ما 1368 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

سەباح ڕەنجدەر

چاوی شەھوانی ئەستێرەی شوان

بەچرپە و ھاوارەوە گوتی لەگەڵ تۆمە

بڕۆ جەژن و جەنگی ئایینەوە

پێش تۆ دڵزادەی تر

مەست بوون بە مەحاڵی ھەزار ڕەنگ 

مەحاڵ دوا یار و مەشخەڵمە

 

گاتاکان

١

دەستم لەخۆم بەرزکردەوە 

چەقۆ لە جۆگەلەی سوور 

لە ھەڵم و ھاڵاوی گەرمیدا بریسکەی کوژایەوە 

برین بەگەرمیی خۆی دەخرۆشێ و ساڕێژ دەبێت 

ھەموو شتێک بەدڵخۆشی تەڕبووی بەرباران 

بەرەو ئاکام زمانی دەگەڕێ  

ئاکامی دۆزینەوەی چرکەساتی یاریکردن لەناو ڕێگاکان

پرسیار لەبارەی ژیان لە ڕێگای چوونە بەھەشت و دۆزەخەوە 

پیاڵە بەدوای یەکدا بەتاڵ دەبن 

ئاوازیش بەدوای ئاوازدا دێت 

ھەموومان لەخۆشیی ڕوونی شەوانی بەھار دەپرسین 

لە کۆچی دواکۆچدا 

ڕێگای بەھەشت و دۆزەخ بزر دەبن 

ڕەوانبێژی بەھرەمەند واچاکە گەرمە غارت بووەستێنیت و بگەڕێیتەوە 

قۆزاخەی میھر و دروود و سەمای جۆراوجۆر

ئەوەی بیستووتە دەیبیستییەوە 

شارە دێرینەکانی سەرڕێت 

لەبن باڵی چۆلەکەیەکی تەڕدا پێچراونەتەوە 

گەشتیان لەناو ھێلکە شەیتانۆکەدا

ملی بێزاری دەسووڕێنێت 

گیان لەدەست ھێلکە شەیتانۆکە ڕزگاری نابێت 

ڕەگی دڵی یارانی ناوچەوان ئاڵوواڵا و تیشکی خرۆشاو 

ئەم زەوی و پەنجەرە و بان و خانووە پیرۆزکە 

وابکە خەونی تۆم بێتەدی و مانگی فرۆشراو بکڕمەوە 

بیریش لەو شتانە بکەرەوە 

لەبارەیانەوە نەدواوی 

ئەستێرەیەک وادەڕژێ و پێشوازی دەکەم 

کتێبی دوا بیرچوونەوە بۆ من دادەبەزێ 

گیانی پێشوازی پاراوە

خوێنی ئاخۆ چ خۆشیێکە ڕوودەدات

دەموچاوی زەوی ئاڵکردووە

        ٢

بەتاڵییەکی سارد زمانی گرتووم

کفنی ڕەوانبێژە بەھرەمەندەکە تەڕبووە 

دەیھێنمە بەرسۆبە و ھەڵیدەخەم 

پرچی خۆم و کەسکی نەزر و نیازیش وشک دەکەمەوە 

وڵاتم چووەتە جەژن و جەنگی ئایینەوە 

زێرابی ناخی دەروون زۆڵ تەقی 

ئەم دەست و ئەو دەستی پیس کرد 

ئەم دەست و ئەو دەست 

داری پڕ کۆتری لێیە و دڵتەنگن

داری پڕ کۆتر دڵی لەناو دەڕوێ و خورپەی لەسەر دەگیرسێتەوە 

جاڵجاڵۆکە بە گەردەنی دەروون زۆڵەوە تەونی چاووڕاوی چنیوە 

چاودێری بەرزی و نزمیی زێراب دەکەم

ڕێ دەھێنمەوە ماڵی مەحاڵی ھەزار ڕەنگ 

بیرم لەچنینی دووگوردی پەرستگا و ھێلانەی پەڕەسێلکە ڕوون دەکەمەوە

لێوی ئاسمانیم دەکرێتەوە 

ڕازی دێوڕەوشت دەشکێت

وڵاتی جەژن و جەنگ گەلێک باریکە ھێڵ لە ڕوخساری خۆی دەبینێ

         ٣

ئەسپێک لە دەشتێکی بێ بەڵادا 

داوای ھاوڕێیەتی کەروێشکە خاتوون و تاژیی خۆشڕست دەکات 

حەزیشی لەو ژنە کەزی گەرمە کردووە 

سەرپشت و گوڵینگەکانی نەخشاندووە

لەدەنگی فڕۆکەش دەترسێت

لە بێدەنگیی کۆڕی ماتەمینیش دەسڵەمێتەوە

        ٤

لە ناوەڕاستی تەمەنم

تیشکی ناوەڕاستی ئاسمانیشم لێ دەدات و پشتێنەمە 

ھەرچی لەدەروونڕۆشنی ھەمە لە ژیان فێری بوویمە 

گوێی لێ دەگرم و گوێڕایەڵیم 

تیشک دووربەدوور ناناسرێت ئەی جانەوەری کێوی 

دوور لەماڵ ڕێگا نابڕم

ئەو ماڵ و ڕێگایەی ھەمیشە لەمرۆڤدا پڕ ڕەنگن 

گوێم ھەیە و چاو 

بولبول و گوڵ ھاوساڵ و ھاوسەروان 

ڕۆژیش بە ناچاری ھەڵنایە

         ٥

ڕەوانبێژی بەھرەمەند بەرلەوەی مردن بتکاتە ئەفسانە 

لە ستایشیدا شتێک بڵێ 

شەو پەنجەرە ناخەون 

کاکێشان بەناویدا تێدەپەڕێ و دێتە سەرگوڵی بالیفەکانمان 

ڕەنگ و ڕووناکی خۆم بەدەستی خۆم بەرزدەکەمەوە 

بۆ درەوشانەوە بە ھێمنی بەسەر قاڵدرمەدا سەردەکەوم

بەھێمنیش بۆ ئاھەنگتان پێیدا دێمە خوارێ 

ڕەنگی درەنگ وەختی بەختەوەریم ناسی

    ڕەنگی بەختەوەی لە خوێنێکی ڕوونەوە

دادەبەزێتە دڵێکی ڕوونترەوە 

ئاڵۆزی ئەفسانە دەکرێتەوە 

لەچاوترووکانێکدا زیندوو ھەموو لە دایک دەبنەوە و دەمرن

      ٦ 

ڕێگا چاوەڕوانە دەنگی گۆرانی ڕێبواران دڵی بکوڵێنێت

بیریش لەو ڕێگایانە دەکەمەوە پێیاندا نەڕۆیشتووم و گۆرانیم تێدا نەگوتوون

ئەگەر پێیاندا بڕۆم و گۆرانی تێدا بڵێم 

دەبێ بەتەنیا بیانبڕم و ھەوڵی پێوانەیان بدەم

ڕێگا لەژێر پێمدا تەواو نابێت و قسەی دڵم لەناویدا ڕژاندووە 

من لەناو ڕێگایەکدا تازە باران تەپ و تۆزی مراندووە 

لە گەشتی ژیاندام و بێ ئاوێنە پرچم شانە دەکەم 

ڕێگا لە ئارامییەکی قووڵ ترسێکی بەدڵداھات 

یاریم بەئاگری نیوە و ناتەواو کرد و پاشماوەی خۆڵەمێش دروست نەبوو 

ڕێگا دووبارە بمخوێنەوە و ئاوێنەم بدەرەوە دەست  

برینەکانم ئاوێنەی بەرخۆرن و بەئاسانی خاڵ و پیتیان لێکدەدرێن

ڕێگاکان بەدوای یەکدا تێناپەڕن 

دەڕژێنە ناو یەکترەوە و چاووڕاویش لەیەکتر ناکەن

ئەو کاتانە دەڕوانمە شێوەکارێک 

ئەستێرەی کەمدوو و مانگی خۆشڕوو 

دەستی خوماریان بۆ ڕەنگ لەسەر گرتنەوەی ڕاگرتووە 

بەماڵی مەحاڵی ھەزار ڕەنگت

ڕادەھێننەوە و دەتگەڕێننەوە لای درەختە پێست تەنکەکان 

وێنەی ئەو خۆرەی لەئامێزی ئاسمانی چێشتەنگاو کێشام

سەمای جۆراوجۆری چێشتەنگاو 

کرانەوەی پێڵووی نۆبەرەی خێزانێکی بەختەوەرە

ھێڵی وێنەکێشان درێژدەبێتەوە 

تا بنی چیا لەناو ڕووباری ھەناسە خۆشدا  

خۆری ھەناسە خۆشی ناو تابلۆیەکەم 

تکا دەکەم خۆ لەئەوینم لا مەدە و گەورە ببەرەوە  

خودا ھێشتان دڵی بە ڕووناکی ناوچەوانی مرۆڤ خۆشە

ڕۆژ و حەفتە و مانگ و ساڵ

خەرمانەن و لە ژوورسەرم گەورە دەبنەوە

          ٧

خودایە قوڵفی ھەموو گۆزەی مەیەکانت ماچ دەکەم

خۆم بکە بە خۆم 

تا دیاری لەئاسوودەیی زەوی وەرگرم

شادمانی دەدەم بەھۆگرانم و بەرەو ڕۆشنایی دەڕۆم 

ڕۆشنایی بە تەواوی ھێز و بەھرەی خۆیەوە 

لەگەڵم دەبێت و ڕێگای نییە بۆ لەخشتەبردن 

لە سەرەتای ژیان دەمناسێت و دەمکات بە ھاوڕێی سۆزی سرووش

           ٨

مۆمی ئاگربەدەم 

بۆی ھەیە چامەی باڵندەکان من نووسیبم 

قەڵەڕەشیش کە دڵی منی ناسیوە 

ڕێ نایەنێتەوە دان و ئاوی من 

باران بەناز و خۆڕسکی و بەخشندەیییەوە دەکەوێتە سەر 

بەردەنوێژ و دەموچاوی سروشت تێدا حەساوەم 

نمەکان ھەر ئەوە نین دەردەکەون 

ئەرێ چیمداوە لەو پەنھانییە

مانگ تەرمێکی ڕاکشاوی ناو ئاوی ھەناسە خۆشە 

ناشتنی دژوارە و تەماشاکردنیشی دڵبەرە

         ٩

چاوی شەھوانی ئەستێرەی شوان 

بەچرپە و ھاوارەوە گوتی لەگەڵ تۆمە

بڕۆ جەژن و جەنگی ئایینەوە 

پێش تۆ دڵزادەی تر 

مەست بوون بە مەحاڵی ھەزار ڕەنگ 

مەحاڵ دوا یار و مەشخەڵمە

ھەزار ساڵ لەڕێگا لەگەڵیدا دەمێنمەوە 

بە نان و ئاوی قوڵفی گۆزە دەژین

پیتی چامەی باڵندەکانیش چاوی ئادەم و حەوان 

لە پەلاماری جانەوەری کێوی و دێوڕەوشت ئاگادارمان دەکەنەوە

           ١٠

ئەو ئێوارەیەی ڕێوڕەسمی شکۆدارکردنی دێوڕەوشت 

تەڕایی پێستی چاوی ئەسپی دوڵدوڵی ھەڵلووشی 

گفتوگۆی ڕێبوار و شەقام خۆڕسک و ڕووتە 

بەبێ ئاڵای سپی 

ڕێگا لەژێر پێیەکاندا تەواوبوو 

کەس پێویستی بەڕۆیشتن نەما 

سوورھەڵگەڕام لە داخان و کزەم لە جەرگەوە ھات

بەو کزەیەشەوە ژیانم لەبیرنەچووەوە 

دەوەستم و پێ لە پێخوست نانێم

تا تیشکی ناوەڕاستی تەمەنم دەگاتە ناوەڕاستی ئاسمان 

گەرمایی دەداتە پێستی چاو و ھەوای ژیان خۆش دەبێتەوە

ئاوازی دڵ و ڕەگی دڵی یاران 

لەکەنار ئەم زەوی و پەنجەرە و بان و خانووە پیرۆزکراوە پشوویێک دەدەم

مانگم لەنازی یەکشەوە و چواردە پێشاندە و ئەم سووتاوە مەسووتێنەوە 

ستوونی پرد لەناو ئاودا ھەمیشە سووتاوە 

مایسی ٢٠١٥ ھەولێر

 

گەڕان بۆ بابەت