ما 1207 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

غەمگین بۆڵی

 گەمژەترین کاری نووسیار ئەوەیە، یەکەمین ئەزموونی نووسینی خۆی وەک کتێب چاپ و بڵاوبکاتەوە. بۆیە وەھای دەبینم کە بڵاوکردنەوەی یەکەم ئەزموون کارێکی گەمژانەیە، چۆن وەک ھەر کردەیەکی دیکەی ناو ژیان، شیعریش پێویستی بە ئەزموون ھەیە. ھەم ئەزموونی ژیانکردن و ھەم ئەزموونی مەعریفە و ھەمیش ئەزموونی شاعیربوون. 

 

 

شیعر و ئەزموون

دەشێت چاپبوونی کتێب نووسیار شادمان بکات، ھەم بەوەی نووسینەکانی لە چوارچێوەی کتێبێکدا کۆدەبنەوە و ھەمیش وەک لایەنی (ماددە) سوودێکی بۆی دەبێت. ھەڵبەت ئەم گوتەیە لەسەر ھەموو کتێبێکدا بە دروستی ناکەوێتەوە. چۆن کتێب ھەیە دەبێت (ماددە)شی بۆ دابنرێت بۆ ئەوەی چاپ و بڵاوبکرێتەوە. لەم رەھەندەشەوە ئێستا پشکی شێری بڵاوبوونەوە بەر کتێبی شیعری کەوتووە. لەگەڵ ھەموو ئەمانەیشدا چاپبوونی کتێب بۆ خۆی سیحرێکی سەیری ھەیە. ھەمیشە ئەو سیحرە لە یەکەم ئەزمووندا تووشی باڵەفڕکەمان دەکات و دواجاریش ھەم لە کتێبەکە و ھەمیش لەو باڵەفڕکەیە پەشیمان دەبینەوە.

 گەمژەترین کاری نووسیار ئەوەیە، یەکەمین ئەزموونی نووسینی خۆی وەک کتێب چاپ و بڵاوبکاتەوە. بۆیە وەھای دەبینم کە بڵاوکردنەوەی یەکەم ئەزموون کارێکی گەمژانەیە، چۆن وەک ھەر کردەیەکی دیکەی ناو ژیان، شیعریش پێویستی بە ئەزموون ھەیە. ھەم ئەزموونی ژیانکردن و ھەم ئەزموونی مەعریفە و ھەمیش ئەزموونی شاعیربوون. من ددانیپادادەنێم بەرھەمەکانی سەرەتاییم چاپ و بڵاوکردوونەتەوە. نووسیارگەلێک حاشا لە بەرھەمە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، وەلێ ئەوان ناتوانن لە واقیعی خۆیان رابکەن. راکردن وەک ھەڵبەز و دابەزی شەندەری ناو مەنجەڵێکی سەر داخراو وایە. ھەڵاتن لەو واقیعە دۆڕاندنی نووسیارە بەرامبەر نووسین، نووسیار دەبێت رووبەڕووی ئەو واقیعە ببێتەوە. رووبەڕووبوونەوە بۆ تێپەڕاندن، نەوەک ھەڵاتن لێی بە بێ ھیچ بنەمایەکی مەعریفی. دەشێت وەھا بنووسن: ئاوڕ لە بەرھەمە سەرەتاییەکان نەدەینەوە. ھەڵبەت نامەوێت لەو واقیعە سەرەتاییەم رابکەم. تاکە رەخنەی زەقیشم لەو بەرھەمانەی خۆم، سەرەتا فریودانی خۆمبووە! ئاخر ئامادەبوومە تەنیا لە پێناوی بڵاوبوونەوەی کتێبێکدا، ھەم ناوونیشانی کتێبەکە بگۆڕم، ھەمیش وێنەی ئافرەتی نمایشکار لەسەر رووبەرگەکەی بدەم. واوەتریش لەوە، لەو قۆناغەمدا بەدرێژایی رۆژ کرێکاریم کردووە تەنیا لە پێناوی ئەوەی کتێبێک وەک مەرزەمە چاپ بکەم. ئاخر سیحری چاپبوونی کتێبە سەرەتاییەکان سەیرە! بۆیە پەلکێشکردنی نووسیار لە فەزای بازاڕ و چاپخانە و بڵاوکراوەکان و خوێنەردا دەبینرێت و دەخولێتەوە، ھێندە خۆی وەک نووسیار بەلاوە گرینگ نییە. گەوەرترین مەترسیش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، کاتێک بتەوێت لەرێگەی نووسینەوە بناسرێت و نووسین وەک ناوونیشان و ناسناو و ناوبانگ سەیر بکەیت. بۆیە جێگەی مەترسییە نووسیار لە سەرەتاکانی نووسیندا ناو و ناوبانگ بەھۆی نووسینەوە پەیدا بکات، گرینگ نییە ئەو ناوە چۆنە؟ گرینگ ئەوەیە ناوەکە ھەیە. گرینگ نییە نووسیارێکی چۆنە، گرینگ ئەوەیە دەنووسێت و نووسیارە! کام نووسیار و چۆن نووسین و چی نووسین، گرینگی نیین! نووسین زادەی ئەوە نییە نووسینێکی نەمر بێت، نووسین زادەی ھەلومەرج و بازاڕە. بۆیە تەواو ھاوڕام لەگەڵ (ئەمیل سیوران) کاتێک دەڵێت: ((مەرگەساتی نووسیار ئەوەیە لە تەمەنی گەنجێتیدا نێوبانگ پەیدا بکات)).

مەرگەساتتریش لەوە ئەوەی: بە خەیاڵ و سەلیقەی خوێنەرانەوە بنووسیت. لێرەوە بەر وەڵامی ئەو پرسیارە دەکەوین، کە زۆرجار نووسیاران دەنووسن و دەڵێن: ئێمە بۆ خۆمان دەنووسین؟

- گۆشەی (ڕوانین بە چاویلکەی خۆم) ناوی ئەو گۆشەیەکە ھەموو ژمارەیەک لە بڵاوکراوەی (نسێ)دا  دەینووسم.

 

 

گەڕان بۆ بابەت