ما 6117 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

ناڵە حەسەن

ئەی شۆخ

کە هاتمەوە

قژی خاوی تۆ دەکەم بە ڕەشماڵێک

با کور و کچە عاشقەکانی گەڕەکەکەمان

لە ژێریدا عەشق بکەن

دەقی تەمەن ٣٧

ناڵە حەسەن

١

ئەگەر لەنێو قووڵایی دۆزەخیش بم             

کاتێک تۆ لە تەنیشتمەوە ڕادەکشێی

منیش / گوێم لە میلۆدی هەناسە ساردەکەی

جەستە و لێوی تەزیوت دەبێ

ئیدی دەمودەست

دەگەڕێمەوە نێو سەهۆڵبەندانی وەرزی غوربەت و

کڵۆ کڵۆ بەفری نائومێدی

بەسەر خاکی خەونەکانم و

پێدەشتی ڕۆحە غەریبەکەم دا دەبارێ

٢

بە بێدەنگی لە باوەشی نائومێدییەوە

بە نائومێدی لە باوەشی غوربەتەوە

بە غەریبی لە باوەشی تەنیاییەوە

بە تەنیایی لە باوەشی مردنەوە

بە مردوویی لە باوەشی ژیانەوە / ڕاکشاوم

ڕەنگەکانی نێو تابلۆی ئەو قەدەرەی من

تۆخ و تەماوی و تاریکن

کۆد و هێماکان

بە چاوەکانی خۆرەتاو ناخوێندرێنەوە

من نازانم

هاتنی من بۆ نێو ژیان

چ حیکمەتێکی تیا بوو ئەی خودا!

٣

ئەستێرە ئاوسەکان لەنێو مندا

نەزیف دەبن

بارانی نائومێدییەکانیان

بەسەر کێڵگەی خەونەکانم دا دەبارێنن

لە دەرەوەی بازنەکانی حەقیقەت و

جۆزەردانی وەرزی جوانییەکان

بەخوێن باخچەی گوڵە بۆنخۆشەکان ئاودەدەن

مانگێش بە چاوی بە فرمێسکەوە لە دووری دوورەوە

بۆ چریکەی کچێنی پەپوولەکان دەچەمێتەوە

٤

ئەی پرشنگتر لە پڕیشکی

خۆرەتاوی خەمە گەورەکانم

کە هاتمەوە

لە ئێوارە ئاگرینە ئەسمەرییەکانی نیشتیمان

 سەرمەست و دڵگەشمکە بە میلۆدییە ئەوینییەکان

با تەنیاییم ئاڵوودە بیتەوە

بە ئایکۆنەکانی ئاوەدانی و

ڕۆمانە درێژەکەی ئایندەشم

بە ئەندێشە ئەوینییە ئاوییەکان / بنووسرێتەوە

٥

من هەمیشە

لەسەر دیواری خەونەکانم

بە شیلەی شیعرە شینەکانم

هەستە ئیرۆسییەکانم دەنووسمەوە

پەرەسیلکە ماندووەکانی

بنار کەژو کێوەکانی عەشقیشم

بۆ هەرلایەک بفڕن

دواتر دێن و

لەسەر درەختەکانی

نێو مەمکۆڵەکانی تۆ دەنیشنەوە

٦

 ئەی شۆخ

کە هاتمەوە

قژی خاوی تۆ دەکەم بە ڕەشماڵێک

با کور و کچە عاشقەکانی گەڕەکەکەمان

لە ژێریدا عەشق بکەن و

 یەکتری بە وشە گەرمەکانی خۆشەویستی بلاوێننەوە

منیش / هەموو ڕۆژانی سێ شەمە و پێنج شەممان

کۆرسەکانی عەشق و ئەوین دەڵێمەوە

فێریان دەکەم (شاعیرانە بژین)

شەوانان توند توند

لێوی یەکتری بمژن و

 لە ئامێزی یەکتریدا ڕۆژ بکەنەوە

٧

من لەمەودوا خۆم ڕادێنم

لەگەڵ تاریکی نێو تەنیایی خۆم

ئەستێرە پرشنگەکانی نێو چاوەکانی تۆ ڕەسم دەکەم

گوێ لە گۆرانییە وێرانبووەکانی دڵی خۆم ڕاناگرم

بە میلۆدییە ناسکەکانی لەرینەوەی مەمکۆڵەکانی تۆ

لەژێر بارانە بەهارییەکان سەما دەکەم

هاوار و قیژە و فرمێسکەکان و

خەمی نانی ڕابردووم لەبیر خۆم دەبەمەوە

دێم و تابلۆکانی ئایندەم

بە ڕەنگە ئاجوغەکانی

گوڵە ڕەنگینەکانی نێو بەهەشتی تۆ ڕەنگ دەکەم

٨

من سەرمەستانە

هەموو تەمەنم بە عەشق بەخشی

باجی گەورەشم بۆیدا

ڕەنگە عەشق لەلای من مانایەکی تری هەبێ

لەدەرەوەی چەمکەکانی

زیندان و زنجیر و کۆیلەبوون

فڕینێکە بە ڕەهایی لەنێو ئاسمانی خۆشەویستی

بە ئازادی دەفڕم دەفڕم دەفڕم

لەهەر کوێدا گوڵێکی جوان ببینم

دەنیشمەوە و کەمێک لەلای دەمێنمەوە

من ئەو پەپوولەیەم / بە تەنیا

مولکی هیچ باخچەیەک و گوڵێک و ئاسمانێک نیم

٩

لەبیرمایە

ڕۆژگارێک دەمانگوت

ئێمە دوو دوورەختی خۆڕسکین

وەک بەفر و خاک / ماسی و ئاو

هەرگیز ناتوانین لە یەکتری جیاببینەوە

بەڵام دواجار هەروەک دایکم گوتەنی

(بنیادەم شیری خاوی خواردووە

هەموو شتێکی لێدەوەشێتەوە...!)

منیش شاعیرێکی سیحرباز نەبووم

تا بتوانم ئایندە دوورەکان بخوێنمەوە

١٠

تۆ ئەو فریشتە گەردوونییەی

 دەتوانی گەرد گەرد

بە زەردەخەنە سیحراوییە سەرمەدییەکەت

گەڵا و درەختی هەموو وەرزەکانم بە سەما بهێنی

تۆ دەتوانی لەنێو تەمە سپییەکانی

سەرووی هەورە شینەکانەوە

کۆشکێکی ڕەنگینم بۆ دروست بکەی

لەگەڵ خەونە سەربڕاوەکانی منداڵیم و

دڵشکانە پڕ برینەکانی هەرزەییم و

تەنانەت / لەگەڵ مەحالیش ئاشتمکەیتەوە

١١

من پێشتر

هێندە لە تەنیایی خۆم دەترسام

تا ئەو ئەندازەیەی دەمەویست

 هەموو ئەو ئاوێنانە بشکێنم

کە بە تەنیا لە نێویاندا دەردەکەوم

هەموو ئەو ئەلبوومانەش بسووتێنم

کە وێنە تەنیاکانمیان لەخۆ گرتووە

بەڵام / دواجار

تەنیایی بوو بە دوا ماڵ و

بەدوا وێستگە و چارەنووسم

١٢

گەر پێت بڵێم

من تۆم لەخۆم خۆشتر دەوێت

بڕوا مەکە

چونکە من / بۆ گەیشتن

بە هێشووە ترێی خەونەکانم

دەیەها ڕیگام تاقیکردۆتەوە

لەوانەیە لەکەنار یەکێک لەم ڕێگایانە

بە تۆ ئاشنا بوو بم

١٣

لەو ڕۆژەوەی

ئەستێرەکانی ڕووناکی و تریفەکانی عەشق

لەنێو شەوەکانم دەرناکەون

نەک تەنها خۆم

خەون و خەیاڵەکانیشم پڕبوون لە نائومێدی

هەمیشە تاریکیم لێدەڕژێ

هەستەکانی ناوەوەم دەمارەکانییان گرژ دەبن

وەک ڕێبوارێکی ون

نازانم لەکوێم و بەدوای چیدا دەگەڕێم

وا هەستدەکەم

بارێکی قوڕسم بەسەر ژیانەوە و

بە ناچاری

ژیان بەدوای خۆیدا ڕام دەکێشێ

١٤

ئەو / خۆیی و کەمانجەیەکی نارنجی

منیش / خۆم و چەند وشەیەکی چاو بە فرمێسک

ئەو / خۆیی و بزەیەکی گەرم گەرم

منیش / خۆم و قەڵەمێکی نیگا سپی

لەم باکووری غەریبیەدا

هەموو مانگی بەفرانبارێک پێشوازی لە مردن دەکەین

١٥

چەند پارچە سەهۆڵێک

دەخەمە نێو لەپی دەستەکانم

دەستەکانم توند توند

توند توند / دەستەکانم دادەخەم

تا پەنجەکانم و هەموو جەستەم سڕ دەبن

دەبم بە پەیکەرێک لە سەهۆڵ

تا هەموو یادەوەریە تاڵەکانم بیربچێتەوە

دواتر کە خۆرێکی نوێ هەڵدێ

دوای توانەوە و گەرمبوونەوە

ژیانێکی نوێ و قەسیدەیەکی نوێ دەست پێدەکەمەوە!

 

 

 

 

 

گەڕان بۆ بابەت