ما 4010 مهمان و بدون عضو آنلاین داریم

 

خەمگین بۆڵی

من ددانی پیادەنێم، لە سەرەتای شیعرنووسیندا زۆر شیعرم خۆشدەویست و ھەمیشە بەدوای رێباز و رێچکەی شاعیرانەوە بووم، حەزمدەکرد بزانم ئەوان چین؟ بەڵام کە تەمەنم لەناو شیعردا ھەڵکشا و خوێندمەوە و بیرم کردەوە، زانیم ئەو رێچکە و رێبازانە شیاوی ئەو خۆشەویستییە نین کە شاعیر تا ئاستی پیرۆزی سەیریان دەکات. ئەو خۆشەویستییە بووە زادەی ترس. 

 

شیعر و خوا

 

ددانی پیادەنێم، لە تەمەنی منداڵیمدا کەسێکی لە خواترس بووم و ھەمیشە ترسێک لەناوەوەم ھەبوو بەرانبەر بە بوونی خوا. بەڵام کە تەمەنم ھەڵکشا و خوێندمەوە و بیرم کردەوە، ئەو ترسەی لەناوەوەم ھەبوو بەرانبەر بە بوونی خوا، نەما. ئاخر گەیشتمە ئەو قەناعەتەی کە بوونی خوا پێویستی بە ترس نییە، بەڵکو پێویستی بە خۆشەویستییە. ھێندە دەترسام دەبوایە رۆژانە بچمە مزگەوت، ھەم تۆبە بکەم و ھەمیش دوعا، ھەم قورئان بخوێنم و ھەمیش نوێژ بکەم. ئەوکاتانەی کارەباش نەبوایە، دەبوایە من بچمە سەربانە بچووکەکەی مزگەوت و بانگ بدەم. ئاخر ئەگەر کارەبا ھەبوایە مەلاکە خۆی بە (موکەبیرە) بانگی دەدا. لەوەوە تێگەیشتم شتێک لەم گەردوونەدا نییە بەناو دادپەروەری. بۆیە کەوتمە پرسیارکردن: ئایا بەرلەوەی لە دایک ببین، ئایینمان بۆ دیاریکرابوو؟ ئایا ھیچ نیشانەیەکی ئایینیمان بە جەستەوە بووە؟ ئایا ئەگەر من لە ھیندستان لە دایکبوومایە لەسەر چی ئایینێک دەبووم؟ ئایا ئەگەر خوا ویستی لەسەر بایە و بیویستبایە، نەیدەتوانی ھێمای ئایینی بە جەستەی مرۆڤەوە بدات؟ ئایا ئەگەر خوا ھەمان خوای من و ھەمان خوای ھیندییەک و جولەکەیەک و ئەھودییەک و عەرەبێک بێت، ئەو ھەموو ئایین و دینە بۆچییە؟ بۆیە مرۆڤەکان لەھەر بوار و کردەیەکدا، دەبێت خۆیان چەقی خۆیان بن.

من ددانی پیادەنێم، لە سەرەتای شیعرنووسیندا زۆر شیعرم خۆشدەویست و ھەمیشە بەدوای رێباز و رێچکەی شاعیرانەوە بووم، حەزمدەکرد بزانم ئەوان چین؟ بەڵام کە تەمەنم لەناو شیعردا ھەڵکشا و خوێندمەوە و بیرم کردەوە، زانیم ئەو رێچکە و رێبازانە شیاوی ئەو خۆشەویستییە نین کە شاعیر تا ئاستی پیرۆزی سەیریان دەکات. ئەو خۆشەویستییە بووە زادەی ترس. ھەمیشە ترسێک بەرانبەر بە شیعر کەوتە دەروونمەوە. ترسێک لەوەی نەوەک ئەوەی دەینووسم شیاوی نووسین نەبێت.

 

شیعر و خوا لە زۆر روانگەوە خاڵی ھاوبەشیان ھەیە، وەک چۆن ھزری شیعر چەندین لێکۆڵینەوە و راڤەی جیا جیای لێ دەکەوێـتەوە، بیرکردنەوەش لە خوا چەندین ئایین و ڕێبازی لێ کەوتۆتەوە. وەک چۆن کارێکی ھەڵەیە بڵێین: ئەم راڤەیان لە ھەموو راڤەکانی دیکە دروستترە، ئەمە ھەم بۆ شیعر و ھەمیش بۆ خوا. ئاخر ھەموو کردەیەک و ھزرێکی گەورە کە بە نەمری بمێنێـتەوە، راڤەی جوایەزیش لە خۆیدا کۆدەکاتەوە. وەک چۆن ئێستێتیکا شیعر بە نەمری دەھێڵێتەوە، وەھایش ئێستێتیکا خوای بە گەورەیی و نەمریی ھێشتۆتەوە. وەک چۆن شیعر لە چوارچێوەی پێناسە و ڕاڤەیەکی دیارکراو و سنووردار قەتیس نابێت. ئەگەر شاعیر وێنەیەکی دیکە و پێناسەیەکی دیکەی بۆ شیعر و دنیابینی خۆی پێنەبێت. بۆیە پەیڤی شیعر زۆر مانا و دەلالەت لە خۆیدا ھەڵدەگرێت. ھەم وەک لایەنی پەیام، ھەم وەک ھزر، ھەم وەک ئێستێتیکای شیعر و ھەمیش لە رووی زمان و تەکنیکەوە. ھەر یەک لەوانە چەندان پێناسەی خۆی ھەیە و ھەموو پێناسەکانیش جیاوازن لە یەکدی و ھەموو پێناسە و راڤەکانیش دروستن. بۆیە ھەموو ئەوشتانەی لەبارەی بوونی خواشەوە دەگوترێت و دەنووسرێن، دروستن. ئاخر خوا ھەم لەسەر زەوی ھەیە و ھەمیش لە ئاسمان، خوا ھەم لە دڵی کرێکارێکدا ھەیە و ھەمیش لە دڵی سەرۆککۆمارێکدا.  بوونی خوا پیوەستە بە ئاگاداربوون و ھۆشیاری مرۆڤەکانەوە، ھەم بۆ بوونی خوا و ھەمیش بۆ ھزری پەیامەکەی. بوونی شیعریش پێویستی بە خوێنەری ئاگادار و ھۆشیار ھەیە بۆ دڵنیایی شیعرییەت و ھزری ئێستێتیکا. وەک چۆن کە بیر لە بوونی خوا دەکەینەوە، بیرکردنەوەمان بۆ شوێنی بەرز دەچێت، وەھاش کە بیر لە شیعر دەکەینەوە، بیرکردنەوەمان بەسەر مەعریفەدا ھەڵدەزنێت. کەواتە وەک چۆن خوا، خوای ھەموو مرۆڤێک و رەگەزێکە، شیعریش بە ھەمان شێوە.

گەڕان بۆ بابەت