ما 340 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

رۆمانی 'ئێوارەیەکی بابۆس' لە نووسینی فەڕۆخ نێعمەتپوور لەژێر چاپ هاتەدەر. ئەم بەرهەمە لە لایەن کتێبی چل و نۆ لە وڵاتی سوید چاپ و بڵاوکراوەتەوە و خوازیارانی دەتوانن بە پەیوەندیگرتن لەگەڵ ئەم وەشانخانەیە، دەستەبەری بکەن. ئێوارەیەکی بابۆس، ئاوڕدانەوەیە لە دۆخی ساڵی پەنجاوهەشتی هەتاوی کاتێک شەڕی سێ مانگە لە کوردستان هەڵگیرسا. گێڕانەوەی بەسەرهاتێکی ئەدەبی کە بەجۆرێک تیشک دەخاتە سەر دۆخی ئەو ساڵانە.

بەشێک لەم بەرهەمە:
..سێبەرەکە هەروا بێدەنگە. نەکا من هەڵە بم؟ نەکا خەیاڵ منی لەگەڵ خۆی بردبێ. رادەکشێمەوە و، چاوەکانم دەقونجێنمەوە. دەست بەرزدەکەمەوە و پەنجە بە سەر تابلۆی قیژەی پشتی سەرمدا دێنم. تابلۆ بەناوبانگەکە سەیرەکەی مونک. بیر لە شیوازی سەیری رەنگەکەی (ئاسمانی سوور و دونیای شین) و، ئەو جەستە شەپۆل ئاسایە دەکەمەوە کە بە سەر پردێکەوە هەر دوو دەستی بە گوێکانییەوە گرتووە و بە ترس و سەرسووڕمانەوە لە جیهان دەڕوانێ. ئاە، چەندە لە جنەکانی ناو قوڕئان و باوەگەورە دەچێ! بە خۆم دەڵێم "هەمووی تاوانی ئەم تابلۆیە، داخۆ باشتر نەبوو لە ژووری دانیشتنەکەدا هەڵمواسیایە؟" بێگومان باشتر بوو. ژووری خەو بە وێنەی وەها ناڕازێننەوە. ژووری خەو دەبێ ئارامبەخش بێت، نەک ئاخێنراو بە دڵەڕاوکێ. بێگومان خەوم لێبکەوێتەوە، هەموو ئەم دیمەنە ون دەبێتەوە. رەنگە هەر ئیستاکەیش وەها بێت. بە قونجاندنی چاو، دونیایش بە راستی ون دەبێت!

گەڕان بۆ بابەت