فەڕۆخ نیعمەتپوور

چیرۆک دەگێڕینەوە نەک تەنیا بۆ ئەوەی خۆمان چێ کەین و بۆ ئەوەی بزانین چۆن هاتین و چۆن تێپەڕین، نەک بۆ ئەوەی بزانین چۆنمان بیرکردەوە و چۆنمان رووانی و چۆنمان هەڵس و کەوت کرد، بەڵکوو دەگێڕینەوە چونکە دەمانەوێ لە داهاتوویشدا هەبین. چیرۆک خۆشەویستیی ژیانە،... بەردەوامیە لە ژیاندا. چیرۆک درێژکرەوەی مانا و بوونی مرۆڤە لە پانتایی مێژوویدا.

 

گێڕانەوە، حەزی بەردەوامییە

فەڕۆخ نیعمەتپوور

مرۆڤ هەمیشە چیرۆک ناگێڕێتەوە، بەڵام سەرئەنجام قۆناغێک لە تەمەندا دێتە پێشەوە کە بە ئەنقەست بێت یان خۆبەخۆ، دەست دەکا بە گێڕانەوەی چیرۆک. ئەم قۆناغەیش یەکجار زوو دەگا. هەر لەو کاتەوەی لە گەڕەک لە گەڵ منداڵانی هاوڕێمان وەعدێکمان هەیە و کەچی درەنگ دەگەین و لێمان دەپرسن بۆ، گێڕانەوەی چیرۆک دەست پێدەکا. یان لەو کاتەوەی درەنگ دەگەینەوە ماڵەوە و دیسان لێمان دەپرسن بۆ، چیرۆک لە زەینماندا خۆدەگرێ و دەبێ بە وشە و رستەکان و، ئیتر دەگێڕدرێتەوە.

هەموومان خاوەنی ئەم ئەزموونەین. دێتەوە یادمان گێڕانەوەی چیرۆک بۆ هاوڕێیانمان یاخود دایک و باوکەکانمان زۆر ئاسان نەبوو. چونکە دەبوو سەرلەنوێ رووداوەکان بێنینەوە یادمان و رێک و پێکیان بکەین بۆ ئەوەی خاوەنی وەها لۆژیک و سیستمێک بێت کە باوەڕمان  پێبکەن. دەشزانین کە وەبیرهاتنەوەی رووداوەکان زۆر ئاسان نیە. زۆر شت لەبیردەکەین و جا بۆ ئەوەی چیرۆکەکە بە گشتی تێک نەچێ ناچاربووین پێی زیادبکەین، یاخود ئەو شوێنانەی وا هەستمان دەکرد زیادین و مانای زیاتریان بە چیرۆکەکە نەدەبەخشی، لێمان دەقرتاند! یاخود لە کاتی گێڕانەوەدا لەززەتی گێڕانەوە لە گەڵ خۆی دەیبردین و کتوپڕ حەزمان دەکرد ئەو شتانەی کە بینیومانن بە وردەکارییەکی زیاترەوە بیانگێڕینەوە. ئیتر هەرە وردیلەکان دەبوون بە کێوێک!

چیرۆک بەم شێوەیە لە سەرەتاییترین شێوازی خۆی لە لای مرۆڤ لە دایک دەبێ. کەواتە چیرۆک سەرەتا ئەو شتەیە کە روویداوە،... لە رابردوودا روویداوە. چیرۆک زۆربەی کات شتێک بووە کە بیری رابردوو دەکاتەوە. بێهۆ نیە هەمیشە وشەی فرمانی رابردوو (فعل ماضی) خۆشەویستترین وشەی گراماتیکی ناو چیرۆکەکانە.

لە گەڵ هەڵکشانی تەمەن، تا دێ چیرۆکەکان و حەز و پێویستیی مرۆڤ بۆ گێڕانەوەیان روو لە زیادبوون دەکا. کاتێک زەمەنی پیری دێ، رەنگە ئیتر مرۆڤ خاوەنی هیچ شتێکی تر نەبێ جگە لە جەستەیەک لێوالێوی چیرۆکەکان،... چیرۆکەکانی رابردوو. ئیتر لێرەدا بۆخۆی سەرتاسەر دەبێ بە چیرۆک.

ئەمە ئێمە بیری ئەو بۆچوونە بەناوبانگەی پۆل ریکۆر دەخاتەوە کە دەیگوت "خود بریتییە لە گێڕانەوە"، واتە مرۆڤ خۆی یا خودی خۆی بە گێڕانەوە چێدەکا. جا چ ئەو کاتەی ئێمە منداڵ بووین و چ ئەو کاتەی پیرین و خەریکی گێڕانەوەین، خەریکی چێکردنی خۆمانین، خەریکی خوڵقاندنی خۆمان.

لە تەمەنی مرۆڤدا رووداوەکان یەکجار زۆرن. رەنگە لە جەنگەی رووداوەکان و لەو کاتەیدا خەریکن روودەدەن، مرۆڤ نەتوانێ لە لۆژیکی نێوانیان تێبگا. واتە رووداوەکان لای ئەو تەنیا کۆمەڵێک رووداوی بە رێکەوت و شپرز بن بە بێ هیچ پەیوەندێکی ئەوتۆ لە نێوانیاندا. رەنگە مرۆڤ بۆ ئەوەی لەو لۆژیکە تێبگا، پێویستی بە تێپەڕینی زەمەن بێت. زۆر جار زەمەن رەنگە تێپەڕێ و دوواتر هێشتا لۆژیکێکی ئەوتۆ لە نێوان رووداوەکاندا شک نەبەین، بەڵام کاتێک دادەنیشین و ئەو رووداوانە دەکەین بە چیرۆک و دەیانگێڕینەوە، ئیتر هەست دەکەین زەینی ئێمە لە کاتی گێڕانەوەیاندا بەرە بەرە دەیانخاتە ناو قاڵب و چوارچێوەیەک و مانایەکی گشتگیریان دەداتێ. هەڵبەت نامەوێ بڵێم کە لە دەرەوەی زەینی ئێمەدا لە ناو خودی رووداوەکاندا ئیتر هیچ لۆژیکێک نیە و ئەوە تەنیا فکر و زەینی ئێمەیە مانا و لۆژیکیان پێدەبەخشێ. نا، بەڵام بە بێ مەنتقی گێڕانەوەیش خودی ئەو لۆژیکە دەرەکییەیش ناتوانێ وەک چیرۆک خۆی پیشان بدات.

جگە لەمە چیرۆک دەتوانێ هەمان رووداو وەها لە کاتی گێڕانەوەیدا فرەچەشن بکا کە سەرمان پێی سوڕبمێنێ. زەین و خولیا و حەز و فکر و ئەزموونەکانی کەسی گێڕەرەوە کاتێک تێکەل بە هەمان رووداوی دەرەکی دەبێ کە لە بەرچاوی هەمووماندا یەک شتە، وەها فرەچەشن و رەنگاوڕەنگی دەکا کە پێمان سەیرە هەموومان لە راستیدا خەریکین باسی یەک شت دەکەین! ئەمەش یەکێک لە سیحرەکانی زمانی چیرۆکە.

 

چیرۆک دەگێڕینەوە نەک تەنیا بۆ ئەوەی خۆمان چێ کەین و بۆ ئەوەی بزانین چۆن هاتین و چۆن تێپەڕین، نەک بۆ ئەوەی بزانین چۆنمان بیرکردەوە و چۆنمان رووانی و چۆنمان هەڵس و کەوت کرد، بەڵکوو دەگێڕینەوە چونکە دەمانەوێ لە داهاتوویشدا هەبین. چیرۆک خۆشەویستیی ژیانە،... بەردەوامیە لە ژیاندا. چیرۆک درێژکرەوەی مانا و بوونی مرۆڤە لە پانتایی مێژوویدا.

بازدید: 1077