ هەموو پێگەیشتبوون و، لە گەڕەکی ئەم شارەیشدا نەمابوو خانوویەکی نەبێ. تەمەنی نگریسیش تا لایکردبووەوە، هاتبوویە و کتوپڕ دونیا ئەوەندە لای بچووک و تەنگەبەر ببووەوە نەبێتەوە. ئا، دەبا سەفەربکا،... سەفەری حەج. هیچ شتێک بە قەدەر سەفەری حەج پانتایی دونیا بەرین ناکاتەوە و، سنوورەکانی تا ئەو دونیای تر ناکشێنێ.

مەحمووی خاڵە حاجی بیری لە ناوەکەی خۆی کردەوە. بە هۆی سەفەری حەجەوە دەبێ بە حاجی و ئەوکات پێی دەڵێن حاجی مەحمووی خاڵە حاجی! راوەستا. قەت بیری لەمە نەکردبووەوە. دوو حاجی لە ناوێکدا. یەک لە سەرەتادا و یەک لەکۆتاییدا! نا نا، وا نابێ! زۆر ناخۆش ناوە نوێکەی خۆی هاتە گوێ. حاجی مەحمووی خاڵە حاجی! ئەوەندەی دەهاتەوە بیر باوکی نەک تەنیا حاجی نەبوو، بگرە کەسێکی زۆر خواپەرست و دین خۆشەویستیش نەبووە. ئەی باشە ئەم ناوەی لە چی بووە... لە کوێ هێنابووی؟ هیچی بیر نەدەهاتەوە. بگرە قەتیش هەر بیری لێنەکردبووەوە. نا نا دەبێ کارێک بکا! دەبێ حاجی دووهەم لەسەر خۆی لاببا و، بیکا بە حاجی مەحمووی خاڵە... نا نا هەر حاجی مەحمووی رووت و قوت و تەواو. بەمە ئاهێکی هاتێ،... هەرچەند خەڵکی شاری بە جوانی دەناسی و، دەیزانی بە گاڵتەوەیش بێت ناوە چوار کەلیمەییەکە بەکاردێنن. هەنگاوەکانی خێراتر کرد. نەفەرێک کە نەیناسییەوە، بەلایدا تێپەڕی و سڵاوێکی قورسی لە عەرزدا. مەحمووی خاڵە حاجی وەڵامی دایەوە... عەلەیکوومەسەلام... عەلەیییکوومەسسسەلام! کتوپر هاتەوە بیری خەڵکی لە خۆشەویستی ناوی باوکیان نابوو خاڵە حاجی. زەردەخەنەیەک لێوەکانی گەست. لەبەر خۆیەوە سەرێکی بادا و، گوتی بەخوا ئەم خەڵکە سەیرن. خۆشەویستی و خاڵە حاجی کوجامەرحەبا!

بەڵام کێشەی مەحموو هەر ئەمە نەبوو. بیری حەج کتوپڕ بیری پارەکانی خستبووەوە. مەبەست خودی پارەکان نیە، نا، مەبەست چۆنیەتی پەیداکردنیان بوو. خۆی باشی دەزانی چی کردبوو. درۆ، فێڵ و خەڵەتەناندن. مەعامەلەیە ئیتر. بەڵام خێرا ئەمەیانی لە زەینی خۆیدا کۆ کردبووەوە و، بەو ئاکامە گەیشت کە بازاڕ یەعنی ئەمە. یەعنی لەمێژبوو بەمە گەیشتبوو. مەگەر هەمووان نایکەن؟ ئەوسا خۆی وەک پووشێکی دەم با بینی کە با لەگەڵ خۆی شێتانە بردبووی و... بردبووی. مەڵێ با، بڵێ گێژەڵووکە! ئەمەیش حەزو ویستی خودا بووە و، بەس. مەگەر هەموو شتێک بە ویستی ئەو نیە؟ جا گەر واینەکردایە نە نانی پێدەردەهات و، نە ئەمڕۆکەیش شەرەفی چوونە حەجی پێ دەبەخشرا. ئا، جاری وایە مرۆڤ دەبێ دونیا هەر بەو شێوازە قبوڵ بکا کە خوای گەورە بۆخۆی خوڵقاندبووی. هیچ شتێک بێ حیکمەت نیە. مەحموویش ئەمەی وەرگرتبوو،... رێک وەک خۆی. نە سانتیمێک بەم لادا و نە سانتیمێک بەولادا. خوای گەورەیش بە میهرەبانی و عەزەمەتی خۆی دەیبەخشی،... بێگومان دەیبەخشی. ئەی نوێژ و تاعەت و مزگەوت و حەج و شتی لەم بابەتەی بۆچی دانابوو؟ ها بۆچی؟ خۆ بۆ خەڵکی بێتاوان و بێ کێشەی دانەنابوو. هەر بۆ کەسی وەک ئەو بوو کە لە پێناوی شەرەفی بەخێوکردنی ماڵ و منداڵی و بە گوێرەی یاسا و رێسایەکی خواوەندی کاسبی کردبوو و، ئیستایش هەر بە هۆی ئەو کاسبییەوە دەرفەتی ئەوەی بۆ رەخسابوو گوناحەکانی بسڕێتەوە. خودای میهرەبان بە دەستێک دەیسەند و، بە هەزار دەست دەیدایەوە. چەند خڵقەت لەخۆت جوانە خودایە!

مەحموو بزەیەکی هاتێ. بە خۆی گوت بێهۆ نەبوو حەزرەتی محەممەد، دروودی خوای لێ بێ، خەدیجەی هێنا کە بازرگانێکی قەبە و دەوڵەمەند بوو. لەخۆوە نەبوو ئەو کاروانە بازرگانیانەی بۆ شام وەڕێ دەکەوتن ئەوەندە لە قورئان و لە حەدیسدا ناویان هاتبوو. ئا، خوا لوتف و کەرەمێکی سەیری بۆ پارە هەبوو. خوا چارەنووسی هاوبەشی محەممەد و خەدیجەی رێکخستبوو. هەر ئەوەندەی عەبد بیزانیایە چۆن کەڵکی لێ وەربگرێ و چۆنی پەیدا بکا، ئیتر تەواوبوو. دونیا تەنانەت ئەو کاتیش لەسەر پارە راوەستابوو، ئەسڵەن هەمیشە وەها بووە. تەنیا ئەوانەی بەسووکی باسی پووڵ دەکەن و ناوی دێنن کە ئەمە نازانن،... بگرە تەمبەڵ و تەوەزەلیشن. ئا، مفتەخۆرەکان. کە هاتیشەوە دیارییەکی زۆریش لەگەڵ خۆی دێنێ و، ئەوەندەی تر ئەرکی خۆی بەجێدەگەیەنێ. جگە لە پەروەردگاری مەزن، دڵی عەبدیش لە خۆی خۆشدەکا. مەحموو دیسان بزەیەکی هاتێ و، هەنگاوەکانی خێراتر کرد.

گەیشتە ئەو راستەکۆڵانەی وا دەیگەیاندەوە ماڵەکەی خۆی. رێک لە کۆتایی کۆڵانەکە. درگایەکی تەنەکەی کۆن کە شوێن شوێن لە قەراغەوە ژەنگی هەڵێنابوو و، چیتر بزماریش نەیدەگرت. ژنەکەی چەند جار دەنگی دابوو ئەرێ پیاوەکە ئەو کەلێن و کەلەبەرانە بگرە، باش نیە خەڵکی غەریبە و نامەحرەم بە دزییەوە نێوچاوان بە درگاکەتەوە دەنێن و سەیری نامووست دەکەن. بەڵام مەحمووی خاڵەحاجی گوێی نەدەدایە. دەیگوت ژنەکە تازە کێ سەیری تۆ دەکا، تازە توێخمان داماڵدراوە و رۆژگار چین و چروکی وەها قووڵی تێهاویشتووین کە تراکتۆر بە تراکتۆریی خۆی لێی دەربازنابێ، وازبێنە! بۆیە دەرگاکە وەک خۆی مابووەوە، بگرە خراپتریش. ژەنگەکە رۆژ لەگەڵ رۆژ یاخیتر و هارتر دەبوو. ئیستا هەموو شوێنێکی دەرگاکە پەڵەپەڵە سوور و قاوەیی هەڵگەڕابوو و، ئەوەندەی نەمابوو ئەو نەختە ساخەیش وا مابوو لەگەڵ خۆی ببا. مەحموو لەبەر دەرگاکەدا راوەستا. لەو ئێوارە درەنگانەدا جوان جوان لە ژەنگەکان وردبووەوە و، بە بزەوە گوتی کە لە حەج هاتمەوە چاکی دەکەم... حەتمەن چاکی دەکەم. ئەوسا دەستی بە دەرگاکەوە نا بچێتە ژوورەوە کە بیرێک لە مێشکی دا. تەوێڵی لە کون و کەلەبەرەکان و لەو شوێنانەی وا تەنەکەکە دەستی زەمانە لوولی کردبوو نزیک کردەوە و هەوڵیدا لە حەوشەکەیان بڕوانێ. ژنەکەی راستی دەکرد. گەر کەسێک بیویستایە، زۆر بە جوانی هەموو شتێکی دەبینی. لەبەر خۆیەوە گوتییەوە جا کێ لەو پیرێژنە دەڕوانێ... کێ؟

لە حەوشێ ئاوێکی لەبەر شێرەئاوەکەدا بە روخساردا کرد و، کە هەستایە سەرپێ لە پەنجەرەکەی رووانی. سێبەری ژنەکەی بەسەر پەردەکانەوە بینی. مەحموو خۆی بەختەوەر دەهاتەبەرچاو. هەتا ئیستا هێنابووی و لەخوا بەزیابێ بە بێ کێشە و بێنە و بەرەیەکی ئەوتۆ. دوو کچی بە شوودابوو و هەرچەند خوا بە وەجاغ کوێری هێشتبوویەوە و کورێکی پێنەدابوو، بەڵام شوکور پێوەی دیار نەبوو. دوو زاوای قوڵەچوماغی هەبوو کە وەک فڕفڕۆکە بە دەوریدا دەهاتن. پەروەردگار لەم سەرەوە بۆی قەرەبوو کردبووەوە. لەبەر خۆیەوە گوتی ئەمەیش وەک حەجەکەم، خوایە گیان بەزیادبێ!

شەو لەسەر سفرەکە زەینی هەروا مەشغوڵ بوو. ژنەکەی رووی تێکرد و گوتی:

ـ خێرە پیاوەکە ئەو چیتە، بۆ وا بێدەنگ و کەسەری؟

مەحموو گوتی:

ـ نا کەسەر نیم، خەریکە بیرئەکەمەوە،...

ـ بیر لە چی؟ دووربێ شتێ قەوماوە؟

ـ نا ژنەکە هیچ نەقەوماوە، لەخوا بەزیابێ هەموو شتێ لەسەر جێی خۆیەتی،... ماوەیەکە بیر لەوە ئەکەمەوە بچم بۆ حەج.

ـ حەج!

مەحموو سەری هەڵبڕی.

ـ ئەرێ حەج. ئەی بۆ نا،... ناشوکری نەبێ تەمەن رووی لە کزی کردووە و، ئەبێ زیاتر ئاوڕ لە خوای مەزن و داواکارییەکانی بەینەوە.

ـ حەج! دەی باشە،... بیکە بۆ نایکەی؟

ئەوسا دەستی کێشا و، نان و ماستەکەی لە سەر کەشەفەکەوە راگواست بۆ سەر سفرەکە.

ـ ئەم ئێوارەیە بڕیاری یەکجارەکیم دا، ئەوەننەم ماوە پرسێک بە ئازادی زاوامان بکەم. ئەو باشتری لێ ئەزانێ. پرسیارێکمان بۆ بکا کە چەنەی تێ ئەچێ و چەنە ئەخایەنێ و شتی لەم بابەتە. سبەی لێی ئەگێڕمەوە.

ئەو شەوە مەحموو لەناو جێگاکەیدا لەکاتێکدا تلی دەدا و، بیری لە بڕیارەکەی دەکردەوە نەیدەزانی جۆری کاردانەوەی هاوسەرەکەی چۆنچۆنی لێکبداتەوە. لای مەعلووم نەبوو داخۆ پێی خۆش بوو یان نا، بیری لە جوابەکەی کردەوە "حەج! دەی باشە، بیکە بۆ نایکەی؟" سەرئەنجام پێش ئەوەی خەو بیباتەوە، وای لێکدایەوە لای ژنەکەی زۆر فەرق ناکا و لەبەر ئەوەی زەینی بە درگا تەنەکەکەوە مەشغوڵ بوو، خەیاڵی ئەوەندە نەدەچووە سەر بڕیاری حەجەکە. لەبەر خۆیەوە وتی کە هاتمەوە دەرگاکەیش چاک دەکەم، بە ئازاد دەڵێم وەستایەکی بۆ پەیدا بکا... ئا لە دووای حەج.

سبەی لە دووکان دانیشت و، حسێب و کتێبێکی زیاتری کرد. قەت نەیپرسیبوو سەفەری حەج چەندەی تێدەچێ. نەیپرسیبوو لەبەرئەوەی هەموو حاجییەکانی شاری لا شێت بوون! هەڵبەت ئەمەی نەدەدرکاند. ئامان بڤە بوو! لەسەر ئەو رایە بوو کە ئەو شتەی بۆ ماڵەوە حەڵاڵە بۆ مزگەوت حەرام بوو و، تەواو. جا بۆ پارەی خۆی لە ماڵەوە سەرف نەکا و جاروبارە بە دانی دوو قڕان یارمەتی بە سواڵکەر کە ئەم رۆژانە هەتا دەهات ژمارەیان رووی لە زیادبوون دەکرد، راستی و دروستیی ئەم وتە جوانەیە نەسەلمێنێ. بگرە ماوەیەکیش کەمێک زیاتر پوڵە وردەی خنیە گیرفانییەوە و بە حسێب و کتێب دەیدا بەو سواڵکەرانەی لەسەر رێگا بە تووشیانەوە دەبوو، یان لە دەرگای دووکانەکەیان دەکوتا و داماوانە داوای یارمەتییان دەکرد.

ئازاد تەلەفۆنی بۆ 'سازمانی حەج و ئەوقاف' کرد و ئەوانیش هەموو زانیارییەکیان دایە. ئەوەیکە کەسی خوازیاری حەج دەبێ باڵغ بێت، ئازاد و ئاقڵ بێت، بەهۆی رۆیشتن بۆ حەج مەجبور بە کاری حەرام نەبێ و سەرئەنجام لە رووی ماڵییەوە کەسێکی توانا بێت. هەروەها سەلامەت بێت و، شتی لەم بابەتە. مەحموو بە بێ ئەوەی لەگەڵ زاواکەی قسەبکا دیسان هەمان ئێوارە لەسەر رێگای ماڵەوە بیری لەم شتانە کردەوە. ئا، باڵغ بوو (بگرە بزەیەکیشی هاتێ) کوڕە دەمێکە بوو لە سەردەمی باڵغی لایدابوو. ئازاد و ئاقڵیش بوو. راستی مەبەستیان لە ئازاد چی بوو؟ کەمێکی هێنا و برد، زۆر لێی حاڵی نەبوو. چەند جارێک وشەی ئازاد و ئازادی لە دەمیدا گەڕا. پاشان چووە سەر ئاقڵ بوونەکەی. مەحموو خۆی یەکجار ئاقل دەهاتەبەرچاو. جا گەر ئاقڵ نەبایە ئەم هەموو سەروەت و سامانەی لەکوێ دەهێنا... ها لە کوێ؟ مەحموو بزەیەکی هاتێ و ئەوسا بیری لە شەرتێکی دیکە کردەوە. لە خوا بەزیابێ ئەمەیشی کە هەبوو. دیارە ئەم شەرتەی کەمێک سەیر هاتەبەرچاو. بیری کردەوە باشە یەعنی فەقیر و هەژار قەت ناتوانن سەفەری حەج بکەن!؟ بۆ ئەوەی بیرە شەیتانییەکان لە خۆی دووربخاتەوە، فوویەکی بە دەورووبەری خۆیدا کرد. سەلامەتیش کە بوو. راستە تەمەنی هەڵکشابوو، بەڵام تۆکمە و بەهێز بە بێ هیچ چەشنە دەردێکی وەها رێگای نێوان دووکان و ماڵەوەی هەموو رۆژێ دەپێوا. لەمانە کە بووەوە چووە سەر بەشە گرینگەکەی هەموو بەسەرهاتەکە، ئەوەیکە دەبووایە فۆڕمێک پڕبکاتەوە و پارەیەکیش وەک پێشەکی بدات! مەحموو بەمە سەری لە خولەوە دەهات. جا چۆن شتی وا دەبێ؟ وەرە کەسێک نەناسی و، قەت نەتبینیبێ و کەچی تخارێک پارە بخەیتە حسێبەکەیەوە! جا با حکومەتیش بێت. مەگەر حکومەت چییە، هەر خەڵکی ئاسایی نیە کە لەوێ لە سەر کورسییەک دانیشتوون و پاڵیان لێداوەتەوە و بەکەیفی خۆیان خەڵکی دەڕووتێننەوە!؟ ئەوەتەی لەبیری دەهات، نەک تەنیا قەت خۆشی لە حکومەت نەهاتبوو، بەڵکو تا مۆخی ئێسقان رقی لێیان بوو.

مەحموو لەمەدا مابووەوە. ئازاد وتبوی ئەوسا دەچیتە نۆرەوە تا ناوت دێتەوە. جا وەرە بە ساڵانی ساڵ ناوت نەیەتەوە و، پارەکەیشت لەوێ لە گیرفانی ئەواندا بمێنێتەوە! ئەو پارە نازدارە! ئەو پارەیەی ئەو دەیتوانی چەند ئەوەندەی تر بە هۆی کەسابەتەوە پێی زیادبکات. قات لەسەر قات. مەحموو ئاهێکی هەڵکێشا و، دیسان گەیشتەوە راستەکۆڵانەکە. گڵۆپی کزی سەردەرگایەک دەئایسا و، لەو ئێوارە زووەدا چەند کز و لاواز دەینواند.

چەند هەفتەیەک بوو مەحموو کز و بێدەنگ دەینواند. دووکاندارەکانی دراوسێی هۆکارەکەیان لێدەپرسی، ئەوەی کە داخۆ شتێک نەقەوماو، نەخۆش نیە، هەواڵێکی خراپی پێنەگەیشتووە و... شتی لەم بابەتە. ئازاد وتی تەنیا هەفتەیەکی ماوە و گەر بڕیارنەدا ئەوا بۆ ناونووسی دەکەوێتەوە ساڵێکی تر. مەحموو سەری هەڵێنا. لێی پرسی داخۆ دەتوانێ تەلەفۆن بکاتەوە و بپرسێ کە کاتی سەفەرەکە هات و بەخێر باروبنەی بۆ تاران پێچایەوە ئەوسا هەموو پارەکە بدات نەک ئیستا! ئازاد کەمێک بە بێدەنگی لە خەزووری رووانی و، وتی کاکە مەحموو گیان ئەمە حکومەتە حکومەت، ئەوەی دەیڵێ دەیکات و هیچ خاتر و خوایشێکیشی تیا نیە. لای ئەوان هەموو شتێک بە حسێب و کتێبە.

ـ "هەی تڕحێو!"

بۆ چەند رۆژی داهاتوو مەحموو کەوتە حسێب و کتێبکی وردەوە. گەر مانگێک دووکانەکەی جێ هێشتایە پارەیەکی باشی لەدەستدەدا. خۆ دڵیشی نەدەهات بیداتە دەست کەس. متمانە و باوەڕی بە کەس نەبوو، بگرە زاواکانیشی. ژیان پێی دەگوت هیچ شتێک وەک پووڵ نیە و بە ئاسانی برا لە برا دەکا. ئەو پارەیەیش وا لە سەفەری حەج خەرجی دەکرد داهاتی هیچ نەبێ ساڵێکی بوو. ئیتر لە خەواندنەکەیشی گەڕێ کە ئەوەندەی تر جەرگی دەبڕی. مەحموو لە کاتێکدا دەستی بە دەخیلەی دووکانەکەوە بوو و، چاوی مۆڵەق مابوو بە خۆی گوت چ بڕیارێکی گەوجانەیە... قەت نەمدەزانی ئاوەهایە!

بەڵام لەلایەکی ترەوە ئاگری حەزی چوونە حەج هەروا لە دەروونیدا نێڵی دەدا و، بەرز بەرز دەکشا. هەستێکی دەروونی پێی دەگوت ئەو پێویستی بەمەیە. ئەو دەبا بچێتە زیارەتی ماڵی خودا و لە نزیکەوە داوای بەخشش و لێبوردنی لێبکا. بەخشش و لێبوردن لەوەی وا بە بۆچوونی خۆی نەیکردبوو، بەڵام بە قسەی خەڵکی کردبووی! ئەو پێویستی بە دەنگی خوا بوو، بە هەناسەی و بە ودمی میهرەبانییەکەی... لە نزیکی نزیکەوە. ئەو دەبووایە نەهێڵێ دەنگی خەڵکی بگاتە خوا. بە خۆی گوت چی دەبوو وەک ساڵی ساڵان بە سواری کەر و وشتر و بارگینەوە بچووایە بۆ حەج. تەیارەی چی و شتی چی. داخۆ بە سواری وڵاغ باشتر هەستی بە خاکی موقەددەسی عەرەبستان نەدەکرد و، زیاتر بۆن و بەرامەکەی نەدەڕژایە ناوگیانییەوە. بێگومان بەم شێوەیە دەرفەتێکی زیاتری بۆ رازونیاز لە گەڵ خودای دلۆڤان دەبوو.

ئەو ئێوارەیە لە دووای مزگەوت کاتێک دیسان بەرێگای ماڵەوە بوو، بیری لەوە دەکردەوە کە بەڵێ سەرەڕای هەموو شتێک توانای سەفەرێکی لەم چەشنەی هەیە. خودا ئەوەندەی دابوویە کە کەمێک سەری توورەکەکەی بۆ شل بکا، بەڵام کێشەکە لەوەدا بوو کە چەند مانگێک، بگرە زیاتر لە ساڵێک، توورەکەکە نەدەچووەوە سەرجێی خۆی. بە ئەزموونیش دەیزانی پارە کە پاشەکشەی کرد و خەزێنە بە داماوی بۆ ماوەیەک بمێنێتەوە، باش نیە و دەبێتە هۆی زەفەرپێبردنی خوانەخواستەی شەیتان و هەرچی دێو و درنج و خێوەتی مەلعوونە.

رۆژەکان و هەفتەکان تێدەپەڕین. مەحموو هەموو رۆژێک خەیاڵ بەرینەدەدا. بەتایبەت لە راستەکۆڵانەکەی ماڵەوە وەها بیرە بێ بەزەییەکان روویان تێدەکردەوە، نەبێتەوە. جارێکیان بەخۆی گوت رەنگە هی دەرگا تەنەکە ژەنگاوییەکە بێت!

لە نێوان دوو بەرداشی چوون و نەچووندا بوو کە ئێوارەیەک ژنەکەی لەسەر سفرە هاواری لاکەلەکەی کرد و، بەلاداهات. کەف لە دەمیدا سپی سپی شکۆفەی کرد و، دەموچاوی رەش و شین هەڵگەڕا.مەحموو کە نەیدەزانی چی بکا، بەهەڵەداوان و پەرێشان لە پەنجەرەکەوە هاواری دەرو دراوسێی کرد. فریای کەوتن و، ژنەکەیان گەیاندە بیمارستان. چەند رۆژ دوواتر نەشتەرگەریان بۆ کرد و، ئاپاندیزەکەیان دەرهێنا. بەڵام لە بەختی بەد، چارەنووسی رەش هەر بەمە رانەوەستا و هاوسەرەکەی بەتووش نەخۆشیی ترەوە بوو. مەحموو بەناچاری روویکردە تەورێز و، ئیتر پارە وەک گەڵای پاییز لە لقی دەستەکانییەوە سەوز و زەرد و سوور بەردەبوونەوە. سەفەرەکانی تەورێز چەند بێکۆتایی بوون! ژیان چەند کتوپڕ و بێ بەزەییانە بە لایەکی تردا وەرچەرخابوو.

***

مەحموو ئیستا وازی لە سەفەری حەج هێناوە. راستە، ئەو چرایەی بە ماڵ رەوایە، بە مزگەوت حەرامە. سەد رەحمەت لەوەی وا ئەمەی گوتبوو! لەلای ئەو خوا جارێکی تر خستبوویەوە سەر رێگای راست! خوا جارێکی تر لە بیرە شەیتانییەکان رزگاری کردبوو. ئەو لە کەسابەتدا زیرەک بوو و، تاوان بوو دووکان جێ بێڵێ. سەفەرەکانی تەورێز زۆر گرینگ نەبوون، چونکە هیچیان لە چەند رۆژێک زیاتر لاینەدەدا. بگرە جاری وابوو زاواکانی دەناردن و، بۆ خۆی وەک هەمیشە لە دووکان دادەنیشت و خۆی گوتەنی خەرجی چاککردنەوەی ژنەکەی دەردێنا.

هەرچەند جاروبار خەیاڵی دەچووەوە سەر سەفەری حەج و، خەمێکی دەروونی دایدەگرت. لەم کاتانەدا بەخۆی دەگوت "خوا گەورەیە... گەر عومر باقی بێت رۆژێ هەر ئەچم! بەگۆچانیش بێت و یاخود لەسەر چەرخیش دانیشتبم، هەر خۆمی ئەگەیەنمی!"

جگە لەوە لە خەمی ناوەکەیش قوتاری ببوو. ئیتر چیتر پێیان نەدەگوت "حاجی مەحمووی خاڵە حاجی"!

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت