ما 1328 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

موحسین ئەمینزادە

دەشڵێت ڕەنگە حکومەتی تۆتالیتار لەو شوێنانە سەرهەڵبدات کە جەماوەر هەبن کە ئامادەن یان تامەزرۆی کۆکردنەوەی سیاسی خۆیانن. ئێمە پێیان دەڵێین "جەماوەر"، کاتێک ئێمە تەنها لەگەڵ ژمارەکان، بێ هەستی، یان تێکەڵەیەک لەم دووانە ڕووبەڕووین. مرۆڤەکان دەبنە ژمارە. ئیتر تاکه کەس گرنگ نییە. جەماوەر ئەو کەسانەن کە ناتوانن له ناو ڕێکخراوه که لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش جێگیرن- وەک حزب و سەندیکا و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان - سەرنجڕاکێش بن. لە ئەنجامدا زۆرێک لە کەسانێک کە بەلای بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا ڕاکێشراون، ئەوانەن که لە بنەڕەتدا بێ هەستن و پێشتر کەسانی سیاسی نەبوون، پێشتر هەرگیز نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان.

ئەندێشەکانی هانا ئارێنت (٤)

موحسین ئەمینزادە

ئارێنت لە بەشی تۆتالیتاریزمدا جەخت لەوە دەکاتەوە کە جیاوازی زۆر لە نێوان نازیزمی ئەڵمانی و کۆمۆنیزمی سۆڤیەتدا هەبووە. بارودۆخی کەمپەکانی یەکێتی سۆڤیەت لە بارودۆخی نازییەکان جیاواز بوو. ئەو گەندەڵییەی یەکێتی سۆڤیەتی لە خۆ گرتبوو له نازیزمدا کەمتر بوو. لە چین دوای شۆڕش بە هیچ شێوەیەک گەندەڵی نەبوو. بەڵام ئەم جیاوازییانە لە شێوەی حکومەتدا جیاوازی دروست ناکەن. هەروەک چۆن دەسەڵاتی پاشایەتی، کە لە وڵاتە جیاوازەکاندا فۆڕمی جیاوازی هەیە، بەڵام بە یەک فۆرمی حکومەت دادەنرێت. خاڵێکی تر کە جەختی لەسەر دەکەمەوە ئەوەیە کە حکومەتە تۆتالیتارییەکان هەرگیز یەکگرتوو نین. ئەم حکومەتانە چەند لایانەن، ڕەوتی هاوتەریبیان هەیە. نوخبەی حکومەت کێبڕکێ لەگەڵ یەکتر دەکەن، دامەزراوەی موازیان هەیە. بۆیە کاتێک دەڵێین حکوومەتی تۆتالیتاری، مانای ئەوە نییە کە بەتەواوی یەکپارچە و هەموو شتێک لە ژێر کۆنترۆڵی سەرکردەیەکی تۆتالیتاریدایە. نەخێر! ئەم جیاوازیانەی تیدایه و، سەرەڕای هەموو ئەمانەش بە تۆتالیتاری ناوی دەبەین.

ئارێنت دەڵێت "بزووتنەوەی جەماوەری" پێشەکییەکە بۆ سەرهەڵدانی حکومەتێکی تۆتالیتاریه! سەرەتا بزووتنەوەیەکی جەماوەری سەرهەڵدەدات، بە سەرکردایەتی تاکێک یان حزبێک، دواتر ئەو بزووتنەوەیە سەردەکەوێت و، حکومەتێکی تۆتالیتاری دادەمەزرێنێت. دەڵێ ئەم جەماوەرە و ڕۆڵەکەی زۆر گرنگە! بۆیە بەشێک لە کتێبەکەی تەرخانکراوە بۆ ڕوونکردنەوەی چۆنیەتی دروستبوونی بزووتنەوە جەماوەرییەکان و، چ پەیوەندیکیان لەگەڵ حکومەتە تۆتالیتارییەکان هەیە؟

لە چوارچێوەی تایبەتی نازیزم و یەکێتی سۆڤیەتدا بزووتنەوەی جەماوەری کاتێک سەریهەڵدا کە چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان نەمان. لەگەڵ نەمانی ئەو چینە کۆمەڵایەتیانە، پلەبەندی کۆمەڵایەتیش نەما. یەکدستی و یەکسانی - لە ڕووی بنەما و پێگەی کۆمەڵایەتییەوە - لە نێوان مرۆڤەکاندا سەریهەڵدا. یان پاشخانەکەی دروستکرا. هەر بۆیە باس لە بابەتێک دەکات بە ناوی "کۆمەڵگەی بێ چین". دەڵێ، تایبەتمەندی ئەم جەماوەرە ئەوەیە کە خۆبەختکردنێکی زۆر نیشان دەدات و کۆنەپەرستیکی بەهێزی هەیە، باوەڕەکەی ئەوەندە بەهێزە کە هیچ "ئەزموونێکی ڕاستەقینە" یان "بەرژەوەندی تاکه کەسی" ناتوانێت ئەو جەماوەرە بلەرزێنێت. ئەو جەماوەرە کۆنەپەرستە، نە عەقڵ دەتوانێ کاریگەری لەسەر بێت، نە "ئەزموونیش" وا دەکات بگۆڕێت. یەکبوونی وەها جەماوەرێک و هاوڕەنگی لەگەڵ جەماعەت، لە بنەڕەتدا ئەگەری "ئەزموون"یان لێ دەسەنێتەوە. بە بڕوای یۆنگ لە ڕووی دەروونییەوە ئەمە ئەو حاڵەتەیە کە بۆ مرۆڤ لەناو جەماوەردا ڕوودەدات ئەو بە "نقومبوون لە نائاگایی بەکۆمەڵدا" ڕوونی دەکاتەوە. کەواتە بزووتنەوە تۆتالیتارییەکان شوێن ڕێکخستنی جەماوەر دەکەون و لەو شوێنانە سەرهەڵدەدەن کە حیزبەکان بێمانا دەبن! ئەرکی خۆیان لەدەست دەدەن. جەماوەر بەرهەمی کۆمەڵگایەکە کە هیچ ڕێکخستنێکی جددی تێدا نییە! هیچ چینێکی جددی تێدا نییە. لەبەر ئەوەی ڕێکخراوێکی جدی لە شێوەی حزبی و دەزگای مەدەنی و چینی کۆمەڵایەتی تیدا نییە، مرۆڤەکان تێیدا تەنیان. ئەم تەنیاییە هۆکارێکی زۆر گرنگە بۆ ڕاکێشانی خەڵک، بۆ بزووتنەوەیەکی جەماوەری. چونکە مرۆڤەکان پێویستیان بەوەیە ناسناویەکیان هەبێت و بیانەوێت خۆیان پێناسە بکەن و سەر بە شتێکی زیاتر وه سەرتر له خۆیان بن. تەنیایی ئازاریان دەدات و دەیانترسێنێت. لە کۆمەڵگایەکدا کە ڕێکخراو نییە، حیزب نییە، چینێکی کۆمەڵایەتی نییە، مرۆڤەکان ئەوەندە تەنیان کە بزووتنەوەی جەماوەری بۆیان سۆز و خۆشەویستییەکی نائاسایی و ناوازە بەدەست دەهێنێت.

کەسێکی جەماوەری هەست بە سەرباری دەکات. ئەم "سەرباربوونه" بابەتێکە هانا ئارێنت لە شوێنە جیاوازەکانی کتێبەکەدا بۆی دەگەڕێتەوە. مرۆڤی جەماوەری کەسێکی زیادەیە. حکومەتی تۆتالیتاریش وەک بوونەوەرێکی سەربار لە مرۆڤەکان دەڕوانێت (کە کوشتن و لەناوچوونیان، کۆچکردنیان و نەبوونییان لە ڕاستیدا گرنگ نییە)، جەماوەریش بە هەمان شێوە خۆی دەبینێت. هەروەها جەماوەر خۆی بە سەربار دەبینێت (ئەگەر بکوژرێت، ئەگەر بمێنێتەوە یان نەمێنێتەوە جیاوازییەکی ئەوتۆی نییە و هەر بۆشی گرنگ نییە). هەر بۆیە مرۆڤەکان تەنانەت بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەبەرچاو ناگرن و، لە ژێر کاریگەری سۆز و خۆشەویستی حکومەتە تۆتالیتارییەکاندایە و ئامادەن ژیانی خۆیان لە پێناویدا بەخت بکەن.

دەشڵێت ڕەنگە حکومەتی تۆتالیتار لەو شوێنانە سەرهەڵبدات کە جەماوەر هەبن کە ئامادەن یان تامەزرۆی کۆکردنەوەی سیاسی خۆیانن. ئێمە پێیان دەڵێین "جەماوەر"، کاتێک ئێمە تەنها لەگەڵ ژمارەکان، بێ هەستی، یان تێکەڵەیەک لەم دووانە ڕووبەڕووین. مرۆڤەکان دەبنە ژمارە. ئیتر تاکه کەس گرنگ نییە. جەماوەر ئەو کەسانەن کە ناتوانن له ناو ڕێکخراوه که لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش جێگیرن- وەک حزب و سەندیکا و ڕێکخراوە ناوخۆییەکان - سەرنجڕاکێش بن. لە ئەنجامدا زۆرێک لە کەسانێک کە بەلای بزووتنەوە جەماوەرییەکاندا ڕاکێشراون، ئەوانەن که لە بنەڕەتدا بێ هه ستن و پێشتر کەسانی سیاسی نەبوون، پێشتر هەرگیز نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان.

کێشەی چیە؟ کێشەکە لەوەدایە کە ئەگەر ئەزمونی سیاسەتت نەبێت، تاکە جۆری پەیوەندی لەگەڵ دژی خۆتا که دەتوانی خەیاڵی بکەی، مردنە! کە لایەنی بەرامبەرلەناو بچێت! چونکە کاتێک ناتەوێت لە ڕێگەی ناتوندوتیژەوە قەناعەتی پێبکەیت، تاکە ڕێگا ئەوەیە بیکوژیت! بە واتایەکی تر تاکە فۆڕمی پەیوەندی بە وێرانکاری دەزانن، چونکە شێوازی دەوڵەمەند و پڕ لە بەرژەوەندی سیاسیی نازانن! ئەمەش ئەوە دەردەخات کە سروشتی سیستەمی تۆتالیتاری چەندە لەگەڵ سیستەمی حزبیدا ناگونجێت!

پاشان ئارێنت سەبارەت بە سیستەمی نازی دەڵێت کە ئەم سیستەمانه ئازادییە سیاسییەکان بۆ زۆرەملێیان بەکاردەهێنن! بۆ نموونە له هەڵبژاردن بۆ بەدەستهێنانی دەسەڵات، بەڵام بۆ مەبەستی دژە هەڵبژاردن و دژە دیموکراسی! بە واتایەکی تر بزووتنەوە جەماوەری کەرەستەی دیموکراسی بۆ ئامانجە نادیموکراسی بەکاردەهێنن!

بەکورتی سەرهەڵدانی جەماوەر دەرئەنجامی ڕووخانی سیستمی چینایەتییە و، لە پەراویزدا داڕمانی ئۆتۆماتیکی سیستەمی حیزبییە. ڕووخانی جەماوەربووە هۆی دروستبوونی زۆرینەیەکی بی ڕێکخراو که لە ئەنجامدا بووە هۆی سەرهەڵدانی کەسانێک کە تووڕە بوون و، هیچ شتێکی هاوبەشیان جگە لە باوەڕ بە ڕووخانی حیزبەکان نەبوو. لە ئەنجامدا ڕەسەنترین دەنگی ئەم جەماوەرە، دەبێتە دەنگی ئەو شێتانەی کە نەک هەر لە خراپەکاریدا، بەڵکو لە گەمژەیی و فێڵبازیدا شارەزان. لەم گروپەدا تاڵییەکی دیاریکراو هەیە، تاک گۆشەگیرە، دڵتەنگە و لە هەمان کاتدا جیاوازی تاکەکەسی لەناو جەماوەردا نەماوە. بۆیە کەسەکە بە تەواوی لە جەماوەردا دەتوێتەوە. دەڵێن "بە دەریای خرۆشانی میللەتەوە پەیوەندی گرت" ئەمەیە. دەبێتە دڵۆپێک لە زەریادا و، دەبێتە هیچ و هەموو جیاوازییە تاکەکەسییەکان تێکدەشکی و بەهۆی ئەمەوە مرۆڤ چیتر بەرژەوەندییە تاکەکەسیکانی خۆی نابینێت، یان له‌ به‌رامبه‌ریاندا بێ هەست دەبێت.

یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم حکومەتانە، دوژمنایەتییان لەگەڵ ڕوونترین "یاساکانی عەقڵی ساغ" و، حەزیان لە بەکارهێنانی چەمکە پوختەکانه (به فارسی مفهوم انتزاعی) مەبەست ئەوەیە کە تەنیا ئەو زانیارییانەی کە بۆ ئامانجێکی تایبەت بەکەڵک و گونجاون بمێننەوە. ئەوەی ئێمە پێی دەڵێین عەقڵی ساغ لەم حکومەتەدا گرنگ نییە، تۆتالیتارەکان کارێک دەکەن کە دژی عەقڵ، بەڵام زۆر بێشەرمانە. تەنانەت ئارێنت ڕوونی دەکاتەوە کە چەندەها کەسانی خوێندەوار و نوخبەی بەرز دەچنە ناو ئەم جەماوەرە، مەودای نێوان نوخبە و جەماوەر نامێنێت - لە جیاتی ئەوەی نوخبە سەرکردە بێت، نوخبە بەدوای جەماوەردا دەڕوات.

هەربۆیە سیستمە تۆتالیتارییەکان کۆمەڵگایەکی پارچەپارچە- ئەتۆمی کراوە- لەگەڵ کەسانێک کە کەسایەتی خۆیان لەدەست دەدەن و تەنیایی دروست دەکەن. دەوترێت یەکێک لە شێوازەکانی ستالین بۆ پارچەپارچەکردنی کۆمەڵگا پاککردنەوەی تاکەکەسی و گروپی بووە. کاتێک کەسێکی دەستگیر دەکرد، هەموو هاوڕێ و ناسیاوەکانی و تەنانەت خێزانەکەی - بۆ ئەوەی سەلامەت بن یان تەنانەت خاڵ بەدەست بهێنن یان دۆستایەتی خۆیان لەگەڵ سیستەمەکە نیشان بدەن - لە کەسی دەستگیرکراو جیادەبوونەوە و تەنانەت هەندێکیان دەبوونە دوژمنی. لە سیستەمێکی تۆتالیتاریدا، ڕەنگە کەسێکی غەریبه ئەوەندە دوژمنایەتیت لەگەڵدا بکات کە نەزانیت بۆچی ئەم کارە دەکات، بەڵام هۆکارەکەی ئەوەیە کە دەیەوێت بە دوژمنایەتیکردن لەگەڵ تۆدا هاوڕێیەتی خۆی لەگەڵ سیستەمدا نیشان بدات، یان لانیکەم قەڵغانێکی کارەسات بۆ خۆی لە زیانەکانی سیستەمەکە دروست بکات. تایبەتمەندی جەماوەری  پارچەپارچە کراوه، گەڕان بەدوای "دڵسۆزی بێ مەرج و  بێ سنوور و نەگۆڕی" ئەندامانه. واتە خەڵک بەبێ هیچ گومانێک گوێڕایەڵ بێت و باوەڕی بێت بە سەرکردەی تۆتالیتار و سیستەمەکەی. ئەمە داواکاری سەرکردە تۆتالیتارەکانە، تەنانەت پێش هاتنە سەر دەسەڵاتیش: "دڵسۆزی گشتی!" ئارێنت دەڵێ "دڵسۆزی گشتی" بناغەی دەروونناسی "زاڵ بوونی گشتی"یە!

لە سیستەمی تۆتالیتاریدا هەوڵنادەن پلان بۆ ئەو ئامانجانە دابنێن کە دەیڵێن، چونکە پلانەکە هیچ مانایەکی نییە، لەکاتێکدا مەبەستی سەرەکی باوەڕکردنە بە دەسەڵاتی سەرکردەی تۆتالیتاری، دەبێت دڵسۆز بیت بۆ ئەو کەسە! ئەگەر سەرکردە هەموو ڕۆژێک بۆچوونی خۆی بگۆڕێت، پێویستە هەموو ڕۆژێک گوێ لە بۆچوونەکانی بگرن و بۆی دڵسۆز بن! تەنانەت ناتوانی بۆچوونەکانی دوێنێ بەراورد بکەیت لەگەڵ بۆچوونکانی ئەمڕۆی! لێپرسینەوە بکەی. دەبێت باوەڕت بە "سەرکردەی بەڕۆژ" هەبێت و مافی ڕەخنەت نییە. سەرکردەی تۆتالیتار هەرگیز دان بە هەڵەدا نانێت، چونکە دوورە لە هەڵە. لە ئەنجامدا ناتوانیت لەسەر هیچ شتێک ڕەخنەی لێ بگریت.

باشترین پەروەردە لە مارکسیزم و لینینیزمدا ئەوەیە کە هیچ ناوەڕۆکێک بۆ ئەم دڵسۆزییە نییە کە پێت بڵێت چی بکەیت، که تۆ دڵسۆزی؟ یان چۆن هەڵسوکەوتی سیاسی بکەیت، لێهاتووی؟ تەنها دەبێت باوەڕت بە سەرکردەی تۆتالیتار هەبێت. ئەوەندە بەسە! دەتوانیت تەنها بە دووبارەکردنەوەی ئەوەی ستالین هەموو بەیانییەک دەیڵێت، ئەندامی حیزب بیت. بەڵام ئارێنت دەڵێت جەماوەر گرنگە و بەبێ جەماوەر، سەرکردەی تۆتالیتار هیچە. وە پێویستییەکی ڕاستەوخۆ لە نێوان سەرکردە و جەماوەردا هەیە.

لە بەشێکی تری کتێبەکەدا باس لەوە دەکات کە پڕوپاگەندەی تۆتالیتاری چ جۆرە پڕوپاگەندەیەک؟ دەڵێت لە حکومەتێکی تۆتالیتاریدا شتێک هەیە زیاتر لە پڕوپاگەندە و ئەویش "مێشک شۆردن و پەروەردەکردنی بۆچوونه ". لە ڕاستیدا حکومەتی تۆتالیتار، توندوتیژی نەک تەنها بۆ ترساندنی خەڵک، بەڵکو بۆ سەلماندنی ڕاستودروستی فێرکارییە ئایدۆلۆژییەکانی و بەدیهێنانی درۆکانی بە بەردەوامی بەکاردەهێنێت. بۆیە هەموو سیستەمی پەروەردەیی و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەکان، هەموویان لە خزمەت مێشک شۆردنەکەیدان. ئەمە شتێکە زیاتر له پڕوپاگەندە. ئارێنت دەڵێت، بەکارهێنانی پڕوپاگەندە زیاتر بۆ حکومەتە ناتۆتالیتارییەکانە، کاتێک دەیانەوێت لە ڕیکلامە بیانییەکاندا مانایەکی تایبەت بە قسەکانیان بدەن. بەڵام لە ڕیکلامی ناوخۆییدا، ڕووبەڕووی مێشک شۆردن و و پەروەردەکردنی بۆچوون دەبیتەوە. هەر توندوتیژییەک کە حکومەت بەکاری دەهێنێت، مەرج نییە هۆکارەکەی تۆقاندن بێت. بەڵکو فێرکارییە ئایدۆلۆژییەکانی خۆی بڵاودەکاتەوە. کەواتە ئارێنت دەڵێت تۆتالیتاریزم واتە تۆقاندن! سروشتیەتی.

خەمی سەرەکی سەرکردە تۆتالیتارییەکان ئەوەیە کە ئەوەی پێشبینیان کردبوو ڕووبدات. بۆخۆیان ڕۆڵێکی پێغەمبەرانە دەبینن. لە سیستەمێکی تۆتالیتاریدا ئەگەر بڵێن کەسێک مردووە، بەڕاستی دەچن ئەو کەسە دەکوژن، بۆ ئەوەی قسەکەیان ڕاست بێت. دەڵێ کاتێک لە یەکێتی سۆڤیەت نەیارەکانیان دەگرت و ئێعترافیان لێ وەردەگرتن، یەک زمان و پێکهاتەیان هەبوو و، ئەمەیش دەگەڕێتەوە بۆ تۆمەتی هاوشێوە. ئەم ئێعترافانە گرنگن چونکە فۆرمێکی یاسایی دەدەن بە سزاکە. ئەم ئێعترافانە هەر لەبەر ئەمەشە گرنگە که به سزادان فۆرمێکی یاسایی دەدەن. ئەفسەری زیندان دەزانێت تۆ هیچ هەڵەیەکت نەکردووە، بەڵام ئەشکەنجەت دەدات بۆ ئەوەی ئێعترافێک بەدەست بهێنیت، چونکە ئێعترافەکەت فۆرمێکی یاسایی دەدات بە سزاکە و نیشان دەدات کە سیستەم هەماهەنگ کاردەکات.

لە سیستەمی تۆتالیتاریدا، قۆناغ هەیه بۆ گەیشتن به زاڵبوونی گشتی! ئارێنت ڕوونیدەکاتەوە کە چۆن ئەم حکومەتانە دەگەنە دەسەلاتی تەواو. لە پلەی یەکەمدا کەسایەتی یاسایی لە مرۆڤدا دەکوژن. واتە مرۆڤ لە پاراستنی یاسا دەرچووە. لە سیستمی تۆتالیتاریدا تەنانەت کەسی کوژراو لە مافی یادکردنەوە و ماتەمینی بێبەش دەکرێت. پاشان دەڵێت لە پلەی دووەمدا کەسایەتی ئەخلاقی نامێنێت. حکومەت دەتخاتە نێوان دوو ڕێگاوە کە هەردووکیان بێ ئەخلاقین. دەتخاتە دۆخێکەوە کە ویژدانی ئەخلاقی بەس نییە بۆ حوکمدانی ئەخلاقی. وەک ئەوە وایە بڵێیت "یان خێزانەکەت ئاشکرا بکە یان دەتکوژین". دوای کوشتنی کەسایەتی ئەخلاقی و لەناوبردنی کەسایەتی یاسایی، لەناوبردنی تاکایەتی مرۆڤ ئیتر گرنگ نییە. چونکە ئیتر ئازادی کردار نەماوە. ئامانجی تۆتالیتاری دروستکردنی مرۆڤێکی نوێیە، بۆیە دەبێت ئەوەی هەیە لەناویببەن، بۆ ئەوەی شتێکی باشتر دروستبکەن. لەم سیستەمانەدا هەموو شتێک مومکینە و، دەکرێت ناسنامەیەکی نوێی مرۆیی دروست بکرێت. بەڵام هانا ئارێنت دەڵێ تا ئێستا ئەم باوەڕە تۆتالیتارییە کە هەموو شتێک دەتوانرێت بگۆڕدرێت، بە کردەوە بەو مانایە بووە کە "هەموو شتێک دەتوانرێت لەناوببرێت!" هەندێک تاوان ڕوودەدەن کە چیتر ناتوانیت سزای بدەیت، هەروەها ناتوانیت لێیان خۆش بیت چونکە تاوانیکی گەورەن. بەم شێوەیە ئارێنت دەڵێت "خراپەی بێ سنوور" سەرهەڵدەدات. بە واتای نە "سزا دەدرێت" - چونکە لە یاسادا ڕێگەیەکی بۆ نییە - نە "لێبوردنی ڵی قبوڵ دەکرێت". بئەمە دەڵێت خراپەی بێ سنوور! خراپەی بێ سنوور ناتواندریت بە ئەنگیزەی مرۆڤایەتی ئەم تاوانە ڕوون بکرێتەوە، زیاتر لە خراپەکاری و ئەو جۆرە شتانە، مەرج چییە بۆ ئەنجامدانی ئەم خراپەیە! تێگەیشتن نییە!

دوای ئەوە ئارێنت لە کتێبی "ئایشمان لە ئورشەلیم"دا ئەم خراپەیە ڕوون دەکاتەوە و چیرۆکی "بێ بایەخی خراپە" دەگێڕێتەوە.

ئەدۆلف ئایشمان یەکێک بوو لە ئەفسەرە پلە باڵاکانی پارتی نازی و بەرپرسی "بەشی کاروباری جولەکەکان" بوو کە لە کاتی جەنگی جیهانی دووەمدا فەرمانی ناردنی زۆرێک لە جولەکەکانی بۆ "کورەی سووتاندن" دەرکردبوو. دوای شکستی ئەڵمانیای نازی لەگەڵ بنەماڵەکەی بەرەو ئەرجەنتین هەڵات، بەڵام دواتر دۆزیانەوەو ڕفێندرا و هێنرایە ئورشەلیم بۆ دادگاییکردن. لە دادگاییکردنەی ئایشماندا قسەی گرنگ وترا کە ئارێنت لە کتێبی "ئایشمان لە ئورشەلیم"دا ڕاپۆرتێکی دادگاییکردنی ئایشمان بڵاودەکاتەوە، ئەمەش وایکردووە لە سەردەمی خۆیدا ناوبانگێکی زۆری هەبێت.

ئارێنت دەڵێت ناوبانگ شمشێرێکی دوودەمە: وا دەکات خەڵک بتناسن، هەروەها لێک تێنەگەیشتنیش لەبارەی تۆوە دروست دەکات. یەکێک لە تێنەگەیشتنە هەڵەکان سەبارەت بە ئارێنت ووشەی "بێ بایەخی خراپە"یە. ئەمەش بەو مانایەیە کە ئەم ووشە یە زۆرجار بە هەڵە بەکاردێت. بۆیە ئەگەر حەزمان لە خوێندنەوەی ئارێندت بێت، باشە بزانین دەربارەی ئەم ووشەیه.

مەبەستی ئارێنت ئەوەیە کە ئایشمان لە ڕاستیدا کۆنەپەرستێکی ناسیۆنالیستی نەبووە، بەڵکو بە پێچەوانەوە، کەسێکی زۆر ئاسایی بوو، بەجی ئەوەی بیر لە خۆی بکاتەوە، پشت بە بەرگرییە کلیشەییەکان دەبەستێت. لەبری ئایدۆلۆژیا، بەدوای پێشکەوتنی پیشەیی بوو و باوەڕی بە سەرکەوتن هەبوو و سەرکەوتنی بە پێوەرێکی سەرەکی "کۆمەڵگەیەکی باش" دەزانی. خراپە، لێرەدا بەو مانایە نییە کە کارەکەی ئایشمان ئاسایی بووە، یان بڵێین لە ناو هەمووماندا ئایشمانێکی شاراوە هەیە، بەڵکو بەو مانایەیە کە ئایشمان لە ڕقوە ئەو تاوانانەی ئەنجام نەداوە، بەڵکو بەهۆی گوێڕایەڵی کوێرانە لە دەسەڵاتە وە ئارەزووی وابەستەبوون بە کۆمەڵگەیەک ئەم کارەی کردوە، هەربوویە مەبەستی ئارێنت لە خراپە ئەوەیە کە ئەم شتانە بە شێوەیەکی بێ بایەخ لە نابەرپرسیارێتییەکی تەواوەوە ئەنجام دران، کە بە هیچ شێوەیەک ناتوانرێت کارەکانی ئایشمان جیاوازهەژمار بکرێت. زۆرێک لە شارەزایانی ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش لەگەڵ ئەم چەمکەدا هاوڕی بوون.

***

ئارێنت سەرەڕای دەرکەوتنی سارد و عەقڵانی، زۆر سۆزدار بوو و لە جیهانێکی شیعریدا دەژیا. ئەو زۆر حەزی لە بازاڕکردن بوو. ئاهەنگی گەورەی خۆشدەویست. پاشنیوەڕۆکانی یەکشەممەی بە تەلەفۆن بۆ هەموو ئەو کەسانەی کە دەیناسی بەسەر دەبرد. زۆر سەفەری کردووە. پەیوەندی و هاوڕێیەتی زۆر گرنگ بوون بۆی.

 

ئەم وردەکاریانە وێنەی دەرونی هانا ئارێنت نەرم دەکەنەوە. بە فەیلەسوفێک ناودەبرێت کە زۆر پیاوانەیە و لە ناسناوی ژنانەی خۆی دابڕاوە. ئارێنت کەسایەتییەکی سەربەخۆ و ڕۆحێکی یاخی هەیە. پێکهاتە شکێنه.

لە کۆتاییدا هانا ئارێنت لە ساڵی ١٩٧٥ لە تەمەنی ٦٩ ساڵیدا لە نیویۆرک بەهۆی جەڵتەی دڵەوە کۆچی دوایی کرد.

چی لە ئارێنت فێر دەبین؟ باشە ئێمە دەزانین کە ئارێنت لە سەدەیەکی تردا ژیاوە و، لەوەتەی کۆچی دووایی کردووە تا ئەمڕۆ دۆخەکە زۆر گۆڕاوە. تەنانەت کاتێک باسی تۆتالیتاریزمیش دەکەین، ئەو جۆرە تۆتالیتاریزمەی ئەمڕۆ دەیبینین زۆر جیاوازە لەو تۆتالیتاریزمەی هانا ئارێنت ئەزموونی کردووە. بەڵام ئەوەی ئارێنت فێرمان دەکات چۆن بیرکردنەوەیە نەک ئەوەی پێویستە چ بیربکەینەوە! لە ئەنجامدا لە ئارێنتەوە پرۆسەی بیرکردنەوە فێر دەبین نەک بیرۆکەی تایبەت. هەر ئەمەشە کە ئارێنت سەرنجڕاکێش دەکات و قسەکانی کۆن نابێت. ئارێنت دەڵێت: هەوڵبدە لە بارودۆخی ئێستات تێبگەیت و لە هەموو بارودۆخێکدا بیر لە بارودۆخی خۆت بکەرەوە، نەک ئەوەی کسانی دیکە پێیان وایە گرنگە. ئەوەی بۆ تۆ گرنگە، بابەتی وردبینیکردنە، نەک ئەوشتەی کە بۆ کسانی تر گرنگە.

ئارێنت هەمیشە هەوڵیدەدا پێگەیەکی پتەو بۆ "مرۆڤ" لەم جیهانەدا بدۆزێتەوە و، مرۆڤ بتوانێت لەگەڵ ڕاستیەکان لەپێش خۆیدا بگونجێت. لە نامەیەکدا بۆ جاسپەرس نووسیویەتی: خۆشەویستی جیهان، بەو هەموو خراپە و ئازارانەی تێدایە، کارێکی قورسە. بەڕاستی ئارێنت سەرکەوتوو بوو لەم کارەدا! چونکە ئەگەر سەیری ژیانی بکەیت بۆت دەردەکەوێت کە ژیانی زۆر سەختە، بەڵام ڕەنگە کەم کەس بدۆزیتەوە کە ئەوەندە ژیانی خۆش بوێت و ئەوەندە ڕێز لە ژیان بگری. وە ئەوەندە سۆزی ژیان ببەخشی بە ژیانی دەوروبەری!

تێبینی ڕۆژانەکانی ئارێنت زۆر گرنگن. ئارێنت بۆ ماوەی چەند ساڵێک گۆڤارێکی فەلسەفی نووسیوە و، یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە پەیوەندی نێوان بیرکردنەوە و کردار. دەڵێت: "بیرکردنەوە پێویستی بە گفتوگۆی دوو کەسە لە یەک جەستەدا، کە من لە چاوپێکەوتن لەگەڵ خۆما هەمە". ڕستەیەکی گرنگە! چونکە ئارێنت کردەی بیرکردنەوە بە گفتوگۆیەک دەزانێت کە مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا دەیکات. لە تێبینییەکانیدا بە تەواوی ئارنێت دەبینین که لەگەڵ خۆی قسە دەکات. بابەتەکانی ئەم تێبینیانە هەمەجۆرەن، پڕن لە گێڕانەوە، ڕاستکردنەوەی شیعر، بڕگەی ڕۆژنامە لێرە و لەوێ چەسپاو. ئەوان بە جوانی نیشان دەدەن کە ئارنێت چ جۆرە کتێبێکی دەخوێندەوە. ئێستا کۆکراوەی کتێبخانەی ئارێنت بە شێوەی ئۆنلاینە، واتە ئەو کتێبانەی کە ئارێنت هەیبوو و لە پەراوێزی کتێبەکانلدا دەنووسێن. ئەمانە هەموویان ئێستا بە شێوەی ئۆنلاین لە بەردەستان. دەتوانن بزانن ئارێنت بیری لە چی دەکردەوە کاتێک ئەم کتێبەی دەخوێندەوە و چ پەراوێزێکی بۆ نووسیوە.

نووسین لای ئارێنت بەشێکە لە پرۆسەی تێگەیشتن. واتە دەبێت بیربکەیتەوە و بنووسیت بۆ ئەوەی تێبگیت. ئارێنت دەڵێت: "بیرکردنەوەکانم هەمیشە بۆسەردمیک بۆ من ڕەوان". بەو مانایەی کە تێڕوانینێکی زۆر نادیاری هەبووە بۆ ئەوەی بیر لە چی دەکاتەوە و ئەم تایبەتمەندییە، هێزی جووڵە بە نووسینەکانی بەخشیوە. بێگومان لایەنگری لە نووسینەکانیدا نابینیت و پێداگری لەسەر قسەکانی نابینیت. ئەم ژنە بەردەوام بیردەکاتەوە و بۆ ساتێکیش داناپچڕی لە بیرکردنەوە. لەسەر قەنەفەکە پاڵدەکەوێت و بیردەکاتەوە و جگەرەیەک دەکێشێت و دواتر دەچێتە سەر تایپەکەی و دەنووسێت. بەسەربیرکردنەوەکانی پێشوویدا پێداچوونەوە دەکات و دەیاننووسێتەوە.

ئارێنت لە تەمەنی گەنجیەوە شیعری نووسیوە. ٧٤ پارچە شیعری لەبەردەستدایە کە بەرهەمی ساڵی ١٩٢٣ و ١٩٢٤ (واتە ئەو ساڵانەی پەیوەندی لەگەڵ هایدگەر هەبووە). لەم دواییانەدا بۆمان دەرکەوت کە ئارێنت منداڵێکی لەگەڵ هاوسەرەکەی بوو کە لە بەرلین لەباری چووە و ماوەیەکی زۆرە تا ئەم دواییانە لەمبارەیەوە نەیاندەزانی. ئەم ڕاستییە لە نامە ی بنەماڵەی ئارێنتەوە ڕوونە. بۆیە لەم ڕوانگەیەوە ژنێکە کە تێکشکان، ئێش و ئازاری پێگەیشتووە. وە ئەم ئازارانە زۆریان بە ئەدەبیات نزیک دەکردەوە. لەو قۆناغانەی کە زۆر ئازار دەچێژێت، پەنا بۆ شیعر دەبات. شیعرێکی هەیە بە ناوی "لە تاریکیدا" کە یەکەم شیعرییەتی. زۆرجار لە شیعرەکانیدا تەوەری "تاریکی" و "بۆشایی" دووبارە دەکرێنەوە. یەکێک لە هاوڕێ نزیکەکانی باس لەوە دەکات کە هەر لە گەنجیەوە ئارێنت تووشی خەمۆکی و جۆرێک لە خەم و پەژارەی شیعری بووە کە لە شیعر و نووسینەکانیدا دەبینرێت. بەڵام ناتوانرێت ئارێنت وەک شاعیر وەسف بکرێت. هەرچەندە شاعیر نییە، بەڵام خاوەنی بیرکردنەوەی شیعرییە.

لە ساڵانی ڕابردوودا کتێبخانەی کۆنگرێس ئەمریکا بەڵگەنامە و دەسکەوتە نوێیەکانی بۆ ڕای گشتی بڵاوکردەوە، لەوانە تێبینی و ڕەشنووس و نامە و ڕاپۆرتی خۆی و خێزانی هانا ئارێنته. و ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی کە ڕووناکییەکی نوێ بەسەر ژیان و بەرهەمەکانی ئارێنتدا بدرەوشێتەوە.

بۆ نموونە نامەنووسییەکەی لەگەڵ هاوسەرەکەی وێنەی ژنێکی لەڕادەبەدەر سۆزدارە بە ڕۆحێکی نەرم و نیانەوە کە  زۆر تێگەیشتووە و لە دۆخەکە تێدەگات. یان، لەم نووسینانەدا تێدەگەین کە ئارنێت چەندە هاوڕێیەکی کراوە بووە و، هەرگیز بۆ کۆتاییهێنان بە پەیوەندییەک دەستپێشخەری نەکردووە و بەهۆی ئەمەوە بەخشندەیییەکی نائاسایی لەم کەسەدا هەبووە.

بۆیە کێشەی ئارێنت کێشەی تێگەیشتنە. هەرچەندە مێشکی کتێبخانەیەکی پڕ لە کتێبی هەیە، بەڵام هەرگیز نابینیت کە زانستی خۆی لە نووسینەکانیدا نیشان بدات. هەوڵدەدات خۆی لەو زاراوانە بەدوور بگرێت کە خوێنەر نەترسێنێت و بە خوێندەواری خۆی سەرسامی نەکات.

ئارێنت ڕستەیەکی هەیە کە پێویستە بەم ڕستەیە کۆتایی پێبهێنین، دەڵێت:

"سەدەی ڕابردوو کۆمەڵێک ئایدیۆلۆژیای بەرهەمهێناوە کە وا خۆیان نیشان دەدەن کە کلیلی چارەسەرکردنی کێشەکانی مێژوون، بەڵام لە ڕاستیدا هیچ نین جگە لە هەوڵی بێهودە بۆ ڕزگاربوون لە بەرپرسیارێتی".

ئەوەی خوێنتانەوە بەشی یەکەمی تەوەری "پەیوەندی نێوان شۆڕش و ئازادی لە ڕوانگەی هانا ئارێنتەوە" بوو. لەم بەشەدا هەوڵمدا هەندێک لە بیرۆکە گرنگ و بەناوبانگەکانی هانا ئارێنت ڕوون بکەینەوە. لە بەشەکانی داهاتوودا دەچینە سەر کتێبی "شۆڕش"، دووا کتێب کە هانا ئارێنت توانی لە ماوەی ژیانیدا تەواوی بکات و، بڵاوی بکاتەوە. ئارێنت لەم کتێبەدا پەیوەندییەک لە نێوان چەمکەکانی "ئازادی" و "کردەوەی پراکتیکی"دا دادەمەزرێنێت و، بە لێکۆڵینەوە لە شۆڕشی ئەمریکا وەک تاکە نموونەی مێژوویی سەرکەوتوو لە دامەزراندنی ئازادیدا، و بەراوردکردنی لەگەڵ شۆڕشی فەرەنسا هەوڵدەدات هۆکارەکانی سەرکەوتنی شۆڕشی ئەمریکا شی بکاتەوە.

سەرچاوەکان:

۱. کتاب انقلاب نوشته هانا آرنت

۲. کلاب‌هاوس، کلاب آرنت خوانی، اتاق گزارشی از کتاب “خاستگاه‌های توتالیتاریسم” اثر هانا آرنت

۳. کانال یوتیوب هانا آرنت سنتر در باره کتاب انقلاب

درێژەی هەیە...

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت