ما 12016 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

سەلاح گوڵ ئەندامی

قامکی لە چایکەدا هەروا راگرتبوو تا ئەمن چایەکەم لە پێشی لابرد. دەستم گرت بیبەمە دەر داینیشاندمەوە و لە سەرە خۆ کوتی: گوێ بدەیە بزانە دەڵێم چی، ئەو کەسەی راز هەڵگری ئینسانە و هەمووی قسەیەکی لە لا دەکرێ باس بکەی نە برایە، نە خوشک، تەنانەت دایک و بابیش نیە، هاواڵێکی نزیکە، دانیشە کارم پێتە.

میرات هەڵنەگر

سەلاح گوڵ ئەندامی

 لە بیرمە هەر لەو چایخانەیە بوو سێ ساڵ لەوەبەر هەر وەک ئەورۆ کە بەرامبەرم دانیشتووە. پێم کوت: تۆ رۆحیات و خوو و خدەت وەک بابتە. ئەویش قاقای لێدەدا و، گاڵتەی دەهاتێ بە قسەم. پێی کوتم: بابم ئینسانێکی زۆر له سه‌ره‌خۆ و هێدیه، نه‌دوێنه وا نیە؟

- بۆچی وایە

- دەی من کەسێکی توڕەم بە کەوچکە ئاوێك وە مەلە دەکەوم، بابم هەزار زوڵمی لێبکەن قسە ناکا ئەوەش خۆ دەزانی!

- راستە زۆر جار ئەوەم بەچاوی خۆم بینەوە، شەڕیان پێ فرۆشتوە و هیچی نەکوتوە.

- خۆ ئەتۆ باش دەزانی جگە لەوە ئەمن سەر قەت داناخەم و هیچ زوڵمێک قەبوڵ ناکەم بۆ لێت بشارمەوە بەشی خۆم زوڵمیشم کردوە، نازانم چیم وەک بابم دەچێ، ئەو هەتا دەرفەتێکی بچووکی بۆ هەڵکەوێ دەچێ دەنوێ، نێو خەڵک بە جێگای خۆی، زۆریش تاقەتی نیە لە گەڵ بنەماڵەکەی خۆی دانیشێ و دوو قسان بکا، دایم سەری بە کتێب یان رۆژنامەوەیە، بەڵام خۆ تۆ باش دەزانی من رێک بە پێچەوانەی ئەوم. دەی ئاخر پێم ناڵێی چ شتێیەکم وەک ئەو دەچێ؟!

لە وەڵامێکی گونجاو دەگەڕام کە رازی کا، ئەو قسانەی ئەو دەیکرد رێک وا بوو، بەڵام دیسانش هەر وا هەستم دەکرد وێک دەچن، بەڵام هیچ بەڵگەیەکم بۆ قسەکانی خۆم پێ نەبوو، زۆر جار کە بابیم دەدیت هێدی و ئارامە، توڕەیی سیامەندم تێدا دەدیت، ئەو کاتانەی لە ئاست زوڵمدا بێدەنگ دەبوو، هەستم دەکرد ڕوانینی لە سیامەند دەچێ ئەو کاتانەی لە بیری تۆڵە دایە. ماوەیەک بوو شتێکی زۆر سەیرم دەدیت هەر بۆیە ئیدی تەواو بەو ئاکامە گەیشتبووم، سیامەند لە بابی خۆی دەچێ، لە پێش چاوم سیامەند دەشەلی لە کاتێدا ئەوە بابیەتی کە شەل بوو. چارە نەبوو جگە لەوەی کە راست و رەوان پێم کوت: هیچ هۆیەک شک نابم، راستیەکی حاشا هەڵنگرە نە رواڵەتت لە بابت دەچێ نە خوو و خدە و ئاکارت بەڵام هەستێکە کە لە مندا ساز بووە و ناشتوانم بە تۆی بسەلمێنم کە وەک یەک دەچن. بەڵێنیت پێدەدەم تازە باسی نەکەمەوە بەڵام زۆرم پێ خۆشە بزانم بابت بە چی شەل بووە؟

سیامەند تۆزێک چوو لە فکرەوە و، کوتی: پێ خۆش بوونی ئەوە چیە بیزانی!

- زۆر قسەم بیستووە پێم خۆشە لە زاری خۆتەوە بیبیسم هەر کەسە و قسەیەک دەکا.

- دەڵێن چی چت بیستوە؟

- چوزانم، زۆر شت، بۆ وێنە دەڵێن گۆیا بابت لە غارە ئەسپ دا کەوتۆتە خوار، هێندێک دەڵێن کەوتۆتە نێو شەڕێکی نەخوازراو هەویستویەتی لێکیان کاتەوە تاپڕیان بە لاقیەوە ناوە و قسە و باسی دی.

- ئەمن ئەوە تازە ئەو قسانە لە زاری تۆ دەبیسم.

- ئاخر چۆن شتی وا دەبێ یانی بابت بۆ خۆی باسی نەکردوە؟ قەتت لێ نەپرسیوە؟

- پرسیومە و هەر لە منداڵێەوە بۆ من گرینگ بوو بزانم هۆی شەلینی بابم چیە. به منداڵی که ده‌ستی ده‌گرتم هه‌میشه هۆشم له شه‌لینی لاقی راستی بوو، که له کار ده‌هاته‌وه و ماندوو گۆره‌ویه‌کانی فرێ ده‌دا ته‌ماشای قامکه‌کانی لاقیم ده‌کرد که یه‌کێان په‌ڕی بوو، هه‌میشه بۆم پرسیار بوو که قامکی بابم به چی په‌ریوه که لێشم ده‌پرسی  پێده‌که‌نی، ده‌چو له فکره‌وه و ده‌‌یکوت کە سەگ خواردویەتی.

- رەنگە بۆ ئەوە منداڵ بووی و، تێگەیشتن لە قسەکانی بۆ تۆ چەتوون بووبێ وا کوتبێ، ئێستا چی؟

- ئێستا تەواو بێدەنگ دەبێ. هەر وەک ئەو کاتانەی دەبێ توڕە بێ و هیچ ناڵێ. زۆریش قسان بکەم دەڵێ، چەند جار وەڵامت بدەمەوە هەر ئەوەیە کە بە منداڵی پێم کوتوی. وا نەبێ هەر وا راوەستابێم لە دایکیشم کە پرسیوە دەڵێ نازانم کە مێردم پێ کرد هەر ئاوا بوو، خوشک و براکانیشی دەڵێن ماوەیەک دور بووە و دوایە بە شەلی گەڕاوەتەوە بێ ئەوە هیچ شتێک لەم بارەوە بڵێ. 

پیاوێکی کوێر لە گەڵ چاو ساغەکەی کە کچێکی شەش، حەوت ساڵانە دەبێ دێنە نێو چایخانە و لە تەنیشت مە دادەنیشن،کوڕێک بە گاڵتە سەرە نوشابەیەک کە پان کراوەتەوە  لە دەستی کچە دەهاوێ، ئەمن لە کوڕە توڕە دەبم کەچی سیامەند هێدی، چوە لە باڵ خۆیەوە و هیچ ناڵێ، قاوەچی سەرە نوشابەکە هەڵدەگرێ و بە قەند شکێنەکەی خەریک دەبێ کونێکی تێدەکا، بەنێک دەبینێتەوە و تێی هەڵدەکێشێ و دیداتەوە بە کچە. دەڵێم: سیامەند بۆ وا بێدەنگی ئەدی بۆ هیج ناڵێی؟! سیامەند قامکی لە نێو ئیسکانە چایەکدا رادگرێ، دەنگی نزم دەکا: دەبێ سەبرت هەبێ، با کوێریش بێ،دەتوانێ یان وەک بێ عەقڵێک چاو لە کوڕە بکا، یانیش بە گۆچانەکەی تێی هەڵکاتێ جا نەیشی ئەنگاوت یان کوڕە دەستی لێ هەڵێهێناوە ئەوە بەشی ئەوەندە غیرەت ماوە،خۆت تێوەر مەدە.

قامکی لە چایکەدا هەروا راگرتبوو تا ئەمن چایەکەم لە پێشی لابرد. دەستم گرت بیبەمە دەر داینیشاندمەوە و لە سەرە خۆ کوتی: گوێ بدەیە بزانە دەڵێم چی، ئەو کەسەی راز هەڵگری ئینسانە و هەمووی قسەیەکی لە لا دەکرێ باس بکەی نە برایە، نە خوشک، تەنانەت دایک و بابیش نیە، هاواڵێکی نزیکە، دانیشە کارم پێتە.

دەزانم دیسان باس باسی لەیلایە بۆیە دەڵێم: تا کەنگێ وازناهێنی، رۆح و رەوانی خۆت لە عەزاب ناوە، چاوی دەرێ با بڕوا خۆ کچ قات نیە. عەسڵەن دەزانی چۆنە عیشق یانی پێک نەگەیشتن، هەر کەس بە یاری خۆی گەیشت بێ، دڵنیا بە عیشقی راستەقینە نەبووە. دیسان دەستم دەگرێتەوە: دانیشە ئەتۆ، با شتێیەکت بۆ باس بکەم. دەستی وەلا دەبم: نارۆم و دەبینی دانیشتووم، قسەکەت بکە گوێم لێیە، هەر چەند سوور دەزانم دەتهەوێ باس لە چی بکەی.

- دوێنێ ئێوارێ خودا روحمی کرد خەریک بوو بەڵایەک بە سەر خۆم بێنم.

- بۆ من زۆر ئاساییە، ئەتۆ لە بەڵایان نزیکی پێشتریش پێم کوتوی گوێ نادەیەی، عەقڵت لە دەست داوە.

- ئەوەیان زۆر جیاوازە، دەزانی چۆنە متمانەی بە خۆشەیستیم نیە، رەنگە ئەوە گەورەترین گرفتی من بێ بۆیە بە قەولی تۆ عەقڵم لە دەست داوە.

قسەکەی نێوە چڵ دەهێڵێتەوە، چاو لە کچە چکۆلەکە دەبڕێ کە خەریکە بە سەرە نوشابەکە کایە دەکا. پێی دەڵێم: قسەکەت بکە لەو منداڵە گەڕێ.

- دەی هەر  بیرم دەکردەوە چۆن پێی بسەلمێنم کە خۆشم دەوێ و بڕوام پێ بکا، تا دوێنێ چومە ژێرخان کەتریە رەشە دەست دەمێ و زەنگت بۆ لێدەم پێکەوە بچینە شاخ کە چاوم بە خەنجەرێکی زۆر کۆن کەوت کە هی باپیرم بوو کاتی خۆی بەڵام بابم هێند جوان راگرتووە هەروا تیژە و وەک ئاوێنە بریسکە دێ، بە خۆم کوت گوێچکەکانی خۆم دەبڕم و دیدەمێ تا بڕوا بە خۆشەویستیم بکا.

- ئاخر ئەگەر دەڵێم عەقڵت لە دەست داوە هەر ئەوەیە، ئەوە شتە ئەتۆ بە فکرت دەگا و بۆ منی باس دەکەی.

- راوەستە ئەتۆ، هەستام چومە شاخ لە سەر کانییەکە خەنجەرەم لە سەر گوێم راگرت هاتم بیبڕم بەڵامبە خۆم کوت ئەگەر ئەو کارە بکەم دەڵێن لاسایی وان گۆکی نەقاشی کردۆتەوە و خۆی نیشان دەدا، بۆیە کوتم قامکێکی لاقم دەبڕم کە لە بەر چاو نیە و هەر لەیلا بزانێ بەسە، خەنجەرەکەم لە سەر قامکە گەورەی لاقی راستم دانا، چاوەکانم چوقاند.

چەپۆکێک بە گاڵتە بە سەریدادا دەدەم: کەری بێ عەقڵ چت پێ بڵێم ئێستا حەتمەن کە زانیوتە چەندی ژان هەیە وەخۆ هاتویەوە نا؟

- نا بڕوا بکە نە تەنیا هیچ ترسێکم نەبوو بگرە خۆشیەکی سەیرم خەریک بوو تەجروبە دەکرد، دەمدیت کە چۆن لەیلا سەری لە خۆشەویستی من سوڕ دەمێنێ و هیچی پێ نامینێ بۆ کوتن جگە لە تەسلیم بوون.

- دەی باشە ئەدی بۆ وات نەکرد.

کابرا کوێرە خەریکە دەچێتە دەر، سیامەند کە دەبینێ سەرە نوشابەکە بە جێ ماوە هەڵیدەگرێ و هەرا دەکا: کچی چاک، کچە چکۆلە، پاشان دەڕوا و دەیداتە دەستی.کچە وەک ملوانکەیەک لە ملی خۆی دەکا و، پێدەکەنێ. ئەو کوڕە کە سەرە نوشابەکەی دابویە بە دەنگی بڵیند بە قاوەچی دەڵێ: پوڵیان لێ وەرمەگرە ئەمن حسابی دەکەم. سیامەند دەێتەوە دادەنیشێ: دیتت ئەو منداڵە بەو شتە بچوکە چەند شاد بوو، هێندێ لە گەورەکانیش جاری وایە شتێەکی زۆریان لە ژیان ناوێ و بە شتهایەکی بچووک شاد دەبن، بەڵام  خەڵک بە وان دەڵێن بێ عەقڵ.

بە دەنگ پێدەکەنم: ئەگەر مەبەستت خۆتە، دیسانیش هەر پێت دەڵێم بێ عەقڵ و ناتوانی پەشیمانم کەیەوە.

هەر دووکمان بە دەنگ پێدەکەنین و کابرایەکی تەنیشتیشمان وەک ئەوەی کەم تا کورت گوێ لە قسەکانمان بوو بێ وێرای مە دەست دەکا بە پێکەنین. سیامەند هەرای قاوەچی دەکا کە چایەکەی سارد بۆتوە و چایەکی دیکەی داتێ. پاشان دەڵێ: باسی ئەوەم دەکرد هی ترس لە ئێش و ژان نەبوو  کە دەستم راگرت. نازانم بە کوێدا شوانێک بە مەڕەکانیەوە لێم پەیدا بوو، بەڵام ئەوەش گرینگ نەبوو تا شوانە هاتبا کاری خۆم دەکرد یان رادەوەستام تا بڕوا، کاتێک سەگەکەی دەستی کرد بە وەڕە وەڕ، مچۆڕکێک بە لەشما هات دەستم راگرت و سارد بوومەوە. ئەگەر دوا رۆژ منداڵەکەم لێی پرسیبام بابە بە چی قامکی لاقت پەڕیوە، هیج کات نەمدەویست پێی بڵێم سەگ خواردویەتی.

گەڕان بۆ بابەت