ما 395 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رەزا شوان

منـداڵە بەدبەخـتەکانی کوردستان، وا نـزیکەی دوو مانگە قـوتـابخانە نەکـراوەتەوە، تا ئەمڕۆ بە هـۆی بایکـۆتکـردنی دەوام و خۆپێشانـدانی مامۆستاکانتانەوە، کە سێ مانگە مـووچەیان وەرنەگـرتـوون، دەسـتان بە خـوێـنـدنی ئەمساڵ نەکـردووە. بە داخـەوە کە دەسەڵاتی کوردی زۆر بێـباکـن و بە خەیاڵـیانـدا نایـەت، چونکە منـداڵەکانی خۆیان، لە قـوتابخانەی تایبەتی و مامۆستای تایبـەتی وانەیـان پێ دەڵـێـنەوە. گیرفـانیشـیان پـڕ لە پارەیـە، جـا چ خـەمی منـداڵانی هـەژاری گەلەکەمـانـیـان هـەیە.

لە یادی (٣٤) رەمین ساڵـڕۆژی جاڕنامەی مافەکانی منداڵان

 رەزا شـوان

 

جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منداڵان، کە لە (٢٠/ نۆڤەمبەری/ ١٩٨٩) دا، لە لایەن رێکخراوی نەتەوە یەکگـرتووەکانەوە پەسەنـدکرا و دەرچـوو . بـریتییە لە (٥٤) مادە. هەندێ لە مادەکان لە چەند بڕگەیەک پێک هاتوون، تائێستا (١٩٦) دەوڵەت لە جیهاندا بە تورکـیا و ئێـران و عـێراق سوریـاشەوە، لە لیـستی ئـەو وڵاتـانـدانەدا، کە و واژۆی رێکەوتـنـنامەکەیـان کـردووە. هـەمـووشیان بەڵـێنـیان دا، کە پابـەنـدی جـێبەجێکـردنی هەمـوو مـادەکانی جاڕنامەی مافەکانی منـداڵان دەبـن. بەبێ جیاوزیش رێـز لە منـداڵانی گەلەکانیان دەگرن و مافەکانیان دابین دەکەن. جاڕنامەکە لە (٢/ سێپتەمبەری/ ١٩٩٠) دا، چـووە بـواری جـێبەجێ کـردنـەوە.

منـداڵان لە هەر شوێنێکی جیهـانـدابن هـەر منـداڵـن، لە هـەر شوێنێکی جیهـانـدا بـژین، کـچ بن یا کوڕ بن، رەش پێست یا سپی پێستبن، دەوڵەمەنـد یا هـەژاربن، گونـدنشـین یا شارنشینبن، لە هەر نەتـەوە و گەلێکـبن، هەر ئاینێکـیان هەبێـت، دایکان و باوکانیان و بەخیوکەریان خاوەنی هەچ بیروباوەڕێکی سیاسی و ئایدیۆلۆجیایەکبن، هەموو منداڵن و هەمووشیان وەکو یەک و بە یەکسانی مافـیان هـەیە. مافی ژیـان و ئـازادی و چاودێـری و پارستنیان هـەیە، مافی خـوێندن و چارەسەرکردن و یـاری کردن و پێکەنـین و دابیـن کردنی پێداویستییەکانی گەشەکردن و نەشونماکردن و پێشکەوتنیان هەیە. مافی ئەویان هـەیە کە لە تـونـد و تیـژی و لە جـەنـگ بیانپـاڕێـزن، مـافی ... هـتد.

بەڵام بەداخەوە هەنـدێ لەو وڵاتە ئەندامانەی کە واژۆی جاڕنامەی گەردوونی مافەکانی منـداڵانیـان کـرد، نەک هـەر پێ بەنـد نەبـوونـە بە بەڵـێـنەکـانیـان و بە جـێبەجـێکـردنی مافـەکـانی منـداڵان، بەڵکـو هەر لە یەکـەم رۆژەوە و تا ئەمـڕۆش، زۆر بە زەقـی و بە رەقـی و بە ئاشکـرا و بەبێ شەرمانە، مافـەکانی منـداڵانی کوردیـان پێـشێـل کـردوون و پێـشێلی دەکەن، ستەم و تاوانە قـێزەوەنەکانیان دەرهـەق بە منـداڵانی کورد، بە تەواوی بە پێچـەوانەی بەڵـێـنەکـانیـان و بە پێچـەوانـەی مافـەکانی منـداڵانەوەن. 

رەفـتاری نامرۆڤانە و رەگـەزپەرستییانەی، رژێمە دڕندە و سەرکوتکەرەکانی هەریەکە لە تورکیـا و ئێـران، لە پێـشـێلکـردکـردنی مـافـەکـانی منـداڵانی کوردمـان بێ وێنـەیە لە جیهـاندا، کە نەک هەر منداڵانی کوردیان لە سادەترین ماف بێ بەشیان کردوون، بەڵکو بە شێوەیەکی زۆر دڕنـدانە و نامـەردانەش دەیـان چەوسێننەوە. دوور لە رەوشـت و لە بـەزەیی و لە ويـژدان، دوور لـە پـرەنسیـپەکانی مـرۆڤـایـەتی، دوور لە هـەمـوو یاسـا و رێسایەکی نێـودەوڵەتی، دوور لە مافـەکانی منـداڵان، دوور لـە هـەمـوو داب و نەریـت و رەوشـتـێک. بە رۆژی روونـاک و بەبـەر چـاوی کـۆمەڵگای نێـودەوڵـەتییە، بە ئاشکـرا منـداڵان و هەرزەکارانی کوردمان دەگـرن و بە شێوەیەکی دڕنـدانە ئازار و ئەشکەنجەی جـەسـتەیی و دەروونیـیان دەدەن. هـەر لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن. کـوردبـوونـیش بە لای داگـیرکەرانی رەگەزپـەرستی کوردسـتانەوە، تـاوانە.

تا ئەمـڕۆش، بـە هـۆی سـیاسەتی چـەوسانـدنـەوە و سەرکـوتکـردن و دەمکـوتکـردن و قـەدەغەکردنی خوێندن بە زمانی شیرینی کوردیمان لە لایەن داگیرکەرانی رەگەزپەرستی تورکیا و ئێران. بە هـۆی ستەم لێکـردن و چەوسانـدنەوە و ژیانی پـڕ لە کوێـرەوەری و کـڵـۆڵـییەوە. بەشـێکی زۆری منـداڵانی کوردمـان، نـازانـن کە مـافـەکـانیان چـین، بەڵکو بەشـێکی زۆری دایکان و باوکانیشـیان، نازانـن مافەکانی منداڵەکانیان چـین. چونکە لە فەرهـەنگی داگیرکەرانی کوردسـتان، نە ئـازادی و نە ماف و نە رەوشت بوونیـان نییە.

تورکیا بە بە بـۆمبی فـسفـۆری، منـداڵانی کوردمان لە رۆئـاوای کوردستان دەکوژن، لە ئـاو و کارەبـا بێ بەشـیان کـردوون، لە دۆخـێکی تـرس و دەروونـیی نالـەبـاردا دەژیـن.
لە کۆماری سێدارەی ئیسلامیشدا، تا ئێستاش بەدەیان منداڵی کوەدمان لە تەمەنی ژێـر (١٨) ساڵانەوە، لە لایەن رژێـمی ئاخونـدەکانەوە، بە تومەت هـەڵـبەستراو لە سـێدارە دراون. ئێـران لە سێـدارەدانی منـداڵانـدا، خاوەنی ریکـۆردێـکی باڵای جیهـانییە.
کەچی سەرۆکەکـانی تـورکیا و ئـێران، فـرمـێسکی درۆی تـیمساحی بۆ منداڵانی غـەزە هـەڵـدەڕێـژن. ئەمـەیە دووڕوویی و دووفـاقـیی دەوڵـەتـە داگـیرکەرەکـانی کوردسـتان.  

منـداڵە بێنازەکانی کوردستان، بۆ یـادی (٣٤) رەمـین ساڵـڕۆژی جـاڕنامەی گەردوونـیی مافەکانی منداڵان، چیتان بۆ بنووسین؟ شەرمەزارین و بە دەماندا نایەت کە پیرۆزباییتان لـێبکەیـن. کە تا ئەمـڕۆش داگـیرکەرانی رەگـەزپەرسـتی کوردسـتان، رێنادەن بە زمـانی زگمـاکتان بخـوێنن. رێنـادەن تێـر پێبکەنـن و تێـر یـاری بکەن و تێـر بە کوردی گۆرانی بچـڕن.. لە سادەتـرین مافـەکـانی منـداڵان بێ بەشـیان کـردوون. ئەگـەر بۆیـان بکـرێـت، هـەڵـمـژینی هـەوای پاکـیـشتان لێ قـەدەغـەدەکـەن. تەنیـا لەبـەر ئـەوەی کە کـوردن.

منـداڵە بەدبەخـتەکانی کوردستان، وا نـزیکەی دوو مانگە قـوتـابخانە نەکـراوەتەوە، تا ئەمڕۆ بە هـۆی بایکـۆتکـردنی دەوام و خۆپێشانـدانی مامۆستاکانتانەوە، کە سێ مانگە مـووچەیان وەرنەگـرتـوون، دەسـتان بە خـوێـنـدنی ئەمساڵ نەکـردووە. بە داخـەوە کە دەسەڵاتی کوردی زۆر بێـباکـن و بە خەیاڵـیانـدا نایـەت، چونکە منـداڵەکانی خۆیان، لە قـوتابخانەی تایبەتی و مامۆستای تایبـەتی وانەیـان پێ دەڵـێـنەوە. گیرفـانیشـیان پـڕ لە پارەیـە، جـا چ خـەمی منـداڵانی هـەژاری گەلەکەمـانـیـان هـەیە.

گەڕان بۆ بابەت