ما 8248 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ئیستبداد و دیموکراسی

لە کۆمەڵگای رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا بە درێژایی مێژوو دەسەڵاتی دیکتاتۆر و سیستەمی ئیستبدادی زاڵ بووە و، بە شۆڕش و کودەتا و گۆڕانی بەناو هەڵبژاردنیش هیچ شتێک جگە لە کەسەکانی بازنەی دەسەڵات گۆڕانی بەسەردا  نەهاتووە. لە هەموو سەردەمەکاندا کەس یان کەسانێک بۆ بەرپەرچدانەوەی دەسەڵاتی سەردەم تێکۆشاون و خەڵکیان لەدەور خۆیان کۆکردوەتەوە و خوێنیان رشتوە تا توانیویانە تاج و تەختێک یان حکومەتێک بڕوخێنن و، خۆیان جێگاگەی بگرنەوە. ئەم گۆڕانە تەنیا بۆ ماوەیەکی زۆر کورت، کورتتر لەوەی کە بۆ باسکردن بێت بارودۆخی سیاسی کۆمەڵگای بەرەو کراوەیی و دیموکراسی بردووە، بەڵام هەر خێرا دیسان قەتاری دەسەڵات چووەتەوە سەرهەمان هێڵی کۆن و جارانی خۆی.

 

هەموو ئوپوزێسیونەکان سەرەتا و پێش دەسەڵات باسیان لە ئازادی و دیموکراسی کردووە و وایان پیشانداوە کە زۆر پابەند بە پرینسیپەکانی مافی مرۆڤ و فرەچەشنی و دیموکراسین. ئەمەش تەنیا هۆی خوێندنەوە و فێربوونی ئەو بابەتانەیە. واتە ئینسان دەتوانێت بە خوێندنەوە فێری تێوری دیموکراسی ببێت، بەڵام دەسەڵاتە یەک لەدوا یەکەکان وایان دەرخستووە کە خوێندنەوەی تێورییەکان دەتوانێت ئینسان فێری دیمۆکراسی بکات، بەڵام ئینسان ناکاتە دیموکرات.

کۆمەڵگای ئەمڕۆی ئێمە بەرەی ئێستایشی لەگەڵ بێت، پەوروەردەی دەستی دیکتاتۆرین و هەموومان بە ئەلف و بێی دیکتاتۆرییەت گۆش کراوین، بۆیە هەم فێری دیکتاتۆری بووین و هەمیش دیکتاتۆریەت لە شعورماندایە و هەموومان لە شوێنی خۆمان دیکتاتۆرێکین (ئەگەر هەلمان بۆ بڕەخسیت دەری دەخەین). بە خوێندنەوە و قسەکردن و نوسین هەموومان دەتوانین تێوریسیەنێکی هەموو ئەسڵە بناخەییەکانی دیموکراسی و فرەچەشنی و مافی مرۆڤ بین، بەڵام کە دێتە باسی قازانجەکانمان و مەترسی کەمبوونەوەیان، بەبێ ئیرادە دەچینەوە سەر رەگی خۆمان و ئەو  شێوازەی کە پێی پەروەردە کراوین.

بۆیە بۆ ئەوەی کۆمەڵگایەک دیموکراسی تێدا سەقامگیر بێت، دەبێت ئینسانەکان بکەینە دیموکرات، بۆ ئەم مەبەستەش دەبێت پەروەردەمان لەسەر ئەو پرێنسیپانە دامەزرابێت. هەتا ئەم کارە نەکرێت هەرگیز لە هیچ وڵاتێک ئەو دارە بەرناهێنێت و دیکتاتۆرییەت و ئیستێبداد بنەبڕ ناکرێت. پەروەردە و راهێنان لە تەمەنی منداڵییەوە وا دەکات کە هەم لە تیوریدا فێری دێموکراسی بین و، هەم لەکردەوەدا ببینە کەسێکی دیموکرات. کەسی دیموکراتیش بڕوای بە فرەچەشنی هەیە و رێز بۆ هەموو تاکێک دادەنێت.

ماهاتما گاندی دەڵێت: "ئەوە بنەمای راستەقینەی دیموکراسیە کە هەر کەسەو نۆێنەرایەتی بەشێک لەو خواستە رەنگاوڕەنگانەیە کە نەتەوە پێک دێنێت."

ئەمە یانی بگەینە ئەو ئاستەی کە هەموو ئەندامانی کۆمەڵگا وەک یەک رەنگ و بۆنیان ببێت و، هەموو دەنگێک ببیسترێت و هەموو رەنگەکان ببینرێت.

سایتی قەڵەم

 

٣٠ مانگی مەی ٢٠١٥

گەڕان بۆ بابەت