ما 12749 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شـوان

هـیوا کە گـوێی لەم قـسانەی مامی بـوو، گەشایەوە و هـەستی بە شادییەکی زۆر کـرد. وتی ئەمە ئەو کەسەیە کە من بۆی دەگەڕام. بەڵام شەنگە بە قـسەکانی باوکی سەسام بـوو. لە دڵی خۆیـدا وتی، باوکـم لە جیـاتی ئەوەی کە بە هـیوا بـڵـێـت، واز لەم خەیاڵ پڵاوەت بهـێـنە، کەچی دەسـتخـۆشـیی لێـدەکـات و هـانی دەدات.

دروستکـردنی زێـڕ لە خـۆڵ

رەزا شـوان

هـیوا هـیچ کـارێکی نەدەکـرد. دەیـویسـت لە رێی دروستکـردنی زێـڕ لە خـۆڵ، زۆر دەوڵەمەنـدبێـت. بۆ هـێنانەدیی ئەم خەونەی، گـەلێ پەرتـووکی زانیاریی خوێنـدەوە.
لە گەلێک کەسیشی پرسی، کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروست دەکرێـت؟ بەڵام لە هـیچ کەسێک وەڵامی ئـەم پـرسیارەی دەسـت نەکـەوت.

شەنـگە خـانی خـێزانی، ئـەم کـات بە فـیڕۆدانـەی هـیوای بە دڵ نەبـوو. چـونکە بە هـۆی کـارنەکـردنی هـیواوە، تا دەهـات گـوزەرانیان قـورسـتر دەبـوو.

شەنگە: هـیوا ئەگەر واز لەم خەیاڵەت نەهـێنیت، دەبێت خانووەکەشـمان بفـرۆشین. پێویستە کارێک بکەیـت. ئێمە تەنیا دە سەر مەڕ و دوو مانگا و زەوییەکمان هـەیە.

هـیوا: هـاوسەری خۆشـەویستم، دڵگـران مەبە. ئەگەر زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بکەم، زۆر دەوڵـەمـەنـد دەبـین.

شەنگە: ئەگەر کارنـەکەیـت، چـۆن دەوڵـەمـەنـد دەبـین؟ واز لـەم خەیـاڵە پـوچـەت بهـێـنە، بـڕۆ کارێـک بـکە.

هـیوا: شەنگە گیان مەترسە، لەوانەیە لە تاقـیکردنەوەکانم سەربکەوم و لە ماوەیەکی نزیکـدا، زێـڕ لە خـۆڵ دروست بکەم و دەوڵەمەنـد دەبین و تا هەتایە بە شادی دەژین.

شەنـگە کە زانی قـسەکردن لەگەڵ هـیوادا بێسوودە، چـووەوە بۆ مـاڵی دایک و باوکی، سکاڵای لە لای مـام ئـازادی بـاوکی کـرد.

مـام ئـازاد: شەنگە گـیان، کچی شـیرینم، خـەم مەخـۆ و دڵتەنگ مەبە. بچـۆرەوە بۆ ماڵەکەتان. ئەم کارە بۆ منی بەجـێبهـێڵە. مـن رێگایەکی راست بە هـیوا پـێشان دەدەم.

بۆ رۆژی دوایی مـام ئـازاد چـوو بـۆ مـاڵی کچـەکەی.

مام ئـازاد: هـيوا گـیان چـۆنی؟ رۆژانـە بە چـیـیەوە سـەرقـاڵـیـت؟

هـیوا: مـامی خوشـەویستم، دەسـتم بە پـرۆژەیەک کـردوە. دەمەوێـت زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بـکەم. تا ئێستا تاقـیکـردنەوەیەکی زۆرم کـردوە، هـیوادارم سـەربـکەوم.

مام ئـازاد: دەسـتخـۆش، پێمـوایە ئەمە پـرۆژەیەکی گـەورەیە. شانـازیت پێـوە دەکەم. دڵنیام لە تاقـیکردنەوەکاندا سەردەکەویت. منیش کە گەنـج بووم هەمان خەونم هەبوو. فـێری ئەوەبـووم کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بـکەم.

هـیوا کە گـوێی لەم قـسانەی مامی بـوو، گەشایەوە و هـەستی بە شادییەکی زۆر کـرد. وتی ئەمە ئەو کەسەیە کە من بۆی دەگەڕام. بەڵام شەنگە بە قـسەکانی باوکی سەسام بـوو. لە دڵی خۆیـدا وتی، باوکـم لە جیـاتی ئەوەی کە بە هـیوا بـڵـێـت، واز لەم خەیاڵ پڵاوەت بهـێـنە، کەچی دەسـتخـۆشـیی لێـدەکـات و هـانی دەدات.

هـیوا: مامـە گیان، تـکایە فـێرم بکە کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت بـکەم؟

مام ئـازاد: هەموو شتێکت بۆ باس دەکەم. ئەم نهێنییەش لە نێـوان هەرسێکمانـدا بێت، نابێـت کەس پێی بـزانێت. تۆ زەوییەکی زۆر گەورەت هەیە. بیکـێڵە و نەمامێکی زۆری هـەناری لـێبـڕوێـنە و خـزمەتی بکە. کە بوون بە دارهـەنـار و بەریانگـرت. لەبـن هـەر دارهـەنارێکـدا، پـڕی یەک کەوچکی چـێـشت، زیـاتر نـا، خـۆڵ وەربگـرە و بیکەرە نـاو جـەواڵـێکەوە. کەی جـەواڵەکە پـڕبـوو لە خـۆڵ، ئەوسـا فـێرت دەکـەم کە چـۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروسـت دەکەیـت. ئەگـەر ئەمـە نەکـەیـت فـێـرت ناکـەم.

هیوا: مامە گیان دڵنیابە مەرجەکەت جێبەجێی دەکەم. لای کەسیش ئەم نهێنییە نادرکێنم.

هـیوا بۆ ئەوەی ساڵانە خۆڵێکی زیـاتر کۆبکاتەوە، نەمامـێکی زۆری هـەناری روانـد.  بۆ ئەوەی زووش گەورەبن و زوو بەربگرن. ئاوی دەدان و خزمەتێکی زۆری دەکردن. زەوییـەکەی بـوو بە باخـێکی زۆر گـەورەی دارهـەنـار. دارهـەنـارەکـان بەریـان گـرت. هـەنـاری گەورە و نایـاب و شـیرینـیان دەگـرت. لە زۆر شـوێنـەوە کـڕیـاریان بۆ هـات.
هـیوا ساڵانە لەژێـر هـەر دار هـەنارێکـدا، کەوچـكێک خـۆڵی پـڕدەکـرد و دەیکـردە ناو جەواڵەکەوە. هـێندەی بیـری لە لای پـڕبـوونی جـەواڵـەکە بـوو. ئاگای لەوە نەبـوو کە مامی و شەنگەی خـێزانی، چـۆن ئـەو هەمـوو هەنـارانە دەفـرۆشن و چی لە پارەکەی دەکـەن. دوای چـەنـد ساڵـێک، جـەواڵـەکەی لـە خـۆڵی ژێـر دارهـەنـارەکـان پـڕبـوو.

هـیوا: مامـە جـەواڵـەکەم پـڕبـووە. فـێـرمـبکە چـۆن لـەم خـۆڵە زێـڕ دروسـت بـکەم.

مـام ئـازاد بە زەردەخەنەیەکەوە: شەنگە گیان بـڕۆ ئەو سەنـدووقە پـڕ زێـڕە بهـێنە.

شەنـگە چـوو سەنـدووقـەکەی هـێـنا و لە بـەردەم هـیوادا زێـڕەکەی هـەڵـڕشـت.

شەنگە: هـاوژینەکەم، ئەم زێـڕە لە ئەنجامی کارکردنی ئەو ساڵانەتـدا کۆکراونەتەوە. ساڵانە بە پارەی فـرۆشتنی هەنارەکانی باخەکەمان، ئەم هەموو زێـڕەمـان کڕیـوە. لە سایەی کارکـردنـدا، باخەکەمان بـووتە زێـڕ. تا هـەتایە بە خۆشی و کامەرانی دەژیـن.

هـیوا: زۆر سوپاس مامەی دانـام، زۆر سوپاس شەنگە خانی هـاوژینی دڵسـۆزم. کە فـێرتان کردم، چۆن زێـڕ لە خـۆڵ دروست دەکرێت.. فـێرتان کردم کە کارکردن زێـڕە.


(
*) ئیلهـامی بیـرۆکەی ئـەم چـیرۆکەم لە چـیرۆکێکی فـۆلکـۆری روسییەوە بۆ هـات، کە بە زمـانی ئـینگـلیزی بڵاوکراوەتەوە.  

   

 

گەڕان بۆ بابەت