ما 929 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

فەڕۆخ نێعمەتپوور

زیندان وەک لەسەرەتادا خۆی دەنوێنێ، ئەوەندەیش ترسناک نیە. بۆیە دێمە سەر ئەو رایەی کە بۆ ئەوەی دڵ و دەروونێکی وەک فلیکس پەیدا بکەی، دەبێ چەند جارێک بتگرنەوە و بچیتەوە زیندان. ئاخر زیندان و، چۆنیەتی وەڵامدانەوەی بازجووەکان و خۆبینینەوە لە چواردیوارییە تەنگ و تەسکەکان ئەزموونی دەوێ. دانی پیادەنێم کە ترسابووم، هەڵبەت نەک ئەوەندە کە لەو دەرگایە دیسان زۆر خێرا بێمەوە دەر، یاخود ئەوەندەیش خۆڕاگر کە لە هەمان یەکەم چرکەوە بە هاورێ ترسنۆکەکەم بڵێم خۆڕاگر بە هاوڕێ، خۆڕاگر!… ژیانی ئەوەی ناوێ!

زیندان

من و ئەو پێکەوە چووین بۆ زیندان. یەعنی پێکەوە بردیانین. بەڵام پێکەوە نەهاتینەوە، یاخود پێکەوە لەوێ نەماینەوە. یەکمان زووتر بەلایەکی تردا کەوت. جا ئەو یان من، نازانم.

راستییەکەی ئەوە بوو کە ئەو شتێکی گوت کە بووە هۆی ئەوەی لەو دەرگایەی پێکەوە هاتبووینە ژوورەوە، چووەوە دەر. بە بێ من. هەرچەند بەپێی بۆچوونێکی قەدیمی و کەمێک دڵخۆشکەرانە، دەرەوە کە بۆ خۆی زیندانێکی گەورەتر بوو، بەمانای شوێنی ئازادی نەبوو. بۆیە دەڵێم کە نازانم ئەو بوو وەدەرکەوت، یانخود من. لای من جاری وایە خۆڕاگرتن بەمانای وەدەرکەوتنە.

بەهەرحاڵ ئەوەیکە من لە زیندان مامەوە، یان ئەو بەرەو زیندانەکەی جارانگەڕایەوە، زۆر گرینگ نیە. موهیم ئەوە بوو کە من لێرە مامەوە. یەعنی تەسەورم ئەوەیە مامەوە.

لەبیرمە ئەو رۆژەی بردیانین، سیمای هەردووکمان سپی سپی ببوو. دەممان وشک هەڵگەڕابوو. هەنگاوەکانمان لەرزۆک بوون و، تەنیا لەبەردەمی خۆمانمان دەڕوانی. یەعنی پێم وابێ ئەویش وەها بوو. کتوپڕ، گرتن، کە لەوە پێش وەک رووداوێکی رۆمانتیکی و حیماسی دەهاتە بەرچاوم، بوو بە کارەسات و ترسێکی گەورە. بیری رۆمانێکی رووسی کەوتمەوە. ناوەکەیم لەبیر نەماوە. پێم وابێ سەبارەت بە ژیانی یەکەم سەرۆکی رێکخراوی ‘چکا’ واتە هەمان رێکخراویی ئەمنی بوو وا لینین لەدووای سەرکەوتنی شۆڕشی ١٩١٧، پێکی هێنابوو. ئەو رێکخراوەی دووایی لە ١٩٢٢ ناوی گۆڕی و بوو بە “ک. گ. ب.”. ئا، دەربارەی فلیکس ژێرژینسکی. لە رۆمانەکەدا باسی سەردەمی خەباتی نهێنی بۆلشڤیکەکانە، کاتێک فلیکس لەگەڵ هاورێکانی دەگرن و دەیانبەن بۆ زیندان. یەکێک لە هاوڕێکانی کە ترس و خۆفی زۆری لێ نیشتووە، دەگری. فلیکس دەنگی دەدا کە هاوڕێ ئەوەندە بە قورسی مەیگرە… کەمێک بەغیرەت بە! نازانم بۆ، بەڵام من هەمیشە خۆم وەک فلیکس دەهاتە بەرچاو. هەمیشە حەزمدەکرد بمگرن و، پاشان بە هاوڕێ ترسنۆکەکەی تەنیشتم بە تەوسەوە بڵێم واز بێنە هەڤاڵ، ئەوەی ناوێ… کەمێک جورئەتت هەبێ!

زیندان وەک لەسەرەتادا خۆی دەنوێنێ، ئەوەندەیش ترسناک نیە. بۆیە دێمە سەر ئەو رایەی کە بۆ ئەوەی دڵ و دەروونێکی وەک فلیکس پەیدا بکەی، دەبێ چەند جارێک بتگرنەوە و بچیتەوە زیندان. ئاخر زیندان و، چۆنیەتی وەڵامدانەوەی بازجووەکان و خۆبینینەوە لە چواردیوارییە تەنگ و تەسکەکان ئەزموونی دەوێ. دانی پیادەنێم کە ترسابووم، هەڵبەت نەک ئەوەندە کە لەو دەرگایە دیسان زۆر خێرا بێمەوە دەر، یاخود ئەوەندەیش خۆڕاگر کە لە هەمان یەکەم چرکەوە بە هاورێ ترسنۆکەکەم بڵێم خۆڕاگر بە هاوڕێ، خۆڕاگر!… ژیانی ئەوەی ناوێ!

زەمەن تێدەپەرێ. وەک دەزانن کات وەک چەمکێکی رێژەیی و زەینی بە گوێرەی حاڵ و هەوای دەروونی و دەرەکیی مرۆڤ هەر جارەی بەجۆرێک خۆی دەنوێنێ. خولێک خێرا و خولێک بەکاوەخۆ. زیندان ئەو شوێنەیە کە زەمەن تیایا نەک ئەوەی راوەستێ، نا، بەڵام وەک بڵێی چرکەکان لەبەر ئەوەی خۆیان خۆیان دەژمێرن، خاوەن رەوتێکی ترە. منیش جاری وابوو لە تەنیایی و بێتاقەتیی خۆمدا لەگەڵیان دەستم دەکرد بە ژماردن. جا ئەوەندەی دیکەیش ئارامتر و لەسەرەخۆتر دەبوو. بە خۆم گوت رەنگە ئەو رۆژەی دەچمە دەرەوە دایکم لەمێژە مردووە و، درەختێکیش لەسەر گۆرەکەی باوکم روواوە و هەموو ئەوانی تریش قەت قەت نامناسنەوە. کە ناسیشیانمەوە، کاتێک بەسەرهاتی زیندایان بۆ دەگێڕمەوە، سەرم لێ بادەدن و دەڵێن تۆ لەڕاستیدا ئەو نی،… ئەو ساڵانی ساڵ لەوە پێش مردووە و، ئەوەندەیش ترسنۆک نەبوو کە نەیکوژن. منیش سەریان لێ بابدەم و بڵێم رەنگە، رەنگە من لەوێ بەجێ مابم.

بەرەبەرە کات فێرم دەکا لەجیاتی ئەوەی بیر لە رابردوو و لە بیرەوەرییەکان بکەمەوە، یان لەو حەز و ئاواتانەی وا لە دەروونمدان بیر لە خودی کات بکەمەوە و بەم شێوەیە ئیتر ترسنۆکی یاخود ئازایەتی چیتر بۆم گرینگ نەبن. کتوپڕ لە بیرو بۆچوونێکی سەیردا وام لێدێ کە تێدەگەم ژیان بە هەموو ئەمانەوە مانا پەیدادەکا و، بۆیە لە نێوان خۆم و هاورێکەم لەلایەک و فلیکس ژێرژینسکی لەلایەکی دیکەوە جیاوازییەکی ئەوتۆ نامێنێ. تازە بە خۆم دەڵێم ئەوە تەنیا رۆمانێک بوو و بەس، کێ دەڵێ نووسەرەکەی راستدەکا و فلیکس لە راستیدا وەک ئەو رۆژەی من و هاوڕێ ترسنۆکەکەم نەبووبێ. ئەوسا بەزەییم بەخۆمدا دێتەوە. راستی بۆ کەس نیە چیرۆکی ژیانی من بنووسێتەوە، لە شێوازی رۆماندا وەک پیاوێکی ئازا؟ من کە بەمە رازیم. بۆ کەس بیر لەوە ناکاتەوە کە منیش سەردەمانێک ئازا بووم، گەر تەنانەت پێش گرتنەکەیشم بووبێ. باشە ئەوان بۆخۆیان دەتوانن ئەو ریسکەی من کردم، بیکەن؟ بێگومان نا. ئەوان پێش گرتنیش هەر ترسنۆکن.

رۆژێک دەرگاکە دەکەنەوە. زیندانبانەکەیە. کەسێکی تری لەگەڵدایە. من کە بەهۆی بیرکردنەوەی زۆر لە کات، هیچم لەبیر نەماوە بە سەرسوڕمان، نا باشتر وایە بڵێم بە نیگایەکی سارد و بێ هەستەوە لە کەسەکەی تەنیشتی دەڕوانم. چاوەکانی پڕن لە تامەزرۆیی و شەوقی دیدار. لەو نیگایانەی کە وەک لە رۆمانی، ئەها هاتەوە بیرم “فلیکس واتای خۆشبەختی”دا هاتووە، پڕی هومێد و ورەیە. دیارە گەر هەڵە نەکەم. دێ و، لە تەنیشتمدا دادەنیشێ و زیندانبانەکەیش دەرگاکە دادەخاتەوە و دەڕوا. ماوەیەک سەیرم نەکرد. ئەویش هیچی نەگوت. کە لامکردەوە پیاوێکی رەش و سپیم بینی باریکەلە، سوورکەلە، بە سمێڵ و ریشی وەک دەڵێن پرۆفێسۆری، قژێکی هەڵدراوە بەرەو دوواوە کە تا تەپڵەسەری کەچەڵ بوو. دەستبەجێ ناسیمەوە. خۆی بوو،… فلیکس! دیتنی فلیکس لەنەکاو هەموو جیهانی گۆڕیم. بەخۆم گوت رەنگە منیش لەراستیدا هی ئەو سەردەمە بم و لەو کاتەدا ژیابم! بە خۆم گوت رەنگە ئەوە هەڵەیەکی مێژوویی بوو کە من لەگەڵ هاوڕێکەم ساڵانی ساڵ لەوە پێش پێکەوە هاتینە ئێرە! ئا، ئیستا دڵنیا بووم کە من و فلیکسی بە رەچەڵەک پۆڵۆنی پێکەوە لە قەوقاز لە سەرەتاکانی سەدەی بیست پێکەوە بووینە. سەیرم کردەوە و، لە کاتێکدا هەموو روخسار و هەموو ئازای ئەندامم پێدەکەنین، گوتم بەخێر بێی هاوڕێ بەخێر بێی!

فلیکس وەڵامی نەدامەوە. نازانم بۆچی ئەوەندە مڕ و مۆچ بوو! لەو رۆژەوە، ئەگەرچی چیتر تەنیا نیم، بەڵام هەستێکی ناخۆشیش رووی تێکردووم. بەخۆم دەڵێم نەکا کە منیش ئازاد بووم، دیارە بەو مانایەی دەرەوەیش وەک زیندان نەمێنێ، بە ئەمری سەرۆک رێکخراوێکی ئەمنی دروست بکەم و دەست بکەم بە گرتنی خەڵکی!

بە فلیکس دەڵێم راستە پێکەوە هاومەرامین و پێکیشەوە لە زیندانداین، پێی دەڵێم ئەگەرچی حسێبی کات و زەمانم لەدەست دەرچووە و نازانم لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمداین یاخود سەدەی بیست و یەکەم، بەڵام حەزدەکەم تۆ لە نیوەی ئەم ژوورە بچووکەدا بژی و منیش لەنیوەکەی تریدا. ئەوسا بە وردە بەردێک کە لەمێژە لە گۆشەیەکی ژوورەکەدا کەوتووە، خەتێکی زۆرەکی دەکێشم و رووبەرەکە دەکەم بە دوو نیوی وەک یەک.

فلیکس دەگوازێتەوە.

بەڵام بەخۆم نیە. لەگەڵ هەموو ئەو ترس و دڵەڕاوکێیانەی وا سەبارەت بە داهاتوو تیاما پێکهاتووە، بەڵام بە بینینی بەردەوامی فلیکس خۆشحاڵم. من پێم وایە بۆ هەموو سەردەمێک پیاوە ئازاکان پێویستن، تەنانەت ئەگەر دوواتر رێکخراوێکی نهێنی وئەمنیش سازبکەن. ترسنۆکەکان مافی خۆیانە لەهەر سەردەمێکدا هەن بترسن و، بگرە زیاتر لەمە، بترسێندرێن. راستی مەگەر ئەوان هەر بۆ ئەمەیش نەخۆڵقاون؟

فلیکس جاری وایە گرژە و، جاری وایە نیگاکانی بەڕوومدا پێدەکەنن. وەک بڵێی دەتوانێ بیرە فەلسەفییەکانم لە رووی روخسار و حاڵەتمەوە بخوێنێتەوە.

فلیکس چەند شیرینە! جاری وایە هەستدەکەم زۆر لە لینینیش دەچێ، ئەگەرچی ئەم سوورکەڵەیە و بە قەڵافەت درشتترە. ئەگەرچی ئەم سەری خڕ نیە و تیژۆکەیە.

گەڕان بۆ بابەت